با بە پلەكانەكانى داعشدا سەركەوین

Friday, 10.31.2014, 12:00

357 بینراوە






ئەوەى ئەمڕۆ ڕوودەدات لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەت لەو وڵاتانەى كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە ، بارێكى پێشبینى كراوبوە لەپاش سەرهەڵدانى شۆڕشى گەلانى سوریا دژ بە دەستەڵات لەو وڵاتە و ناڕەزاى سونەكان لە عێراق. ئەم بارودۆخە ئەگەرى هەیە تا چەند ساڵێكى تر بەردەوامبێت. وە سونەكانى عێراق و سوریا یەكبگرن و ببن بە دەوڵەتێكى سونى سەربەخۆ هاوشێوەى ئەوەى كە بەعسیەكان دەیانویست لە عێراق و لە كۆتایشدا كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دانیان پێدابنێت و ووردە وردە داعش لەو دەوڵەتە سونیەدا بتوێنرێتەوە و بۆ ماوەیەكى كاتى كۆتایى بە كارى سیاسى و چەكدارى داعش بهێنرێت. بەڵام بەو شێوەش ناتوانرێت ڕەگى داعش وشكبكرێت چونكە هەم بۆ ئەمریكا و ڕۆژئاوا وە هەم بۆ وڵاتانى ئیسلامیش پێویستە وەك قائیدە بەنوستویى یا بە بەنجكراوى و كەم چالاكى بهێڵرێتەوە تا بارودۆخێكى ترى وەك سوریا و عێراق دروست دەبێتەوە و پاشان چالاكبكرێنەوە. لەكاتێكدا ئەگەر سونەكانى سوریا و عێراقیش یەكنەگرن ئەوا بارودۆخەكە ئاڵۆزتردەبێت.
ئەوەى ئێستا لە وڵاتانى دراوسێى داعش و كوردستان دەبینرێت هەلێكى گەورەیە تا كورد لەدەستى نەدات ئەگەر وردببینەوە ئێستا ئێران بەتەواوەتى دژایەتى توركیا دەكات و بەشێوەى ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ هاوكارى كورد دەكات لە ڕۆژئاوا و باشور تا دژ بە داعش شەڕبكەن كە ئێران داعش بە دروستكەر و داردەستى توركیایان دەناسێنێت. لە كاتێكدا كۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش هەمان باوەڕى ئێرانیان هەیە لە بارەى پەیوەندى داعش و توركیا. ئەم گۆڕانە لە پەیوەندى نێوان توركیا و ئێران، لە لایەن كوردەوە دەتوانرێت بیقۆزێتەوە و زیاتر پێگەى خۆى لە ناوچەكەدا فراوان بكان، بەشێوەیەك وا لە وڵاتانى ئەوروپى و ئەمریكا بكات زیاتر ڕوو لە كوردستان بكەن و بیكەن بە جێگرەوەیەك بۆ توركیا ئەمە لە كاتێكدایە كە ئێستا ئەمریكاو هاوپەیمانەكانى بەشوێن وڵاتێكى جێگرەوە ى توركیا دەگەڕێن لە ناوچەكەدا و كوردستانیش تاكە وڵاتە لە ناوچەكەدا كە ئەم ڕۆڵەى توركیا ببینێت بۆیان. ئیتر ئەمریكا و هاوپەیمانانى ناتوانن پشت بە توركیا ببەست، چونكە هیچ كات توركیا ڕێگەى بە هێزى هاوپەیمانان نەداوە كە خاكەكەى بەكاربێنن بۆ شەڕى دژ بە تیرۆر لە ناوچەكەدا وە لە داگیركردنى عێراقیشدا هەمان حاڵەت ڕویدا. واتە توركیا كۆمەڵێك بیانوى پێشكەش بە هاوپەیمانان كردوە كە كوردستان بكەن بە جێگرەوەیەك بۆ توركیا. وە پەیوەندیەكانى كورد لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و چونە ناو بەرەى جیهانى دژ بە تیرۆر وادەكات كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانى زیاتر گرنگى بەكوردستان بدەن سەرەڕاى بونى سودێكى زۆرى ئابورى ئەو وڵاتانە لە كوردستان.
ئەوەى پێویستە لەسەر كورد لە ئێستادا و لەكاتى بونى داعشدا ئەنجامى بدات زۆر گرنگە و نابێت لەدەستى بدات. كورد دەتوانێت لە ڕێگاى یەك ڕیزى نەتەوەیەوە و هاوكارى لەنێوان پارچەكانى كوردستان بەتایبەت باشور و ڕۆژئاوا سودێكى گەورە وەربگرێت و داعش بكات بە پلەكانەیەك بۆ سەركەوتن و دروستكردنى دەوڵەتێكى كوردى سەربەخۆ لەو دوو پارچەیە بەو شێوەى كە خۆمان دەمانەوێت.
لێرەدا دەمەوێت بەم چەند خاڵە گرنگى پلەكانەكانى داعش بۆ كورد باسبكەم و هیوادارم سەركردە و سیاسیەكانى كورد ئەم پلەكانانە لەدەستى خۆیان نەدەن:-
1- بەستنى كۆنگرەى نەتەوەیى:-
ئەوە بۆماوەیەكى زۆرە باس لەبەستنى كۆنگرەى نەتەوەى كوردى دەكرێت و سەرەتایەك لە كارەكە ئەنجامدراوە. بەڵام سست كرا وە هیچ بەرەو پێشچونێكى بە خۆوە نەدیوە و هەر كەسە و بۆ هۆكارێكى دەگەڕێنێتەوە. بەڵام ئێستا و لەم بارودۆخەدا زۆر گرنگ و پێویستە و دەتوانرێت ئایندەى كورد و كوردستان لەو كۆنگرەیەدا یەكلابكرێتوە یاخود هیچ نەبێت بڕیارێكى دروست بۆ خەڵك و خاكى كورد لەم بارودۆخەدا بدرێت. بەڵام لەكاتێكدا كە دەڵێن ئەم كۆنگرەیە لە ئێستادانەگونجاوە و ناتوانرێت ببەسترێت. دەتوانرێت لە جێگاى كۆنگرەى نەتەوەیى ئەنجومەنێكى ڕاوێژى كوردى دروستبكرێت كە پێكهاتبێت لە كەسانى شارەزا لە بوارى سیاسى و سەربازى. هەر چوار پارچەى كوردستان یا هیچ نەبێت باشور و ڕۆژئاوا بڕیار لەم لیژنەیە وەربگرن بەشێوەیەك كە سەركردە سیاسیەكانى هەردوو پارچەكە گۆڕایەڵى بن و بڕیارەكانى پەیوەست بە باشور لە پەڕلمان قسەى لەسەر بكرێت و یەكلابكرێتەوە وە كەس نەتوانێت دەستوەربداتە كاروباریان. من ئەنجومەنى ڕاوێژ بە باشتر دەزانم لە بەستنى كۆنگرەى نەتەوەى چونكە كۆنگرەى نەتەوەى دەبێت نوێنەرى وڵاتانى دراوسێى تێدابێت كە هەمیشە دوژمانبون و هەرواش دەمێننەوە، بەڵام ئەنجومەنى ڕاوێژ هیچ پێویست ناكات نوێنەرى ئەوانى تێدابێت و دەشكرێت ئەم ئەنجومەنە بەنهێنى بهێڵرێتەوە. ئەگەر لەم بارودۆخەى ئێستادا یەكێك لە كۆنگرەى نەتەوەى یاخود ئەنجومەنى ڕاوێژ نەیەتە كایەوە ئەوا یەكگرتنى كورد ئەستەمە و ئێستا هەلە و دەبێت لایەنەكان سازش بۆ یەكترى بكەن لە پێناو كوردستاندا یەكێك لە كۆنگرە یا ئەنجومەن پێكبێنن.

2- دروستكردنى سوپایەكى كوردى یەكگرتوو:-
لە بارەى سوپاى یەكگرتوى كوردیەوە باشتر وایە یەكەم جار لەهەرێم هێزى پێشمەرگە لەبندەستى حیزب دەربهێنرێت و سەرجەم فەرماندەكانى بەرەكانى شەڕبكرێت بە كەسى سەربازى لەبن دەستى وەزارەتى پێشمەرگەدابن وە بڕیاریش لەوەوە وەربگرن وە فەرماندە حیزبیەكان دوربخرێنەوە لە بەرەكانى شەڕ تانەبنە هۆكارى شكست هێنانى هێزى پێشمەرگە وەك ئەوەى لە شنگال و مەخمور و كۆمەڵێك ناوچەى تر بینیمان و ڕویدا. پاش یەكگرتنەوەى هێزى پێشمەرگەى هەرێم ، هەوڵبدرێت پڕچەكبكرێت و كۆمەڵێك هێزى ترى وەك گەرێلاكانى پەكەكە و یەپەگە و پارتەكانى خۆرهەڵاتى كوردستان لەم هێزەدا جێگیربكرێن (بەشێوەى نهێنى) و ڕاهێنانیان پێبكرێت لەسەر چەكى پێشكەوتو وە هەوڵبدرێت بۆ پڕچەككردنى ئەوانیش. تا لەكاتى پێویستدا ڕەوانەى پارچەكانى ترى كوردستانى بكەنەوە.
لە ئێستادا دەتوانرێت هێزەكانى پەكەكە لە قەندیل یا خود ئەو هێزانەى كە لە هەولێر ڕاهێنانیان پێكراوە و خەڵكى ڕۆژئاواى كوردستانن بگواسترێتەوە بۆ كانتۆنەكانى ڕۆژئاوا و لەوێوە شەڕى داعش بكەن و پێشمەرگەش لە توركیاوە بگەیەنرێتە كوبانى و ببن بە پاڵپشت بۆ كۆبانى .(وەك لەم نوسراوە كورتەدا كە لە مانگى سێى 2012 بەكورتى باسملێوەكرد
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7be0a932 )

3- ئازادكردنى تەواوى ڕۆژئاوا و كردنەوەى سنورى ئاوى بەڕوى جیهاندا:-
لەكاتێكدا كە ئەو هێزە كوردیانە دەچنە ڕۆژئاوا دەتوانن بەتەواوەتى سنورە كوردیەكان پاكبكەنەوە لە داعش و هاوشێوەكانى و دوربكەونەوە لە دەستى دەوڵەتى سوریا بەتایبەت ئەو ناوچانەى كە كەوتونەتە نێوان كانتۆنەكان و بونەتە هۆى جیاكردنەوەى كانتۆنەكان و تاڕادەیەكیش بوەتە هۆى لاوازكردنیان. ئەو ناوچانە هەمووى كوردین و تەعریب كراو و كوردەكانیان ڕاگواستراوە بۆ ناوچەى دى بۆیە دەبێت بگەڕێنرێنەوە سەر خاكى كوردستان و پاك بكرێنەوە لە عەرەب و ئەو هەڵەى كە كورد كردى لە كاتى داگیركردنى عێراق و ئازادكردنەوەى ناوچە دابڕاوەكان لەلایەن پێشمەرگەوە ئەوان نەیكەنەوە. بەتەواوەتى ئەو ناوچانە خاوێن بكەنەوە بەشێوەیەك هەموو هۆكارێك بۆ بونیەتى عەرەب لەو سنورە بسڕێتەوە بۆ هەتا هەتایە.
ئەوەى پێویستە لێرەدا ئەنجامبدرێت هەوڵبدرێت كە تا خۆگرتنى ڕۆژئاوا پەیوەندیەكان لەگەڵ توركیا باشتر بكرێت تا توركیا نەتوانێت كێشە لەو سنورانە و لە ڕۆژئاواى كوردستان دروست بكات، چونكە ڕۆژئاواى كوردستان بەتەواوەتى هاوسنورە لەگەڵ توركیا و لەلاكەى ترەوە داعش یاخود ناوچەى سونى عەرەبیە. سنورى ڕۆژئاواى كوردستانیش هەر لە باشورى كوردستانەوە تا دەریاى سپى ناوەڕاست درێژدەبێتەوە واتە لەپاش ئازادكردنى تەواوى ڕۆژئاوا دەرگایەكى ئاوى بەسەر هەموو جیهاندا بۆ كورد دەكرێتەوە دەتوانرێت لەوێوە پەیوەندى بە جیهانى دەرەوەبكرێت هاوشێوەى توركیا بازرگانیان لەگەڵبكرێت.



4- كەمكردنەوەى پەیوەندى لەگەڵ توركیا :-
لەپاش ئازادى تەواوى ڕۆژ ئاوا و گەشتن بە سنورى ئاوى. ئیتر پێویست بە هاوسۆزى و هاوپەیمانى لەگەڵ توركیا ناكات. چونكە تا ئەو كاتە ئەمریكا و هاوپەیمانانى دەستیان لە توركیا بەرداوە یا هیچ نەبێت جێگرەوەیەكى وەك كوردستانیان هەیە بۆ توركیا. نابێت نەوتى باشورى كوردستان لەڕێگەى توركیاوە ڕەوانە بكرێت. دەبێت نەوتى باشورى كوردستان لە ڕێگاى ڕۆژئاواى كوردستانەوە ڕەوانەى دەرەوەبكرێت تاوەك ئەو سودە كە لە ناردنە دەرەوەى نەوتدا دەست توركیا دەكەوت بێتەوە دەست كورد و لەبندەستى تورك دەربهێنرێت. لەو ڕێگەیەوە ڕۆژئاواى كوردستانیش بوژاندنەوەیەكى تەواو بەخۆیەوە دەبینێت. وە دەتوانرێت برینەكانى كاتى شەڕى پێ ساڕێژبكرێت.

5- ڕاگەیاندنى سەربەخۆى :-
لەكاتێكدا ئێمە توانیمان ببینە خاوەن هێزێكى سەربازى یەكگرتو وە دروستكردنى پردێك بۆ گواستەوەى نەوت و فرۆشتنى و خۆڕاگرتن لە سەر پێو پشت نەبەستن بە دەوڵتى توركیا ئەوكاتە دەتوانرێت بەشێوازى ڕیفراندۆم یا ڕاگەیاندنى سەربەخۆى ڕاستەوخۆ بە پشتیوانى وڵاتانى دۆست دەتوانرێت سەربەخۆى ڕایگەیەنرێت. گوێ بە خواست و ویستى توركیاو ئێران نەدرێت . عێراق و سوریاش تا زیاتر لە دە ساڵى تر ناگەڕێنەوە بارى ئاسایى خۆیان و ناتوانن بەتەواوەتى فەرمانڕەواى خۆشیان بكەن تا هەڕەشە لە ئێمە بكەن یا لەشكر كێشى بۆ سەر كوردستان ئەنجامبدەن بەڵام كورد بەهۆى ئەو پشتیوانیە جیهانیەى كە هیچ نەبێت ئێستا لێى دەكرێت تا دوو ساڵى تر بگات بەسەر بەخۆى .
بۆیە دەتوانم بڵێم تاكە ڕێگا بۆ گەشتن بە سەر بەخۆى كوردستان بەستنى كۆنگرەى نەتەوەییە یاخود دروستكردنى ئەنجومەنى ڕاوێژە تا بڕیارە یەكلاكەرەوەكان لەوێدا بدرێت. ئێستاش زیاتر لە هەموو جارێك ناوماڵى كورد بەرەو یەك ڕیزى دەچێت ئەویش بەهۆى بونى تاكە دوژمنێكى هاوبەشەوە كە ئەویش داعشە. بۆیە نابێت هەلى یەكگرتنى كوردان بەهۆى داعشەوە لەدەست بدەین چونكە دڵنیام لەپاش داعش یاخود ئەگەر داعش بۆماوەیەكى درێژ بمێنێتەوە ئەو پەیوەندیەى نێوان پارچەكانى كوردستان بە فیتى توركیا نامێنێت و دەگەڕێینەوە سەر بارودۆخێك زۆر خراپ هاوشێوەى شەڕى ناوخۆ.





(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 5/5)