مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد لە لەندەن بۆتە جێگەی ململانێی حزبی

Friday, 16/12/2011, 12:00

2790 بینراوە


پەیامنێری کوردستانپۆست / لەندەن/ کوردستانپۆست
مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد لە لەندەن لە ساڵی ١٩٨٥دامەزاراوە.ئەم مەڵبەندە وەکو خەڵک باسی دەکات دەوروکاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لە ڕابردوودا بەڵام ئێستا وانەماوە.هەریەکە لەگۆڕان و یەکێتی یەکتر تۆمەتباردەکەن بەوەی گۆڕان پێیوایە ئەو مەڵبەندە حزب دەستی بەسەردا گرتووە،وە دەورەکەی جارانی ناگێڕێت. هەورەها وەکو ئەوەی لە هەندێک لە ئەندامانی یەکێتیمان بیستووە دەڵێن گۆڕان هەوڵی تەواو دەدات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ١٧/١٢ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت وە دەست بگرێت بەسەر مەڵبەندی ڕۆشنبیریدا.لەبەر ئەو هۆکارانە بەباشمان زانی کە هەریەکە لە چالاکوانەکانی گۆڕان و وە ئەندامانی یەکێتی بدوێنین.خۆشبەختانە چالاکوانەکانی گۆڕان قسەیان بۆ کردین بەڵام بەداخەوە کە ئەندامەکانی یەکێتی ئامادە نەبوون قسەمان بۆ بکەن وە ئەو قسانە پشت ڕاست بکەنەوە کە ڕووبەڕویان بۆتەوە،چگە لەکەسێک هێندەی ئیمە بیستبێتمان سەربەیەکێتییە بەڵام ئەو خۆی ووتی بێ لایەنم وە لەبەرئەوەی نەیویست کە ناوی بێت و وە نە وەڵامی پرسیارەکانیشمان بداتەوە زۆر بەڕێزەوە پێی ووتین کە ئەو هیچ زانیارییەکی نییە سەبارەت بەو مەعلوماتانەی کەبەدەست کوردستانپۆست کەوتووە.ئەو زانیارییانەش بریتی بوون لەوەی کە گوایە جەلال تاڵەبانی بڕی سەد هەزار دۆلاری لە ساڵی ٢٠٠٧ کە ئەو کاتە کردویەتییە ٦٠ هەزار پاوەند بەخشیوێتی بەو مەڵبەندە،هەروەها داوای پارەی مەسرەفی مامۆستای ٤٥ خوێندکاریان کردووە لە حکومەتی هەرێم لە کاتێکدا ئەم مەڵبەندە تەنیا ٣ خوێندکارییان هەبووە یەکێکی تر لەو زانیارییانە ئەوەیە کە گوایە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کاری کردووە بۆ ئەوەی کە جارێکی تر لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی مەڵبەند بیبەنەوەو دەست بگرنەوە بەسەر مەڵبەندا،بەڵام ئەو کەسە ووتی من ئاگاداری ئەم شتانە هیچی نیم بەڵام دڵنیام لەوەی کە لە ئێستادا مەڵبەند هیچ پارەیەکی نییە تەنانەت ئامێرەکانی کۆپی کردنمان شکاوە پارەمان نییە چاکی بکەینەوە.شایەنی باسە ١٧/١٢/٢٠١١ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کوردی لەلەندەن بەڕێوە دەچێت.بڕیاروایە کە هەموو ساڵێک ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوە بچێت بەڵام بەهۆی ناکۆکییەوە ماوەی سێ ساڵە هەڵبژاردن نەکراوە.وە لە ئێستادا یەکێتی دوانزە کاندیدی هەیە کە حەوتییان دەبێت هەڵبژێردرێت وە لایەنی بەرامبەر شەش کاندیدی هەیە کە بریتین لە خەڵکی جۆراو جۆر.

هەڵسوڕاوەکانی گۆڕانیش هەریەکەیان بەم شێوەیە وە ڵامیان داینەوە.

سەرەتا بەڕێز سەردار محەمد هەولێری بەرپرسی ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕانمان لە لەندەن دواند.

ئایا ئەو قسانە هەتا چەند ڕاستە کە دەڵێن گۆڕان دەیەوێت لە هەڵبژاردنی مەڵبەندی ڕۆشنبیری بیباتەوە بۆ ئەوەی دەست بگرێت بەسەر مەڵبەندەکەدا،وە دەڵێن کاندیدەکانی گۆڕان هەموویان حزبین وە لە گردەکەوە دانروان.

سەردار ووتی،

ئێمە وەکو گۆڕان هیچ کاتێک نکۆڵیمان لەوە نەکردوە کە حەز دەکەین و هەوڵیش دەدەین کە هەموو ڕیکخراوە کوردیەکانی بەریتانیا لە ژێر دەسەڵاتی حیزبیدا نەمێنێ ، هەروەکو لە کوردستانیش هەمان بۆچوونمان هەیە . ئێمە دەمانەوێت دامودەزگاکانی کوردستانیش لەژێر ڕکێفی حیزبەکاندا نەبێت .

دەربارەی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کوردیش ئەوا چەند ساڵانێکە لایەنێکی حیزبی دەسەڵات ، دەستی بەسەر مەڵبەندا گرتووە و بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکاری ئەهێنن . وە کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگای کوردی لە بەریتانیا ئەم مەڵبەندە ڕۆشنبیریە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو حیزبە ڕزگار بکەن و بیدەنەوە دەستی کۆمەلگای کوردی .

ئێمە وەکو گۆڕان نە مەبەستمانە کە دەست بەسەر مەڵبەندا بگرین و وە نە ئەو جۆرە کارانەش لە ئەجێندای بزووتنەوەکەماندا هەیە . لەوانەشە بەشێک لە گۆڕانخوازانی بەریتانیا کە ئەندامی مەڵبەندن بە شێوەیەک لە شێوەکان بچن بە دەنگ مەڵبەندەوە و هەووڵ بدەن کە دەنگ بە خەڵکی بە تواناو لێهاتووی کۆمەڵگاکەمان بدەن بە بێ سەیر کردنی بۆچوونی سیاسیان .

دەربارەی کاندیدەکانی مەڵبەندیش نە ئەنجوومەنی لەندەنی گۆڕان و نە هاوڕێیانی ناوەوەش ئاگاداری هیچ لە کاندیدەکانن ، ئەوەندەی من ئاگادار بم کە خەڵکی جۆراو جۆری تێدایە بگرە لە بێلایەن و هەواداری هەموو پارتە سیاسیەکەنی ساحەی کوردستان .

پاشان ڕووی پرسیارمان کردە دڵشاد حافیز وەکو چالاکوانێکی گۆڕان وە هەروەها ئەو بەڕێزە سێ ساڵ کۆمیتەی بنکەی ڕاگەیاندن و ڕاوێژکاری کوردی بووە هەروەها ٣ ساڵ سەرۆکی کۆمەڵگای کورد بووە لە ڕۆژئاوای لەندەن وە ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخراوی پەککەوتەکانی کورد بووە.

دەوروکاریگەرییەکانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد چی بووە لە ڕابردوودو ئێستادا؟

ئایا گۆڕان دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر ئەو مەڵبەندەدا؟ کوردی ..ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە خەڵکێک هەن نازانن بۆ یان بۆ کێ دەنگ ئەدەن لە کاتی هەڵبژاردنەکانی مەڵبەندا ..

مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد لە لەندەن لە سەر دەستی کۆمەڵێ کوردی پەنابەر دامەزرا لە پێناوی خزمەتکردنی ئەو پەنابەرانەی کە ڕووویان ئەکردە بەریتانیا ،لەڕووی کاری وەرگێڕان و پەیداکردنی خانوو، یارمەتی سۆشیال بۆ بژێوی ژیانیان ، هەروەها بۆ دۆزینەوەی خولی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی . ڕاهێنان بۆ دۆزینەوەی کار بۆیان .بە شێوەیەکی گشتی ،لەلایەکی ترەوە مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد ببو بە سەفارەتخانەی کوردستانی باشور بۆ گەیاندنی دەنگی کپکراوی گەلەکەمان بە ناوەندە سیاسی و پەرلەمنییەکانی ئەم و ووڵاتە.دەیان ڕێکخراوی مەدەنی وەکو ژنان . دەستەی پشتیوانی کەرکوک ،پەککەوتەکان و بزوتنەوەی ڕیفراندۆم و خوێنکاران ..هتد ، لەژێر سێبەر و هەندێک جار ئیمکانییەتی ئەم مەڵبەندە درێژەیان بەچالاکییەکانیان دەدا.ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئەو کاتەی مەڵبەند پێک هاتبون لە خەڵکە ڕۆشنبیر و ئەکادیمییەکانی کورد لەم ووڵاتە .. بۆیە هەر زوو هەمو ڕێکخراوەکانی وەکو بنکەی ڕاگەیاندن و ڕاوێژکاری کوردی و کۆمەڵگای ڕۆژئاوای

لەندەن و ڕیکخراوی پەککەوتەکانی کورد لە لەندەن ،لە هەوڵدا بون کە فیدراسێۆنێک دروستبکەن وکو چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەمو ڕێکخراوە کوردییە خێرخوازەکانی ئەم ووڵاتە، بەڵام بە داخەوە هەردوو حزبی دەستەڵاتداری لێرەش سیاسەتی پەنچا بە پەناجایان هێنایەوە سەر مێزەکانیان و پۆستەکانیان لە نێوانی خۆیان دابەشکردەوە،ئەو پڕۆژانەی مەبەست بوو ئەنجام بدرێ وەکو دروستکردنی فیدراسێونی ڕێکخراوە کوردییەکان لە بارچوو ، وە هەیمەنەی حیزب باڵی کێشا بە سەر مەڵبەندی ڕۆشنبیریدا ، ئێمە هەمو ئەزانین کە ئەو شەڕەی لە سەر مەڵبەند ئەکرێ لە پێناوی خزمەت بە کوردەکانی ئێرە و بەرەو پێشبردنی ئەدەب و هونەر و کاری ڕۆشنبیری نییە .. هەمو شەڕەکە لە سەر بینای ئەو مەڵبەندەیە ،کە لەسەر هەندێ کەسی دەستڕۆیشتووی ئەو حزبە تابۆ کراوە کە نایەنەوێت موڵکییەتی ئەو ئەو بیانیە بگێڕنەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردی.ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە خەڵکێک هەن نازانن بۆ یان بۆ کوێ دەنگ دەدەن لە هەڵبژاردنەکانی مەڵبەندا.

من پێم وا نییە بزوتنەوەی گۆڕان هیچ نیازێکی هەبێ دەست بەسەر ئەو مەڵبەندەیا بگرێ ، لە پێناوی داگیرکردنی وەکو هەندێ کەس بلاوی ئەکەنەوە ،بزوتنەوەی گۆڕان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر کارو چالاکییەکانی مەڵبەند ،قسە ئەکات بە تایبەتی ماوەی چەند ساڵێکە برادەرانی یەکێتی دەستیان بە سەردا گرتوە ، مەڵبەندیان بە کەلاوەیی بۆ خەڵک بەجێهێشوە هیچ چالاکییەکی جەماوەری..هونەری ،،ئەدەبی .کۆڕ و سمیناری تێدا ئەنجام نەدراوە .. بە پێچەوانەی ساڵانی پێشتر و پێشتر کە مانگانە دەیان چالاکی تێدا ئەکرا ..گۆڕان لە لەندەن هیچ کاندیدی نییە وەکو حیزب بەڵام پشتگیری ئەو کەسانە دەکەین کە چالاک و خۆشەویستی ناو جەماوەرن و بە هیواین بتوانن لە چەند ساڵی داهاتودامەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد جارێکی تر لەسەر پێی خۆی ڕابگرنەوە.

عەلی محمەد کە یەکێکە لە کاندیدەکان وەکو زانیاری پێمان گەیشتوبوو ئەو بەڕێزە یەکێتییە وە لەسەر لیستێکی جیاواز لە یەکێتی خۆی هەڵبژاردووە،لێمان پرسی هۆکاری ئەمە چییە تۆ یەکێتیت و لەسەر لیستی تر خۆت هەڵئەبژێریت؟

عەلی ووتی من پێش ئەوەی یەکێتی یا هەر حزب و ڕێکخراوێک بم کوردم.ئەوەشی کە پێشتر یەکێتی بووم مەرج نییە بۆ هەمیشە لە قاڵبی حزبدا بمێنمەوە.ئێوە کە وەک دەڵین ئەو زانیارییەتان لەلابێت دەبێت ئەوەش بزانن کە من جیاواز لە هەموو هاوڕێکانم بیرم کردۆتەوە.من پێموایە ئەو کاتە هێزی تاک بەهێزتر دەبێت کە لەبەرەی خەڵک و لە بەرژەوەندی ئەواندا کاربکات وە هیچ کات باوەڕم بەوە نەبووە نییە کە مەرجە خەڵک لە بەرژەوەندی لە ژێر دەستەڵاتی حزبدا بێت کە بەداخەوە لای زۆربەمان وایە بەڵکو ئەوە حزبە کە دەبێت لە خزمەتی تاکەکانی کۆمەڵگەدا بێت منیش خۆم بەدەر نازانم لەهەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە.گەر هەتا ئێستا هەرچۆنێک لە مەبەستمان تێگەیشتوون ئومێد دەکەم لە ئێستاوە خوێنەری بەڕێز باشتر لە مەبەستم تێبگات و باشتر بمناسن.

فواد سەلام وەک و هەڵسواڕوێکی گۆڕان ئاماژەی بەوەدا کە مەڵبەندی ڕۆشنبیری کوردی دامەزراوەیەکی کوردیە کە ڕەوەندی کوردی لە ناوڕاستی هه شتاکان دایان مەزراندوە بۆ خزمەت کردنی ڕەوەندی کوردو کێشەکانی لە وڵاتی بەریتانیا دیارە ئەم دامەزراوەیە دەوری سەفارەتی کوردی بینیەوە تا ئەوکاتەی بەدەست خەڵکی شارەزاو دڵسۆزەوەبوە. بەڵام بەداخە بۆ ماوەی ٣ساڵە مەڵبەند نەک ئیش وکاری نەکردوە بگرە ڕەوەندی کوردی لەخۆی تۆراندوە بەهۆی ئەوەی کە

مەڵبەند لە لایەن چەند کەسانێکی حیزبی بەپاڵپشتی دارایی حیزبەکەیان دەستیان بەسەردا گردوە و ئەو مەڵبەندەی کە جێگای خزمەت کردنی رەوەندی کوردی بوو کردیانە جێگای فەڵاقە خانە و بەپاڵپشی پاسەوانی جامایکی و ئەلبانی پەلاماری } سیروان کەرکوکی یان داوئازاریان پێگەیاند. کاتێک دامەزراوەیەکی گرنگ مۆنۆپۆڵ دەکرێت لە لایەن گروپێکەوە ڕەوەندی کوردی هیچ ئومیدێکی بەودامەزراوەیە نامێنێت بەشداری لە هیچ چالاکیەکیداناکات کە بۆ مەرامی تایبەتی گروپەکە یان حیزبەکەیان سازی دەکەن وەک لەماوەی ٣ ساڵی رابردوودا ڕەوەندی کوردی بۆ پرسەش سەردانی ئەو مەڵبەندەیان نەدەکرد.

ئە وکەسانەی لە ٣ ساڵی ڕابردوودا کاریان کردوە لەو مەلبەندە دا لە لایەن حیزبەوە دانراون شارەزایی یان لەو کارەدانەبوە، بۆیە لە ٣ ساڵی ڕابردووە ئەو مەڵبەندە شوێنێکی بێزار بوو لەبەر ئەوەی ئەو کەسانەی لەوێ بوون لە بری خزمەت بە ڕەوەندی کوردی خزمەتیان بە حیزبەکەیان یان کەسێک لە حیزبەکەیان کردوە. و مەجالیان نەداوە کەسانی شارەزاو دڵسوز بچنە ناو ئەو مەڵبەندە لە شارەکانی بەریتانیا بەزەبری پارە کەسانێکی بێئاگا دەهێنن دەنگیان پێدەدەن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان.

ئەنوەر محەمەد کە ماوەیەک سەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبردن وە ماوەیەک ئەندامی کۆمیتەکە بووە، بە بۆچۆنی ئەو کە لە نزيکەوە بەشدار و ئاگاداري کاري مەڵبەند بووە دەڵێت لە دامەزراندنەوە تا ساڵي ٢٠٠٨ ، مەڵبەند ڕوڵيکي کارا و بەرچاوي هەبووە سەرەراي ئەو هەموو کۆسپانەي کە هاتوونەتە ڕێگاي. كۆسپ و ڕێگیري سەرەکي لە زياتر گەشە کردن و هەندێ جار بەرەو دواوە رويشتن و سست بووني لە ئەنجامداني کاري سەرکەوتوو، بووني مونافەسەيەکي نا شايستە لە نێوان هێزە سياسيەکانەوە، ئەمە واي کردوه کە کەساني ناشارەزا و نەشياو دەست بەسەر مەڵبەندەکەدا بگرن و بەرەو ئاقاري خراپي بەرن. ئەبوايە هەموو لايەک سياسەتي "نان بو نانەوا و گۆشت بۆ قەساب" يان پەیڕەو بکردايە.

‌بە داخەوە، پاش کودەتا بێ ماناکەی کۆنفڕانسي ٢٠٠٨ ، تەنها چەند مانگ جاريک ليفلێتی کۆمپانياي گەشتي ئاسمانيم پي ئەگات، بێجگە لەوە نقەم نەبيستووە لەو شير مەڵبەندە. بەڵام هيوادارم کە لە کۆنفرانسي چاوەڕوانکراودا هەموومان شتێک فێر بووبين لە ڕابردوومانەوە، وە مەڵبەندە خۆشەويستەکەمان جارێکي تر کارا بکەينەوە. بۆ ئەوەي ئەم هيوايە بێتە دي ئەبي کەساني شياو بە تايبەتي گەنجان بێ دەست تێوەرداني حيزبي هەڵبژێردرێن.

‌‌هەڵبەتە من بوچووني خۆم لێرەدا پيشکەش کرد، بەڵام مێژوو و پێگەي مەڵبەندی ڕوشنبيری کورد ئەوە دەهێنێت کە هەڵسەنگاندنێکي تێر و تەسل و بابەتي بو بکرێت، نا بۆ ئەوەي پەنجە درێژ بکرێت

بۆکەم و کورتی ئەم کەس و ئەو کەس بەڵکو بۆئەوەی لە تاقيکردنەوەکانمانەوە فێر بين تا لە داهاتوودا هەمان هەڵە نەکەين.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە