بۆچی پارە لە بانکەکانی کوردستاندا نامێنێت؟

Saturday, 15/02/2014, 12:00

1771 بینراوە


بەرپرسێکی پێشووی یەکێتیی کە نایەوێت ناوەکەی ئاشکر بکرێت، لەسەر نەمانی پارە لە بانکەکانی کوردستان، بەتایبەتی سلێمانی لە پەیوەندییەکدا ئەم نهێنییەی بۆ کوردستانپۆست ئاشکراکرد:
یەکێتیی وەکو حیزب نەماوە، ئەوەی هەیە کۆمەڵیک بەرپرسن، لە سەرو هەموویانەوە هێرۆی برایم ئەحمەد و هەردوو کوڕەکەی، هەروەها لەگەڵ برازا و کەسوکاری جەلال تالەبانی، کۆسرەت رەسوڵ، د. بەرهەم، عومەر فەتاح، حاکم قادر، مەلا بەختیار، عەدنانی حەمەی مینا، مەحمود سەنگاوی، بەهرۆزی پارێزگار، خەسرەو گوڵ، وەستا حەسەن و چەند بەرپرسێکی ترن کە هەر یەکە لەمانە چەکدار و پیاوی خۆیان هەیە، دەستیان گرتووە بەسەر بازاڕی کوردستان و بانک و چالاکییە بازرگانییەکانی تر،  لە رێگای ئەمانەوە جموجۆڵ و چالاکی بازاڕ و بازرگانی قۆرخکراوە، هەر شتێک لە بازاردا هەیە، وەکو خۆراک و میوە و سەوزە، کەلوپەلی ماڵ، داوودەرمان، مەشروب، مادە هۆشبەرەکان و جگەرە، خانوو و بینای بەرز، پشکی ئەمانی تێدایە و هەموویان لە رێگای بڕیاری ئەم بەرپرسانەوە جێبەجێ دەکرێن و دێنە هەرێمی کوردستانەوە.
کۆچکردنی زۆربەی خەڵکی لادێ بۆ شار و وازهێنایان لە کێڵگە و زەویی خۆیان و دەستهەڵگرتنیان لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ و سەوزە و میوە، هەموو بە پلانی ئێران و تورکیا و وڵاتانی تر بوو، کە تەماعی ئەوەیان خستە بەردەم پارتی و یەکێتیی  ئەگەر ئەوان رێگا بدەن میوە و سەوزە و پێویستی خواردن لە ئێران و تورکیا و سوریاوە بێت  ئەوا بڕێکی زۆر لە قازانجەکەی بۆ ئەوان دەبێت، جگە لەوەیش دەسەڵاتەکەیان لە مەترسی رزگاری دەبێت و بە پێچەوانەوە دەبنە پشتگیریی بۆیان، بۆ نمونە ئەگەر  خەڵکی لادێکان لە رابردوودا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون، ئیستا ئەگەر چۆڵ بکرێت و خەڵکەکەی موچەیان بۆ ببڕێتەوە، ناتوانن پشتگیری لە بزووتنەوەیەکی تازەی چەکرداری بکەن لە دژیان، ئەمانە دەتوانن بیانهێننە شار و لە پەنا خۆیان دایان بنێن و بە موچەیەک  بێدەنگیان بکەن، واز لەوە دەهێنن کە خۆیان کار بکەن و پارە پەیدا بکەن بەناچاری دەست لە پارتی  یەکێتی دەگرنەوە ، هەمیشە و هەموو سەری مانگێک دەست بۆ مووچە و مانگانەکەیان دەگرنەوە، بە واتایەکی تر دەبنە کۆیلە و وابەستەبوون دەکرێن بە دەسەڵاتەوە، میللەتێک دەکەنە پاسەوانی خۆیان! تا ئیستا ئەم سیاسەتە سەری گرتووە، بەشێکی زۆری پارەی بودجە و دەستکەوتی تر، دەچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێنرێت، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی راگەیاندنەکان، بۆ میلیشات و چەکردارەکان، کە ناوی پێشمەرگەیان لێناون، بۆ پاسەوانەکانی خۆیان و هەرچی لە دەوریانە بۆ بەرژەوەندی و  مانەوەی خۆیان بەکار دەهێنرێت، جێگای سەروسوڕمان نییە ئەمڕۆ تەنها بە چەکدار و پاسەوانەکانی خۆیان موچە دەدەن، بەڵام مامۆستای قوتابخانەیەک کە ئەرکی پیرۆزترین پیشەی گرتۆتە ئەستۆ موچەی مانگێکی پێ نادەن.

ئەم پارانە بۆ کوێ دەچێت؟
ئەو بەرپرسە نەیتوانی دەست بۆ تەواوی بڕی ئەو هەموو پارانە ببات، کە دەڕژیتە کوردستانەوە، پارەکە جگە لە پارەی بودجەی بەغدا، پارەی گومرگ و پارەی رەشی چاڵە نەوتەکان، کارەبا و دەستکەوتی فەرمانگە و دائیرەکانیشی دێتە سەر، پارەیەکی زۆر بێشومارە، تا ئیستا لە خەوی هیچ بەرپرسێکدا نەبووە ئەو هەموو پارەیەی لەبەر دەستدا بێت، بۆیە تا بۆیان کرا، بە ئارەزوی خۆیان لێیان خوارد،  رایان بوارد، ناموس و ناوگەڵی ژن و کچانیان پێ کڕی، خانوو و زەویان داگیرکرد و کردیان بە شوێنی حەوانەوە و رابواردن، سەفەری بەردەوامی دەرەوەی کوردستانیان پێکرد، پارەکە هێندە زۆرە لە ژماردن نایەت، بەڵام بۆچی میللەت هەر ئاوا بەهەژاری ماوەتەوە و هیچی نییە!؟ ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارە لە دەمی ئەو بەرپرسەوە وەرگرت کە دەڵێت:
پارتیی و یەکێتیی و بەرپرسەکانیان بەردەوام ئەو پارانەی کە دێتە لایان، بە موڵکی میللەت و دەوڵەتی نازانن، بە هی خۆیانی دەزانن، بۆیە پەیوەندییان لەگەڵ گەورەترین مافیاکانی جیهاندا دروست کردووە، ئەو پارانە بەردەوام لە فڕۆکەخانەکانەوە رەوانەی دەرەوەی کوردستان دەکەن، ئەمانە چونکە نەدیو بدی و دەبەنگن تەنانەت لە کاسپی و بازارگانیش نازانن، بەردەوام ئەو مافیانە دەستیان دەبڕن و هەر داوایان لێدەکەن پارە رەوانە بکەن، ئەمانیش مەست و سەرخۆشی دەسەڵاتن، بیر لە پاشەڕۆژ ناکەنەوە، بۆیە پارەکان دەنێرنە دەرەوە، لە دەمی ئەو خەڵکە هەژارەی دەگرنەوە و پاشەڕۆژیشیان نادیارە، هیچ کام لەو پارانە رووناکییەکی تێدا نییە کە بە نسیبیشیان ببێت، ئەگەر بیر لەوەش بکەنەوە، کە لە کاتژمێری سفردا کوردستان بەجێ دەهێڵن و دەچنە لای پارەکانیان، ئەوا دڵنیاتان دەکەمەوە کە لەلایەن ئەو مافیانەیەوە کوشتن و لەناوبردنیان مسۆگەرە، با ئەوان تەماشای فلیمە مافیا و ئەکشنەکان بکەن کە چۆن پارەدارەکان لەناو دەبرێن و پارەکانیان دەخورێت:

هەواڵەکە:
لە ٩ / ١٠ / ٢٠١٣ فڕۆکەیەک لە بەکرەجۆی سلێمانی بەرەوە وڵاتی سوید دەکەوێتە رێ، پێش گەیشتنی بۆ سوید لە هێڵی خۆی لادەدات و دەچێتە پۆڵۆنیا لەوێ دەنیشێتەوە. بۆ بیرخستنەوە کلیکی هەواڵەکە بکە:



ئەو بەرپرسە پێی رایگەیاند، هەواڵەکە جگە لە گومانی چەند سەرنشینێک و بلاوکردنەوەی لەلایەن چەند راگەیاندنێکەوە، ئیتر دوای ئەوە بێدەنگی لێکرا، راستی ئەو رووداوە بەم جۆرە بووە:
ئەو ئێوارەیە کە بڕیار بوو لە کاتژمیری هەشتدا فڕۆکەکە هەڵبستێت، دوو سەیارەی جامڕەش بە پەلە خۆیان دەکەن بە فڕۆکەخانەدا و لەو شوێنەوە کە کەس نایانبینێت بیست جانتای لۆککراوی قورس دادەگرن، کە کێشی هەر یەکەیان زیاتر دەبێت لە ٥٠ کیلۆ، کە خۆی نابێت زیاتر لە بیست تا بیست و پێنج کیلۆ زیاتر بێت، فەرمان دەکەن کە ئەمانە بار بکەن و لە بری ئەوە بیست جانتای سەرنشینەکان دابگیرێت، بەرپرسەکە دەڵێت، یەکێک لەوانەی کە لەناو سەیارە جامڕەشەکاندا دەبێت، ئیستا لەگەڵیاندا نەماوە و هەموو رووداوەکەی بۆ من گێڕایەوە، فەرمانبەرانی فڕۆکەخانە ناچار دەبن بیست جانتا دابگرن و بە هەرشێوەیەک بێت ئەمانی تر دابنێن، هەرچەندە قورسییەکەی مەترسی بۆ فڕکەکە هەبوو، کاتێک فرۆکەکە لە پۆلۆنیا دەنیشیتەوە، یەکسەر کۆمەڵیک مافیای دەستڕۆیشتووی فڕۆکەخانە لە پۆڵۆنیا پێشوازی لیدەکەن و  ئەو جانتایانە وەردەگرن، ئەو سەرچاوەیە گومانی بۆ ئەوە دەچێت کە جانتاکان پارە و ئاڵتونی تێدا بووبێت.
بەرپرسەکە دەڵێت هەر دەسەڵاتدارێک لەوانەی یەکێتیی بۆ خۆی ئازادە، لە فڕۆکەخانەوە چەند پارە بباتە دەرەوە  و بۆ کوێ بنیرێت، ئەوانەی لە فڕۆکەخانە کار دەکەن، هیچ دەسەڵاتیان نییە، چونکە هەفتەی دوو سێ جار ئەم کارە روو دەدات،  بەرپرسەکان بۆ دوبەی پارە بەڕێ دەکەن، تەنانەت لە بەغداد و شارەکانی تری عێرایشەوە عەرەبەکان دێنە سلێمانی و لە فڕۆکەخانەی بەکرەجۆ هەمان چالاکی ئەنجام دەدەن، چونکە لەگەڵ پارتیی و یەکێتییدا ئاوا رێکەوتوون، کە پارە و ئاڵتون بۆ دەرەوەی وڵات بنێرن. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بۆچی پارە لە بانکەکانی کوردستاندا نامێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە