ژنانی سونەتی یا تەڵەی مۆدێرنی پیاوان ؟! بەشی -١-

Monday, 03.23.2015, 12:00

525 بینراوە






ناچێنە ناو ووردەکارییەکانی مێژووەوە ، لەوێوە دەست پێدەکەین کە فراوان بوونی بەرهەمهێنان و کەمی بازووی بەرهەمهێن، ژنانی لە ماڵەکان هێنایە دەرەوە بۆ هاوبەشی پێکردنیان لە زیادکردنی بەرهەمدا و لەپاشانیش کردنیان بە کۆیلەی بەرهەماکانی خۆیان، کۆمپانیای ئامرازەکانی ئارایشتی بەناوبانگی (ماکس فاکتور) سەرمایە گوزاریی ساڵانەی ٦ ملیار کرۆنە ، ئەم بودجە زەبەلاحە، ئەگەر مەسرەفگەراییان نەکردبێتە ئاین لای زووربەی ئینسانەکان (پیاو/ ژن، کوڕ/ کچ) چۆن دەتوانرێت بەدەست بێت؟!!
بەڵام ئەم هاوردنە دەرەوەیەی ژنان لە ماڵەکانیان کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە ئەمە لە ناوچەیەکدا روودەدات کە میراتگری شارستانییەتی رۆمە و لەیاسای هاوسەرگیری رۆماشدا، پەیوەندییەکە نایەکسانە و ژن لە زورێنەی مافەکانی بێبەشکرابوو، تەنانەت نزیکەی هیچ مافێکی نەبوو تەنها وەک کوێلەیەک ئەرکی لەسەرشان بوو، بە خواستی شوەکەی، باوکی و باپیرەی دەکڕڕا و دەفرۆشرایەوە، هەر خۆی (مێ بوون) جۆرێک کەموکوڕتی بوو وەک تەمەنی منداڵی کە نەشیاویی مرۆڤەکە نیشان دەدات بۆ زۆر کار و تەنانەت مێ بوون بەرامبەر بوو بەجۆرێک نەخۆشی وەک (فێ)...
لەم شارستانییەتەدا نێر وەک خوایەک گەیشتبووە پلەی پەرستن لەلایەن ئەندامانی خێزانەوە و تەنها یاسای ناو خێزان یاسای باوک بوو کە دەبوو بێ چۆن و چرا جێبەجێبکرایە، (مێ) تا لە ماڵی باوکیدا بوو کۆیلەی نێری خێزان بوو، کە بەشوشیان دەدا بە خواستی باوک یا نێرینەی خێزان، ئەوا لە ژێر دەسەڵاتی باوک دەردەچوو دەچووە ژێر دەسەڵاتی مـــــــــــێرد (شوو) وەکەی کە دەیتوانی ئەوی دڵی دەخوازێ دەرهەقی ئەنجامی بدات، لە سێبەری یاسای رۆمانیدا ژن مشەخورێکی پاشکۆی پیاو بوو، کە پیاو دەیتوانی بیفرۆشێ، بیبەخشێ بۆ پێ رابواردنی کاتی، یا لەبری قەرزبیدات، دەیتوانی بەوجۆرە کە دەیەوێ پارەی پێ پەیدا بکات و تەنانەت مافی کوشتنیشی هەبوو.
ژن لە روانینی رۆمەکانەوە، تەنها ئامرازێک بوو بۆ دامرکاندنەوەی خرووی سێسکسی پیاوان، بۆیە رەواجیان دا بە رووتبوونەوە و لەشفرۆشیان ئاسان و پەسەند کرد، پەرستگاکان باشترین شوێنی ئەم رووتکردنەوە و لەشفرۆشییە بوون و کار گەیشتە رادەیەک کە هانی پیاوان دەدرا بۆ رابواردن و ئیتر یاسا کرایە پشتیوانی ئەم پەیوەندییە نا ئینسانییە (ئەم خاڵە گرنگە بۆ پەیوەندی نێر و مێ هەتا ئێستاش لە ئەوروپا، دێمەوە سەری).
ئەم حاڵەتە نێرسالارییە لە ناوخێزاندا تەشەنەی کرد بۆ ناو کۆمەڵگا و کردیە کۆمەڵگایەکی پیاوانە و ئیتر ژن پەراوێزخرا و تەنها ئەرکی لەسەرشان بوو بەبێ هەبوونی ماف، ژن تەنها ئامرازی لەزەتبەخشینی پیاوان و زاوزێکردن بوو، هاووڵاتی راستەقینە (نێر) ەکان بوون، بۆیە مافی هەڵگرتنەوە و لە خۆگرتنی منداڵ درا بەوان لە پێناو هێشتنەوەی خێزاندا.
شایانی باسە کە شارستانییەتێکی تر بەو هەموو پێشکەوتنەی بیر و رۆشنگەریەوە، وەک دەوڵەتی یۆنان جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ ئەوەی کە باسمان کرد، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە باسکرا لەسەردەمی رۆمەکاندا، لێرە (فرەژنیش) رەواجی پێدرا، حاڵەتێک کە لە ناو میللەتانی تردا نەبوو!!!، لەم فرە ژنییەدا تەنیا ژنی یەکەمیان رەسمی و دان پیانراو بوو ئەوانی تر نایاسیی بوون (ئەمە خاڵی دووەمە کە بۆ ئێستای پەیوەندی نێرومێی ئەوروپا گرنگە و دێمەوە سەری). ئەمە لە ووڵاتێکدا روودەدات کە سیانەی بیر و فەلسەفەی وەک سوکرات و پلاتۆن و ئەرستۆ بەرهەمدێنی، بەڵام ئەمە نابێتە رێگر لە پەراوێزخستن و چەوەسانەوەی مێینەدا.
ئایا رەفتارێک هەیە سونەتی بێت و رەفتارێک مۆدیرن؟! ژنێک هەیە سونەتی بێت و ژنێک مۆدێرن؟! یا ئەمانە زاراوەی سەردەمی مەکینە و بەرهەمی هەراون (ماس پرۆدەکشن Mass production) کە هەر سەردەمە و خواستەکانی لەگەڵ خۆیدا ئەتەکێت و زاراوەگەلێک دینێتە ناو خەڵکەوە و بەپێی پێویستی بازاڕی پیاوانە زاراوەکان بەرهەم دەهێنرین و رەواجیان پێدەدرێ ؟!
خۆشەویستی باشە
رێزگرتن باشە
هاوکاریی باشە
ئاشتی نێوان خەڵک و میللەتان باشە
یەکسانی نێوان رەگەزەکان باشە

لە حاڵێکدا کە:
رق و کینە خراپن
بێرێزیکردن خراپە
بێرەحمی خراپە
شەڕ خراپە
جیاوازی رەگەزیی خراپە

ئایا دەکرێت بڵێن ئەم حاڵەتانە هەندێکیان سونەتین و هەندێکیان مۆدێرن، لە کوێ و کەی خۆشەویستی خراپ بووە و رق و قین باش بوون؟! لەکام قۆناغەدا خۆشەویستی سونەتی بووە و لەکام سەردەمدا مۆدێرن؟! ئەمانە بنەمای ئیسانین و هەمیشە و لە هەموو سەردەمەکاندا بە نەگۆرێ دەمێننەوە!! بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرسوڕمانە!! ئەو ئینسانەی کە ئەو بنەما و پرەنسیپە ئینسانیانەی هەیە، دابەشدەکرێت بە سونەتی و مۆدێرنەوە، ژنانی سونەتی و ژنانی مۆدێرن، مانای لێرەدا تەنیا یەک رەفتارو خەسڵەتی ژن دەکرێتە پێوانە، پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ پیاودا دەیکاتە ژنێکی سونەتی یا مۆدێرن!!! پیاوان لە دۆزینەوەی زاراوەی پف تیکراودا کە زۆر جار ژنان دەترسێنێنی و لێی دەسڵەمێنەوە، شارەزان دەزانن چۆن لە تەلی هەستیاری سۆزی ماندووی ژنانی مێژووی بە ئەشکە ئاخنراوی پڕ لە زیندانی رۆحی و جەستەیی بۆ ژنان بەدەستی پیاوان، بدەن. زۆر مۆدێرنانە لەگەڵ حاڵەتەکدا دەچنە پێشەوە و بە پێی پێویستی و خواستی پیاوانەیان کە تەنها و لەهەموو سەردەم و جێگاکاندا (جەستە هەراجکراوە مۆدێرن و سونەتییەکەی ژنە!!!) کە داوای یەکەم و ئاخری پیاوە، بەپێی ئەو تەنها پێویستییە زاراوەکان دروست و رەواج پێدەدەن.
ژن: دەبێتە هاوڕێ، خۆشەویست جا دڵبەر ئەمە ئیتر پلە پەرزەکەی پەیوەندی نیوان نێر و مێیە کە دڵدار لە سنووری (خۆ) ویستی تێدەپەرێنێ و دەیباتە ناو سنووری (ئەو) ویستییەوە، لە (خۆ) پەرستەوە دەبێتە (ئەو) پەرست، لەجەستەوە دەگاتە رۆح، ئیدی دڵدار دەبێتە دڵبەر و چونکە عاشقی دڵبەریشە، عاشقی هەموو کەسێک و هەموو شتێکە و لەگەڵ عەشقی دڵبەردا ناتوانێ جگە لە خۆشەویستی بۆ هەموو کەس و شتەکانی دەوروبەری لەرۆحیدا شتێکی تر کۆبکاتەوە.
مۆدێرنێتە نێرینەکەی سەرمایە و بازاڕ، کە زۆرجار (فکر و نۆرمەکانی کۆمەڵگا) یش بەرهەم دێنێ چۆن لەگەڵ پەیوەندییەکی ئاوادا مامەڵە دەکات؟ ئایا ئەمە بەگشتی لە بەرژەوەندی بازاردایە؟


ئایا ئەم دەربڕینە ناسراوانە:

بۆلای ژن دەچیت قامچیت بیر نەچێت!!! ...........(فرێدریک نیچە).
یا
ژنان زوو فێری زمانە جیاواز و بێگانەکان دەبن، چونکە لە مێشکیاندا بەتاڵی زۆر هەیە!!!.....(چیخۆف).
دەتوانێت بووبێتە بنەما شاردراوەکەی ناو یاسای دارێژراوی مۆدێرنی پیاوان بۆ ژنانی سەردەم؟!!!





(دەنگدراوە: 0)