هه‌ڕاجی نیشتمانێک له ‌ژووره‌ داخراوه‌کاندا !

Sunday, 02.05.2012, 12:00

592 بینراوە


هەروەک چۆن عوده‌ی کوڕی سەددام، کۆپییەکی ‌هاوشێوه‌ی خۆی هەبوو، سەدامی باوکیشی هەروا کۆپییەکی خۆی هەبوو، کە ناوی میخائیل بوو، تەواو لە سەددام دەچوو، کاتێک سەددام بانگی دەکات، بۆ شکاندن و سووکایەتیی پێکردن، لێێ دەپرسێت: میخایل دایکت خه‌ڵکی کوێ یه‌ ؟! ئەویش وەڵامی ئەداتەوە: دایکم له‌کازمیه‌ له‌دایک بووه‌ و گەورە بووە! سه‌دام بە گاڵتەوە دەڵێت: پرسیار ده‌که‌م تۆ بڵێیت باوکم نەهاتبێته‌ کازمیه‌ و به‌ خزمەت دایکت گه‌شتبێت، بۆیە وا ئه‌وه‌نده‌ له‌ یه‌کتر ده‌چین؟
به‌رپرسه‌ کوردەکانیش هەمان پرسیار ئاڕاستەیان دەکرێت، لێ لەلایەنە ناشرینە کۆمەڵایەتییەکەی نا، کە سەددام وەکو جنێو بە میخائیلی دا، بەڵکو وەکو رووە سایکۆلۆژیی و سیاسییەکە، کە ده‌ڵێی هەموویان له ‌کازمیه‌ له‌ دایکێک بوون . ئاوا که‌رامه‌تی نیشتمانیان نییه‌ و بۆ ده‌ستکه‌وتێکی کاتی بێگوێدانه‌ هیچ به‌هایه‌کی مرۆڤایه‌تی و ئه‌خلاقی و نیشتمانی، خیانه‌ت له‌دوای خیانه‌ت تۆمار ده‌که‌ن . له‌دوایشدا وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌ر ده‌چن و له‌ مردنیشیاندا به‌قه‌ده‌ر جێگه‌یه‌کی خانوویەک داگیر ده‌که‌ن بۆ گۆڕه‌کانیان، مزگه‌وت و شه‌قام و قوتابخانه‌ و خه‌سته‌خانه‌ش بە ناویانەوە ناو دەنرێن و چه‌ندین کتێبیش به‌ناویانه‌وه‌ ده‌نوسرێنه‌وه‌ و لێمان ده‌که‌نه‌ پاڵه‌وانی مێژوویی.
ئه‌مانه‌، خۆیان وانمایش ده‌که‌ن ده‌ڵێی له‌ رۆژی دایک بوونیانه‌وه‌ که‌وچکی زێڕین له‌ بە دەمیاندا کراوە، که‌ ده‌شزانین له‌ڕاستیدا وانه‌بووه‌، ئەمانە هه‌ڕاجی نیشتمانێک بۆته‌ پیشەیان، ئیتر دزیی و ڕاو رووت و هه‌ڕاجیان کرده‌ که‌ڵچه‌رێک. هه‌ردوو سه‌ری حیزبه‌که‌ تاڵه‌بانی و بارزانی له‌ هه‌راجی سه‌دی بێخمه‌وه‌ ئاویان ڕشت و به‌ کرده‌وه‌که‌یان ئیتر مریده‌کانیان ده‌ستیان کرده‌ فرۆشتنی هه‌ر شتێک که‌ پاره‌ی بکردایه‌، (ده‌ستیان له‌ گۆڕستان و خه‌سته‌خانه‌کانیش نه‌پاراست) قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستاکانی خۆیان هه‌راج کردوه‌ کاره‌ قێزه‌ونه‌کانی ئه‌م سه‌رو به‌رپرسانه‌ ستایش ده‌که‌ن و به‌سه‌رچاوه‌ی حه‌کیمی ناو ده‌به‌ن، ده‌شزانن ئه‌مانه‌ گاڵته‌ به‌خه‌ڵک و هه‌ر شتێک ده‌که‌ن.
هه‌رکه‌سێک تۆزێک خاوه‌نی ئه‌ندێشه‌ و ڕه‌وشت بێت، تێکه‌ڵ به‌م یاریه‌ ترسانه‌ی ئه‌م تاوانبارانه‌ نابێت که‌ یاری به‌ چاره‌نوسی گه‌لێکه‌وه‌ ده‌که‌ن و هه‌راجی نیشتمانیان کردۆته‌ پیشه‌ و بێ گوێدانه‌ هیچ به‌هایه‌ک کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن.
ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی که‌ تێکه‌ڵ به‌م گه‌مه‌ جه‌هه‌نه‌مییه‌ نابێت که‌سانێکن له ‌به‌زین ئازاترن، که‌سانێکن ده‌یانه‌وێت بڵێن ئیتر سنورێک بۆ پاشرڕۆژی میلله‌تێک دانێن و بهێڵن پاشه‌ڕۆژ ببینین .
ئه‌مانه‌ کارێکیان کردووه‌، ئیتر گه‌لێک خۆی بداته‌ ده‌ست حه‌سره‌ته‌کانی چاره‌نووسێکی نادیار و مژاویی، دیاره‌ نادیاری ڕۆژه‌کان و داهاتوو بۆ خۆی قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام لێره‌دا ئێمه‌ باس له‌و کۆمه‌ڵه‌ که‌سه‌ ده‌که‌ین، کە به‌بڕیاری چه‌ند خائینێک به‌ نه‌ته‌وه‌ و بێ پرسی که‌س له‌ کورد له‌ژووره‌ داخراوه‌کاندا، پڕۆتۆکۆڵی هه‌ڕاج کردنی ووڵات مۆر ده‌که‌ن، به‌سه‌روچاوی پێکه‌نیناوێوه‌، له‌ ناو قسه‌ گه‌لێکی پڕ مه‌هزه‌له‌دا نیشتمان و ژێرخانه‌که‌ی هه‌رزانفرۆش ده‌که‌ن و سبه‌ینێیه‌کی نادیار بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوومان فه‌راهه‌م ده‌که‌ن .
که‌سمان نازانین ناوه‌ڕۆکی ئه‌م دانیشتنانه‌ چی به‌رهه‌م هێناوه‌ ؟ چۆن فرۆشراوین ؟ به‌ کێی تر دەفرۆشرێین؟ چه‌نیان داوه‌ به‌کاڵاکانمان؟ پاره‌کان ده ده‌نه‌ ده‌ست کێ ؟ پاره‌ له‌جێی چی وه‌ر ده‌گرین؟ سه‌دان پرسیاری تر که‌ ده‌کرێ ئێمه‌ ئیستا بیکه‌ین، به‌رله‌وه‌ی تۆفانه‌کە بێت!
ئێمه‌، ئه‌مڕۆ به‌کاتێکی مێژووی ناسکدا تێده‌په‌ڕین، کاتێکه‌ ئێمه‌ش به‌شدارین له ‌نووسینه‌وه‌ی مێژوو، ئه‌م کاته‌ له‌ هه‌موو کات و ساته‌کانی تر پێویستی به ‌قوربانی زیاتر هه‌یه‌، ده‌بێ له‌م کاته‌دا بۆ موچه‌یه‌ک که‌ پاره‌که‌ی له‌ کاغه‌زی چلوره‌ ده‌چێ و هیچ ڕه‌واجی نییه‌، بێده‌نگ نه‌بین، سوپاس بۆ دنیای ته‌کنه‌لۆژیا، که‌ ئیتر دزه‌کان ناتوانن خۆیان له‌پ ه‌ناو پاساوه‌کاندا بشارنه‌وه‌، فه‌یس بوکه‌کانیان که‌ تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، کوردستانپۆست کە سایتێکی گەل و نەتەوەییە، پڕ کراون له ‌دیکۆمێنت بۆمان، له‌وێوه‌ ده‌توانین دادگای گه‌ل دابنێین بۆیان، بڵێن ئه‌م وێنانه‌ که‌ی گیراوه‌ ؟ چۆن چونه‌ ئه‌و شوێنانە‌ ؟ بۆچی چوون ؟ چیتان بۆ ئه‌م گه‌له‌ ستەمدیدەیە وەرگرتووە؟ چی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌تان هه‌راج کردوه‌؟ کێ ئێوه‌ی داناو ه‌ ؟ ئێوه‌ کێن تا نوێنه‌ری کاڵاکانی ژێر زه‌وی ئێمه‌ بن ؟
ئیتر له‌م کاته‌دا بێده‌نگی مردنێکه‌ بۆ داهاتوومان بۆ پاشەڕۆژی گه‌له‌که‌مان . تۆ ده‌توانی له‌ناو ئه‌م وێنانه‌دا که‌ هی که‌سێکی کۆیله‌یه‌ ناوی نابه‌م چونکه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و گرده‌ پیاوه‌ خۆی پێ گه‌وره‌کات، ده‌توانی پرسیاره‌کانت بکه‌یت، ده‌توانی دادگاکه‌ت بخه‌یته‌ گه‌ڕ، باوه‌ڕم نییه‌ له‌دنیادا گه‌ل هه‌بێت به‌قه‌ده‌ر کورد ئاوا بێ ئاگا و بێ خه‌م بێت له‌داهاتوو، کەچی هەر کەسە بۆ داهاتوو رەوەیەک منداڵی بەدبەخت دەخاتەوە.
سه‌رانی کوردیش بە مەبەست گه‌لێکی کۆیله‌ به‌هه‌موو مانایه‌ک گۆش ده‌که‌ن، تا له‌و قوتابخانانه‌یاندا مرۆڤی بچوک و کورتەبنە و بێ مێشک به‌ر هه‌م بهێنن، که‌ ده‌ش قه‌ومێ ئه‌وان، سەرکردە کورتەبنە و ورگن و سەر و ریش بۆیاخکراوەکان له‌پێش هه‌موومانه‌وه‌ دیارنامێن و دانیان ده‌داته‌ ژان، چونکە خۆیان بە میوانی ئەو نیشتیمانە دەزانن، ئاخر دز کە دەچێتە سەر ماڵێک، کە دزییەکەی کرد، ئیتر جێی دەهێڵێت، چونکە ئەو شوێنەی دزیی تێدا کردووە ماڵی ئەو نییە، ئێمە دەبێت لەوە بگەین، دزەکان لە ماڵی خۆیان دزی ناکەن، سەرانی کورد و بەرپرسەکان، کوردستان ماڵی ئەوان نییە، بۆیە دزی لێدەکەن.