رونكردنەوەیەك لەبزوتنەوەى گۆڕانەوە بۆڕاى گشتى

Tuesday, 13/10/2009, 12:00

1814 بینراوە


پاش هەڵبژاردنى 25/ 7 و سەركەوتنى بزوتنەوەى گۆڕان لە پێكهێنانى فراكسیۆنى ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەماندا، واچاوەڕێ دەكرا كە حیزبەكانى دەسەڵات بەتایبەت یەكێتى نیشتیمانى كوردستان هەڵوێستەیەك لەسەر ئەنجامەكانى بكا و ژیرانە رەفتار لەگەڵ هەلومەرجى تازە خوڵقاوى دواى هەڵبژاردندا بكات، بەداخەوە لەبرى ئەو هەنگاوە عەقڵانیە بڕیارى لە سیاسەتى تۆڵە سەندنەوەدا و كەوتنە گیانى هەواداران و لایەنگرانى گۆڕان تا كاریان گەیاندە دەركردن و سوكایەتى پێكردن و نانبڕین، بەهەمان شێوە و هاوزەمان لەگەڵ ئەو كارە ناقانونیانەدا لە هۆكانى راگەیاندنیانەوە دەستیانكرد بە هێرشكردن بۆسەر بزوتنەوەى گۆڕان و سەركردەو رەمزەكانى بە درۆو بوختان هەڵبەستن.
هەر لەدواى هەڵبژاردنەوە بە بەرنامەیەكى داڕێژراو و هەماهەنگى لەهەمو سایت و رۆژنامە و بڵاوكراوەكان و رادیۆ و تەلەفزیۆنەكانیانەوە هێرش و هەڕەشە دەستى پێكرد و تائەمڕۆ وەتیرەى هێرشەكە لە زیادبوندایە بۆیە جێگاى گومانى هەمولایەكمانە كە تەپوتۆز و دوكەڵى ئەم هێرشە نیازى ئاگرخستنەوە و سوتاندنى لەدوادابێت.
لەگەڵ ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان هەلى زۆرى بەرپەرچدانەوەى هەمو درۆ و دەلەسە و بوختانەكانیان لە دەستدابوە، بەڵام نەیویستوە ئەو كارە بكات لەبەر كۆمەڵێك هۆ لەوانە: دەرك كردن بەگەورەیى ئەو راچڵەكینەى توشى هاتون بە چاوپۆشیكردنى لەوەى كە دەبێ حسابى دڵگەرمى و كاردانەوەیان بكەین، نەویسترا بەرپەرچدانەوەى فیتنە و درۆكانیان لە نرخى ئەو سەركەوتنە گەورەیە كەم بكرێتەوە كە سەركەوتنى هەموو گەلى كورد بوە، لەگەڵ هەموو كەموكوڕى هەڵبژاردندا، هەروەها نەویستراوە بارودۆخەكە ئاڵۆز ببێ و ببێتە مایەى تێكچونى دۆخى كوردستان، پاشان كە هەست كرا هێرش و نوسین و گوتاریان لەو ئاستە نزمەدایە نەمانویست راگەیاندنى گۆڕان بۆ وەها ئاستێك دابەزێنین.
هەربۆیە هەر هاوڵاتییەكى كوردستان بەراوردێكى راگەیاندنەكانى ئەوان و گۆڕان بكات بە ئاسانى درك بە شەڕانگێزى و هێرشكەرى و داخلەدڵى و هەست نەكردن بە لێپرسراوى ئەوان و بە ئارامى و دان بەخۆداگرتن و واقعى بونى راگەیاندنى گۆڕان و هەست بە لێپرسراوێتى نیشتمانێتیدا دەكات. هەرگیز وەك ئەوان دەیانویست نەكەوتینە بەر وەڵامدانەوەى كاروكاردانەوەى توندبون و ئاڵۆزیەوە. توانیشمان كۆنتڕۆڵى چالاكەوان و جەماوەرەكەشمانى پێبكەین.
لامان سەیرە كە سەركردایەتى ئەو حیزبە بە لۆجیكى موئامەرە بیر لە هەموو روداو و هەڵوێستێك دەكەنەوە هەربۆیە لەهەر سوچ و قوژبنێكى ئەم دنیایە لە سایت و رۆژنامە و تەلەفزیۆن و رادیۆكاندا كەسێك رەخنەیان لێ بگرن دەیخەینە چوارچێوەى تیۆرى موئامەرە و بێ سێ و دوو دەوترێ بزوتنەوەى گۆڕانى لە پشتە.
لە راستیدا ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان ئەو هەڵچونەى راگەیاندنەكانیان بە سروشتى نازانین و هەست بەبونى پلانێكى داڕێژراوى پێشوەخت دەكەین، لەكاتێكدا هەموو جەماوەرى گەلەكەمان دەزانن ئێمە جگە لە جەماوەرەكەمان و راوبۆچون و قەڵەمەكانمان خاوەنى چیترنین، نە دامودەزگاى حكومەتمان بەدەستەوەیە و نە چەكدار و میلیشیا و دەزگاى داپۆڵێسێنەریشمان هەیە بۆ تیرۆركردن و تۆقاندن.
لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ دەسەڵاتداران درك بەوە بكەن كە بزوتنەوەى گۆڕان زۆر لەوە بەهێزترە كە بەدرۆ و بوختان و هەڕەشەى ئەوان ساردببێتەوە، هەربۆیە داواى لێبوردن لە جەماوەرى گۆڕانخواز و گەلەكەشمان دەكەین كە چیتر بێدەنگى هەڵنابژێرین و ئەگەر بەردەوام بن ئەوا وەڵامى پێویستى هەموو درۆ و ناحەقییەكانیان دەدەینەوە تا هەموو گەلى كوردستان وەك خۆى لە راستییەكان تێبگات، هەر لە ئێستاشەوە هەموو دەرئەنجامەكانى ئەم ئاڵۆزى و گرژییە دەخەینە ئەستۆى ئەوان.

13-10-2009

http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=20865&cat=1

http://www.knwe.org/kn-htm/news14-10-29.htm

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە