" ملوانکەی ئەنفال "

Monday, 15/04/2013, 12:00

1641 بینراوە



گردنێکم دەوێ بە درێژایی مێژوو بڵند
هەستێکم دەوێ
کە هێلانەکەی لە بەرزترین لقو پۆی
داری مرووایەتی دا چێ کرابێ
دەستو مەچەکێک بۆ تۆمارکردنی
هاوارەکانی کپ کراوو بێ دەنگ
دەمهەوێ کۆتەڵێک داتاشم
بە توڕەیی وێنەی بەرد
بە زولالی وەکو فرمێسکی ژنی ئەنفال و
دیدەی چاوەڕوانی هەتیوی ئەنفالتر
پێم خۆشە دەرگا بە دەرگا بچمە
بارەگای دێمۆکڕاسی سەردەم
رووپەڕێک لە پەڕاوی ملوانکەی
ئەنفالی کورد بخوێنمەوە
بیکەمە یەکەم رستەی رێگوزەری بیری
هەزارەی پێش زایین تا هەزارەی سەردەم
لە دوندی هەرە بەرزی چیایەک دەگەڕێم
کە هەمووجیهان وئاوی هەمودەریاکانی
لێوە دیار بێ
شەپۆلی تیژی دەنگم لەوپێگە بەرزەدا
هەمو باڵندەیەک لە فڕین خا و
هەموو بێ گیانێک بلەرزێنێ
شەمەند نەفەرێکم پێویستە بێ وچان
چوار قوڕنەی دونیا بتەنێ و
دەنکە دەنکە ملوانکەی ئەو خەمەم
لە یەکە یەکەی وڵاتانی ئەم جیهانەدا
بۆ بچەقێنێ
شاباڵی سوشیانتی زەردەشتم ئاواتە
میداڵیای تەنیاییم لە گردن دەرهێنێ و
خوداوەندی مەزنیش لە تەنیاییدا بهەژێنێ
کوا گردنی بڵیندی مێژوو ؟
کوا هێلانەی مرۆوایەتی ؟
دەستو مەچەکو بارەگای دێمۆکڕاسی ؟
لە کوێیە چیای بەرزو
ئاوی دەریاو باڵندەی بەرزەفڕ؟
ملوانکەی ئەنفالی کوردم لێ وەگری و
بە زێڕی تەواو عیاری
هەموو خاکی دونیا بۆم بنەخشێنێ

جەعفەر/ کەریمی
رێگای تامپڕە تورکو
١٦ /٤/ ٢٠٠٣ / فەنلەند



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە