نێچیروان بەرزانی: پرۆپاگەندە بۆ تورکیا و ئاشبەتاڵ بە حکومەتی هەرێم

Wednesday, 25/03/2015, 12:00

2358 بینراوە







نێچیروان بەرزانی دەڵێت تورکیا کۆبانێ رزگار کرد،نێچیروان بەرزانی دەلێت تورکیا دژی داعش شەری کردوە.نە تورکەکان و نە ئەردۆغانیش بروایان بەم قسانەی نیچیروان بەرزانی نیە،بەڵام تورکەکان خۆیان بە نێچیروانیان وتوە ئەم پرۆپاگەندانە بکات.ئەم قسانەی نیچیر بۆ ئەوەیە کە کوردەکانی تورکیا چەواشە بکات و پارتی داد و گەشەی تورکیا لای کوردانی باکور خۆشەویست بکات و کوردەکانی باکور وا لێبکات لە کاتی هەلبژاردنی حوزەیرانی ئەمسالدا دەنگ بە لیستی پارتەکەی ئەردۆگان بدەن.ئەمە هەلویستی بەرپرسێکی بە ناو کوردە کە دژی هیزێکی کوردی و بۆ بەرژەوەندی حزبێکی تورکی کۆنەپەرست پرۆپاگەندەی دەستپێکردوە،هەموی لە پێناوی ئەوەدایە کە نوێنەرانی گەلی کورد و پێشەنگە شۆرشگێرەی لە باکور، لە هەلبژاردنی پەرلەمانی ئەمساڵدا دەنگی پێویست نەهێنن و نەبنە هیزێکی سیاسی، بۆ ئەوەی گەلی کورد هەر لە ژێردەستی داگیرکەراندا بمینێتەوە.
هەرچی هەلویستی لق و چڵە وشکەکانی سەر بە نێچیر و حزبەکەی هەیە لە رۆژئاوای کوردستان(ئەنەکەسە)ئەوەی بکرێت دژی ئەزمونی رۆژئاوای کوردستان دەیکەن بۆ ئەوەی ئەزمونی رۆژئاوای کوردستان سەرکەوتو نەبیت و گەلی کورد لەوێش هەر ژێردەستەی داگیرکەران بێت.
ئەم نێچیر بەرزانیە بە ناو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە،کەچی وا ماوەی ساڵێک زیاترە خەلکی باشوری کوردستانی لە برسێتی و بێ بوجەیی و بێ موچەیی بەجێهیشتوە،هەر خەریکی خزمەتکردنی تورکیای ئاغایەتی،نێچیر و ئاشتی ناهەورامی نەبێت کەس نازانێت ئەو برە نەوت و گازە چەندە کە رۆژانە لە کێلگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە خۆرایی دەگاتە تورکیا و تورکیا بەکاریدەهێنێت بۆ کرینی دەنگی هاولاتیان لە هەلبژاردنەکاندا،ئەم خزمەتکاریەی نێچیروان بۆ تورکیا لە لایەکەوە دزینی سامانی خەلکی کوردستانە،لە لایەکی تریشەوە توڕەکردنی حکومەتی عراقی فیدرالیە،وایکردوە کە ماوەی ساڵێک زیاترە عراق موچەی هەرێمی کوردستان نانێریت و ئابڵوقەی ئابوری خستۆتە سەر هەرێم،نێچیروان بەرزانیش بۆ کێشەکانی خەلکی کوردستان مێشێک میوانی نابێت،هەر مشوری تورکیا دەخوات.
ئەو ئابڵوقە ئابوریەی کە بە هۆی سیاسەتەکانی نیچیرەوە دوچاری هەرێمی کوردستان بوە،ئەگەرخەلکی کوردستان هوشیار نەبن و ئاگایان لە خۆیان نەبێت و چیتر متمانەیان بە نێچیروان بمێنێت و هەڵویستیكی جدیان نەبێت، لەوانەیە کارەساتی ٦ ئازاری ساڵی ١٩٧٥ دوبارە ببێتەوە و ئەمجارەیان نێچیروان بەرزانی حکومەتی هەرێم دوچاری ئاشبەتاڵێکی تر بکاتەوە.

د.فایق گۆلپی ٢٤-٣-٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە