بە قوربانی شێر و خه‌تی پاره‌ بم!

Thursday, 28/06/2012, 12:00

1796 بینراوە


کە لە وێنەکانتانم ڕوانی زانیم دەتانەوێت چی بەدەسەڵات بڵێن، لەجێگەیەکدا بەڕێز (ئۆجەل ئان) دەڵێ: کە ڕاپەڕین بوو کوردەکانی باشوور دەهاتن بۆ لامان یەکەمین داوایان پارەبوو، ئەو دەڵێ منیش پێم ده‌وتن: ئەی دوای پارە؟
باشور، یان چاکتر بڵێم ئەو هەرێمەی کە پێوه‌ری دەسەڵات، هەرێمێکی کراوەیە، که‌ لە ڕاستیدا دەرگا لە سەر ڕووداخراوە و ئەمڕۆ لە قەیرانێکی گەورە و بەرچاودا ژیان دەکات، کەچی لەسەر تێپەڕاندنی بودجە، سلێمانی خۆپیشاندان دەکات، کە دەڵێم سلێمانی واتای هەموو شار ناگەیەنێت، بەڵکو کۆمەڵێک لەو موشەخۆرانەی ده‌یانەوێت بەدنیا بڵێن ئاها پیاوەکەی (قەشان) ڕێگەی پێداین گرد بینەوە و خۆمان بەتاڵ بکەینەوە. ئا ها دنیا بزانن دەسەڵاتی کوردی چەندە دیموکراتە ؟ بودجە تێ پەڕی و ئێمەش بەدوای سێبەری بوجەکەدا دەقیژێنین، ئاخر خزمینە کەس هەیە لەدنیادا گوللەی تەقیو بگەڕێنێتەوە، بوجە ڕۆیشت و بڕیاری دۆشینی دراوە، ئێوە بە بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشەوە چیتان دەوێت؟
دوێنی کەسێکی هەلپەرست پێی ووتم: سبەینێ نایەیت بۆ خۆپیشاندان، کاک نەوشیروانیش دێت؟ له‌ وه‌ڵامدا ووتم: جارێکی تر ده‌تانەوێت کڵاو بکەنە سەر خەڵکی داماو؟ نەوشیروان خۆی بۆ ئەندام پەرلەمانی هەڵبژارد و نەچوو، ئه‌م داماوه‌ چی وای لێده‌کات بچێت له‌ به‌ گوێی ئه‌رسه‌لان بایزدا بچرپێنێ و بڵێت فرسه‌ت به‌ ئێمه‌ش بده‌ بودجه‌ تێمه‌په‌ڕێنه‌؟ ئه‌و داوامان لێکرد خۆی بۆ سەرۆکی هەرێم کاندیدکات نەکرد، ووتمان لە ڕێپێوانی سەردەشت عوسماندا بەشداربە، نەهات، لەماوەی ٦٢ڕۆژدا یەک جار هاتە بەردەرکی سەراو بە زەنگێکی تەلەفۆن گەڕایەوە قسەی نەکرد، ئیستاش من دڵنیام سبەینێ نایەتە خۆپیشاندان، بۆچی تۆ درۆ دەکەیت؟
ڕۆژیە دۆبریە دەڵێ: پیاو کە تەمەنی بوو بە سی ساڵ، ئه‌گه‌ر شۆڕشگێر نه‌بووبێت، ئیتر ناتوانێ شۆڕشگێڕ بێت. من قسەم هەیە لەسەر ئه‌مه‌، بەڵام ڕاست وایە ئەو ڕاستگۆ بوو لە ئەزمونی خۆیەوە ڕوانییە شۆڕش. ئیستاش من ده‌ڵێم ئەم پیرەمێردانە، له‌ سی ساڵیدا ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته‌یان به‌ سه‌ر کوردا هێناوه‌، به‌م پیرییه‌ نایانەوێت گەلێک بە ئازادیی و ئاسووده‌یی خۆی بگات. من دڵنیام کە ئەمانە وابە و میللەتە دەکەن جگە لە کاڵبونەوەیان هیچی تر بەرهەم ناهێنن، ئەمڕۆ سەدان کێشەی جدی لەوبەشەی باشوردا کەڵەکە بووە کەچی هەر چەند مانگێک جارێ بابەتێک بە مۆسیقای غەمگینەوە دێنە سەر کەناڵەکەیان و دەیکەنە بابەتی ڕۆژ و خەڵکی پێ دەقەپێنن، ماوەیەک کاتی پێدەکوژن و ئیتر دوای هەموو شتێک بەخێرو سەلامەتی دەسەڵات کۆتایی دێت.
نیشتمانی ئێمە دۆزەخێکی پڕ گومانە و بۆیان دروست کردووین، کارتەکانیان واتێکەڵ کردووە، به‌ سانایی بۆت جیاناکرێتەوە لێرەو لەوێ دێن ئەم دۆزەخەمان بە بەهەشتی یەقین پێدەفرۆشنەوە.
کێشه‌کە لەوەدایە میللەتێک هەمووی خەنەنشین کراوە و هەریەکە بەشێوەیەک موچە وەردەگرێت. گوندەکان چۆڵەوانین و خەڵکی ئامادە نییە بچنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەوانەی خەوێکی واشیان هەبێت، دەسەڵات کار لە کوشتنی خەوەکەیان دەکات و هەموو روئیایەکیان بەپلان دەکوژێت. فۆکۆ جوان دەڵێ : مرۆڤیش وەک نیگاری سەر لمی دەریا ڕوو لە سڕینەوە و بزربوونە. جا بەڕاستی وایە، ئەوە مرۆڤ و تاکی کوردە لە سەرەی مردنێکدان کە لە هیچ جێگەیەکی دنیادا بوونی نییە.
دەسەڵاتی کوردی سیستەمێکی دروست کردوە، کە هەمووشتێکی بە گومان تەنیوە، کارێکی کردووە لەناو هەموو تاکێکدا ساواکێک، میتێک، ئەمنێک، ئیستخباراتێکی بەعسی و زانیاریی و پاراستنێکی چاندووە.
هەرچی شتگەلی جوانیی هه‌یە نەی هێشتوە، گەڕەکی شارەکانی پڕکردوە لە مزگەوت، کەچی خەڵک کە لەنوێژ دەبنەوە درۆ دەکەن، سیخوڕی دەکەن، موچەی پاراستن و زانیاری وەردەگرن.
حەزرەتی ناڵی دەڵێ :
دایم لە حەچەردا سەفەر بە، لەوەتەندا
غوربەتکەش و عاجز بە، ئەگەر ئەهلی تەریقی
حەزرەتی نالی پێمان دەڵ: گەر شوێنکەوتوی حەقیقەتی، بۆ هەر جێیەک بچی غەریبی لەئێخەت نابێتەوە ئیتر تۆ چی بکەیت هەر نامۆ و نائاشنایت. ئەمڕۆ کە لەوێنەی ئەو مەلایه‌م ده‌ڕوانی لە ڕێپێوانەکەدا هەندێکیان لە لقی چوار موچەخۆرن، ووتم حەزرەتی نالی ته‌ماشاکه‌ کێ میراتگری تۆیە؟
وویستم تەنها دەنگم بخەمە پاڵ هاوکارانم لە کوردستانپۆست و پێتان بڵێم شۆڕش بە کەلەکە تڕێ ناکرێت، خۆپیشاندان بۆ ئەم دەسەڵاتە تەنها خۆ فریودانە، ئەوان چێ بکەن بەرامبەریان نیوەی زیاتری خەڵکی خۆیانتان بۆ دەنێرنە ناوێوە، چونکە سیستەمێکی مخابەرایەتیان هەیە. تاکە چارە بۆ گۆڕینی ئەم ڕێسا و یاسایە تەنها و تەنها شۆڕشە بەمانا شۆڕشگێرانەکەی کە ئەویش لەخانەی داماڵینی هەموو دەسەڵاتدا بەر جەستە دەبێت.
دڵنیاشتان دەکەمەوە، کە ئه‌مانه‌ هێندە ئازانین هەموو دەسەڵاتی باشور بە دڵۆپی یەک دیکتاتۆرێ زبڵدانی مێژوو بەراورد ناکرێت.
ئه‌مڕۆ کە لەهەندێک کەس دەڕوانم بەناوی شۆڕش و شەهیدەوە قسەدەکەن، جاران نەسیحەتی ئێمەیان دەکرد تا واز بێنین و نەکوژرێن و ساردیان دەکردینەوە، خۆیان لەترسی خوێن و شەڕ ڕایان کرد و خۆیان فرۆشت و خۆیان دزێوە، کەچی ئەمڕۆ ئەوانە بەناوی شەهید و شۆڕش و لوقمی خەڵکەوە بازرگانی دەکەن. بەبێ ئەوەی تۆسقاڵێک شەرم بکەن، بەڵام پێیان دەڵێم وای ناخۆن کەستان ناتوانن تاسەر ئاوا لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە