ئەوە ئازایەتییە لە مەترسیدایە نەک ئازادی!!

Saturday, 07/12/2013, 12:00

1741 بینراوە





ئەوە ئازادی ڕۆژنامەوانی نیە هەڕەشەی تیرۆری لەسەرە لە کوردستان. با ڕۆژنامەنوسان و نوسەران و ڕۆشنبیران نەپەشۆکێن. ئەوە ئەوان نین تیرۆر لە ڕێیان وەستاوە. هەرگیز بەختیار عەلی و فەرهاد پیرباڵ و کەمال ڕەووف و شوان محمد و ڕەحمان و نیاز و ئاسۆس و ڕێبین هەردی و هەڤاڵ ئەبوبەکر و هۆشیار عەبدوڵا و ڕەنج سەنگاوی و ئەوانی تر ناکوژرێن.. بێخەم بن و دڵنیابن ئەوان هەرگیز نابن بە گوللەوە.

ئەوەی هەڕەشەی تیرۆری لەسەرە لە کوردستان، ' ئازایەتییە' . ئەو سیفەتەی لە ڕۆشنبیر و میدیاوانی کورددا بوونی نیە. مرۆڤە ئازاکان هەمیشە ژیانیان لە مەترسیدایە، سەربازە چاونەترسەکانن لە جەنگدا دەکوژرێن. کۆیلە ئازاکانن دەرگای بەندیخانەکان دەشکێنن و دەپێکرێن، پاشان ترسنۆکەکان بەسەر لاشەکانیاندا دێنە دەرەوە و هەوای ئازادی هەڵدەمژن. کرێکارێکی ئازا ئاگر لە جستەی خۆی بەردەدات و دەمرێت، خلیج نشینەکانیان دێنە سەر تەخت و شانازی بەخۆیانەوە دەکەن. گوندنشینە ئازاکان بوون ماڵەکانیان دەکردە دیوەخانی پێشمەرگە و گوندەکانیان خاپور دەکرا.. لەبەر ئەوە، پێویست بە هات و هاوار ناکات.. پشتێنەکانتان بکەنەوە و بێخەم بخەون . من و تۆ چیمان هەیە شایانی کوشتن بین؟

داخەکەم بۆ کاوەی جوانەمەرگ.. سبەینێ دوانی وەکو ئەحمەد میرە و توانا عوسمان لافی ڕۆژنامەوانی لێدەدەن و دەنگ هەڵەبڕن و دەڵێن مەمان کوژن. سبەینێ هاوڵاتی و ئاوێنە و شار و سپی و ئەوانی تر خۆیان وەک قوربانی دەستی تیرۆر دەناسێنن. سبەینێ گۆشەنوسەکانن ڕەواجی باش لەسەر خوێنی کاوە پەیدادەکەن. سبەینێ شاعیرە درۆزنەکانن خوێنی کاوە دەخەنە ڕستەوە و ناوبانگی پێپەیدا دەکەن. سبەینێ ڕۆژنامەنوسە ترسنۆکەکانن دێنە سەر جادە و باڵەفشەی ئازادی ئازادی لێدەدەن. سبەینێ هەندێک نوسەری هەلپەرستن بە کەیسەکەی کاوە لە وڵاتێکی ئەوروپی مافی پەنابەری بۆخۆیان دەسێنن.

لەو کوردستانەی ئێمەدا جگە لەو تەسفیە حسابەی حیزبەکان لەناو خۆیاندا بە تیرۆر خۆیانی تیدا ساغ دەکەنەوە. جگە لە هەندێک گەنجی ئازا و گیانفیدا نەبێت، کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات یەک نوسەر و ڕۆژنامەوان و چالاکوان لە مەترسیدا ناژین. هیچ دەسەڵاتێک لە دونیادا بەقەد ئەوی خۆمان سود لەم جەڵەبە قەڵەمبەدەستە نابینێت. بەهۆی ئەم تاقمە هەلپەرستەوە سەرۆک و سەرکردە گرگنەکان دەتوانن بلێن " ئەوەیە ئازادی، ئەوەیە دیموکراسی، ئەوەیە ئاسایش." دەتوانن ناوی سەدان ڕۆژنامەو گۆڤار و تیڤی و تۆڕی میدیایی وەک بەڵگەی ئازادی بەکار بهێنن.. دەتوانن دەیان ڕۆژنامەوانی سوک بەدوای خۆیاندا ڕاکێشن بۆ کۆبونەوە کان و سبەینێ " لەزاری بەرپرسێکی باڵا" وە قسە بۆ ئێمە بکات.

کاوەی ئازا هەر ڕۆژەو ناوی بەرپرسێکی گەندەڵی بڵاودەکردەوە، هەر جارە و سەری بەرپرسێکی لە بەرگی گۆڤارەکەی دەداو ئابڕووی دەبرد. بەڵام ئەوانی تر هەر ڕۆژە و دەستەواژەیەکی نوێ بەکار دەهێنن بۆ ئەو بەرپرسانەی کە ناوێرن ناویان بهێنن، یان وێنەی کچێکی سێکسی لە بەرگی گۆڤارەکانیان دەدەن بۆ بوژانەوەی چاوی بەرپرسە شەرواڵ پیسەکان.

فیرات نیوز ماوەیەک لەمەوپێش هەندێک بەڵگەنامەی مێژوویی لەسەر تاوانەکانی بنەماڵەی بارزانی بڵاوکردەوە، ڕۆژیی دوایی میدیاکانی سلێمانی وەک ئەوەی هەنگیونیان لە کونەداردا دۆزیبێتەوە و شتی وایان نەبیستبێت، ترسنۆکانە بەناوی فرات نیوزەوە بڵاویان کردوە. لەکاتێکدا بۆخۆیان سەدان بەرواری قێزەونتری حیزبە کوردیەکانیان لەبەر دەستدایە و بڵاوی ناکەنەوە.

هەتا بەگژداچونەوە نەبێت، هەتا میدیایەک نەیەتە دەرەوە ئابڕووی پیاوە سیاسی و چەکدارەکان نەبات. هەتا شەرەف و شکۆی پیاوکوژان و ژنکوژان ژێرپێی ڕۆژنامەکان نەخرێت، شەرمەزارییە ئەو میدیایە خۆی بکاتە خاوەنی شەهیدە ئازاکان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە