ئەندامێكى مەكتەب عەسكەرى بزووتنەوە ماوەى 7 ساڵە بێسەرو شوێنە !!

Friday, 06.26.2009, 12:00

2013 بینراوە


ئا: خه‌بات نه‌وزاد - ئاوێنە
له‌پاش پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراقه‌وه‌ تائێستا ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ كوردستان ده‌ستگیر كراون‌و تائێستا به‌شی‌ زۆریان دیارنین‌و بێسه‌رو شوێنن، ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ به‌رپرسی‌ باڵای‌ پارته‌ ئیسلامییه‌ چه‌كداره‌كان بوون‌و ژماره‌یه‌كی‌ تریان ئه‌ندام‌و لایه‌نگر بوون.
مه‌لا عابید یه‌كێك له‌ده‌ستگیركراوه‌ بێسه‌رو شوێنه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامییه‌.ئه‌و ناوی‌ ته‌واوی‌ "عابید حه‌سه‌ن عه‌لی‌"یه‌‌و یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌ كۆنه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامییه‌و به‌ كه‌سێكی‌ توندڕه‌وی‌ ناو ئه‌و پارته‌ ناسێنراوه‌. ئه‌و كه‌ خاوه‌نی‌ دوو خێزانه‌و سێ‌ منداڵی‌ هه‌یه‌ له‌12/7/2003وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌و تائێستا هیچ له‌سه‌ری‌ نازانرێت، به‌بڕوای‌ خانه‌واده‌ی‌ مه‌لا عابید "ناوبراو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆره‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌‌و تائێستاش پاش تێپه‌ربوونی‌ شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستگیر كردنه‌كه‌یدا نازانن هۆكاری‌ چیه‌و چاره‌نوسی‌ چی‌ لێهاتووه‌".
زانیار عابید كوڕی‌ ناوبراو به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند "نازانین تاوانی‌ باوكمان چیه‌و بێزارین له‌ بێسه‌روشوێنكردنی‌، براكه‌م كه‌ ته‌مه‌نی‌ شه‌ش ساڵه‌ نازانێت باوكی‌ كێیه‌، چونكه‌ ئه‌و ساوا بوو كه‌ گیرا".
بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌پاش ئینشیقاقی‌ 2001وه‌ چه‌ندین باڵ‌و گروپی‌ تری‌ ئیسلامی‌ لێبووه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌و گروپانه‌ به‌گروپی‌ توندڕه‌و ناوزه‌دكراون‌و زۆرێك له‌ ئه‌ندامان‌و كادیرانی‌ له‌لای‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و ده‌زگای‌ دژه‌ تیرۆره‌وه‌ داواكراون.
مه‌لا عابید ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ عه‌سكه‌ری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ بووه‌‌و تا به‌ر له‌ده‌ستگیركردنیشی‌ هه‌ر له‌و پارته‌دا ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌، عیرفان ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند "نیگه‌رانین به‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌نداممان تائێستا بێسه‌رو شوێنن، كه‌ مه‌لا عابید یه‌كێك له‌وانه‌". ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌ ده‌ڵێت "تائێستا نازانین هۆكاری‌ ده‌ستگیركردن‌و بێ‌ سه‌روشوێنكردنی‌ مه‌لا عابید چییه‌، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت ئه‌و زه‌مه‌نێك له‌ ته‌وێڵه‌ لای‌ ته‌حسین مه‌لا عه‌لی‌ عه‌بدولعه‌زیز بووه‌‌و سه‌رپه‌رشتیاری‌ میحوه‌ری‌ ته‌وێڵه‌ بووه‌". ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌وه‌ گرت "زۆربه‌ی‌ گیراوه‌كانمان یان بێسه‌روشوێن ده‌كرێن یان له‌ زیندانه‌كاندا ئازاری‌ زۆر ده‌درێن".
رێكخراوێكی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ بۆ به‌دواداچوونی‌ چاره‌نوسی‌ ئه‌و بێسه‌روشوێنانه‌ له‌چه‌ند مانگی‌ پێشوودا كه‌مپینێكی‌ دامه‌زراندو خۆپیشاندانێكی‌ بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان ئه‌نجامدا. ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ نوسینگه‌ی‌ باشوری‌ كوردستانی‌ چاودێری‌ كوردۆساید_چاك، م. محه‌مه‌د به‌كر كه‌ راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیی‌ كه‌مپینه‌كه‌ی‌ ده‌كرد، به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند نزیكه‌ی‌ 47 خێزانی‌ كه‌ كه‌سوكاریان بێسه‌روشوێنكراون به‌شدار بوون له‌كه‌مپینه‌كه‌دا‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئێستا ئه‌و خێزانانه‌ی‌ به‌و شێوه‌ گه‌رمییه‌ی‌ جاران به‌دواداچوون بۆ كه‌سوكاریان ناكه‌ن.
م. محه‌مه‌د له‌سه‌ر ئه‌و نه‌ریتی‌ بێسه‌رو شوێنكردنانه‌ وتی‌ "ئه‌خلاقییه‌ت‌و ئینسانییه‌ت‌و مافی‌ مرۆڤ‌و یاسایه‌". ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ چاك روونیكرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێیڕاگه‌یاندون "یاداشته‌كه‌یان ئاراسته‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كراوه‌و به‌دواداچونی‌ بۆ ده‌كرێت". به‌وته‌ی‌ م.محه‌مه‌د هه‌وڵده‌دات به‌وردیی‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن.
خێزانی‌ مه‌لا عابید، سوعاد حه‌سه‌ن یه‌عقوب به‌دڵێكی‌ پڕ له‌ حوزنه‌وه‌ له‌ناو ئه‌و منداڵه‌ بێ‌ باوكانه‌ی‌ شه‌ش ساڵه‌ چاره‌نوسی‌ باوكیان نازانن، وتی‌ "هه‌ست به‌ قورسیی‌ خه‌می‌ ئه‌و خێزانانه‌ ده‌كه‌م كه‌ كه‌سوكاریان بێسه‌روشوێنه‌، نازانم عابید بۆچی‌ گیراوه‌؟ خوازیارم حیزبه‌كان‌و حكومه‌ت دڵیان نه‌رم بێت‌و له‌خه‌می‌ ئه‌و منداڵه‌مدا بن كه‌ نازانێت روخساری‌ باوكی‌ چۆنه‌؟".