لەو دەمەوەی مرۆڤ دەژی, کار بەشێکی سەرەکی بوونی پێک دەهێنێت، هەرئەمەشە دواجار نرخ و بەهای بۆ دروست دەکات. مرۆف ئەودەم کە کار دەکات و بەرهەمی دەبێت، سەربەخۆی خۆی نیشان دەدات و دواجار لە ڕێگەی ئەو نرخە ئابوریەوە کە دروستی دەکات، بەهاو نرخی بەرهەمی کارەکەشی دەستنیشان دەکات. کەواتە کار و بەرهەمی کاری مرۆڤ پێگەیەکی چاونەپۆشی هەیە لە ژیان و بونیدا. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم بەهایانە و چاو خشاندنێک بە هەرێمی باڵاخانە و کۆشک و تەلاری ئۆلیگارشەکانی باشوردا، بێواتای نرخی کارو کرێکارو مافەکانیت بۆ دەردەکەوێت.
ئەمە کارەساتە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، ساتێک ئەو بەهایانە ژێر پێدەنرێن کە مرۆڤەکان ئازاد و سەربەست دەکات لە ژیانیدا، کرێکارو وەستاکانی وڵاتەکەم بە دەستی خۆیان تەلاری ئەو ئاغاو کوێخانە هەڵدەچنن کە هیچ مافێکیان پێڕەوانابینن و باڵاخانەی دادگاو مافەکانیان بۆ دروست دەکەن، بە بێئەوەی هیچ مافێک و دادگایەک بۆ خۆیان هەبێت ! بە هەزاران کرێکار و وەستا لە باشوری کوردستان کاردەکەن بە بێ هیچ ماف و قەرەبوکردنەوەیەکی کاری، لە ئەگەری ڕوداوێک گەر کرێکارێک بریندار یاخود گیانی لە دەست دا، ئەوا بەبێ هیچ یارمەتییەکی تەندروستی و ئابوری تەنها وبێکەس دەمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەمانەش دا هیچ بیمەیەک بۆ ڕوداوی کار لە هەرێمی سەوزو زەرد بوونی نیە. ئەمجۆرە کارەو بێمافی یە، بیری سەردەمی بەندایەتیمان دەهێنێتەوە یاد، ساتێک لە سەدەکانی پانزدە تا هەژدە بە هەزاران ڕەشپێستی بەندە لە ئەوروپا لە بوارە جیاوازەکانی بیناسازی، پیشەسازی و کشت وکاڵ و هتد. کاریان دەکرد بێ هیچ مافێک. ئێمەش دێین پاش سەدان ساڵ هەمان مێژوی ستەمکاری و دڕندەیی دوبارە دەکەینەوە، بەڵام بە شێوەیەکی جیاوازتر.
دێین ئەمکارە لەگەڵ هاونیشتیمانیان دەکەین، لەگەڵ هاوڕێ و هاوشاری و دراوسێکانمان. لەگەڵ ئەو کرێکارانەی لە ماڵی خوادا لە پەنایاندا سەری سوپاس و بەخشندەیی بۆ خودایەک دادەنەوێنین کە سەرچاوەی دادپەروەریە. بەڵام لەو ستەمکردن و نادادپەروەریەی بەرامبەر دۆست و دراوسێ و هاوئاینی تەنیشتمانەوە هیچ غەمێکمان نیە و زۆر بە بێبەرپرسایەتی و بێویژدانی مافیان دەخۆین و هیچ بەهایەکیش جگە لەو جەند درهەمەی دەیان دەینێ بۆیان قایل نین.
پیاوە ئاینیەکانیش زۆر بێهەڵوێستن و خەمێکی کە نەیانبێت، مافخواردنی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە و بەتابیەتی مافی چینی کرێکارتا ئەمڕۆ، ئەمانە خۆیان بە دەم راستی ئاین و باوەڕداران دەزانن، بەڵام لەنێوو دونیایەکی زۆر دوور لە ئاین و خوداکەیان دەژین و باوەردارانیان بە شتی ڕۆتینی و بێواتاوە سەرگەرم کردووە و بەها جوان و گەردونیەکانیان بە تەواوی لەبیر چۆتەوە کە بنچینەی ئاین و باوەڕەکەیان پێک دەهێنێت.
کرێکارو کارکەرەکان لەو هەرێمەی منی لێوەهاتوم تا ئەمڕۆ هیچ مافیان لە بازاڕی کاردا نیە، گرنگ نیە کوردن و هاوئاینمانن یاخود باوکن و خێزانەکانیان چاوەڕێی دەستی ئەوان دەکەن کە سەدان بەردو داری ئەم هەرێمە وێرانکراوە هەڵدەچننن و باڵاخانەو گوندی ئەڵمانی و ئینگلیزی بۆ ئۆلیگارش و بێچوەکانیان دەڕازێننەوە.
ئەمە جگە لەوەش هیچ ڕێخستنێکی خانەنشینی بۆ کرێکار بوونی نیە، واتا کار بکە تا ئەوکاتەی تەندروست و توشی هیچ ڕووداوێکی کاری نەبوویت، خۆگەر توشیش بوویت ئەوا دەچیتەوە ماڵەوەو هیچ مافێکت نیە و سەرچاوەی کار و دەرامەتت کۆتای پێ دێت. ئەمە جگەلەوەی هیچ پێداویستەیەکی کارو پارێزگاری بەکار نایەت، واتا پێڵاو كڵاو و جلوبەرگی گونجاویان لەبەردا نیە و بە بێ هیچ پارێزگارییەک و هۆیەکی گرتنەوە لە سەر باڵاخانەی بەرز کار دەکان و هەرکەوتنەخوارەوەیەکیش باجەکەی مەرگە.