وەزیرى پەروەردە كۆنتڕۆل بێ كۆنتڕۆلە

Wednesday, 11/07/2012, 12:00

1374 بینراوە



لاى هەمووان ڕوونە كە تا ئێستا سیستەمى پەروەردە لە كوردستان بۆ وەرگرتنى قوتابیان و خوێندكاران لە كۆلێژو پەیمانگاكان تەنیا بە گوێرەى نمرەى پۆلى دوانزەمى ئامادەیى یە , بۆیە ئەم قۆناغە قۆناغێكى زۆر گرنگ و هەستیارە بەلاى قوتابیان و خوێندكارانەوە چونكە جارى وایە یەك پۆینت قوتابى لە كۆلێژێك دەبات بۆ كۆلێژێكى تر وەبەپێچەوانەشەوە , لێرەدا من دەمەوێت قسە لە سەر پرۆسەیەكى گرنگى ئەم قۆناغە بكەم كەبریتەلە چۆنیەتى ڕاست كردنەوەى هەڵەكانى پەڕاوى پۆلى دوانزەمى ئامادەیى  كە شوێنەكە پێى دەگوترێت كۆنتڕۆل , من وەكو مامۆستایەك پێش چوونم بۆ كۆنتڕۆل وامدەزانى شوێنێكى زۆر گرنگ و هەستیارە , بەڵام بە پێچەوانەوە بەم شێوەیە نەبوو كە بیرم لێدەكردەوە , خۆى لە بنەڕەتدا كۆنتڕۆل شوێنێكى زۆر زۆر گرنگە چونكە ڕەنج و ماندوو بوونى چەندین ساڵەى قوتابیان و خوێندكاران لە ناو ئەم پەڕاوەیە كە داهاتوو و ئاییندەیان دیارى دەكات , دواى ئەم هەرایەى كە لە دەزگاكانى ڕاگەیاندن نرایەوە دەربارەى كۆنتڕۆل و چۆنیەتى ڕاست كردنەوەى هەڵەكانى پەڕاوى پۆلى دوانزەمى ئامادەیى ,ڕۆژێك لە كۆنتڕۆل پێیان ڕاگەیاندین كە ئەمڕۆ وەزیرى پەروەردە و لیژنەیەكى پەروەردە لە پەڕلەمانى كوردستان سەردانمان دەكەن بە مەبەستى بەدواداچوون , ئێمەش چاوەڕێ بووین تا جەنابى وەزیر لە نزیكەوە ببینین و گلەیى و پێشنیارەكانى پێ ڕابگەیەنین تا چارەسەریان بكات , ئەم هەواڵەش جەماعەتى كۆنتڕۆل و سەرپەرشتیارانى شپرزە كرد و ئەم ناوەیان پاك كردەوە و هەندێك قەرەباڵغى هۆڵەكانیان كەم كردەوە بە دابەش كردنى مامۆستایان بە سەر هەندێك هۆڵى تر , بەڵام دواى چاوەڕوانیەكى زۆر جەنابى وەزیر و لیژنەكەمان نەبینى , دوایى زانیمان كە وەزیر و شاندەكەى كاتژمێر (12) ى نیوەڕۆ هاتبوون ئەو كاتەى كە مامۆستایان دەست هەڵدەگرن و كۆنتڕۆل چۆل دەكەن و پشوو دەدەن . بۆیە جەنابى وەزیر لێرەوە گلەیى و پێشنیارەكانم ئاراستەى جەنابت دەكەم ئەگەر بە تەنگ چارەسەر كردنیانەوەى :
یەكەم : لە ڕووى بینایەوە : ئەم بینایە شوێنى كۆنتڕۆل و ئەم پرۆسە گرنگە نیە چونكە زۆر بچووك و تەسكە ئێمە (6) لیژنە لە هۆلێكى بچووك بووین كە (36) مامۆستا بووین , هەر لە بەر نەبوونى جێگا بوو كە لە كاتى خۆى دەست بەكار نەبووین سێ ڕۆژ دواكەوتین و چاوەڕێمان كرد تا هەندێك لیژنە تەواو بوون و ئێمە چووینە شوێنى ئەوان .
دووەم : لە ڕووى پاك و خاوێنیەوە : شوێنەكە لە ئاست پێویست نەبوو زۆر جار ئاو نەبوو و دەبڕا و تەوالێتەكانیش پیس بوون .
سێ یەم : كاتى دەوام كردن : كاتەكە زۆر بوو ڕۆژانە (9) كاتژمێر بوو , مامۆستایان بە جەستەو بە مێشك زۆر هیلاك و ماندوو بوون , زۆر جار تەركیزیان نەدەما بۆیە پێویستیان بە پشووى زیاترە وە پێویستە كاتى كاركردنیش كەم بكرێتەوە .
چوارەم : لە ڕووى فێنكیەوە : ئێمە لە هۆڵێك بووین (2) سپلیتى بچووكى لێ بوو بۆ (36) مامۆستا , زۆر جار پەنامان بۆ پانكە دەبرد لە بەر گەرمى هۆڵەكە ,سەرەڕاى ئەوەش ناوە ناوە كارەبا دەكوژایەوە .
پێنجەم : ئەو كورسى و مێزانەى كە كارمان لەسەر دەكرد زۆر ناڕەحەت بوون , ڕۆژانە (9) كاتژمێر دانیشتن لە سەر كورسیەكى پلاستیكى ڕەق زۆربەى مامۆستایان تووشى ئازارى پشت بوو بوون , ئایا جەنابى وەزیر تۆ دەتوانى یەك كاتژمێر كورسیە نەرم و مدەوەڕەكەى خۆت جێ بێڵى و لە سەر ئەم كورسیە پلاستیكیە ڕەقانە دابنیشى ؟
شەشەم : لە ڕووى ووردبینیەوە (تدقیق) : لەم ڕووەوەش لە ئاستى پێویست نەبوو , ووردبینى تەنیا لە كۆكردنەوە بوو نەك لە ڕاست كردنەوەى ناو دەفتەر .
حەوتەم : بە گشتى پرۆسەكە بەشێوەیەكى هەڕەمەكى بەڕێوەچوو لە كەش و هەوایەكى نائارام و
قەرەباڵغ ,زەخت و پاڵەپەستۆیەكى زۆر لە سەر مامۆستایان بوو , پێویست بوو هەر لیژنەیەك ڕۆژانە (450) دەفتەر ڕاست بكاتەوە , كە ئەمەش ڕێژەیەكى گەلێك زۆرە و وایكردبوو هەندێك مامۆستاى بێ ویژدان و لەخوا نەترس بەبێ هەست كردن بە بەرپرسیارێتى تەنیا دەفتەرەكان بەڕێ بكەن و لە كۆڵ خۆیانى بكەنەوە , وە زۆر جارى وا هەبووە مامۆستایەك پرسیارى مامۆستایەكى ترى ڕاست كردۆتەوە لە جیاتى پرسیارى خۆى و سفرى بۆ داناوە , كە ئەمەش ئەو پەڕى ناعەدالەتى و زوڵم و ستەمە لە قوتابى دەكرێت و مافى تەواوى خۆى پێ نادرێت .
هەشتەم : لە ڕووى هاوكارى ماددى مامۆستایانەوە : دەرماڵەیەكى كەم بۆ مامۆستایان خەرج دەكرێت كە لە ئاست ئەو ماندوو بوون و هیلاك بوونەى مامۆستایان نیە , ئەمەش وایكردووە كە بەشێك لە مامۆستایان بڕیار بدەن جارێكى تر نەیەنەوە بۆ كۆنتڕۆل .

لە كۆتاییدا داوا لە حكومەت و وەزیرى پەروەردە دەكەم بایەخێكى زیاتر بەم شوێنەو بەم كارە گرنگە بدەن بە دابین كردنى هەموو پێداویستیەكان و چارەسەر كردنى هەموو كەموكورتیەكان و وە كەم كردنەوەى كاتى كار كردن و زیاد كردنى ژمارەى مامۆستایان و پەیڕەوكردنى سیستەمى شیفتات بۆ خوولى دووەم و ساڵانى داهاتوو چونكە لەم نێوەندەدا زەرەرمەندى یەكەم قوتابى و خوێندكارانن كە دەبنە قوربانى و هەر ئەوانن كە دەبێت باجى ئەم كارە بدەن .
وەهیوادارم وەزیرى پەروەردە كە وەزیرێكى نوێ یە ماوەیەكى كەمە دەست بەكار بووە لە ئاست داخوازى مامۆستایان و قوتابیان دابێت بۆ ئەوەى وەكو وەزیرەكانى ترى پەروەردە لە كابینەكانى پیشووتر نەكەوێتە بەر ڕەخنەى قوتابیان و داواى یاسایى مامۆستایان .
N مامۆستایەكى بەشدار بوو لە كۆنتڕۆڵى ئەمساڵى خولى یەكەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە