شەهید كردنی علی رسول و دەسەڵاتى حیزب

Friday, 25/03/2011, 12:00

1388 بینراوە



لە خۆپێشاندانەكەى شاری هەلەبجەى شەهید لە رۆژى 22 مارسی 2011 , علی رسول شەهید كرا و هەندێ هاوڵاتی تری ئەم شارە بێ تاوانە بریندار كران. میدیاكانى دەسەڵاتى حیزبى دەستی تاوانی كردە سەر خۆپێشاندەران.
شەهید علی رسول لە دایكبووی شارى خورماڵە لە ساڵى 1984 , خێزاندارە و كچێكی تەمەن پێنچ ساڵ و كورێكی تەمەن یەكساڵانى هەیە. هەزاران گەنج وەكو عەلى رسوڵ لە شاری هەلەبجە و شارەكانى تری كوردستان لە بێ ئیشیدا روو دەكەنە ریزەكانى هێزی پێشمەرگە تا بتوانن قووتی رۆژانەیان دابین بكەن.
لێرەدا با بە لەلاێیكی ترەوە سەیرى ئەم رووداوە بكەین . شاری هەلەبجە لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە 16-3-1988 كیمیاوى باران كرا كە 5 هەزار هاولاتی بوونە قوربانی ئەم هێرشە درندەیە. دواى 3 سالأ , شارى هەلەبجە ئازاد كرا و بووە سمبولى كورد و بە هەلەبجەى شەهید ناسێندرا.
ئەمرۆ كە 23 ساڵە ئەم شارە بریندارە ئازاد كراوە , دەپرسین ئایا چی كرا بۆ ئەو نەوەیەى كە تا 100 ساڵ بە دەست كیمیاوى باران كردنى جەستە و خاك و ئاوەكەى دەناڵێنێت؟ بۆ هەزاران كەسى وەكو شەهید عەلى رسول كە لە بێ ئیشیدا چوونە ریزی پێشمەرگەو ئاسایش وژێر دەسەڵاتى حیزب و دووبارە بوونەوە قوربانى ؟
ئایا دەسەڵاتى حیزبى رازییە لە خۆى كە تەنها مونیومینتێكی دروست كردووە بۆ ئەم شارە پیرۆزە ؟ مونیومێنتی هەلەبجە سمبولێكی زۆر گرنگە بۆ ئەم شارە پیرۆزە بەڵام ئایا ئەم مۆنیومێنتە بۆ خەلكی هەلەبجە كرا یان بۆ پرۆپاگەندا و ناساندنى دەسەڵاتى خۆیان بوو تاكو سالی یەك جار سەردانی هەلەبجە بكەن و هەندێ سیاسەتمەدارى جیهانى و میوان لەگەلأ خۆیان بەرەن بۆ شارەكە و بڵێن ئەمە هەلەبجەى شەهیدە كە بەعسییەكان كیمیاوى بارانییان كرد ؟
دەبوایە دەسەڵاتدارانى كورد داوای لەسێدارەدانی فرۆكەوانانى ئەو كارەساتەى بكردایە هەر لە شاری هەلەبجە بەرامبار نەوەى بریندارى ئەم شارە نەك رزگاركردنی فرۆكەوانێكى زیندانى كراو بە شێوەێیكی نهێنی و هەڵاتنی بەرەو دەرەوەى وڵات.
دەبوایە دەسەڵاتى كوردى شارى هەلەبجەى شەهیدی بكردایە بە شارێكی دابڕێنراو لە چەك و تەقەمەنى هەروەك چۆن لە چوونە ژورەوەى مۆنۆمێنتى ئەم شارە بریندارە نووسراوە (ممنوع الدخول للبعپیین) دەبووایە لە دەروازەى ئەم شارە بریندارەش چوونە ژوورەوە بەبێ چەك بووایە . بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم شارە بوو بە موعەسكەرێكی پر لە چەكدارى نەناسراو و دووبارە خەڵكى ئەم شارەیان پێ ڕەش پۆش كرایەوە.
دەبوایە لەم شارەدا كۆمەڵێك پرۆژەى خزمەتگوزارى بكردایە كە نەوەى بریندارى ئەو شارە سوودمەند بوونایە لە پرۆژەكە و پاشانیش ئیشكردنیان لەو پرۆژانە نەك لە بێ ئیشی دا بچنە ریزى پێشمەرگە تاكو بە مووچەى پێشمەرگایەتی ماڵ و منالیان بەخێو بكەن.
ئایا دەسەڵاتدارانى كورد ئامارى ئەوەى كردووە كە چەند گەنج بە پلەى خوێندنی بەرز بێ ئیشن لەم شارە ؟
دەسەڵاتى كورد لە رێگەى میدیا حیزبییەكانییەوە مەراسیمی شەهید كردنی عەلى رسول بڵاودەكاتەوە و خەم خۆرى خۆى پێشان دەدات و گۆران و خۆپیشاندەران بە گرێشێوێن لە قەڵەم دەدات .. بەڵام دەسەڵاتەكەمان گێرەشێوێنە كە بەشدار دەبن لە مەراسیمی شەهیدی علی رسول لە هەلەبجە و لایەێیكی ترەوە بە هەڵپەڕكێ و شایی پێشوازی لە سەرۆكی كۆمار دەكەن لە 7\3 لە شاری سلێمانی. دەبوایە سەرۆكى كۆمار سەردانی مالى شەهیدانی 17 ى شوباتی بكردایە نەك بەرامبەر مەلبەندی (ی ن ك) گوڵبارانى جەماوەرەكەى خۆى بكردایە .
هەزاران سڵاو لە گیانى پاك و ڕوحى پەپولە ئاسای 5 هەزار شەهیدى ئەم شارە هەمیشە زیندووە و روحى كاكە عەلى ڕەسوڵى شەهیدى ئازادى.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە