رەفعەت هەڵەبجەیی

ئەندامی پێشووی ستافی کوردستانپۆست، رەفعەت هەڵەبجەیی سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە، 07 / 06 /2020 بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


کێ باجی گەمژەکانی کۆمەڵگا دەدات

Sunday, 24/02/2013, 12:00

1606 بینراوە










نیو سەدە زیاترە کۆمەڵگای کوردی بەتایبەتی کوردی باشور لە قەیراندا دەژیت ،قەیرانی سیاسی ئابوری کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی و کەلتوری لەگەردنی ئەم میللەتە ئاڵاوەولە بەرۆکی نابێتەوە.زیاتر لەنیو سەدەیە کۆمەڵگای کوردی گیرۆدەی دەستی تابورێکی دورودرێژلە گەمژەیە . دەسەڵات وەکو سوچەڕوایە گەمژەکانیش دڕکەکانی یەتی لەدژی نەیارەکانی شەڕیان پێ دەکات .دەسەڵات گەمژەکان دەکاتە قەڵغانێکی بەرگری تا درێژە بەدەسەڵاتی خۆی بدات.
کۆمەڵگای کوردی باجی هەڵەو خیانەتەکانی گەمژەکان دەدات. گەمژەکان چین وتوێژێکی گەورەی کۆمەڵگان بەهەموو دام و دەزگاکانی هەرێم دا بڵاو بونەتەوە. گەورەترین دام و دەزگا کە گەمژەکان تیایاندا بەر بڵاون دەزگا ئەمنیەکان و دەزگای پێشمەرگەیە ئەوەیش دەسەڵات زۆر بەئاگاهی یەوە ئەو کارەی کردووە چونکە گەمژەیەکی چەکدار گوێ ڕایەڵی کوێرانەی دەسەڵات دەکات و بەرگری لە مانەوەی دەکات و ئەو چەکدارە گەمژانە خاڵین لە هەموو ڕۆشنبیریەکی سیاسی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی تەنها ڕۆڵی تانجیەکی ڕاوچی دەبینن بۆ ئاغاکانیان کەروێشکەکە بۆ ئاغاو سەرو گوێلاکەکەشی بۆ خۆیان. خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ زیندوترین بەڵگەیە بۆ بۆچونەکانم بینیمان چۆن خێڵەکیانەو دوور لەهەموو پرانسیپێکی سیاسی و ئەخلاقی لەماوەی چەند سەعاتێکدا دەستیان چووە خوێنی زیاتر لە ١٠ ڕۆڵەی نەوجەوانی ئەم گەلەو چۆن بە ئاشکراو نزیك لە چاوی کامێراکانەوە بە دەمانچەو کڵاشینکۆف و بە پاڵتۆی ڕەش و چاکەت و بۆینباخەوە تەقەیان لە جەماوەردەکرد لە شەقامەکاندا.
بەدبەختی ئەم گەلەو ئەم هەرێمە لەوەدایە کە تابورێکی دورودرێژ لە گەمژە دەروێشی ئەم دەسەڵاتەن و گوێ ڕایەڵی کوێرانەی دەکەن. گەمژەکان زۆرینەیەکی نەخوێندەوارن خاڵین لە مەعریفەو هوشیاری نەتەوەیی و مێشکیان پڕە لە غەریزەی خێڵایەتی وتۆڵە سەندنەوەو ناوچە گەری و کوشتن و بڕین و چاوسورکردنەوە لە نەیارەکانیان.
گەمژەکان وەلایان هەمیشە بۆ دەسەڵاتە چونکە ئەوان ئاشنای مافە سیاسی و نیشتمانی و ئابوریەکانی خۆیان نین .
گەمژەکان ئەگەر موچە وەرگرن بە دەستکەوتێکی گەورەی دادەنێن و ئەگەر بەخشیش و پاداشتێکیان پێ بدرێت لەبەردەم میدیاکاندا سەدان جار سوپاسی دەسەڵات دەکەن.
گەمژەکان بە چەك و بە سندوقی دەنگدان بەرگری لەمانەوەی دەسەڵات دەکەن .
سەخت ترین شۆڕش و خوێناوی ترین قوربانی شۆڕش دژی گەمژەکانە، چونکە گەمژەکان درەنگ هوشیار دەبنەوەوڕێگای گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی گەل دور دەخەنەوە. زۆر جار بەبەکارهێنانی زاراوەی گەمژە لەلایەن خودی گەمژەکانی سەر بەدەسەڵاتەوە بە کۆمێنتار پەلامار دەدرێم بەڵام لە ڕاستیدا من باسی واقعێکی تاڵی میللەتەکەم دەکەم کە خۆیشم تاقتم لێ ی چووە.

بۆچی دەسەڵات زۆرینەی نەخوێندەوارەکانی کردۆتە هێزی چەکدار؟

ئەگەر سەیری پێک هاتەی هێزی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش بکەین دەبینین زۆربەی زۆری نەخوێندەوارن یاخود پلەی خوێندەواریان لە خوار ئامادەیی یەوەیە دەبێت پرسیار بکەین بۆچی؟ لەکاتێکدا بەهەزاران دەرچوی زانکۆو ئامادەیی بێ ئیش وکارلەمالەوە دانیشتون.دەتوانم هۆکەی بۆ سێ خاڵ بگەڕێنمەوە کەلەسەروە ش ئاماژەم بۆ کردن.
1- لەکاتی هەر ڕوبەڕوبونەوەیەك لەنێوان جەماوەرو دەسەڵاتدا هێزە چەکدارە نەخوێندەوارەکان بێ دودڵی بەرگری لەدەسەڵات دەکەن و دژی میللەت دەوەستنەوە بەئاسانی دەستیان دەچێتە خوێنی خەڵکەوە.
2- لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا زۆر بە ئاسانی و تەنها بە هەڕەشەیەکی بێ ماناو سادە لەوانە موچەتان دەبڕین و کامێرامان لەسەر سندوقەکانی دەنگداندا بۆ داناون بەم ووتە گاڵتەجاڕیانە باوەڕ دەکەن و دەنگ بۆ حیزبەکانیان دەدەن بە مەش دەبنە هۆکارێك بۆ درێژ بونەوەی تەمەنی دەسەڵات.
3- گەمژەو نەخوێندەوارەکان ئەرکی بەڕێوەبردنیان ئاسانە چونکە داواکاری ئەوان لە موچەو خواردن تێ ناپەڕێت.
گەمژەکان ئیرادەیان دەفرۆشنە دەسەڵات و خەڵکی تێکۆشەرو ئازادیخواز دەبێت باجەکەی بدات . زیاتر لە ٥٠ ساڵە هەر لە ڕژێمە یەك لە دوا یەکەکانی عێراقەوە تاکو ئێستا کۆمەڵگای کوردی بەتایبەتی خەڵکانی شۆڕشگێڕو ئازادیخواز بوونەتە قوربانی دەستی گەمژەکانی کۆمەلگا جا چ بەجاشایەتی کردن بۆ ڕژێمەکانی عێراق بێت یاخود بە جاشایەتی کردن بۆ هەردوو حیزبی بنەماڵەیی دەسەڵاتی کوردی . بۆیە بە بۆچونی من کۆمەڵگای کوردی بە درێژایی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەتایبەتی خەڵکانی ئازادیخوازو تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە باجی گەمژەکانی ئەم کۆمەڵگایە دەدەن قوربانی دواکەوتووی و گەمژەیی ئەوانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە