ئێوەی پەرلەمانتار زۆرتان بۆ خەڵک کردوە بۆیە هەق وایە خەڵکی دەستیشتان ماچ بکەن و دەرگای ئۆتۆمبیلیشتان بۆ بکەنەوە!

Sunday, 12/08/2012, 12:00

1353 بینراوە


بڕیارەدەری فراکسیۆنی گۆڕان (ئاشتی عەزیز) لە چاوپێکەوتنێکی سایتی کۆمەڵ نیوزدا لەگەڵ دوان لە ژنە پەرلەمانتاری دیکەی باڵی ئۆپۆزیسیۆنی بەرەی ئیسلامیدا، باسیان لە چۆنیەتی ئەو موچەیەیان دەکەن کە مانگانە وەری دەگرن و چۆنی خەرج دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنە لە خەڵکی کوردستان دەگرن لەوەی کە پێیان دەڵێن موچەکانیان زۆرە.

ئەوەی وای لێکردم ئەم بابەتە بنوسم ئاستی ئەو لوت بەرزی و خۆ بەزلزانینەی ئەم ژنە پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕانە کە بە چ ئەندازەیەک فەزڵ فرۆشی خۆی دەکات بەسەر خەڵکی کوردستاندا. وەک ئەوەی ئەوە ئەمانی پەرلەمانتار بن ئاستی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی بەشمەینەتیان دنە دابێت و ئەنجا ئەمان گەشتبێتنە سەر کورسی پەرلەمان، لە بیریان چۆتەوە کە ئەوە ئاستی ناڕەزایەتیە پرش و بڵاوەکانی خەڵکی کوردستان بوو دژی کۆی ستەمی دەسەڵاتی کوردی بەسەریانەوە، لە دواجاردا وای کرد لە سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەونە خۆو ناڕەزایەتیە پەرش و بڵاوەکانی خەڵکی کوردستان بقۆزنەوە و خۆیان بکەن بە دەم ڕاستیان و هەر لەو ڕێگایەشەوە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ دا توانیان ٢٥ کورسی بۆخۆیان بپچڕن لە کورسیەکانی پەرلەمانی نێو دوو حیزبی حاکمدا. ئەم ژنە پەرلەمانتارە دەڵێت؛

ئاشتی‌ عه‌زیز بڕیارده‌ری‌ فڕاكسیۆنی‌ گۆڕان له‌په‌ڕله‌مانی‌ ڕه‌خنه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌گرێت، كه‌وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت" نازانم خه‌ڵك چۆن ده‌ڕواننه‌ په‌ڕله‌مانتار لە كاتێكدا لە وڵاتانی دەرەوە بەدەر لە پاسەوانی كردن، دەبێت دەرگای ئوتومبێلیان بۆ بكرێتەوە‌و ڕێزی تەواویان لێبگیرێت، كە بە داخەوە لای ئێمە ئەوە نییە)

خودی ئەم دەربڕینە ناوازەیە بەسە بۆ ئەوەی لەم ئەندام پەرلەمانە بەڕێزەی نوێنەری خەڵکی کوردستان بپرسین؛ ئەرێ بەڕێزینە ئێوە تا ئێستا توانیوتانە کامە یەک لە مەینەتیەکانی سەرشانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان کەم بکەنەوە؟ بەڕاست ئێوە توانیوتانە چ شتێک بە جیاوازتر لە ئەندام پەرلەمانی سەر بەدەسەڵات بکەن و بیگەیەنن بە خەڵکی کوردستان؟ کامەیە ئەو گۆڕانەی کە دەستان داوەتێ؟ ئەرێ ئاستی پەروەردەی کۆمەڵگا لەو چەق بەستوی و دواکەوتویەی تێی کەوتوە، کامە جێ دەستی ئێوەیە لەوەی توانیبێتان بچوکترین گۆڕان لەو پەروەردە دواکەوتویەدا بکەن کە تا ئێستا کۆمەڵگا پێوەی دەتلێتەوە؟ ئاخۆ کامەیە جێ دەستان لەو ئاڵوگۆڕەی کردبێتان و دوای ئەوە فەزل فرۆشی خۆتان بدەن بەسەر ئەو خەڵکەی ئێوەی گەیاندە نێو هۆڵی پەرلەمان؟ بەڕێزینە لەو کاتەی ئێوەش چونەتە نێو پەرلەمان تا ئێستا ئاستی کوشتن و خۆسوتاندنەکانی ژنان لە زیاد بوندایە، ئەوە کێیە دەستی بەڕێزتانی گرتوە و تا ئێستا نەتان توانیوە هیچ کارێک بکەن کە جیاوازتر بێت لەوەی دەسەڵات دەستی بۆ بردوە؟ ئەوجا مافتان هەیە فەزل فرۆشی بکەن، لە کاتێکدا ئێوە دەڵێن ئێمەی ئەندام پەرلەمان هەمیشە لە خزمەتی خەڵکی کوردستانداین!؟

ئاخۆ ئەو موچە زەبەلاحەی وەری دەگرن، بەسەری خۆتان، بەشی ئەو قوتە دزراوەی سەدان هەزار لە خێزانە کرێکارەکان نیە کە هیچ حسابێکیان بۆ نەکراوە لە داهاتی سامانی کوردستاندا؟ ئەوەیە فەزڵ فرۆشیەکەت کە دەڵێیت من چوار قوتابی مەسرەف دەکەم لەو موچەیەی وەریدەگرم، بۆئەوەی خوێندیان تەواو بکەن؟ ئاخۆ لێرەدا هەر بۆخۆت ناکەویتە نێو دنیای تێڕامانەوە، کە گەر ئەو موچەیەی تۆ و سەدان بەرپرس و پلە یەکەکانتان لەو قۆناغە بەرزەدا نەبێت، ئەوانی خوێندکاریش دەبێت مافێکیان هەبێت و دەرامەتێکیان پێ ببڕدرێت لەوەی کە چیتر موحتاجی دەستی ئێوە مانان نەبن؟ بەڕێزینە ئەم فەرمودەیەی بەڕێزت هەر وەک فەرمودەکانی قورئان وایە کە دەڵێت دەبێت دەوڵەمەندەکان دەستی هەژارەکان بگرن و یارمەتیان بدەن؟ ئاخۆ گەر دەوڵەمەندەکان بەشی هەژارانیان نەدزیبێت خۆ لە ئاسمانیشەوە قروشێک دانەبەزیوە بۆیان؟ کەواتە ئەم موچە زۆرەی ئێوەی ئەندام پەرلەمان و نوێنەرانی حیزب وەری دەگرن، بەبێ ئەوەی دڵۆپە ئارەقێک ڕژابێتە نێو چاوانتانەوە، بەرهەمی دزراوی ئەو خەڵکە ڕەشوڕوتەی کوردستانە؟

بەڕاستی من دەڵێم نەک هەر مافی ئەوە دەبێت بەخۆتان بدەن ، وەک خۆتان دەڵێن بێجگە لە سایەقەکانتان، خەڵکیش بێن بەدەمتانەوە و دەرگاشتان بۆ بکەنەوە و با ئەوەشی بخەینە سەر کە خەڵکی دوای ئەوەی دەرگاتان بۆ بکەنەوە تا دابەزن لە سەیارەکانتان، ئەنجا بێن، دەستی موبارەکیشتان ماچ بکەن. ئەم وتەیەی بەڕێزت جارێکیتر ئەو ئاستە لە چەوساندنەوە نیشان دەدات کە بەڕێزتان چەند ئیمانتان پێیەتی. تۆی ئەندام پەرلەمان لای من هیچ جیاوازیەکت لەگەڵ کەسێکی بازرگاندا نیە، چونکە کەسی بازرگان دەڵێت؛ من کاڵا و پێداویستیە جۆراوجۆرەکان بۆ خەڵکی دەهێنم لە وڵاتانی دنیاوە و ئەنجاش دەبێت خەڵکیش ڕێزم لێبگرن، لەگەڵ ئەوەشدا کابرای بازرگان دەبێت قازانجێکی باشیش بخاتە سەر کاڵا هاوردەکەی، ئێوەی ئەندام پەرلەمانیش دەڵێن دەبێت خەڵکی ڕێزمان لێبگرن و بێن دەرگای سەیارەشمان بۆ بکەنەوە، ماشائەڵلا ئەوەندەتان کردوە بۆ خەڵکی کوردستان، لێی دەڕژێت!
بەڕاستی جێگای شەرمە ئەوە ئاستی بیرکردنەوەتان بێت، لە کاتێکدا کۆمەڵگا بە شێوەی زۆرینەی لە نێو مەرگەساتێکی تەواو دواکەوتویدا ژیان بەسەر دەبات!

گەر دەخوازیت بزانیت ئەرکی ئەندام پەرلەمان چیە، من دەتوانم پێت بڵێم، ئەندام پەرلەمان و خودی ئەو دەزگایەش کە ناوی پەرلەمانە، بەرهەمی سیستەمی چینایەتی نیزامی سەرمایەداریە، ئەم جێگایەی کە ناونراوە پەرلەمان و بە جێگایەک بینراوە کەوا دیفاع لە مافەکانی خەڵکی دەکات، تەنها بەشێکی ڕوپۆش کراوی نێو سیستەمی سەرمایەداریە، چونکە لەو جێگایەدا خودی ئەندام پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکەشی بەشێکی سەرەکین لە نێو بەرەی پاراستنی باڵی بۆرژوازی لە کۆمەڵگادا، واتە ئەم بەڕێزانە لەژێر ناوی نوێنەرانی خەڵکدا بۆخۆیان خەریکی چاوبەست کردنی خەڵکن و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی نابینن و گوێشی لێناگرن، چون خۆیان باش دەزانن ئەوان لە ڕاستیدا نوێنەری خەڵکی زەحمەتکێش نین بەڵکو نوێنەری پاراستنی بنەما چەوسێنەرەکانی دەوڵەتی بۆرژوازین. ئەوە درۆکانی پەرلەمانە لە هەر چوارسال جارێکدا هاتوهاواری دەنگدان و ڕوکردنە سندوقەکانی دەگدان برەو پێدەدەن و بە خەڵکیش دەڵێن وەرن دەنگی خۆتان بدەن بە نوێنەرەکانتان، ئەم درۆ گەورەیە کە بۆرژوازیەت بە شوێنیەوەیەتی تەنها بۆ کپ کردن و شاردنەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی زەحمەتکێش و بەرهەمهێنەری کۆمەڵگایە. بۆیە ئێوەی پەرلەمانتاریش کە لە بەرەی بەناو ئۆپۆزیسیۆندان، نوێنەرایەتی هەمان باڵی بۆرژوازی دەکەن لە نێو سیاسەتی باودا و، بە هەمان شێوازیش مافی ئەوە بە خۆتان دەدەن کە خەڵکی بێت تا دەرگای سەیارەکانیشتان بۆ بکەنەوە. ئێوە گەر نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی بونایە ئەم فەزڵ فرۆشیەتان نەدەکرد بەسەریەوە، بەڵام دڵنیام ئێوە نوێنەری ئەحزابە ڕەنگاو ڕەنگەکانی بەرەی بۆرژوازی و دینین لە کوردستاندا. گەر ئێوە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بونایە دەبوا خەباتی سەرسەختان بدایەتە بەردەم خۆتان و شەڕی مەزنتان بکردایە بۆ ئاڵوگۆڕی جیدی لە نێو کایە باوەکانی نێو پەروەرردەی باوی کۆمەڵگادا. ئێوە تەنها خەریکی ژیان خۆش کردنی خۆتانن لەسەر حسابی خەڵکانی بێبەشی کوردستان، ئێوە نوێنەری بەرەی ڕزگاریخوازی ژنان و خەڵکی کرێکار و هەژاری کوردستان نین، بەڵکو نوێنەری پڕ کردنی گیرفانەکانتانن، زویر مەبن لەم وتەیەم.

تاهیر حاجی حەسەن

٩/٨/٢٠١٢

فەرمون کلیکی ئەم دوو لینکە بکەن:

http://www.lvinpress.com/K_Direje.aspx?Jimare=11358&Besh=Hewal&Cor=1



http://komalnews.net/


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە