دووهەم كۆنفرانسى ڕۆژنامەوانى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى

Wednesday, 09/03/2011, 12:00

978 بینراوە


خوشك و برایان
بەخێربێن بۆ دووهەم كۆنفرانسى ڕۆژنامەوانى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى،
یەكەم دەمەوێت لێرەوە پیرۆزبایى سەدهەمین ساڵڕۆژى یادى نێودەوڵتى ژنان لە سەرجەم ژنانى جیهان و بە تایبەت ژنانى كورد بكەم، هەروەها پیرۆزبایى یادى ڕاپەڕینە مەزنەكەى گەلى كورد لە 1991 كاتێ بەعس ڕاونرایە دەرەوەى هەرێم.
وەك هەموان دەزانن لە17 ى شوباتەوە كاتێ چەكدارەكانى حیزبە سیاسیەكان ڕووى تفەنگەكانیان كردە ئەو هاونیشتمانیانەى كە كۆبووبونەوە بۆ دڵخۆشى دەربڕین سەبارەت بە سەركەوتنى ڕاپەڕینەكانى وڵاتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین بەرامبەر گەندەڵى لە هەرێم و داگیر كردنى فەزاى سیاسى لە لایەن حیزبە كوردیەكانەوە، ملكەچنەكردنى مەدەنیانە بۆتە ئامڕازێك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەلومەرجى ئێستاى كوردستان.
یەكەم: سەرەتا با كەمێك لە سەر ڕوپۆشكردنى هەواڵەكان لە میدیاى حیزبیەكان بوەستین كە داراییەكەیان لە سامانى گشتى دەبڕدرێت. ئەو میدیایانە كاریانكردوە بۆ شێواندنى ڕاستیەكان و ئامانج لە ناڕەزایەتیەكان. لە جیاتى پارێزگارى لە ماف و ئازادیەكانى خەڵكە ناڕازیەكە، خەریكى تاوانباركردن و ڕوشاندنى مرۆیمانن. ئەوانە پارێزگارى لە ئەركە ئیتیكیەكانیان ناكەن بە ڵكو لە پۆستەكەنیان. لە بەر ئەم هۆیە لێرەوە داواكارم لێیان دەستهەڵبگرن لە شێواندنى ڕاستیەكان و ئامانجى نیشتمانپەروەرانەى خەڵك لە چالاكیە مەدەنیەكانیان. سەركردەكانیان لە ماوەى بیست ساڵى ڕابردوودا خەریكى خوێنمژینى خەڵك بوون كەچى ئەمان سەرقاڵى ئەوەن دوكاندارەكان هانبدەن دژ بە خۆپیشاندەران و بڵێن كارو كاسپیمان نەماوە.
دووهەم، ڕۆژى مانگرتن: ئێمە وەك ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى ڕۆژى پێنجى مانگمان ڕاگەیاند وەك ڕۆژى مانگرتن لە كاركرن و كۆبونەوە لە مەیدانە گشتیەكان لە شارو شارۆچكەكانى كوردستان. با بپرسین ئایا مانگرتنەكە سەركەوتوو بوو؟ بەڵێ سەركەوتو بوو، ئەگەرچى دەستەڵات بە پەلە ئەو ڕۆژەو ڕۆژى دواترى كرد بە پشوو خەڵكێكى بەرچاو لە سلێمانى و كۆیەو ڕانیەو دوكان و گەرمیان و..هتد.. پەیوەست بوون بە مانگرتنەكەوە. خاڵێكى بەهێزى دیكە بریتى بوو لەو ڕاستیەى پەیوەست نەبوونى سەرجەم كوردستان بە مانگرتنەكەوە پەیوەندى بە خەڵكەوە نەبوو بەڵكو ئەوە ئاماژەیەكى دیكە بوو بەوەى كە چۆن گشت فەزاى گشتى لە لایەن حیزبەوە داگیر كراوە. لە پاڵ ڕاگەیاندنى پشوو لەو ڕۆژەدا، ڕێگریان لە كۆبونەوەى خەڵك كردو چەند كەسێكیان لە كۆیەو دوكان و ڕانیە دەستگیر كرد.
سێهەم، شەوى چەتەكان: وەك فۆرمێكى جیاواز لە ناڕەزایەتى دەربڕین ئێمە بڕیارمان دا شەوى پێنج لە سەر شەش لە مەیدانى ئازادى بمێنینەوە. ئێمە ئاسایشمان ئاگادار كردەوە لەو بڕیارەمان بەڵام ئەوان نەهاتن. لە دەوروبەرى2:15 نزیكى پێنج سەیارەى ئاسایش هاتنە چواردەورى مەیدان و بڵاوبونەوە....كاتژمێر 2:25 هێرشەكە دەستى پێكرد كاتێك كەسێك بە جلێكى ڕەشەوە و دارێكى ئەستور بە دەستیەوە بە ڕاكردن خۆى كرد بە ناو مەیداندا و كۆمەڵێك خەڵكى بە دواوە بوو، هێرشیان كردە سەر چادرەكانمان، كە بوە مایەى تێكدانى كۆبونەوە ئاشتیانەكەمان. لە خەڵكیان دا، كەلو پەلەكانیان بردین، چادرەكانیان سوتاند، خەڵكیان گرت، گازى فرمێشك ڕێژیان ڕشت. لە ڕێگاى خۆپیشاندانە ئاشتیانەوە ئێمە هەوڵى ئەوەمان داوە كە توڕەیى لاوەكانمان بە كەناڵێكى ڕاستدا ببەین، ڕێگریمان لە هەر جۆرێك لە توندو تیژى گرتوە، بەڵام ئەوان هێرشیان كردە سەرمان. دەستەڵاتدارانى كوردستان مامەڵەى سەریازى نەك سیاسى لەگەڵ هەلومەرجەكەدا دەكەن.
بەرنامە چیە؟ پەیامەكەى ئێمە ئاشكرایە: پێویستە هەر ئێستا یاسا مەجراى خۆى وەربگرێت لە پەیوەند بە كوشتن و بریندار كردنى خەڵكى مەدەنى، هیچ یەك لە حیزبە سیاسیەكانى كوردستان نابێت چەكدارى خۆیان هەبێت...هەروەها سەرجەم داواكاریە هەنوكەییەكانى دیكە. زۆر بە سادەیى بیڵێین، داواكاریەكانى جەماوەر بریتین لە هەلومەرجێكى باشترى ژیان، ئابوریەكى كارا، كۆتایهێنان بە هەموو جۆرەكانى گەندەڵى، هەبوونى هەلى كار. كاتێك ئێمە هاتینە سەر شەقام بۆ ئەوە بوو كە دژ بەو ناهەقیە بوەستینەوە كە ئەنجامدرابوو، ئێمە داوامان لە دەستەڵاتداران كرد كە هەڵوێستێكى نیشتمانپەروەرانە وەربگرن لە ڕێگاى وەڵامدانەوە بە داخوازیەكانى خەڵكەوە....ئەوەتا 20 ڕۆژە چاوەڕێین بە بێ هودە! لە كاتێكدا دەرگاى گفتوگۆ لەگەڵ خەڵك كراوە بوو. شەرعیەت پەیوەندى بە ڕەوایەتى ئەخلاقیەوە هەیە. ئەو كاتەى تەبریر نیە بۆ كردەیەك شەرعیەت دەكەوێتە ژێر مەترسیەوە.
جڤاتى نێو دەوڵەتى ئاگاداركراوەتەوە دەربارەى ئەو تاوانانەى دژ بە خەڵكى مەدەنى كراون و ئەو بێڕێزیانەى بەرامبەر داواكاریەكانى هاونیشتمانیان كراون.........ئێمە بەردەوام دەبین لە بەكارهێنانى فۆرمى جیاواز جیاواز لە ملكەچنەكردنى مەددەنیانە، لە نێویشیاندا كۆبونەوە لە مەیدانە گشتیەكاندا و بە تایبەت لە مەیدانى ئازادى.

ناسك قادر
وتەبێژى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە