هەولێر لە(ئەنجومەنى ئاسایش) داوا دەكا بڕیارى حەزر جەویەكى شێوەى لیبیا بۆ ئاسمانى هەولێر دەربكات , تا خۆپیشاندان بكات

Friday, 18/03/2011, 12:00

1492 بینراوە


ڕاپۆرتى شیكارى ...
هەولێر هۆلاكۆى بەزاند , بەسێ سەعاتى ڕاپەڕین, فەیلەقى پێنج ڕماڵرا ,چاڵاكیەكانى مەڵبەندى سێ و چارى كوڕانى یەكێتى ,خۆپیشاندانەكانى ساڵانى1982 و 1983 ى هەولێر , ئەو قەوانە سواوە هى ئەوەى نیە چیتر لێ بدرێتەوەو گوێ ى لێ بگیرێت .
هەولێر وەك شارێكى دێرین,لە هەموو مێژووى نوسراوى سەر دۆكۆمێنتە بەردینەكان , لەدونیاى كۆن مەكانەتى تایبەتى خۆى هەبووە .لە پاڵ بە وێران بوونى هەولێر یان ئاوە دانكردنەوەى ,ئیمپراتۆریەتێك یان قۆناغێكى گرنگى مێژوو , سەر لە نوێ لە ناو تەپو تۆزى مێژوو, یان وون بووە یان شارستانیەتێكى ترى لە شوێن لە دایك بووە .
مانگێك دەبێت لە هەموو كوچەو كۆڵان و گۆڕەپانى شارو شارە گچكەكانى باشوورى كوردستان جگە لە بادینان خۆپیشاندانى جەماوەرى زۆر شارستانى تێدا دەكرێت ,لە دژى بێتامى دەسەڵاتى كوردى لە فەرمانڕەوایى, لێوان لێو لە ناپاكى و خەیانەتى نیشتمانى و دزى و گەندەڵیەكى وا , كە زمانى ژمارەكان لە بەرامبەرى دەستەوەستانە.
سەربارى ئەو لێشاوە گۆڕانەى دەورو بەرى , لە كۆمەڵگاى نەخوێندەوار و هەژارى دەوڵەتانى عەرەبى
دەورو بەر و كە لە ئاییندە كاریگەری ترسناكیان دە بێت لە سەر خەڵكى كورد ,ئەگەر نەتوانى بە ئاراستەى شەپۆڵەكان مەلەوانێكى شارەزا بێت .
چونكە دیارە لە بوارى بایولۆجى تاكى عەرەبى هیچ جیاوازیەكى جەستەیى یان فیكرى نیە لە پێكهاتە, لە گەڵ كەسێكى ئیسكەندەنافى ,ئەگەر داپڵۆسێنەر و سەركوتكردنى دەسەڵاتدارە ڕەفتار ئاژەڵیە دڕندەكانى نەبێت ,چونكە ڕاستمان بۆ دەەگەڕێتەوە, كۆمەڵگاى عەرەبى بەشداربووێكى ڕەسەن و ئەكتیڤى بەردەوام بوونى شارستانیەت و مرۆڤایەتیش بووە لە قۆناغەكانى مێژوو .
بە دڵنیاییەوە لە داهاتووێكى نزیك بووژانەوەى ئابوورى , كۆمەڵایەتى , مرۆڤایەتى , شارستانى ,سەرجەم كۆڵەگەكانى ژیانى كۆمەڵگاى عەرەبى دەگرێتەوە .
لە كۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ووڵاتانى عەرەبى بكرێت و چ وەك تاك یان كۆمەڵگا , چونكە تاكى عەرەبى بێ ئەوەى لە هاوكێشە بەرژەوەندیەكانى نێو دەوڵەتى هێمایەك بو بێت لە ڕابردوو, سەربارى بوونى دەردە زۆر كوشندە درێژ خایەنەكانى لە هەژارى و نەبوونى و نەخوێندەوارى و نەخۆشى, بە پێ خواسى بڕیارى دا, نەوەكانى داهاتووى لەسەر پێ ڕابگرێت .
بەڵام بۆ لە هەولێر خۆپیشاندان نەكرا؟؟؟
پرسیارێكى گەرمە, وەڵامەكان تا ئێستا هیچ فێنكیەكى نەداوەتە دڵان .
كێ بەرپرسیارو كێ ڕێگر و كێ تاوان بارە ؟ خەتا لە هەڵكەوتەى جوگرافیایى هەولێرە ؟ لە مێژووى پێكهاتەى هەولێرە ؟ كولتورى پیاو چاكى و خێرەو مەندى و دیندارى خەڵكى هەولێر هۆ كارە ؟
ئایا دەسەڵاتى پارتى بە هەماهەنگى یەكێتى و لایەنە گرێدراوەكانیان لە بەرژەوندى ماددى و بە هەدەر بردنى داهاتى ووڵات, بەرپرسیارە؟
یان زاڵ بوونى بەرزاییەكانى سەرى ڕەش و پیرمامە بە سەر هەولێر,لە دەشتە كاكى بە كاكیەكەى كە لە سیاقى عەسكەرى , دەمێكە پارتى سێرەى لە خەڵكى هەولێر گرتووە.
خەتا لە نەخوێندەوارى و بێ ئاگایى گەنجى كوردى هەولێرە ؟
یان داخستنى هەموو ناوەندەكانى مەعریفەى هەولێرێ لە زانكۆو پەیمانگاكان, بە بڕیارى هەندێك لە سواندوكە یان پاسارییە حیزبیەكان .
یان شێرەكەى ئیمام عەلى هەولێرێ ئێستا پیر بووەو كۆلسترۆلى زۆر بووە لە دەرەنجامى خواردنى چەورى و شیرینى دوو بنەماڵەكەو پشت كردنى لە براكانى , بە كەلكى نمایشێكى سێركیش نەماوە ,
یان لە بەد بەختى شاعیرو ڕوناكبیرى لە هاوشێوەكەى سلێمانى تیا نەبوە وەك قانیع و هەردى وبێكەس یان ئەو دەم لە هەولێر هەموو شاعیرەكان وەجاغ كۆر بوونە, دەنا نەوەى وەك ئاسۆس و ڕێبین و مەریوان و ووریاو شێركۆشمان دەبوو دەنا بەد بەختیە پەشێو نەخۆشەو فەرهاد پیرباڵ سەرخۆشە.
یان تاوان لەوەیە مەچكۆ بەڕاست بووەتە چایخانە, بەڵام شەعب مۆزەخانەیە كتێبخانەیە .
یان لێرە داكمان دەڵێ,هەرى مەستێنن با بنوى , بەڵام لەوێ دایكى گەرمیان بە خۆى سەرچۆپى شەهید بوونى جگەر گۆشەخوێناویەكەى دەگرێت.
یان نزیكى توخوبى هەولێر لە گوێڕو موسڵ و گەیارەو شەرگاتى عارەب نشینەكان,
یان بە حیزبى كردن و بەڕێكخراو و ناوچە كردنى هە موو جومگەكانى ژیانى خەڵكى هەولێرە ؟
یان خۆش گوزەرانى تاكى شارى هەولێر و بەرداخى جاددە و باڵەخانەو مزگەوتە قەشەنگەكانى و پاركە ئەندازیاریەكانى و ماجیدى مۆڵ و فاملى مۆڵە؟
یان سەر قاڵ بوونى گەنجانى شارە لە جاددەى ئیسكان بە خواردنى لەفەى موشەكەل و كێشانى نێرگەلەو تۆپاندنى دووشەشەكانى داهاتووى خۆیانن تا درەنگانى شەو؟
یان بەڕێ كردنى شەوە سوورەكانى مەلها و یانە پڕ ساقیە ئۆكرانى و توركیەكانى پاریسى هەولێرە لە عەنكاوە لە لایەن گەنجەكانى سەیداوە و سێتاقان و كوران و شاپاوەو مامزاوەو قەتەوى؟
یان مژول بوونى كوڕو كچانى هەولێرى لە بەرنامە پڕداهێنەرەكانى دادە ئەڤینى كەناڵ چوار ؟
یان بوونى پاشكۆیە تەقلیدیەكەى پارتى لە عەشیرەتە پڕ چەكەكانى دەڤەرى بادینان لە بەستۆڕەو بەحركەو كەور گۆسك و كەلەك لە پشتێنەى شارى هەولێر؟
یان بوونى مۆڵگەى ئەو ژمارە زۆرەى جاش و موستەشارە دڕندەكان بە میرات لۆ هەولێرێ. 
یان ترسە لە بەڵتەچیە نەخوێندەوارە كانى ئاسایش و زێرەڤانى بە خوترمەو كەتەر؟
یان یادەوەریە قێزوەنیەكانى 31 ى ئابى كوڕانى پارتى و بارزانى لە ئەتك كردنى ئابڕووى ژن و كچى هەولێر وەك نەریتێكى چەسپاو لە بەرنامەى حیزب و بنەماڵە؟
لە هەموو ئەگەرى وەڵامەكان مەعسوم تر, دیارە ئەوەى كاریگەرى نیە ,یان كاریگەرى وەهمى هەیە و خەڵك لە زادەى خۆى ترسێكى سامناكى خوڵقاندوە تا ڕادەى ئیفلیج بوونى عەقڵى و جەستەیى ..پارتیە .....
دەنا بێزارى خەڵك گەیشتۆتە ئاستێكى وا , لە هەموو پرسەى مزگەوتەكان خەڵك دوو دوو سێ سێ لە چاوەڕوانى ساتى هوتافى خۆپیشاندەرانن ,لە نێو هەموو تاكسیەكانى ناوشار لە ڕیزى چاوەڕوانى بەنزین ..لە ژوورى فەرمانبەرەكان لە هەموو فەرمانگەكان.. لە ناو بارەگاى هێزە چەكدارەكان تۆزێك ئازادانەتر ئەو باس و خواستانە دەكەنەوە ئەگەر تۆزێك قۆشمەشى تیا بە دى بكرێت , .
كەواتە بۆ دەستنیشانكردنى ئەو ئاستەنگە دەبێت باگ ڕاوندێكى چەند سەد ساڵیمان هەبێت .
ناوچەكە لە ژێر نیرى دەوڵەتى عوسمانى . لە قۆناغە جیا جیاكانى ساڵانى 1532 تا 1918 ئەمەیان وەك هەڵمەتى یەكەم و هەڵمەتى دووەم لە ساڵانى دواى ڕاپەڕین , واتە لەساڵى 1991 تاكو ئێستا ,توركمانكردنى هەولێر بەردەوامە هەڵمەتى دووەم هەموو لایەنەكانى ژیانى خەڵكى هەولێرى گرتۆتەوە هەر لە بوارى ژیان و چارەسەرى پزیشكى و بازرگانى و ڕاگەیاندن و بگرە فەرهەنگیش,گەیشتۆتە ئاستێكى مەترسى دارى وا كە خێزانە هەولێریەكان پارەى زۆر دەبەخشنەوە بۆ ئەوەى ڕۆڵەكانیان لە خوێندنگا توركیەكان ناونووس بكرێن . زۆربەى تابلۆو ڕیكلامەكان بە ڕێنووسى لاتینى توركى راِزێنرایتەوە لە هەموو ناوەندە تیجاریەكان پەخشى TRT لەتى ڤیەكان پیشان دەدرێت .
هەموو ئەوانە لە ڕابردوو جومگە سەرەكیەكانى ژیانى هەولێریان لە دەست بوو ناوەندى كاراى بازرگانى شارى هەولێر قەت بە دەست كوردەكان نەبووە مەسیحیەكانى عەنكاوە بە هەمان شێوە , گرفتەكانیان جیا بووە لە كرمانجەكان , بە داخەوە هەندێك جار خزاونەتە ناو دەزگا سەركوتكەرەكانی حكومەتەكانیش لە دژى مەرامى خەڵكە ڕسەنەكەى لە هەوڵدا بوونە بۆ خەفە كردنى هەموو داخوازیەكانیان ئەگەر بۆ ژیانێكى سەگ ساریش بێت ,
لە ڕابردوو زۆر نمونەى بەرچاو هەیە ,لە دەمى بوونى عەبدولحەمید سەر سەر, موتەسەڕیفى هەولێرى ئەو دەم كەسێكى كورد لە دوا دێرى حەرز و حاڵەكەى بۆ جەنابى موتەسەریف دەنووسێ , (من اهالى هولیر) لە جیاتى ئەربیل. دەڵێن جەنابى موتەسەڕیف بانگى باباى موراجیع دەكا و پێ ى دەڵێ , ناوى دایكت چیە , دەڵێ ئامینە , دەڵێ دەكرێت بڵێین قەحپە.....
لە ساڵى 1947 لە كاتى ناشتنى دوو لە ئەفسەرەكانى بەشداربووى كۆمارى مەهاباد كە لە سێدارە دران لە سلێمانى بە هوتاف و مەسیرە لە بەر دەركى سەراى تا لە گۆڕستانى سەیوان دەیانێژن.
ئەوەى هەولێر كە شەهید خەیروڵایە بە هەشت نۆ كەس بە دزى لە قەبرستانى تەیراوە بە خاك دەسپێردرێت.
دەنا لەوێ مولازم موحسین هە بوو لە بەرامبەرى ئاسۆى دەلاك ...لێرەش مفەوەز وادى بەڵام خۆ سەردارى سەعید سۆفیش هەبوو
ئەگەر هیچ یەكێك لەوانە نیە , با لە ترسى هێلیكۆپتەرەكەى سەرۆك مس لەسەر سەرمان بتوێنینەوە یان داواى ناوچەى دژە فڕین بكەین لە ئاسمانى هەولێرێ ...تا خۆپیشاندنێكى شەرمنانە بكەین .





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە