حکومەتی هەرێم رێگای نەدا تەرمی شەهید جۆنستۆن بە رێگای کوردستانەوە بچێتەوە بۆ ئوسترالیا!

Tuesday, 17/03/2015, 12:00

2395 بینراوە


حکومەتی هەرێم یان راستترە بڵێم حکومەتی بنکە شەرمەزار رێگای نەدا تەرمی ئەشلی جۆنستۆن بە رێگای کوردستان بچێتەوە بۆ ئوسترالیا!
تەرمی شەهید ئەشلی جۆنستۆن گەیشتە دەستی نوێنەری خێزانەکەی لە تورکیا، رۆژی چوارشەممە لە فرۆکەخانەی تورکیاوە! بەرێ دەکرێت، وا چاوەروان دەکرێت لە کۆتایی ئەو هەفتەییەدا بگات بە شاری سیدنی، لەوێشەوە بەرەو شاری کەنبێرایای پایەتەخت دەبردرێت.
رۆژنامەی سیدنی مۆرنیگ هێریلد دەنووسێت، پیتاکی کۆکراوە لە نێوان ٨٨تاکی کوردی ئوسترالی لە شاری سیدنی بە مەبەستی خەرجی ناشتنی شەهید، بۆ دایکی ئەماندە جۆنستۆن گەیشتۆتە ٥٦٠٠ دۆلار.

A memorial fund for Amanda Johnston, established by the Kurdish community, has raised $5600 through 88 individual donations.

بڕیاری ئەشلی لە پشتیوانیکردنی میللەتی کورد لە جەنگی دژ بە داعش لە رۆژئاوای وڵات، بیروباوەری بەرزی ئەو شەهیدەیە بە مەسەلەی مرۆڤایەتی، نەک حزبایەتی و سیاسەت کردن. هەر مرۆڤێکی ویژدان بە ئاگا ئەو خاڵە دەبێنێت.

ئەشلی بۆ رای گشتی جیهانی سەلماند کە مرۆڤ دەکرێت لە پەپولە پاکتر بێت. ئەو جۆرە بەشدارییە کاردانەوەی گەڵێک زیاتری هەبوو لەسەر ڕای گشتیی و رۆحی مرۆڤایەتیی بە بەراوردکردن بە پشتیوانی زەبەلاحی سوپایی، چەک، فرۆکە و تەقەمەنییە پێشکەوتووەکانی زلهێزەکان کە ناردیان بۆ کوردستان بەتایبەتیش ئوسترالیا. بەشداری ئەشلی بەرەنگارییەک بوو لە نامرۆڤایەتیی، قەوارەکەی زۆر گەورتر لە راوەستانەکەی کۆبانی دژ بە داعش. ویژدانی هەزاران هەزار کەسی ئوستورالی بزواندوە، جموجۆڵێکی پەیدا کردوە لە نێو گەنجانی ئوسترالیا و راکێشانی سەرنجیان بۆ بەرەنگاری بوونەوە دژ بە داعش. گەیشتنی تەرمەکەی هەموو دامو دەزگایی ئاسایش و پۆلیسی خستۆتە ئامادە باشی. ئەو بابەتە بووە بە سەردێری زۆربەی رۆژنامە، گۆفارەکان، ماڵپەرەکان، توڕی کۆمەڵایەتیی و یەکێکە لە بابەتە پڕ خوێنەرەکان.
دوو خاڵی گرنگ کە شەرمەزارییەکی ئیجگار گەورە دەهێنێتە پێش بۆ میللەتی کورد لە نێو کۆمەڵگایی نیو نەتەوەیی و بە تایبەتی کۆمەڵگای ئوسترالی:
یەکەم، تەرمی ئەو نازدارە لە فرۆکەخانەی سلێمانی/ هەولێر تەسلیم بە نوێنەری خێزانەکەی نەکرا، لە تورکیایی دژە کورد و مرۆڤایەتیی ئەو کارە ئەنجامدرا، لە فرۆکخانەی ئەو وڵاتەش بەرەو وڵاتەکەی خۆی بەرێدەکرێت. ئەشلی رۆحی پاکی لە خاکو ئاسمانی کوردستان بەجێماوە کەچی رێگای پێنەدرا کۆتایی ماڵ ئاواییەکەی لە خاکی کوردستانەوە بێت. فرۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولیر مرۆڤی پاکی وەک ئەشلی پیادا تێناپەڕێت. ئەو دوو فرۆکەخانەیە وێستگەی دابەزین و سەرکەوتنی، بازرگانەکانی خوێن و پارەن، تاوانباران، خوینمژان، دزو جەردەی بیرەنەوتەکانی وڵات، سەرکردەکانی ئێران و تورکیا، سەرکردەی سوپایی عیراقی، سوپایی پاسداران ، جەندرمەی تورکیی و سیخورو بەکرێگیراوەکان، دەسترۆیشتوەکانی دامو دەزگا جاسوسیەکانی دنیان.
دووەم، ٥٦٠٠ دۆلار لە شەرمەزاریی زیاتر هیچی تر روماڵ ناکات بۆ نەتەوەی کورد. هەموو دنیا زانیاری لەسەر سامانە سروشتییەکانی وڵات هەیە. دەرامەتی باشووری کوردستان بۆ هەموو وڵاتان و سەرکردەکانی دنیا روونە کە چەندە. لێپرسراوەکانی دانیشتووی چیایی پیرمام، بەرزایەکانی قەڵاچۆڵان و گردی زرگەتە، دزو ملیاردێرەکانی باشور و دامودەزگایی مافیا، ئاخۆ وەڵامیان دەبێت چی بێت بۆ ئەو شەرمەزارییەی کە تووشی میللەتی کوردیان کردوە لە نێو کۆمەڵگایی ئوسترالیی و جیهان؟

سەرچاوە:

----------------------------------------
وتاری پێشووم لەسەر ئەم شەهیدە قارەمانە بخوێنەرەوە
دایکی شەهید جۆنسۆن و مۆراڵ....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە