كێ هۆكار و كەمتەرخەم و بەرپرسیارە لە كوشتنى گیانى ئەمانە ؟!

Monday, 11.21.2011, 12:00

2568 بینراوە


تادێت زیاتر ڕووى خراپى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان دەرئەكەوێ و بەرهەم ساڵح و وەزیرى تەندروستیش مێشیان میوان نیە و ناپرسن هۆكارەكانى پشت مردنى ئەم هەموو خەڵكە بۆ ؟ ئەوەتا لەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا چەندین كەس لەنەخۆشخانەكان گیانیان لەدەستداوە تائەم چركە ساتەش نەسەرۆكى بەناو حكومەت و نەوەزیرى بەناو تەندروستى وورتەیەكیان لەدەم نەهاتۆتە دەرەوە كەئێمە پێمانوایە بەرپرسیارو تاوانبارى یەكەم ئەوانن ، وەلەجیاتى هەموو بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەكى ووردو زانستیانە و دووبارە نەبوونەوەى حاڵەتەكان و دەست لەكاركێشانەوە ، بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى دێ زۆر ڕووقایمانە كەیسەكان دائەخاو لێداوانى چەواشەكارانە بۆ میدیاكان ئەدا و كارەساتەكانى ناو سیستەمە سەقەتەكەى تەندروستى لەكوردستان بەلێدوانى چەواشە پینەوپەڕۆ ئەكات و كەیسى لازۆى تەمەن چوار ساڵیش دائەخا و كەس بەكەمتەرخەم نازانێت .
ئێمە پێمانوایە كەسى كەمتەرخەم جەنابیانە ، وەئەو لیژنەیەیى جەنابیان باسی ئەكاو بەدواداچوونیان بۆ ئەم كەیسە كردووە نەیانتوانیوە وەك خۆى ڕاستیەكان بگەیەنن وەك باقى ئەو سەدان لیژنەیەیى ترى دەسەڵات بووە كەبەپەلە بۆ ڕووداوو كارەساتەكان پێك ئەهێنرێ و ئەنجامەكەى هەرلەسەرەتاوە دیارە چۆن ئەبێت ، لیژنە ناتوانێ بڵێ ئێوە كەمتەرخەم و تاوانبارى یەكەمن ؟ تەنها بۆ ئافەرین و چەواشەكردنى خەڵك و ڕاستیەكان بووە ، پێمانوایە كەسى كەمتەرخەم لەدواى بەرهم ساڵح و تاهیرهەورامى لەو ڕووداوانەى لەنەخۆشخانەكانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان ڕووئەدات دكتۆر ڕێكەوت حەمە ڕەشید خۆیەتى ، چونكە نەئامادەیە وازبهێنێت و دەست لەكار بكێشێتەوە ، نەئامادەیە ڕاستیەكان وەك خۆى بگەیەنێت ، نەئامادەیە بێت و ڕاستگۆیانە دەست لەسەر برین و كەموكوڕیەكان دابنێت و ڕاشكاوانە ڕووى ڕەخنە بكاتە سەرۆكى بەناو حكومەت و وەزیرى بەناو تەندروستى ، بەپێچەوانەوە دێت وەك بەبەغا و بەهەمان عەقڵى بیرى تەسكى حزبایەتى كۆمەڵێك قسەى سواو دووبارە بەدواى یەك ڕیز ئەكا ، بۆیە ئەبینین قەیرانى تەندروستى ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لەپەرەسەندنەو بەئاشكرا حزب كەرتى تەندروستى قۆرخ كردوە ئەوەتا هەرچى كۆمپانیایى تەندروستی و نەخۆشخانەى ئەهلی هەیە ئى مافیاكانى حزب و چڵكاوخۆرەكانى دەسەڵاتە ، لەولاشەوە كارى بەرپرسانى تەندروستی بووە بەڕازیكردنى بەرپرسانى حزب لەسەر حسابى كارى پیشەیى تەندروستى و پزیشكى ، كار بەهیچ بەرنامەیەكى دیاریكراوى تەندروستى ناكەن بۆیە بەردەوام كێشە تەندروستیەكان ڕوو لەزیاد بوونن بەئاشكرا كەرتى تەندروستی بۆتە ئامرازێك بۆ یەكلاكردنەوەى ململانێیى حزبى ، تائەم دەستە ڕەشە بۆگەنە لەناوەندەكانى تەندروستى بنبڕنەكرێت كارەساتى لەوەش خراپتر ڕووئەدات .
ئەوەى زیاتریش مایەیى شەرمەزاریە بێ دەنگى فراكسیۆنەكانى ئۆپۆزسیۆن و كەناڵەكانى ڕاگەیاندنیانە لەهەمبەر ئەم كەیسانە و ئەو بابەتانەدا كەئێمە لەنووسینەكانى ڕابردوودا بەبەڵگەوە بێ دەنگى فراكسیۆنى گۆڕان و ڕاگەیاندنەكەیمان لەم بارەوە خستۆتەڕوو كەبۆ باسى كەرتى تەندروستى ناكەن و چین هۆكارەكانى پشت ئەم بابەتە ، ئەوەى ئەمجارەش زیاتر نیگەرانى كردین لێدوانى نابەرپرسیارانەى دكتۆر ڕێكەوتە كەجەنابیان كەس بەكەمتەرخەم نازانێ و سیستەمى تەندروستى زۆر بەپێشكەوتوو ئەزانێ ، ئێمە لەگەڵ ئەم نووسینەدا كەیسەكان و هەندێك لەهۆكارى خراپیەكانى سیستەمەكە و كارەساتەكان ئەخەینەڕوو ئەوسا ئێوەى بەڕێز بڕیار بدەن بزانن كەمتەرخەمى هەیە یان نا ؟ شایەنى ئەوەن سەرۆكى حكومەت و وەزیرى تەندروستى و بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى بدرێن بەدادگا یان نا ؟ پێمانوایە نەدكتۆر نەكارمەندى تەندروستى نەخۆشخانەكان بەرپرسیار و كەمتەرخەم نین ، چونكە ئەوانیش قوربانى هەمان سیستەمى سەقەتى تەندروستین ، كەمنداڵێكى چاوگەشى جوانى وەكو كاكە لازۆ ئەكاتە قوربانى بلیتێكى نەخۆشخانە ، خراپى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان و گیان لەدەستدانى ئەمانە پارتى و یەكێتى و دەسەڵاتە ڕەفتار بەعسیەكەیان لێیى بەرپرسیارو تاوانبارە ، ئەمە ئەوانن پۆستە هەستیارەكانى تەندروستى هەراج و دابەش ئەكەن لەسەر بنەماى حزبایەتى نەوەك لەسەر بنەماى خزمەت و شارەزایى و پسپۆرى ، ئەوەتا لەشارێكى وەك سلێمانى بەبەرچاوى هەموو لایەنەكانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندنەكان و جەنابى داواكارى گشتیەوە دكتۆر ڕێكەوت حەمە ڕەشید لەیەككاتدا بەڕێوبەرى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى و سەرۆكى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەیە واتا پۆستێكى حزبى و حكومى تێكەڵى یەككردووە وەك پێویست ناپرژێتە سەر هیچیان ، ئەمە كارەسات و كەمتەرخەمی دروست ئەكا ، ئەمە ئەو ڕاستیە دەرئەخا كەئەم دەسەڵاتە مافیایە تائێستا هیچ پیلانێكى كردارى ووردى نیە بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى كەرتى تەندروستى و بۆیە ڕۆژانە گوێ بیستى هەواڵى ناخۆشى مردنى مەرگى خۆشەویستێك ئەبین كەئەبنە قوربانى نادادى و ناعەدالەتى سیستەمەكە .
ئێمە ئەپرسین لەجەنابى بەڕێوبەرى گشتى كێ بەرپرسە لەنەبوونى دەرمان لەنەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستیەكان ؟ كەموكوڕى بیناى نەخۆشخانەكان ؟ ناداپەروەرى لەدابەشكردنى خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان ؟ ئایا ئەو خزمەتگوزاریە تەندروستیانەى لەناو مەركەزى شارەكانا هەیە وەك قەزاو ناحیەكانە ؟ ئەبێ لەوە كارەساتتر و فەزاحەتر چى بێت منداڵێك لەبەرنەبوونى دەرزیەك گیان لەدەست ئەیا ؟ كێ كەمتەرخەم و بەرپرسیارە گەر ئێوە نەبن ؟ ئەى ئێوە ڕاگرو بەڕێوبەرى دامەزراوە تەندروستیەكان نین ؟ نەخۆشخانەیەك سۆندەى گەدەى نەبێت ، ئامێرى هێڵكارى دڵى نەبێت ، مانیتۆڵ و هایپەرتۆنیك و لازكس و خێتى دوورینەوەى لەفریاگوزاریەكەیدا نەبێت خەڵك چ ئومێدێكى بەو دامەزراوەیە بێت ؟ بۆ ئێوە بەرپرس و تاوانبارنین ؟ ئەى نەبوونى ئەمانە هۆكارى مردنى خەڵكى هەژار و هاوڵاتى بێ دەسەڵات نیە ؟ نەبوونى ئەم پێداویستیە سەرەتایانە ئێوە نەبێت كێیی تر لێیى بەرپرسیارە ؟ بڕۆ زۆربەى زۆرى نەخۆشخانە و فریاگوزرایەكانى قەزاو ناحیەكان ئەو گرفتانەیان هەیە ؟ نەخۆشێك دوایى نەشتەرگەرى لەبەرنەبوونى شوێن ئەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەكى ترو گیان لەدەست ئەیا كێ كەمتەرخەمە ؟ كێ بەرپرسیارە گەر ئێوەنەبن ؟ نەخۆش دوایى نەشتەرگەرى پێویستى بەچاودێریە پێویستى بەشوێنى گونجاوە ئەوەتا بەهۆى نەبوونى ڕێكخستنى كاروبارى تەندروستى و نەبوونى شوێنى گونجاو كارەساتى وەك ئەو كوڕە گەنجەى 1 / 8 لێ ئەكەوێتەوە ، ئەمە كێیى لێ بەرپرسە ؟ بێگومان ئێوە . بۆ ناپرسى لەسەرۆكى حكومەت بڵێیى كامیان قورسترە جەنابى كردار شەرتە دەرهێنانى نەوت و ڕاست كردنەوەى سەدان باڵەخانەى هەوربڕ یان تەواو كردنى چوار نەخۆشخانەى مۆدێرن ؟ لەوەش كارەساتتر و ئابڕوبەرانەتر مردنى برینداران و قوربانیانى چەكى كیمیایى هەڵەبجەى شەهیدە ئەوە بیست ساڵە ناتوانن نەخۆشخانەیەكیان بۆ دابین بكەن تەنها ساڵى ڕابردوو حەوت بریندار گیانى لەدەستداوە گەر جەنابت و وەزیرى تەندروستى و سەرۆكى بەناو حكومەت نەبێت كێیى تر لێیى بەرپرسیارە ؟ ئامارى زیادبوونى ئاییدز و شێرپەنجەش هەر لەولاوە بوەستێ تائەم چركە ساتەش بەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى گاڵتەیان بەم دوو كەیسە كارەساتبارە دێت ، چونكە هیچ پیلانێكیان نیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى ، بەپێیى ئامارێكى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى تەنیا ساڵى 2008 چەندین جۆرى نەخۆشى شێرپەنجە تۆماركراوە زۆرترین ڕێژەى شێرپەنجە جۆرى (سى)بووە تەنها ساڵى 2008 بیست و یەك حاڵەت تۆماركراوە ئەم ڕێژانە بۆ ئەمساڵ 2011 زۆر زیاتر بووە ، لەهەمووى كارەساتتر پاشەڕۆى نەخۆشخانەكانە كەهۆكارى سەدان نەخۆشیە ، كەس نازانێت بۆ كوێ ئەچێ و چۆن لەناو ئەبرێ بەپێچەوانەوە بەپێیى ئەو زانیاریانەى ئێمە دەستمان كەوتووە لەزۆربەى زۆرى ناوچەكان بەئاوەڕۆى نەخۆشخانەكان سەوزە بەرهەم ئەهێنرێت ، چونكە ئاوەڕۆى نەخۆشخانەكان ئەچێتەوە سەر ئاوەڕۆ گشتیەكان ، لەگەڵ دەیان و سەدان كارەساتى تر هەمووى ئێوە لێیى بەرپرسن .

لەكۆتایدا بەجەنابى بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى ئەڵێین ئەبووایە جەنابت كێشە تەندروستیەكانت دەست نیشان كربایە و هەموو لایەكت لەكارەساتەكانى ئەم سیستەمە سەقەتە ئاگادار بكردایەتەوە هەر هیچ نەبێت لەڕێگەى كەسانى شارەزا و بێلایەنەوە چارەسەرى گرفتەكان بكرایە ، چونكە كەمتەرخەمى زۆر زۆر هەیە و ئێوەش لێیى بەرپرسن ، وەك بیرخستنەوە بۆ هەموولایەك لەڕاپۆرتى كۆتایى ساڵى ڕابردووى لیژنەى سوتانى ئۆتێل سۆما بەڕێوبەرایەتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیش وەك باقى بەڕێوبەرایتیەكانى تر بەكەمتەرخەم دانرا ئەوساش وەك ئێستا دكتۆر ڕێكەوت حەمە ڕەشید بەقسەى بێ بنەماو درۆى زل ئەمەى ڕەتكردەوە ئەگەر ئەوسا دەستى لەكار كێشابایەوە یان داواى لێ بوردنى لەخەڵكى سلێمانى و كەسوكارى قوربانیانى ئۆتێل سۆما بكردایە و دانى بەهەڵەو كەموكوڕیەكان نابایە و خەڵك و جەماوەرى شارى سلێمانی لەو هەموو فەزاحەت و كارەساتانە ئاگادار بكردایەتەوە ئێستا ئەم حاڵەت و كەیسانە دووبارە نەئەبوونەوە ، ئێمە پێمانوایە ئێستاش بەسەدان گرفتى وەك بینا ، ئامێر ، ڕۆتینیات ، پێداویستى پزیشكى ، بەهەدەردانى بودجەى تەندروستى هەیە ، ئەوەتا وەزیرى تەندروستى خۆى لەدیمانەیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەى ئاسۆ دان بەدەیان هەڵەو كەموكوڕى دائەنێت و باسى بێ دەسەڵاتى خۆى ئەكات كەتواناى داخستنى عیادە نایاسایەكانى نیە و ئەڵێ پێویستمان بەبڕیارى سیاسیە ، ئەو قسەیەیى ئێمەى پشت ڕاست كردۆتەوە كەچەند ساڵێكە هاوار ئەكەین ئەوە كارئەكتەرەكانى حزبن ئەو كەرتە هەڵئەسوڕێنن نەوەك تەندروستى .

خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست .
لەئێوە ئەپرسین بۆ تاوانبار و كەمتەرخەم نین ، لێرەوە پێیان ئەڵێین ئەى ئەگەر دەسەڵاتان نیە بۆ نایەن لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەنووسیدا ئەمە ڕابگەیەنن ؟ ئەمە دووبارە سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەیە كەئەمانە كەرتى تەندروستیان كردووە بەئامرازێك بۆ ململانێیى حزبى و موزایەداتى سیاسى تائەم چركەساتەش (وەزیرى تەندروستى و بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى) وەك دوو كەسی سەربەخۆ و بەجورئەت و بێ لایەن مامەڵە ناكەن ، تا ئەم كەرتە بەكەسانى شارەزاو لێهاتوو لەچۆنیەتى بەڕێوەبردنى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان پڕ نەكرێتەوە بەشێوەیەك دووربێت لەو دەست و گروپ و تاقمانەى كەتەنها خەمى حزب و ئۆڕگانەكانى حزبیانە نەوەك خەمى نەخۆش و مافى نەخۆش و هاوڵاتى ئەستەمە چاكبوونى و تاكۆیلەكانى حزب لەو كەرتە بەرپرسیاریەتیان هەبێت چاوەڕوانى هەواڵى ناخۆشتر و جەرگبڕتر بكەن .
** چەند نمونەیەك لەو كارەساتە تەندروستیانەى ڕوویانداوە و جەنابى بەڕێوبەرى گشتی فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیش كەس بەكەمتەرخەم نازانێت ، ئێمەش هاوڕاین لەگەڵى و پێمانوایە كەس كەمتەرخەم نیە تەنها سەرۆكى حكومەت و وەزیرى تەندروستى و بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى خۆى نەبێت ، ئەوان كەمتەرخەم و بەرپرسیارن ..
1 _ جەنابى بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى كەس بەكەمتەرخەم نازانێت ، سەیركەن وبزانن سایتە ڕووڕەشەكەى خەندانى بەرهەم ساڵح باسى چ كارەساتێك دەكات ، بیست ساڵە ئەم حكومەت و دەسەڵاتە مافیایە ناتوانێت چارەسەرى ئەمانە بكات ، دوایى مردنى 80 بریندار تازە بەتازە ئەڵێت حكومەتى هەرێم بەنیازە هەنگاوى پێویست بنێت بۆ چارەسەركردنیان ... بێگومان كەس كەمتەرخەم نیە تەنها ئێوە نەبێت .

_ هه‌ڵه‌بجه‌: له‌ هه‌شت ساڵی رابوردوودا 80 برینداری چه‌كی كیمیایی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ .
05:51:16/11/2011

یه‌كێك له‌ برینداره‌كانی‌ چه‌كی‌ كیمیایی‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ فۆتۆ: ده‌ی‌ لایف

خه‌ندان، زانا ئه‌حمه‌د-
به‌گوێره‌ی‌ ئامارێك كه‌ ده‌ست خه‌ندان كه‌وتووه‌، تائێستا زیاتر له‌ (600) برینداری‌ چه‌كی‌ كیمیایی‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌یه‌ و سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ (254) كه‌سیان له‌برینداره‌ پله‌ یه‌كه‌مینه‌كانن و له‌ساڵی‌ رابوردووشدا حه‌وت بریندار به‌هۆی‌ ته‌شه‌نه‌كردنی‌ برینه‌كه‌یانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و له‌ هه‌شت ساڵی‌ رابوردووشدا نزیكه‌ی‌ (80) بریندار گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید بۆ خه‌ندان رایگه‌یاند: ئه‌و تیمه‌ پزیشكییه‌ ئێرانییه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ر بانگێشتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كردووه‌، ته‌نها ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیده‌وه‌ نزیكه‌ی (110) بریندار سه‌ردانی‌ كردوون له‌ شاری سلێمانی‌ بۆ بینی ئه‌و پزیشكانه‌و دواتر جیاكردنه‌وه‌یان به‌گوێره‌ی‌ راده‌ی‌ كاریگه‌ربوونیان به‌ چه‌كی‌ كیمیایی‌، بۆئه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ پێویستیان بۆ بكرێت.

وتیشی‌: "ته‌نها له‌ناو شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا، زیاتر له‌ (500) بریندار هه‌یه‌، كه‌ به‌پێی‌ راپۆرتی‌ پزیشكی‌ برینداریه‌كه‌یان به‌ چه‌كی‌ كیمیایی‌ پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش (254) كه‌سیان له‌ لێواری‌ مه‌رگدان".

عه‌بدولقادر باسیشی‌ له‌وه‌كرد، له‌ساڵی‌ رابوردوودا له‌و (254) برینداره‌ حه‌وت كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش، كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ تر هه‌یه‌ تائێستا به‌هۆیه‌ك له‌هۆیه‌كان نه‌چوونه‌ته‌ به‌رده‌م تیمه‌ پزیشكییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ چه‌كی‌ كیمیایی‌ و برینداری‌ چه‌كی‌ كیمیایین".

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان، بودجه‌ی‌ تێچوونی‌ هاتنی‌ ئه‌م تیمه‌ پزیشكییه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆگرتووه‌ و بڕیاریشه‌ پاش ته‌واوبوونی كاره‌كانی ئه‌م تیمه‌ و پۆلێنكردنی كاریگه‌ربوونیان به‌و چه‌كه‌ كوشنده‌یه‌، حكومه‌ت هه‌نگاوی‌ پێویست بنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ته‌واوی‌ برینداره‌كان.


2 _ جەنابى بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى كەس بەكەمتەرخەم نازانێت ، ئەوەتا لەنەخۆشخانە ئەهلیەكەى خێزانى جەنابى وەزیرى تەندروستیش پەپولەیەك بۆتە قوربانى ، كەس كەمتەرخەم نیە تەنها ئێوە نەبێت ...



هاوڵاتتیەک سکاڵاى یاسایى لەسەر نەخۆشخانەى سۆما و بەڕێوبەرى نەخۆشخانەکە تۆمار دەکات
14/9/2011 لفین برێس
هاوڵاتتیەک وەک خۆى دەڵێتت بەهۆى کەمتەرخەمى نەخۆششخانەى سۆماوە کە دواتر بۆتە هۆى مردنى منداڵەەکەى سکاڵاى یاسایى لەسەر نەخۆشخانەى سۆما و بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە تۆمار دەکات .
باوکى ئەو منداڵە بەللڤین پرێسى ڕاگەیاند :پاش دە ڕۆژ لە لەدایکبونى مندااڵەکەم بەهۆى کەەمتەرخەمى نەخخۆشخانەى سۆما بەتایبەت بەڕێوەبەرەکەى مندااڵەکەەم گیانى لەدەستتدا "
بەوتەى باوکى ئەو منداڵە کارمەندانى ئەو نەخۆشخانەیە بەتایبەت بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە کەمتتەرخەمبوون لە بەدەنگەوە هاتنى خێزانەکەى لەکاتى منداڵبوندا و دواتریش چەندەەها دەرمان و دەرزییان بۆ بەکارهێناوە کەبوەتە هۆى مردنى خێزانەکەى .
_______________________________________
3 _ جەنابى بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى كەس بەكەمتەرخەم نازانێت ، لەو مانگەدا هاوڵاتیەكى تر لەكەلار بۆتە قوربانى ئەو سیستەمە سەقەتەى كەجەنابیان كەس بەكەمتەرخەم نازانێت ، ئێمەش ئەڵێین ڕاستە كەس كەمتەرخەم نیە تەنها ئێوە نەبێت ..
هاووڵاتیه‌ك سكاڵایه‌ك له‌ دژی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ گشتی كه‌لار به‌رزده‌كاته‌وه .
10/11/2011




هاوڵاتییه‌كانی دانیشتووی‌ كه‌لار له‌گه‌رمیان به‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی دایكییه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی كه‌لار، له‌رێگه‌ی‌ یاداشتێكه‌وه‌ سكاڵا له‌دژی نه‌خۆشخانه‌ی‌ ناوبراو به‌رز ده‌كاته‌وه‌.


ئیحسان مه‌لا فوئاد، گه‌رمیان: له‌ یاداشتێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست سایتی ئاوێنه‌ كه‌وتووه‌‌و ئاراسته‌ی‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت،ده‌سته‌ی‌ داواكاری گشتی، ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان، قایمقامییه‌تی‌ قه‌زای‌ كه‌لار، و نه‌خۆشخانه‌ی‌ كه‌لار،، هاوڵاتی سه‌باح عه‌بدوڵڵا كه‌مه‌ر، دانیشتووی‌ قه‌زای‌ كه‌لار، ده‌ڵێت: پاش ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌ئێواره‌ی‌ 12/10 دایكم تووشی به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ فشاری خوێن بوو، گه‌یاندمانه‌ به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی‌ كه‌لار، به‌ڵام بارودۆخی زۆر خراپ بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌و دوو دكتۆره‌ مقیمه‌مان وت ئه‌گه‌ر دۆخی دایكم باش نییه‌ با بیگه‌یه‌نینه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ سلێمانی، هه‌ردووكیان وتیان پێویست ناكات و ئێمه‌ دكتۆرین و خۆمان ده‌زانین نه‌ك ئێوه‌.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌: دوای‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دایكی‌ ده‌ستیكرد به‌ هه‌ڵهێنانه‌وه‌ی‌ خوێن، دووباره‌ به‌و دكتۆرانه‌مان وت با بیبه‌ین بۆ سلێمانی، دیسانه‌وه‌ وتیان پێویست ناكات هیچ مه‌ترسییه‌كی نییه‌و نیوه‌ڕۆ خواردنی زۆری خواردووه‌، دواتر له‌كاتژمێر 10ی شه‌و وتمان دكتۆر با ئێستاش بیبه‌ین بۆ سلێمانی وتیان ئه‌گه‌ر پێویست بكات خۆمان ره‌وانه‌ی‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌كاتژمێر 5ی سه‌رله‌به‌یانی دكتۆرێكی دیكه‌ سه‌ردانی دایكمی كردو وتی بۆچی ئه‌م نه‌خۆشه‌ راگیراوه‌و ره‌وانه‌ی‌ سلێمانی نه‌كراوه‌، پێویسته‌ ره‌وانه‌ بكرێت و كاتژمێر 5:40 خوله‌ك ره‌وانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ سلێمانی‌ كراو خرایه‌ ژێر چاودێری ورد.
سه‌باح ئه‌وه‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ پاش پێنج رۆژ له‌نه‌خۆشخانه‌ دایكی‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام داوا له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و داواكاری‌ گشتی‌ و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان ده‌كات لێپێچینه‌وه‌ له‌گیانله‌ده‌ستدانی‌ دایكی‌ بكه‌ن، ئونكه‌ ئه‌و دكتۆره‌ مقیمه‌كان به‌ هۆكار ده‌زانێت .
___________________________________________
4 _ جەنابى بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى كەس بەكەمتەرخەم نازانێت ، لازۆش بووە قوربانى ، ئێمەش ئەڵێین كەس كەمتەرخەم نیە تەنها دكتۆر ڕێكەوت و تاهیرهەورامى و بەرهەم ساڵح كەمتەرخەم و بەرپرسیارن .
سلێمانی‌؛ به‌هۆی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كه‌وه‌، لازۆی ته‌مه‌ن چوارساڵ، گیان له‌ده‌ستده‌دات
, | 15. تشرینی دووه‌م 2011 01:03

لازۆ سه‌لام (4) ساڵ بووه‌ قوربانی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك

تایبه‌ت به‌هاوڵاتی‌
باوكی‌ منداڵێكی‌ ته‌مه‌ن چوارساڵ له‌شاری‌ سلێمانی‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌وه‌ گه‌یاندووه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ رۆتیناته‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، به‌رپرسانی‌ ته‌ندروستیش جه‌خت له‌سزادانی‌ به‌رپرسیارانی‌ ئه‌و رووداوه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.
سه‌لام عه‌بدولخالق باوكی‌ (لازۆ)، باس له‌وه‌ ده‌كات به‌رواری‌ 23ی‌ ئه‌م مانگه‌، منداڵه‌كه‌ی‌ له‌پڕ پله‌ی‌ گه‌رمی‌ له‌شی‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌‌و تووشی‌ ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی‌ بووه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ بردوویه‌تی‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵان له‌سلێمانی‌.
ناوبراو، به‌هاوڵاتی‌ وت پۆلیسێك‌و كارمه‌ندێكی‌ پرسگه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌، وتیان ده‌بێت بچیت له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ عه‌لی‌ كه‌مال وه‌ره‌قه‌ی‌ پزیشك بهێنیت‌ و ئه‌وكات داخڵی‌ ده‌كه‌ن.
سه‌لام، كوڕه‌كه‌ی‌ بردووه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ عه‌لی‌ كه‌مال، كاتێك گه‌یشتووه‌ كاتژمێر (7:30) شه‌و بووه‌، به‌ڵام پێیانوتووه‌ ده‌بێت تاوه‌كو كاتژمێر (8) چاوه‌ڕێ‌ بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پزیشك بێت‌و نوسراوت بۆ بكات.به‌وته‌ی‌ سه‌لام، ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ ته‌نانه‌ت پزیشكی‌ ئێشكگریشی‌ لێ نه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانیشدا ته‌ندروستی‌ منداڵه‌كه‌ی‌ به‌ره‌و خراپبوون رۆیشتووه‌.
وتی‌ كه‌سێك له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ عه‌لی‌ كه‌مال، به‌په‌له‌ شتێكی‌ له‌پارچه‌یه‌ك كاغه‌ز بۆ نوسیم كه‌لای‌ خۆم پارێزراوه‌‌و وتی وه‌زعی‌ خراپه‌ زوو بیبه‌ره‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵان، كاتێك هێنامه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ مناڵان له‌و رێگایه‌ گیانی پاكی سپارد‌و یه‌كێكیش له‌پزیشكه‌كان پێیوتم ئه‌گه‌ر (5) ده‌قیقه‌ زووتر بتهێنایه‌، ئه‌و كاره‌ساته‌ رووینه‌ده‌دا.
باوكی‌ (لازۆ)ی‌ ته‌مه‌ن چوارساڵ، ده‌پرسێت بۆچی‌ ته‌نیا له‌به‌ر پسوڵه‌یه‌كی‌ دوو هه‌زار دیناری‌‌و نه‌بوونی‌ پزیشكی‌ ئێشكگر، ده‌بێت منداڵێكی‌ بێتاوان بمرێت.
هه‌روه‌ها، سیستمی‌ ته‌ندروستی‌ به‌سه‌قه‌ت ناوده‌بات‌و داوكاره‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ رووداوه‌كه‌وه‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ چیتر دایك‌و باوكی‌ منداڵی‌ تر جه‌رگ سووتاو نه‌بن.
له‌مباره‌یه‌وه‌، دكتۆر رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید به‌رێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ سلێمانی‌، له‌لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی‌ وتی‌ لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ كه‌ ئه‌ندامی‌ داواكاری‌ گشتی‌ تێدایه‌‌و هه‌ر كه‌سێك به‌رپرس بێت سزای‌ ده‌ده‌ین‌و سزاكه‌ش له‌راگه‌یاندندا بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ ته‌ندروستی‌، جه‌تخت له‌وه‌ده‌كات كه‌ كاتێك منداڵه‌كه‌ براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ عه‌لی‌ كه‌مال، ده‌بوو پزیشكی‌ ئێشكگر له‌وێ‌ بوایه‌، به‌ڵام ئه‌و پزیشكه‌ دوامه‌كه‌ی‌ به‌جێهێشتووه‌

5 _ جەنابى بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى كەس بەكەمتەرخەم نازانێت ، گەنجێك لەبەر نەبوونى شوێن دوایى نەشتەرگەرى ئەگوزارێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەكى تر و گیان لەدەست ئەیا ، ئێوە بڵێن كێ كەمتەرخەم و تاوانبارە بەچەندین وەزیر و كابینە نەیانتوانى نەخۆشخانەى 400 قەرەوێڵەیەكە تەواو بكەن ...
كێ‌ به‌رپرسه‌ له‌مردنی‌ ئه‌و گه‌نجه؟
د.محه‌مه‌د ئه‌مین __ سایتى سبەى .
13 / 8 / 2011 .
رۆژی 1-8-2011 له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌ گه‌نجێک به‌ ریخۆڵه‌کوێره‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا!
هه‌ڵبه‌ته‌ مردن له ‌نه‌خۆشخانه روداوێكی‌ نائاسایی‌ و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ نییه‌، چ له‌ نه‌خۆشخانه‌ جیاجیاكانی‌ جیهان یاخود له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ كوردستان، به‌ڵام مردنی‌ گه‌نجێك له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا به‌نه‌خۆشی ریخۆڵه‌كوێره‌ به‌بێ‌ بونی‌ ماكێكی‌ به‌رچاو كاره‌ساتێكی‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌، پێویستی‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پیاداچونه‌وه‌ی‌ زانستی‌ و كارگێڕی روداوه‌كان هه‌یه‌، نه‌ك بۆئه‌وه‌ی‌ بزانین كێ‌ كه‌مته‌رخه‌م و به‌رپرسه‌ له ‌مردنی‌، به‌ڵكو بۆ دوباره ‌و سێباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ مردنه‌.
6 _ جەنابى بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى كەس بەكەمتەرخەم نازانێت ، سەیركەن منداڵێك لەبەرنەبوونى دەرزیەك گیان لەدەست ئەیا ، بەخوا ڕاستە كەس كەمتەرخەم نیە تەنها ئێوە نەبێت .

خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ له‌نێوان نادادی‌ ‌و كه‌موكورتیدا .
-3-
د.فه‌همی‌ حسێن كاكه‌مه‌د __ سایتى سبەى .
1 / 9 / 2011 .
به‌شی‌ سێیه‌م
له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵانی‌ سلێمانی‌ بوین، سه‌رقاڵی‌ وه‌رگرتنی‌ نه‌خۆش بوین‌و له‌پڕ كابرایه‌ك له‌گه‌ڵ ژنێكدا به‌جنێودان به‌ حكومه‌ت‌و پزیشك‌و نه‌خۆشخانه‌ خۆیانكرد به‌ ژوردا‌و منداڵێكی‌ ته‌مه‌ن چوار ساڵه‌یان پێبو، كه‌ له‌ دوره‌وه‌ وادیاربو له‌ هۆش چوبێت، ئێمه‌ش له‌ جێگای‌ خۆمان هه‌ستاین‌و چوین به‌ده‌میانه‌وه‌، بینیمان منداڵه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌مه‌رگدایه‌ (به‌داخه‌وه‌) زۆر دره‌نگبو، نه‌مانتوانی‌ رزگاری بكه‌ین، پاشان ته‌ماشای‌ پسوڵه‌ی‌ ناردنه‌كه‌مان كرد، پزیشكه‌كه‌ نوسیبوی‌ ئه‌م نه‌خۆشه‌ فێی‌ لێهاتوه‌‌و ده‌رزی‌ ڤالیۆمان نییه‌، واته‌ ته‌نها له‌به‌رنه‌بونی‌ ده‌رزی‌ خه‌و، كه‌ له‌ بازاڕدا نرخه‌كه‌ی‌ له‌ (300 دینار) كه‌متره‌، منداڵێك گیان له‌ده‌ستده‌دات! ئه‌و نه‌خۆشه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ زمناكۆوه‌ ره‌وانه‌كرابو، له‌ قه‌زای‌ شاره‌زور (هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ تازه‌)، ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی‌ كه‌ رۆژانه‌ 200-250 نه‌خۆش سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن‌و زۆرجار حه‌پێكی‌ پاراسیتۆڵی‌ لێ نییه‌! ئامێری‌ هێڵكاری‌ دڵ، ئه‌وه‌ی‌ سودێكی‌ بۆ نه‌خۆش هه‌بێت، لێی نییه‌.

7 _ كارەساتە گەورەكە (شێرپەنجە) ڕێژەكەى بەردەوام لەبەرزبوونەوەیە حكومەت و وەزارەتى تەندروستیش لەگوێیى گادا خەوتوون و باشترین بەڵگەو دیكۆمێنتیش بۆ ئەوەى كەهیچ پیلانێكیان نیە ئەمەى خوارەوەیە ...
1 _ تائێستا ئەم وەزارەتە زل و زەبەلاحە ئامارێكى وورد و دەقیق و ڕاستى لەبەردەست دانیە .
2 _ تازە بەتازە بەنیازن ئەنجومەنێك بۆ ئەو مەبەستە پێك بهێنن ، ئەوەیە سیستەمى تەندروستى مۆدێرن .

4هه‌زار حاڵه‌تی‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ كوردستان تۆماركراوه‌



9/11/2011
رێژه‌ی‌ توشبوانی نه‌خوشی‌ شێرپه‌نجه‌ له‌هه‌ڵكشاندایه‌، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستیش رایگه‌یاند، كه‌ تا ئیستانزیكه‌ی‌ 4000 هه‌زار توشبووی‌ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ تۆماركراوه‌.

هۆشه‌نگ سه‌روچاوه‌یی‌،ئاوێنه‌: وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، خاڵس قادر،به‌ سایتی ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند: له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زۆر ته‌شه‌نه‌ی‌ كردووه‌، بڕیاره‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ شێرپه‌نجه‌ پێك بهێنرێت ،كه‌كۆمه‌ڵێك پزیشكی‌ تایبه‌تمه‌ند له‌و بواره‌ له‌خۆده‌گریت.

خاڵس قادر وتیشی‌ : یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بریتی‌ ده‌بێت له‌گرتنه‌به‌ری‌ رێگای‌ نوێ‌ بۆكۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشیه‌كه‌و ده‌ستنیشانكردن وچاره‌سه‌ركردنی‌ .

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرایشی‌ كرد كه‌: هه‌رچه‌نده‌ ئامارێكی‌ ته‌واومان له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ ،به‌ڵام له‌ئیستادا نزیكه‌ی‌ 4000هه‌زار حاڵه‌تی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ تۆماركراوه‌.

8 _ وەك باقى كەیس و كارەساتەكانى تر ، وەك چۆن كاتى خۆى بەلێدوانێكى سادە و ساكار كەیسى (شەنگەى پەپولە) قوربانى ئەنفلوەنزاى درۆى باڵندەى حەمەخۆشناو و عومەرفەتاح داخرا ، ئى لازۆى تەمەن چوار ساڵیش بەهەمان شێوە داخرا .
تەندروستى، کەیسى مردنى لازۆى تەمەن چوار ساڵى داخست و کەسى بەکەمتەرخەم دانەنا
| 17. تشرینی دووه‌م 2011 16:07
"لازۆ سه‌لام تەمەن (4) ساڵ بووه‌ قوربانی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك"
هاوڵاتی
ئەمڕۆ پێنج شەممە 17-11 لیژنەیەکى تەندروستى سەر بە فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی کە تێیدا نوێنەری داواکاری گشتی تێدابووە بڕیاریدا کەیسی مردنی لازۆ سەلام، تەمەن چوار ساڵ، دابخرێت و لیژنەکەش هیچ کەسێکی بەکەمتەرخەم دانەنا.
د.رێكەوت حەمەرەشید بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی بەسایتی هاوڵاتی راگەیاند ئەولیژنەیە نوێنەری نەخۆشخانەی منداڵان و نوێنەری داواكاری گشتی تێدابووە، لەئەنجامی لێكۆڵینەوە لە رووداوی گیان لەدەستدانی لازۆی تەمەن چوارساڵ دەركەوتووە كەهیچ كارمەندێكی تەندروستی كەمتەرخەم نەبووە.
بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی وتیپزیشكی ئێشكگر لە نەخۆشخانەی عەلی كەمال لەكاتژمێر 7:50 خولەكدا وەرەقەی ئیحالەی بۆ كردووە بۆ نەخۆشخانەی منداڵان، بەڵام منداڵەكە دڵی لەلێدان كەوتووەو گیانی لەدەستداوە.
د.رێكەوت ئاماژەی بەوەدا لیژنەكە لەئەنجامی لێكۆڵینەوەی ورددا گەیشتوونەتە ئەوبڕیارە، چەندین پێشنیاریان بۆ مەڵبەندی تەندروستی سلێمانی خستووەتە روو لەوانەوشیاری تەندروستی بڵاوبكرێتەوە سیستەمی تەندروستی لە ئیحالەدا ئاسان بكرێت و لەكاتی گیان لەدەستدانی هەركەسێكدا تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادوەری بكرێت بۆ دیاریكردنی هۆكاری مردنەكەی.
رۆژی 23-10، لازۆی تەمەن چوار ساڵ له‌پڕ پله‌ی‌ گه‌رمی‌ له‌شی‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌‌و تووشی‌ ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی‌ بووه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ باوكی بردوویه‌تی‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵان له‌سلێمانی‌.
سەلام عەبدولخالق باوكی لازۆ به‌هاوڵاتی‌ وت پۆلیسێك‌و كارمه‌ندێكی‌ پرسگه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌، وتیان ده‌بێت بچیت له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ عه‌لی‌ كه‌مال وه‌ره‌قه‌ی‌ پزیشك بهێنیت‌و ئه‌وكات داخڵی‌ ده‌كه‌ن.
سه‌لام، كوڕه‌كه‌ی‌ بردووه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ عه‌لی‌ كه‌مال، كاتێك گه‌یشتووه‌ كاتژمێر (7:30) شه‌و بووه‌، به‌ڵام پێیانوتووه‌ ده‌بێت تاوه‌كو كاتژمێر (8) چاوه‌ڕێ‌ بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پزیشك بێت‌و نوسراوت بۆ بكات.
به‌وته‌ی‌ سه‌لام، ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ ته‌نانه‌ت پزیشكی‌ ئێشكگریشی‌ لێ نه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانیشدا ته‌ندروستی‌ منداڵه‌كه‌ی‌ به‌ره‌و خراپبوون رۆیشتووه‌.
باوكی لازۆ، وتی‌ كه‌سێك له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ عه‌لی‌ كه‌مال، به‌په‌له‌ شتێكی‌ له‌پارچه‌یه‌ك كاغه‌ز بۆ نوسیم كه‌لای‌ خۆم پارێزراوه‌‌و وتی وه‌زعی‌ خراپه‌ زوو بیبه‌ره‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵان، كاتێك هێنامه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ مناڵان له‌و رێگایه‌ گیانی پاكی سپارد‌و یه‌كێكیش له‌پزیشكه‌كان پێیوتم ئه‌گه‌ر (5) ده‌قیقه‌ زووتر بتهێنایه‌، ئه‌و كاره‌ساته‌ رووینه‌ده‌دا.

9 _ سایتە ڕووڕەشەكەى كەناڵى ئاسمانى كوردساتى هێرۆى برایم ئەحمەدیش زۆر بەسوك و سادەیى باسى ئەم كارەساتە ئەكا و لازۆى تەمەن چوار ساڵیش ئەكات بە سێ ساڵ ..

روونکردنەوەیەک لەبارەی مردنی لازۆی تەمەن ٣ ساڵەوە .

2011-11-17
كوردسات .
دوای ئەوەی لە چەند دەزگایەکی راگەیاندندا بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەو منداڵە تەمەن سێ ساڵەی بەناوی (لازۆ سەلام) بەھۆی کەمتەرخەمی دکتۆری ئێشگرەوە گیانی لە دەست داوە، لەوبارەیەوە دکتۆر رێکەوت حمەرشید بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، لە روونکردنەوەیەکدا ئەو ھەواڵە بەناراست لە قەڵەم دەدات .

___________________________________________________

10 _ جەنابى وەزیرى تەندروستى پێشبینى زیادبوونى ژمارەى تووشبووان بەنەخۆشى ئاییدز ئەكا و هیچ دەسەڵاتێكیشى نیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ئاییدز و هێنانى دەرمانى ئێكسپایەر و قاچاغ و داخستنى دەرمانخانە نایاسایەكان .


"ئه‌مساڵ (18) حاڵه‌تی ئایدز هه‌بووه‌ و ساڵی داهاتووش ده‌بێت به‌ (180)"

09:42:04/10/2011
خه‌ندان -
د. تاهیر هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی‌ ئاسۆدا، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ كوردستان (18) حاڵه‌تی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی ئایدز له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ ساڵی داهاتوودا ژماره‌ی تووشبووان بۆ (180) كه‌س به‌رزببێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ "بوونی‌ مه‌لها و یانه‌كانی‌ له‌شفرۆشی‌، سێكسكردن به‌ ڕێگه‌ی‌ نادروست و به‌ ڕێگه‌ی‌ ناشه‌رعی‌" له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئایدزن، له‌ كوردستان.
باسیش له‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی ڕووبه‌ڕوویان بۆته‌وه‌، بریتییه‌ له‌ بوونی عیاده‌ی نایاسایی له‌ هه‌رێم كه‌ ژماره‌یان زیاد له‌ چوار هه‌زاره‌ و وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌ڵێت: بۆ داخستنی ئه‌و عیادانه‌ پێویستیان به‌ "بڕیاری سیاسیی"ه‌.
ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ قاچاخ ده‌رمان ده‌هێنرێته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تیان پێكهێناوه‌ بۆ چاودێری كردنی ده‌رمان.
كه‌واته‌ چه‌ند نۆڕینگه‌ی‌ نایاسایی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ن، بۆ تائێستا دانه‌خراون؟

-چوار هه‌زار نۆڕینگه‌ی‌ نایاسایی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كراونه‌ته‌وه‌. وه‌كو وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ داوامان له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ كردووه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ سه‌ندیكای‌ ده‌رمانسازانی‌ كوردستان بكه‌ن بۆ داخستنی‌ ئه‌و نۆڕینگه‌ نایاساییانه‌، به‌ڵام تائێستا دانه‌خراون، له‌ ڕاستیشدا داخستنی‌ نۆڕینگه‌ نایاساییه‌كان زیاتر بڕیارێكی‌ سیاسی‌ پێویسته‌.
دوایین پرسیاری‌ ئێمه‌، تایبه‌ته‌ به‌ حالِه‌ته‌كانی‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشی‌ ئایدز له‌ كوردستان، تائێستا چه‌ند حاڵه‌تی‌ وامان هه‌یه‌؟
له‌ كوردستان (18) كه‌سمان هه‌یه‌ دووچاری‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام (18) كه‌س كه‌م نییه‌، چونكه‌ ساڵی‌ ڕابردوو دوو كه‌سمان هه‌بوو نه‌خۆشی‌ ئایدزیان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ بووه‌ به‌ (18) كه‌س و مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ ساڵێكی‌ دیكه‌ ده‌بێت به‌ (180) كه‌س و دوو ساڵی‌ دیكه‌ش ده‌بێت به‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ و به‌ره‌به‌ره‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كات. ئێمه‌ تیمی‌ كۆنتڕۆڵكردنی‌ ئایدزمان هه‌یه‌ له‌ كوردستان، كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنی‌ پێویستیشمان دیاریكردووه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌، بۆ نموونه‌ هه‌موو هاوسه‌رگیرییه‌ك پشكنینی‌ ئایدزی‌ بۆ بكرێت، هه‌موو پڕۆسه‌یه‌كی‌ خوێنبه‌خشین و وه‌رگرتن و هه‌موو نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك پشكنینی‌ ئایدزی‌ بۆ ده‌كه‌ین، ئه‌و بیانیانه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ناو كوردستان دێن یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، دیسان پشكنینیان بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ گه‌ره‌نتی‌ كۆنتڕۆڵكردنی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ نییه‌ به‌ ته‌واوی‌، چونكه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ و دروستنه‌بوونی‌ ئایدز به‌ دوو ڕێگا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌وانیش ئه‌نجامنه‌دانی‌ سێكسه‌ به‌شێوه‌ی‌ نادروست و ناشه‌رعی‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو شته‌ بكرێت، هیچ شتێك ڕێگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئایدز ناگرێت. بۆ نموونه‌ بوونی‌ مه‌لها و یانه‌كانی‌ له‌شفرۆشی‌، یه‌كێكن له‌ هۆكاره‌ كاریگه‌ره‌كانی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئایدز، سێكسكردن به‌ ڕێگه‌ی‌ نادروست و به‌ ڕێگه‌ی‌ ناشه‌رعی‌ دیسانه‌وه‌ هۆكاری‌ ته‌شه‌نه‌كردنی‌ ڤایرۆسه‌كه‌یه‌. كه‌واته‌ ده‌بێت خه‌ڵك خۆی‌ له‌و كارانه‌ بپارێزێت و حكومه‌تیش هه‌وڵبدات شوێنه‌كانی‌ له‌شفرۆشی‌ دابخات.

*ئه‌و (18) حاڵه‌ته‌ی‌ نه‌خۆشی‌ ئایدز له‌ كوردستان، دانیشتووی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمن؟
به‌ڵێ‌ دانیشتووی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن و له‌ هه‌ر سێ‌ پارێزگاكه‌ نیشته‌جێن، هه‌موویان كوردن و له‌و نێوه‌نده‌شدا چوار حاڵه‌تی‌ گیان له‌ده‌ستدانمان به‌ كاریگه‌ری‌ ئایدزه‌وه‌ هه‌یه‌.