جەعفەر کەریمی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100009381381277


مێژووی مەهاباد - به‌شی یه‌که‌م

Sunday, 04.21.2013, 12:00

1489 بینراوە







بەرایی:
بە باوەڕی من دووپات کردنەوەی مێژوو کارێکی ئاسانە، داڕشتنەوە و نووسینەوەی مێژوو ئەرکێکی قورس و گرانە. ئەوەندەی کە من لێی بزانم زۆرینەی مێژووی سەدساڵی رابردووی نەتەوەی کوورد هەم بە شاراوەیی ماوەتەوە هەمیش کەسانی بیانی قەڵەمیان لێ داوە. بە بێ گومان ئەو کارەش بە دوور لە بەرژەوەندی سیاسی و بە لاڕێبردنی رێگوزەری نەتەوەکەمان نابێ. لایەنی هەرە مەزن کە جێگای رەخنەی مەزنە، لە دیرۆکناسی کورد و نووسەری کورد و لێکۆلێنەری کوردە کە ناکرێ خۆمانی لێ بدزینەوە.
دوای شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی جۆغڕافیای کوردیش کەوتە ناو گەمەی سیاسی و زلهێزەکانیش تووشی ئەو کارەساتانەیان کردین کە لە نێوان چوار دەوڵەتی درەندە دا پەلەقاژەمانە و بە شێوەگەلی جۆرواجۆر خەریکی پاراستنی ناسنامەی خۆمانین. برینی جەستەی وڵاتی کورد بە هزر و رامانی کەسایەتی کوورد ساڕێژ دەبێ. ئەو بەڕێزانەی کە لەم بوارە دا هەستی ئەمەگناسیان لە ئاستێکی بەرز دا بوە و شەو و رۆژان هەڵوەدای تاکە وشەیەک بوون بۆ بڵیند کردنی دیواری مێژووی کورد جێگای رێز و حورمەتن. پەرتوکی "مێژووی مەهاباد سەید موحەممەد سەمەدی" یەکێک لەو شاکارانەیە کە بە دەستی توانای ئەو بیرمەندە دڵسۆزە نووسراوە. پەرتووکەکە توانیوێ زۆر شارەزایانە پەیام بدا بە کەسانێک کە قۆڵی هیممەت هەڵماڵن و بەرامبەر بە مێژووی خۆیان کەمتەرخەم نەبن. لە وانەش بترازێ بنەماڵەی سەمەدی بلیمەتێکن لە شاری مەهاباد بۆ نەتەوەی کورد کە دەست و پەنجەیان لە کۆمەڵگا دا بەدی دەکرێ.
ئەگەر بڵێم من لەم بوارە دا پەڕاوێکی دیکەم لە لایەن کەسێکی دیکەوە وەبەرچاو نەکەوتوە نابێتە درۆ. ئەگەریش هەبووبێ لە بارتەقای مێژووی گەلی کوورد دا نێ. بە خوێندنەوەی ئەو پەرتووکە و وەرگێڕانەوەی بە زبانی کوردی (وەرگێڕانەوە لە فارسی بۆ کوردی: جەعفەر کەریمی، سەرکەوت کەریمی) پاش چەند ساڵ ژیان لە هەندەران ئەو جار شاری مەهابادم ناسی. داخی گرانم لە کاتی خۆی دا بە چاوی ورد بینانە و لە روانگەی "مێژووی مەهاباد" کووچە و کۆڵانی ئەو شارە مێژووییەم هەڵنەسەنگاند. ئەو پەرتووکە لە هەندەران من لە وڵاتەکەم دوور ناکاتەوە، خۆزگە لە هەر شارێکی کوردستان کەسێکی خاوەن باوەڕ ئەو ئەرکەی وە ئەستۆ گرتبایە و مێژووی شارەکەی خۆی لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا هێنابایە دەرێ و لاپەڕەیەکی بۆ مێژوو تۆمار کردبا. ئێمە خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کە مرۆڤێکی ئاوا مەزن لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بۆتە ورێگوزەرێکی مەزن.
پەرتووکی مێژووی مەهاباد چمان پێ دەڵێ؟ با پسپۆڕانی ئەم رێبازە وە دوای ئەو پرسیارە و هەزاران پرسیاری دیکە بکەون بۆ ئاشکرا کردنی مێژووی داهاتوومان.

جەعفەر کەریمی
20.04.2013




سەروتار:
مێژوو بە هەموو لایەنە بەربڵاوەکانیەوە ئاوێنەی روون و نیشاندەری ئەو رووداوانەیە کە گەلان بە خۆیانەوە دەبینن. پسپۆڕانی ئەم بوارە گوتویانە: "گرینگی مێژوو بۆ گەل وەک گرینگی بنج بۆ روەک وایە". زانستی مێژوو لە سەردەمی ئێمە دا گەلێک لق و پۆی لێ جیا دەبێتەوە. دەستبردنی زانستیانە بۆ هەر کام لەو لق و پۆیانە پشویەکی درێژ دەخوازێ، بێ گومان پێک هێنانی کارێکی پوخت و پاراو پێویستی بە هەرەوەزێکی بە کۆمەڵ هەیە. بەو هۆیە کە لەو سەردەمە دا کاری تاکەکەسی جێی موتمانە نیە و تووشی ئیراد و رەخنەی بێپایان دەبێتەوە. بەڵام دوور بوونی کۆمەڵگاکەمان لە کولتوری کاری هەرەوەزی هانی داوم تا رادەیەک کاری تاکەکەسی لەو بابەتە گرینگەدا دەست پێ بکەم. تەواوی حەول و تەقەلام بۆ نەبوونی کەم و کورتی لەم کارە دا بوە. هیوادارم کە توانیبێم سەرکەوتنێک بە دەست بێنم.
بە هۆی هەست کردن بە پێویستی لە سەرەتای ساڵی ١٣٦٤ هەتاوی واتە 1985 زاینی، دەستم بە کۆ کردنەوەی "مێژووی مەهاباد" کرد و بە یارمەتی و هاوکاری ناوەندی چاپەمەنی عەتایی لە تاران توانیمان ٥٠٠٠ جڵد چاپ و بڵاو بکەینەوە. زانیاریەکانی ناو ئەو پەرتووکە زۆر نین و خوێنەر تەنیا زانستێکی گشتی لە بابەت مێژووی شاری مەهاباد بە دەست دەهێنێ. دوای چاپ کردنی ئەو کتێبە شاڵاوی بیر و ڕا دەربڕین لە دوور و نزیکەوە دەستی پێ کرد. بیروڕای هەندێک لە کەسایەتیەکان بە راستی باش و بە کەڵک بوون وەکوو بەڕێوەبەری "نشری ێفتاب" رێزدار غوڵامحوسێنی سەدری ئەفشار وەرگێڕ و لێکۆڵەر. هەبوون کەسانێکیش هەر لە بەر وەی قسەیەکیان کردبێ بیر و رای خۆیان دەربڕی و زۆر جاریش ئەو بیر و رایانە زۆر تووند و تیژ بوون. هەر ئەوەش بوو بەو هۆیە کە تەواو کردنی ئەو کتێبە بۆ من کە کارێکی هێدی و بە شێنەیی بێت، بوو بە ئەرکێکی کردەوەیی و کۆمەڵایەتی. بۆ پێکهێنانی ئەو ئامانجە لە زۆر کەسی خاوەن بیر و رام داوا کرد کە تا ئەو جێگایەی دەتوانن یارمەتیم بدەن. هەر لە پێدانی وێنە و بەڵگە هەتا گێڕانەوەی بیرەوەریەکان...
لە ساڵی ١٩٨٧ گۆڤاری سروە داوای نووسینی ژیاننامەیەکی لێ کردم. ئەو داوایەم بە دەرفەتێک دانا لەگەڵ ژیاننامەکە دا داوام کرد کە هەر کەس بە پێی توانای خۆی لەم کتێبە دا یارمەتیم بدا. ژیاننامەکە و ئەو داوایەی من لە ژومارەی ٢٠ی گۆڤاری سروە دا بڵاو بۆوە. بە داخێکی زۆر و دوور لە چاوەڕوانیم جوابێکی ئەوتۆم وەچەنگ نەکەوت. سەرەڕای ئەوانە لێکۆڵینەوە و کار کردن لە سەر بەڵگە و پەرتووکەکان، وتووێژ کردن لەگەڵ کەسایەتی پێویست، لە وەرگێڕانەوەی پەرتووک و نووسراوەی جۆراو جۆر بێ وچان بەردەوام بووم.
هەر لێرە دا دەمهەوێ سپاس و رێزی خۆم ئاراستەی مامۆستای زانا و خاوەن رێز، دوکتور جەمشید سەداقەتکیش لە زانکۆی شاری شیراز بکەم کە هەر کات نووسراوەیەکی لە بابەت شاری مەهاباد دیتۆتەوە زوو ئاگاداری کردووم و نووسراوەکەی بۆ ناردووم. لە هاندانی هاوشاری خۆشەویستم بەرێز سەعید خانی هوومایوون (کە بە داخەوە کۆچی دوایی کردوە)، زۆر سپاسگوزارم و هیوادارم هەر ساخ و سڵامەت بێ. ئەو زانیارانەی من کۆم دەکردەوە تەنیا لە بارەی شاری مەهاباد دا بوو، راستیەک هەیە کە هەر چی بابەتی کار ئاستەنگتر بێ کارەکە ئاسانترە. نووسین لە سەر بابتێکی بەربڵاو وەک کوردستان بە گشتی پێویستی بە دوونیایەک سەرچاوەی گرینگ و پەرتووکی بە بایەخ و وتووێژ کردن لەگەڵ کەسایەتی پسپۆر و هاتووچۆ کردن بۆ چوارگۆشەی کوردستان و هەزاران جۆر هەلی دیکە هەیە بەڵام نووسین لەسەر ناوچەیەکی ئاستەنگکراو بێ گومان دەستی نووسەر بڵاوتر دێڵێتەوە و پاساوێکی بە جێگە و متمانەتری هەیە. ئەگەر چەند کەسێکی تر لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە بابەت بە ناوچەکانیان کتێب بنووسن، لەگەڵ ئەو کارە ناتەواوەی من لە بابەت شاری مەهاباد دایە. پێکەوە لە دواڕۆژدا تا رادەیەک دەتوانن ببن بە مێژووی درێژی کوردستان. کاری نووسینی من لە ساڵی 1985ی ز. دەستی پێ کرد تا کۆتایی ساڵی 1993 بەردەوام بوو. لە زستانی ساڵی 1993 سەرەڕای بڕیاری بەردەوامیم لەسەر کۆ کردنەوەی بەڵگە و نوسراوەکان بۆ کتێبەکەم نوسراوەیەکی "ئێدوارد براون"م خوێندەوە کە بەشێک لەو نووسراوەیە بەو شێوەیە بوو: "هەر کەس بیهەوێ کارێک بکا کە لە هەموو لایەنەوە بێ کەموکووڕی بێ باشتر وایە دەست لە هیچ کارێک نەدا!".
ئەو راستیە حاشای لێ نەکراوە بوو بەو هۆیە کە رۆژی دووشەممە ١٥ی خاکەلێوە ١٣٧٣ی هەتاوی دەست بە تێکڕا کۆ کردنەوە و نووسینەوەی ئەم بابەتە بکەم کە لە دە ساڵی رابردوو دا کۆم کردبۆوە. دوای چەند مانگێک نووسینی شەو و رۆژانە و ماندوبوونێکی زۆر لە رۆژی ٦ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاوی کاری نووسین و تایپ کردنی ئەو کتێبە تەواو بوو. سپاس بۆ خودا کە توانای ئەو خزمەتە بە من بدا، دیارە هیچ کارێک ناتوانێ بێ کەم و کورتی بێ. هەرە کات کەسانێک هەن کە تەواوی ئەو زەخت و زەحمەتکێشانەی شەو و رۆژانە و ئەو خەرجە زۆرەی کەل و پەلی نووسین و چاپ کردن بە هیچ دەزانن بە بێ راوەستان دەست دەگرنە سەر کەم و کووڕی کتێبەکە و رەخنەی بێ جێ بگرن. هەر لە بەر ئەوەش ویستم کە زەحمەتی ئەو کەسانە کەم بکەمەوە و بۆخۆم دەست بگرمە سەر هێندێک کەم و کوڕی ئەو کتێبە.
١-- مێژووی مەهاباد کارێکی لێکۆڵینەوە نییە، خوێنەر نابێ وەک مێژووی لێکۆڵینەوە لێکی بداتەوە.
٢ زۆر تێکۆشام کە کرۆنۆلۆگی (کات شناسی) تەوەرەکان وردبینانە بێنمە نێو کتێبەکە، بە داخەوە ناچار بووم لە چەند جێگەیەک ئەو ریزبەندیە تێک بچێ.
٣ لایەنی جێۆگرافی مەهاباد ناتەواوە. پێویستی ئەو لایەنە گرینگە بە یارمەتی پسپۆرانی وڵاتناس دەبێ پڕ بکرێتەوە. هەروەک کە لەو کتێبە دا باسم کردوە یەکێک لەو کەسانەی کە ئەو زەحمەتەی لەسەر شانی خۆی داناوە، بەرێز موحەممەدی نەمەکی قوتابی زانکۆی مەهاباد کە تێزی خۆی لەسەر شاری مەهاباد نووسیوە.
٤ هەروەها هێندێک کەم و کورتی لە بەشی مێژووی سیاسی مەهاباد دێتە بەر چاو. تەوەرەکانی کۆمەڵگایی، سیاسی ناوچە، دەستپێکی دامەزراندنی شاری مەهاباد (دەمی شا سمایلی سەفەوی) دەست پێ دەکا تا دەستپێکی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی بەردەوامە.
٥ بێ گومان ناو بردنی هێندێک کەس لە بەشی زانایان و هونەرماندان لە بیر چوون.
٦ بە هۆی پەلە کردن هێندێک هەڵەی گرامێری دەبیندرێ.
ئەگەر خوێندنەوەی وردی دوکتوور عەزیزی ژیان و جەمشیدی سەداقەتکیش نەبایە هەڵە زیاتر دەبوون، سپاسیان دەکەم. لە درێژایی کتێبەکە بە بیانووی جۆر وا جۆر بیروڕای کەسانێک نووسراون کە وەکوو خۆی بڵاوم کردوونەوە. ئەو بەو مانایە نێ کە هەموویان لای من درووستن. هێندێک کەس سەرەڕای هەبوونیان لە خەباتی رێکخراوەیی وردبوونەوەیان لە سەر هەموو رێکخراوەیەک نێ ئەوەش پێویستی بە تایبەتمەندی خۆی هەیە. هێشتا مەهاباد زۆر شتی دیکەی هەیە کە باسی لێ نەکراوە. هیوام ئەوەیە کەسانێک لە داهاتوو دا بەرپرس بن و بە کاری درووست و بە بەڵگە متمانەی زیاتر بە خەڵک بدەن.
دەمهەوێ رێزی خۆم بۆ بەرێز عەبدولمۆئمێنی مەردووخ بنێرم کە هانی دام ئەو کتێبە بنووسم. بە هەر حاڵ دیاری شوان ئاڵەکۆکە و دڵنیایی دەدەم بە هەموو خوێنەرانی ئەو کتێبە کە هەڵە و چەوت بە ئەنقەست نەخراوەتە نێو نووسراوەکانم. ئەو کتێبە دەتوانێ ببێتە سەرچاوەیەکی متنانێی باوەڕپێکراو بۆ هەموو لێکۆڵیران.

سەید موحەممەدی سەمەدی
06.04.1374 ی هەتاوی
مەهاباد


سەردەمی دامەزراندنی شاری مەهاباد
شەڕەفنامەی ئەمیر شەڕەفخانی بەدلیسی کە لە ساڵی ١٠٠٥ی هیجری قەمەری نووسراوە و لە مێژووی عالەم ئارای عەبباسی لە ساڵی ١٠٢٥ی هیجری قەمەری هاتووە، سەرەڕای ئەوەی شار و ئاوەدانی یەکجار زۆر لە ناوچەی مووکریانی ئەوڕۆکە ناوی هاتوە، هیچ کاتێک ئاماژەیەک بە ناوی ساوجوبڵاخی مووکری نەکراوە.
ئەوە نیشانەی ئەوەیە لەو سەردەمانە دا شارێک بە ناوی مەهابادی ئەوڕۆیی (ساوجووبڵاخی ئەو کات) بوونی نەبوە یان ئەگەر هەشبووبێ گوندێکی بچووک و چەند بنەماڵەیی بوە. بەڵام پەرتووکەکان و بەڵگەکانی کە پاش ئەو مێژووانە نووسراون ناوی ساوجوبڵاخی مووکری لە سەر زاران هاتوە. بە پێی نووسینی ئەو سەرەتایە شاری ساوجوبڵاخی مووکری پاش ساڵی ١٠٢٥ی ه.ق. بونیاد نراوە. هەر بەو باوەڕە دەردەکەوێ ساڵی درووست بوونی شاری مەهاباد لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی بنەماڵەی سەفەوی لە ئێران بوە.
ئەو شارە ئەگەر چی مێژوویەکی ئەوەندە کۆنی نییە، دەکرێ مێژوویەکی بۆ تۆمار بکرێ لەگەڵ مێژووی ئەو شارانە بێ کە پێشینەی هەزار ساڵانەیان هەیە. مەبەست ئەوەیە بە پێچەوانەی تەمەنی کوورتی ئەو شارە ئاڵوگۆڕی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵائەتی بووە و زۆر کەم ئاسایشی بە مانای راستەقینەی بە خۆوە دیوە. لە وانەیە هەڵکەوتنی تایبەتی جۆغڕافیایی یەکێک لە هۆیەکان بووبێ. لە زنجیرە نووسراوەکاندا حەول دراوە رووداوە گرینگ و لە بەر چاوەکان و بابەتگەلێک کە سەرەتای خاڵی وەرچەرخانێک لە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە بن، بە پشت بەستن بە سەرچاوەی جێگای متمانە دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە.

وەرگێڕانەوە لە فارسی: جەعفەر کەریمی سەرکەوت کەریمی
٢٠.٠٤.٢٠١٣
ئۆپساڵا - سۆئێد