لەكۆنگرەى پارتی چیم بینی؟

Monday, 21/03/2011, 12:00

1328 بینراوە


هەرچەند درەنگ هاتمەگۆ بەڵام هەمیشە زووە لەسەر هەر رووداوو بۆنەیەكی ئەو حزبە رای خود دەرببڕیت، چونكە قسەكردن لەسەر میكانیزمی كۆنگرەى پارتی و كارو دەرەنجامەكەكانی هەرگیز كۆن نابێت و ئێستاو چەند مانگێكی تریش هەروەكوو رۆژی كۆنگرەیە.
ئەگەر بە ستانداردی كۆنگرەى حزبە سیاسییەكانی وڵاتانی دیموكراسی و رۆژئاوایی لەكۆنگرەى پارتی بڕوانین بۆمان رووندەبێتەوە كە لەوێنەى كۆنگرەوە دووربوو، هێندەى لەفیستیڤاڵێكى پێشبڕكێی فیلم و دیاری بەخشینەوەو گۆرانی وتن یاخود لەسوڵحێكی عەشایەری یان كۆبوونەوەى عەشیرەت و هۆزێك دەچوو.
چونكە..
ئەو گۆنگرەیە سەرەتا بە وتارێكی حەماسی توند لەلایەن عەریف كۆنگرەوە دەستی پێكرد، هێندە توند بوو زیاتر لەوێنەى وتارێكی شەڕی ناوخۆ دەچوو، بۆیە بۆمان دەردەكەوێت كە تاهەنووكە رۆحییەتی توڕەیى و توندڕەوی و فیكری ناعەقڵانی زاڵە بەسەر ئەو حزبەدا، كە ئاشكرایە ئەو جۆرە قسەكردن و وتارە حەماسییانە لای كەسانی دیموكراتخوازو رۆژئاوایی و ئۆروپی هەمیشە رەتكراوەیەو ئامادەى گوێگرتنی نین و پێی قەڵس دەبن.
دەیان جار لەو كۆنگرەدا باسی چەك و رابوردوو و مێژووی شەڕكردنی حزب و كوشتنی دوژمن دەكرا لەگەڵ پیشاندانی خەباتی پێشمەرگایەتی و رابوردووی سەركردەكانی كە لێدانەوەى ئەو فیلمە كۆنە زۆرتر مەبەست لێی منەتكردن بوو بەسەر كۆمەڵگەى كوردی و عەرزكردنی هێزو بازوو و تواناى خۆیان.
دیسان سەرەتا بە ئایەتێكی قورئانی دەستیپێكرد بێ حسابكردن بۆ هەموو كەسانی دیكەی ئایینزای بانگهێشتكراوی كۆنگرە وەكو مەسیحی و یەزیدییەكان، تەنانەت حسابنەكردن بۆ هەستی ئەندامانی خودی پارتی كە لەئایینی شەبەك و مەسیحی و یەزیدی بوون.
دواتر پێشكەشكردنی هۆنراوەی ئەى رەقیب لەكاتێكدا ئەو حزبە خاوەنى دەیان دۆست و ئەندامی توركمان و عەرەبە.
سەرباری ئەو وێنە ناكۆنگرەییە، شەوانەو لەكاتی پشووەكانی ئەندامانی كۆنگرەدا گۆرانی وتن دەستیپێدەكرد كە وێنەى كۆنگرەى گۆڕیبوو بۆ كۆنسێرت و نمایشكردنی گۆرانی بێژی جۆراوجۆر.
نمایشكردنی داهێنانی نوێ لەدەستماچكردن و نوشتانەوەو سوجدەبردن بۆ سەرۆك و سەركردەو ناساندنی نەوەى نوێی بنەماڵەو سەرۆك و كوڕەزاكانی.
ئەوەى لەو كۆنگرەیەدا ون و بوونی نەبوو سیاسەت و ستراتیژو پلانی داهاتووی بوو، هەرچەندە سێ چەمك وەكوو درووشمی جوان و برقەدار بەرزكرابووەوە، بەڵام حەتمەن ئەو دروشمانەش وەكوو ئەنجومەنە ناوەندەكەى یەكێتی هەر كارتۆنی و تەپەدۆریی دەبێت و هەرگیز بەو عەقڵییەتەوە ناچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە، ئەوەتا هەر دواى كۆنگرە دەیان سكاڵا لەنوسەرو رۆژنامەنوسان بەرزكرایەوە، چەندین وتارو بەیاننامەى توندی نادیموكراسی بڵاوكردەوە، ئەمانەو دەیان نموونەى دیكەى دوور لەكرانەوەو سەردەمی ئەمڕۆ.
خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە سەرۆك و ئەندامانی ئەو حزبە لەپاش كۆنگرە خراپتر لەپێش كۆنگرە وتار دەدەن و رەفتار دەكەن
لێ هەموو كۆنگرەیەك بە سیستماتیك و پرۆگرامى رۆژانە دادەڕێژرێت و هەر لەو چوارچێوەیەداو بە پێوەرى پرۆپۆزەڵی رۆژانەى كۆنگرە ئەندامانى سەركردایەتى و مەكتەبی سیاسی دیاریدەكرێت، كەچی كۆنگرەى پارتی پاش چەند مانگێك ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی دەستنیشانكرد، ئیدی نازانم كۆنگرە چی لەدۆخەكەى پێشووی حزبی گۆڕی؟، چ كردەیەكی نوێی نواند؟، تەنها ئەوە نەبێت بە تەسكیەو چەپڵەرێزان و گۆرانی وتن سەرۆك و سكرتێرو جێگری سەرۆكى حزب دەستنیشانكرا، بەڵام لەبری هەنگاوێك چوونە پێشەوە دە هەنگاو چووە دواوە.
ئەوەتا لەئێستادا ئاسەوارى ئەو خۆنوێنەكردنەوەیەو بەدروشمكردنی چەمكە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان بەسەر ئەو حزبەوە دیارەو بەروونی دەبینرێت و دەردەكەوێت كە دواى چەند مانگ لەكۆنگرەو بەرزكردنەوەى چەند چەمكێكی مۆدێرن نیو هەنگاو پیادەنەكراوو ئەگەر هەیە لەداهاتووشدا بەرەو دواوەتر هەنگاو بهاوێت نەك پێشەوە، بەڵام تەنها ملدان بۆ جەماوەرو گوێگرتن و جێبەجێكردنی و بەجیدی كاركردن لەسەر بەدیموكراسیبوون دەچێتە پێشەوە نەك بە هێزو نمایشكردنی زێرەڤانی وەك دەیبینین.
تێبینی/ ئەم وتارە لەسێ ژمارەى پێشووی رۆژنامەى چەتر بڵاوكراوەتەوە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە