جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌بێته‌ جێگری مه‌سعود بارزانی

Friday, 01.29.2010, 12:00

231 بینراوە


له‌ مانگی ته‌موز ، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌نجام درا و مه‌سعود بارزانی پله‌ی یه‌که‌می ده‌نگه‌کانی وه‌رگرت ، بووه‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق . میدیای پارتی ، به‌ زمانی کوردی به‌ سه‌رۆکی کوردستانی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به زمانی‌ عاره‌بیی‌ش ده‌یکه‌نه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم [بۆ راستیی قسه‌کانم سه‌یری هه‌ردوو سه‌ره‌ هه‌واڵ بکه‌ که‌ له‌ خواره‌وه‌ی نووسینه‌که‌م دامناوه‌]. هه‌تا ئه‌مڕۆکه‌ جێگری سه‌رۆک ده‌ستنیشان نه‌کراوه و به‌ ره‌سمی که‌س نی یه‌‌ ، هه‌ردووحزبی ده‌سه‌ڵاتدار ، پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر دانانی سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان و سه‌رۆکوه‌زیران و وه‌زیره‌کان رێکه‌وتن ، په‌نجا به‌ په‌نجا سه‌رۆکوه‌زیر و جێگره‌که‌ی و سه‌رۆک په‌رله‌مان و جێگره‌که‌ی دابه‌ش کراوون . وا دیاره‌ کۆسره‌ت ره‌سول نابێته‌وه‌ جێگری مه‌سعود بارزانی بۆیه‌ له‌کاتی سوێندخواردنی مه‌سعود بارزانی بۆ پۆسته‌که‌ی جاره‌کی تر کۆسره‌ت ره‌سول داوای لێنه‌کرا سوێند بخوات و یه‌کێتیش هیچ که‌سێکی بۆ ئه‌و پۆسته‌ رانه‌گه‌یاند .
پارتی گۆله‌کی تری له‌ یه‌کێتی کرد و پۆستی [به‌رهه‌م سالح]ی له‌ به‌غدا وه‌رگرته‌وه‌ بۆخۆی و[ رۆژ نوری شاوێس]ی کرده‌ جێگری سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق . ئه‌و پۆسته جاران ‌ ئی یه‌کێتی بوو . یه‌کێتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ته‌موز شکسته‌کی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا و ده‌نگێکی زۆری له‌کیس چوو . پارتی به‌وه‌ ده‌زانێت و ده‌یه‌وێت به‌وجۆره‌ به‌ ڕووی یه‌کێتی دا بدات .
پارتی ده‌زانێت یه‌کێتی هه‌نووکه‌ لاوازه‌ و که‌رتێکی گه‌وره‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی نه‌وشێروان مسته‌فای لێبوویته‌وه‌ و خه‌ڵکێکی زۆر خۆیان داوه‌ته‌ پشت نه‌وشیروان . پارتی هه‌رچی داوابکات یه‌کێتی هیچی بۆ ناکرێت به‌ره‌نگاری داواکاری یه‌کانی پارتی ببێته‌وه‌ .
پێشماوه‌یه‌ک له‌ ڕیگای سامی شۆڕشی سه‌رنووسه‌ری جارانی { المنبرالکردی } و {وه‌زیری ڕۆشه‌نبیری پێشووی لیستی پارتی} و ئه‌ندامی {یه‌کێتی نیشتمانی پێشوو} و {بێژه‌ری رادیوی العراق الحر} ، ره‌خنه‌ ئاڕاسته‌ی به‌رهه‌م ساڵح و کاره‌کانی و یه‌کێتی نیشتمانی دۆستی پارتی کرا ، جار جاره‌ش پارتی یه‌کان وا هه‌ست ده‌که‌ن که‌ به‌رهه‌م ساڵح زیاتر گرنگی به‌ سلێمانی ده‌دات و هه‌ولێر و دهۆک فت ده‌کات . قسه‌ ده‌رباره‌ی به‌رهه‌م ساڵح ده‌که‌ن و گوایه‌ ئاگاداری هه‌ندێک شتیش نی یه‌ . ده‌ڵێن گوایه‌ هێشتان ژووره‌که‌ی نێچیروان بارزانی نه‌دراوه‌ به‌ به‌رهه‌م ساڵح . پارتی له‌وه‌ش چاوه‌ڕوانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ش بگریته‌وه‌ ده‌ست ئه‌گه‌ر بێتوو یه‌کێتی کزتر و لاوازتر بێت . هه‌ر بۆ نیشاندانی خه‌ڵکی بوو پارتی روونکردنه‌وه‌یه‌کی له‌ دژی نووسینه‌که‌ی سامی شۆڕش ده‌رکرد .
یه‌کێتی له‌ژێر سه‌رکردایه‌تی تاڵه‌بانی ئه‌گه‌ر خۆی تێکه‌ڵاوی پارتی بکات ، چاکتره‌ له‌وه‌ی پاش کۆچی تاڵه‌بانی ببێته‌ چه‌ند گڕوپه‌کی بێهێز و بێکه‌س . نه‌مانی مامجه‌لال ده‌بێته‌ پارچه‌ پارچه‌ بوونی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و به‌دیارکه‌وتنی شاخه‌ی جۆراوجۆر .
چاو سوورکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوایه‌یی مه‌سعود بارزانی وای له‌ راگه‌یاندنی یه‌کێتی کرد واز له‌و نووسینانه‌ بهێنیت که‌ دژایه‌تی گۆڕان و نه‌وشێروان ده‌کرێن و ده‌ستدرێژی که‌سانی سه‌ر به‌ گۆڕان نه‌که‌ن . جه‌لال تاڵه‌بانی له‌به‌رده‌م ئه‌ندامه‌کانی هێرشێکی توندی کرده‌ سه‌ر نه‌وشێروان و کۆمه‌ڵێک تاوانی خسته‌ پاڵی . هه‌تا به‌ر له‌ ته‌موز نه‌وشێروان بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌ر به‌ [کاکه‌نه‌وه‌] و هه‌ڤاڵ و دۆستی بوو ، هه‌نووکه‌ بووه‌ به‌ دوژمن و نه‌وشێروان . جاران نه‌وشێروان ده‌یگووت شیوعیه‌کان پڕوپاگه‌نده‌ی له‌دژ ده‌که‌ن ، که‌چی هه‌ڤاڵه‌که‌ی جارانی [مامجه‌لال] ئه‌وه‌نده‌ زیاتر تاوانباری کرد هه‌تا به‌ کوشتنی نه‌یارانی یه‌کێتیش تاوانبارکرا . جاران یه‌کێتی و پارتی ئه‌وه‌نده‌ جنێویان به‌یه‌کتر ده‌دا، له‌ فه‌رهه‌نگی هیچ حزبێکی سیاسی نه‌بووه‌ و ڕووی نه‌داوه‌ .‌هه‌نووکه‌ پارتی ڕیگانادات یه‌کێتی جنێوو بدات . پارتی چاک ده‌زانێت ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و ماڵی بارزانی ده‌که‌ن له‌ لای نه‌وشێروان خۆیان کۆکردۆته‌وه‌ و ئه‌و هێزه‌ دروست ده‌که‌ن که‌ دژایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌کات . هه‌نده‌ک که‌سایه‌تی ناوچه‌ی بارزانیش پشتی گۆڕان ده‌که‌ن .
پارتی چاوه‌ڕوانه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی ره‌زامه‌ندی هێزه‌کانی عێراقی وه‌رنه‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی جاره‌کی تر خۆی بۆ سه‌رۆکی عێراق هه‌ڵبژێرێت یان ئه‌گه‌ر خۆشی هه‌ڵبژارد [فه‌شه‌ل] بێنیت و ده‌رنه‌چێت . ئه‌وکاته‌ له‌ کوردستان جه‌لال تاڵه‌بانی ته‌نها سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتی بۆ ده‌مینێته‌وه‌ و شوێنه‌کی تری نی یه‌ بۆیه‌ ناچاره‌ ده‌بێته‌ جێگری مه‌سعود بارزانی . به‌ هه‌ردووکیان وه‌کو برا هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و ده‌سه‌لاتی پارتی و یه‌کێتی له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌هێزتر ده‌که‌ن .
گه‌لۆ ئه‌گه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌بێته‌وه‌ سه‌رۆکی عێراق له‌ کوردستان چ کاره‌ ده‌بێت .

  29/1/2010ستۆکهۆڵم

هه‌ردوو ماڵپه‌ری پارتی
سه‌رۆكى كوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌شیان ساز كرد
[03:11 , 27 Jan 2010]ماڵپه‌ڕی خه‌بات

رئیس اقلیم كوردستان یجتمع فی واشنگن مع وزیرە الخارجیە الأمریكیە .. الجانبان یبحپان سیر العلاقات الپنائیە والتزام الأقلیم بعراق فدرالی دیمقراگی التاخی الخمیس, كانون الپانی 28, 2010







(دەنگدراوە: 0)