سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


دڵۆپییەك لە دەریای تاوانی مەلا مستەفا پێشكەشە بە جەلال تاڵەبانی و نەبەز گۆران

Sunday, 23/08/2009, 12:00

4490 بینراوە


پێشینان وت ویانە: (گه‌وره‌ ئاو ئەڕژێ، بچوك پێی لێده‌خا)
منیش دەڵێم: (مەلا مستەفا ئاوی ڕشتوە، مەسعودی کوڕی پێی لێخشاند)
جەلال تاڵەبانی لە نووسینەوەی یاداشتەكانیدا. لە ڕۆژنامەی (الشرق الاوست) كە ماوەی چەند ڕۆژێكە بڵاوی دەكاتەوە، ده‌ڵێ: (كاتێك چاوی بە مەلا مستەفا كەوتوە لە سۆڤێت گریاوە)، بەڵام باسی ئەو هەمو كوشتن و كوشتارەی خۆی و مەلا مستەفا ناكات كە بەسەر خەڵكی كوردستانیاندا هێناوە بە درێژای مێژوو.
ڕۆژنامەنووس نەبەز گۆرانیش لە گۆڤاره‌كەی خۆیدا نامەیەكی بۆ مەلا مستەفا ناردووە و بڵاوی كردوەتەوە. كوردستانپۆستیش وەكو خۆی بڵاوی كردۆتەوە، مەلا مستەفای لێمان كردوەتە فریشتە و ماندیلا،غاندی!. هەرچەندە نەبەز گۆران ماوەیەكی زۆرە دەنووسێت لە سەر گەندەڵیەكانی بەرپرسانی یەكێتی و پارتی، ڕۆڵی باشی بینیووە لە هوشیاركردنەوەی خەڵك، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنی كە بەڕێزیان لە پاڵ ئەوەدا وەك فەرهاد پیرباڵ مەرجعەی كوردیمان بۆ دروست بكات. بەڕاستی كاتێك ئەو نامەیەی نەبەز گۆرانم خوێندەوە بێزم لە هەندێك نووسەر، ڕۆژنامەنووس، ڕۆشنبیرەكان كردەوە، كە بەو شێوەیە پەردە لەسەر ڕوی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵ دەماڵن. ئەو ماستاوكردن و خۆڵ لە چاو كردنەی نەبەز گۆران هه‌ر وه‌ک كەمال مەزهەر، نەزەند بەگی خان، فەرهاد پیرباڵ، جەمال عبدوڵلا، ستران عبدوڵلا، سەرۆ قادر، ئازاد جوندیانی،عەدالەت عبدوڵلا، شێركۆ بێكەس، حمە سەعید حه‌سن، مەهاباد قەرەداغی.. هتد. ئه‌مانه‌ شەرمەزاریی ڕوو ڕەشیین، خۆیان خسته‌ نێو زبڵدانی مێژوو.
نووسەری بەڕێز" تاهیر ساڵح شەریف" ڕاستی كرد كە وتی: ئەوانە باندێكی قەڵەمفرۆشی خانەوادەی بارزانی و تاڵەبانیین، هەر ماوەی جارێك پەردە لەسەر ڕووی كۆمەڵێك قەڵەمفرۆش لادەدەن، ئەوانەن، كە له‌ ژیانیاندا زاتیان نه‌کردووه‌، وشەیەك به‌رامبەر بنەماڵەی بارزانی بڵێن.
بۆ ئەوەی خوێنەری كورد بە خوێندنەوەی نووسینی قەڵەم فرۆشان هەڵ نەخەڵەتێن، فەرمون بە بەڵگەوە بخوێننەوە ڕوی ڕاستەقینەی مەلا مستەفا. ئەوەی نووسیومە تەنها دڵۆپییەكە لە ده‌ریای تاوانەكانی مەلا مستەفا. هەرچی تاوان ، كوشتن، جنێودان،لەشكر كێشی وڵاتانی داگیركەر.. هتد مەلا مستەفا كردویه‌تی، مەسعودی كوڕی زۆر زۆر بە زیادەوە كردوێتی، ئیتر پێم سەیرە نەبەز گۆران نامە بۆ مامۆستا و بۆ کوڕه‌که‌ی مەسعود دەنێرێت!
ئەو ڕاستیانەی لای خوارەوە پێشكەشە بە نەبەز گۆران و جەلال تاڵەبانی هاوشێوەكانیان با بەفەرمون بیخوێننەوە:

لە كتێبی پەنجەكان یەكتری ئەشكینن كە لە نوسینی نەوشیروان مستەفا ئەمینە.
لە لاپەڕە 56 دا نووسراو: میرحاج ئەحمەد كە یەكی لە ئەفسەرە چالاكەكانی حیزبی هیوا بوو، بەشداری شۆرشی بارزانی بوو، لە گەلیان چوو بۆ مەهابادو ، لەویش فەرماندەی یەكێ لە فەوجەكانی هێزی بارزانییان بوو، لە گەڵ مەلا مستەفا چوو بۆ یەكێتی سۆڤیت و، هەر لەگەڵ ئەویش گەڕایەوە بۆ عێراق، پارتی كردیان بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، بەڵام میرحاج هەتا مرد توخنی كاروباری پارتی نەكەوت و تیكەڵاوی سیاسەت نەبوو، وەكو ئەیانوت لە گەڕانەوەی دا وتبووی : (كاری سیاسی لەگەڵ مەلا مستەفادا ناكری).
لە لاپەڕە 57 و 58 هەمان كتیبدا نووسراوە. ساڵی 1960 ە پارتی ئیجازەی كاری قانونی درا كۆنگرەی پێنجەمی لە5-8 ی مایسی 60 دا لە بەغدا بە ئاشكرا بەست. مەلا مستەفا بۆ ئەوەی بەشداری كۆنگرە نەبی یان خۆی قورس ڕابگری گەڕابووەوە بارزان.دەستەیەك لە نوینەرانی كۆنگرە چوون بە دوای دا بۆ بارزان و بەهەزار تكا و پاڕانەوە ئینجا ڕازییان كرد بێتە كۆنگرە ،كە هاتبوویش وتبووی:(حەز ئەكەم سەروەكی قەحبە بم و سەروەكی ئێوە نەبم! حەز ئەكەم پێم بڵێن: حیز بەو حەز ناكەم پێم بڵێن حیزبی بە!). ئەو ڕۆژە مەلا مستەفا ئەیویست گەورەی خۆی و بچوكی ئەوان بسەلمێنێ، سەرانی پارتی ئەم سوكایەتی پێكردن و جنیوانەیان قوبول كرد ، كۆنگرەی پێنجەم بەتێكڕای دەنگ مەلا مستەفای هەلبژاردەوە بەسەرۆكی پارتی.
هەرلە لاپەڕ 59- 60 هەمان كتێبدا نووسراوە. مەلا مستەفا كە گڕایەوە بۆ عیراق، دوای ماوەیەك بە ناوی سەردانی شێخ ئەحمەدەوە ئیتر بەیەك جاری بەغدادی بەجێ هیشت و گەڕایەوە بارزان دانیشت، ئینجا پەیوەندی بە ئاغا و بەگزادەكانی كوردستان دەكات، هانی ئەدان خۆیان چەكدار بكەن. مەلا مستەفا هەندی لە كاوانییەكانی ڕاسپارد بووسەیەكیان بۆ سدیق میران دانا،لە نیوان كۆری شەقڵاوەدا كوشتیان، دوای كوشتنی ئەحمەد ئاغای زێباری ، ئەمە دووەمین سەرۆك عەشیرەت و، بە فەرمانی مەلا مستەفا بكوژرێ.
لە لاپەڕە 65-66 دا نوسراوە.مەلا مستەفا لە چەند كۆڕ و كۆونەوەدا ئەیوت: (من شای بەریتانیا نیم ڕەمزیكی بی دەسەڵات بم، یا سەرۆكی حیزب نابم، یان ئەگەر سەرۆكی حیزب بوم ئەبێ سەرۆكێكی ڕاستەقینە بم! لەمیش مەبەستی ئەوە بو هەمو دەسەڵاتەكان لەدەس خۆی دا بێت و، هیچ كارێك بێ ئاگاداری ڕەزامەندی ئەو نەكرێ، لە وڵاتێكی دوا كەوتوی وەك كوردستان دا، هیچ سنورێك نییە، دەسەڵاتەكانی(سەرۆكی راستەقینە.
لە لاپەڕەی 82- 84-85-84-85-90 دا نوسراوه‌: مەلا مستەفا بە درێژای 64-66 لە گەڕان دا بو ناوچەكانی ڕانیە، قەڵادزە، دوكان، چوارتا، پێنجوێن گەڕا. بە ڕۆژ ئەنووست و بە شەو دائەنەنیشت بۆ ئەنجامدانی كاره‌كانی.
خۆی وانیشان ئەدا پیاوێكی خاوەن باوەڕی ئیسلامە. ڕێزی زۆری لە مەلا ئەگرت، لایەنگری ئەوە بو شەر و كێشە و ناكۆكی لە سەر بنچینەی (شەرع) چارەسەر كری. لە هەمان كات دا بە دزی خەلكەوە (مەشروبات) یشی ئەخواردەوە.
ناوی هیچكام لە كوڕەكانی، جگە لە دڵشاد، كوردی نییە. هاوسەرەكەی ئیدریس دوو كوڕی پێكەوە ئەبێ، ئەیانەوێ مەلا مستەفا ناویان لێبنێ. مەلا مستەفا داوا ئەكا ناویان نێین (زوالكفل) و(ئیسرافیل) . ئیدریس ئەترسا مناڵەكانی لە پاشەڕۆژدا ببنە گاڵتەچی مناڵان. لە تاوا پەنا بۆ یەكی لە هاوكارە نزیكەكانی مەلا مستەفا ئەبات، كە بەڵكو تكای لێ بكا ناوێكی تریان بۆ دۆزێتەوە. دوای ڕجاو تكا ناوەكانیان دەگۆڕن.
ئەو كاتە هێشتا زۆر كەس ناشارەزای مەلا مستەفا بوون، لە كاتی گفتوگۆدا كە بیانوتایە: (مامۆستا) . مەلا مستەفا تێر و پڕ جنێوی قورسی بە كابرا ئەدا و ئینجائەیوت: (من مامۆستا نیم، عەلی مەردان مامۆستایە، ئیبراهیم ئەحمەد مامۆستایە!) زۆر كەس جنێوی پیسیان خوارد و تا فێر بون لە باتی وشەی مامۆستا (ئەزبەنی) یان (ئەز خولام) بە كاربهێنن.
لە دانیشتنەكانیدا هەمیشە چەقۆ و هەسان و داری لە لا بوو. بە دەم قسە كردنەوە خەریكی تاشینی دارەكە ئەبوو. دارجگەرەی لێدروست ئەكرد و ناو بە ناو ئەم دارجگەرانەی بۆ یادگار بە دیاری ئەدا بەم و ئەو.
لە ساڵی 1964 بەهۆی ناكۆكی سەرۆكی حیز و سكرتێری حیزب، كە شۆڕ بووە خوارەوە، مەلا مستەفا چەند نەریتێكی دزێوی لە جوڵانەوەی كوردا داهێنا، وەكو: پەنا بردن بۆ چەك بۆ بە لاداخستنی ناكۆكی سیاسی، پەنا بردن بۆ دوژمن بۆ بە لاداخستنی ململانێی دەسەڵات لە گەڵ نەیارەكانی، كوشتنی نەیاری سیاسی، لە باتی گفتوگۆی سیاسی شەڕە جنێوی ناشرین.
بەرپرسەكانی باندەكەی مەلا مستەفا بیریتی بوون لە: حەمەڕەشی ئەحە شانە، محمودی شامحمەد، وەستا گورونی كەبابچی.. ئەمانیش چەند باندیكیان لە سەرسەریە هەرە بەدناوەكانی سلێمانی دروست كرد، لەوانە: عوسەی ئامە، سالە سیك، حەمە عەلی فەرەج، حسەینی فارس، ئەمینی فارس، سەلاحی فاتە قەمور، ئەحە سێ سەر، بەكری خانم، عومەری مارف،.. ئامۆژگاریی و فەرمانی راستەوخۆیان لە بارەگای بارزانی ، یا ڕاستر لە مەلا مستەفا وەرئەگرت، دەسەڵاتێكی بێ سنوریان دابوونی. ئەركی سەره‌كییان بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن و سەركوتكردنی نەیارە سیاسیەكانی بارزانی بوو.
پەلاماردان و پشكنینی سەدان مال، لەوانەی ئەندامی پارتی بوون، گرتن و فڕاندن و ڕاونانی سەدان ئەندامی پارتی لە لاینگرانی م س و، كوشتنی هەندێكیان .
سەرانە سەندن و راووروت و بڕینی شەوانەی بە ئاشكرای ماڵی كەسانی دەسەلات.
پەلاماردانی ئەندامە ناسراوەكانی حشع و گرتن و فڕاندنی هەندی لە كادر و ئەندامەكانیان، كوشتنی هەندێكیان بەوپەڕی دڕندایەتیی لەوانە: ئەوڕحمانی ساڵحی خلە و نجو، كە بە زیندویەتی سوتاند بوویان.
لە مانەیش سەیرتر تاشینی برۆی هەندی لەو گە نجانەی قژیان درێژ كردبوو، یان پانتۆڵی جوانیان لە بەركرد بوو، ڕەنگ كردنی قاچ و ئەژنۆی ئەو كچانەی كراسی كورتیان لە بەر دەكرد.
كارەكانی باندی كانی ماسی لە هەمو لایەك دەنگی داوەوە. زۆر كەس هاواریان بۆ مەلا مستەفا برد و شكاتیان لە لا كرد. مەلا مستەفا بۆ پاكردنەوەی خۆی لەم تاوانانە بەیانێكی دەردەكرد ئاگای خۆی دەردەبڕی و بە ناو چەند كەسێكی كەمی لە هەرە بەدناوەكانیان دەركرد، بەیانەكەیان بە شوێنە گشتیەكان دا هەلواسی. بەڵام بەیانەكە بۆ خاوكردنەوەی توڕەبوونی و ناڕه‌زایی خەڵك بوو، ئەگینا هیچ كەس لە مانە نەبەڕاستی لە پێشمەرگایەتی دەركران و، نە لیكۆڵینەوه‌یان لە گەڵدا كرا. خۆیشیان بە شانازییەوە ئەیانوت ئەوانە جگە لە سەروك كە بارزانی كەسی دیکه‌ ناناسن و كاغەزی كەس ناخوێننەوە.

دانانی تیرۆرکردنی سیاسی
مەلا مستەفا ئەحمەد ئاغای زیباری و سدیق میرانی خۆشناوی بە هۆی ناكۆكی عەشائرییەوە كوشت. لە سالانی شۆڕش دا بە هۆی ناكۆكی سیاسیەوە تاقمێكی لە كادرەكانی پارتی كوشت. عەلی حەمدی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی لێپرسراوی لقی سلێمانی و مەحمودی حاجی تۆفیق ، ئەندامی لقی سلێمانی، دواییتر عوسمان عوزێری و مەجید شوانی لە زیندان دا كوشت، ساڵەكانی دوایش بە فەرمانی ئەو ئەحمەد عبدواللا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و، ئەحمەد ڕشوانی ئەندامی لیژنەی ناوچە لە ناو شاری هەولێر و، خالیدی حاجی فەرەجی كۆكۆیی لە ناو هەڵبجە دا كوژران..
مەلا مستەفا، عوسمان عوزیری كوشت. عوسمان كادری ڕاگەیاندن بوو. ئەندامی پارتی بوو. لە ڕادویوی بەغداد كاری كرد بوو. شاعیر و نووسەر و ڕووناكبیر بوو. چووە ڕیزی یپێشمەرگەوە بە دڵسۆزی كاری دەكرد لە سەر ئەوەی برازای حاجی برایمی چەرمەگا بوو گرتیان و لە زیندان دا كوشتیان.
مەلا مستەفا پیاوێكی جنێو فرۆش و دەم پیس بوو، وشەی (قوندەر)ی لە قسەكانیدا بە زوری بەكاری ئەهێنا، لای وابووە لە ناو كورددا توهمەی دزی و داوینپیستی كاریگەرترە لە تۆهمەی سیاسیی، بۆ شكاندنی دوژمنەكانی ئەم ڕیگایەی بە كار ئەهێنا.
ئەم قسانە شیاوی سەركردەی جوڵانەوەیەك نەبوون، هەندێ كەسی نزیكی كە پێی ئەڵێن ئەم قسانە نەكات، مەلا مستەفا ئەڵێ: (كورد لەوە تێناگات كە بڵێم من ناكۆكی سیاسیم لە گەڵ ئیبراهیم ئەحمەددا هەیە، بەڵام لەوە تێئەگا كە بڵێم دزییان كردوە و، خەڵكیان گاوە و گانیان داوە.. من دوژمنەكانی خۆم بەم ڕێگایە ئەشكێنم.)
هەردولا ناو ناتۆرەیان بۆ یەكتری داهێناوە، لەوانەش(تاقمەكەی جلە و بلە) (جاشەكانی شەستو شەش) (مەلا چۆمبی) هەژاری موكریانی، شێخ مەحمەدی هەرسین، سەعید ناكام لە داهێنان و خۆشكردنی ئاگری ئەم شەڕە جنیوەدا دەوری سەرەكییان هەبوو.
پاش ئەوەی جەلال تاڵەبانی و هەوڕێكانی دەست بەسركرابوون لە لای مەلا مستەفا، جەژن دێتە پێشەوە. ئەوڕەحمان رووتە، كە دۆستی ئەمان و نزیكی مەلا مستەفا ئەبێ، ئەینێرن بۆ لای مەلا مستەفا ئیجازەیان بۆ وەربگرێ، بە بۆنەی جەژنەوە بچن بۆ بینینی ژنەكانیان. ئەوڕەحمان ئەچێ بۆ لای و بە نائومێدی ئەگەڕیتەوە بۆ لایان. هەر لە دوورەوە رووتە دەرئەكەوی، عەلی عبدوڵلا لێی ئەپرسێ: (ها روتە! شێریت یان ڕێوی؟)
رووتە ئەڵێ: (وتی ئیجازەیان نادەم).
ئەڵێن: (باشه‌ نەیوت بۆچی ئیجازەمان نادا؟)
رووتە ئەڵێ: (قسەیەكی ناشرینی كرد بۆ گێرَانەوە ناشێ!)
زۆری لێ ئەكەن رووتە ناچار ئەبێ بۆیان ئەگێڕێتەوە، ئەڵی: (وتی ئیجازەیان نادەم بۆ ئەوەی ژنەكانیان حیزببن!)
عەلی عبدوللا لەو كاتەدا پیاسە ئەكا لە بەر خۆیەوە ئەڵێ: (پەكو كە پیاوێكی بێ ئەدەبە!).
نوری شاوەیس یەكسەر هەڵیدابوویە وتبووی: (گەوادە خۆی تەجروبەی هەیە. یانزە ساڵ لە سۆڤیت بووە!)
ئەو كاتە نوری شاوەیس، عەلی عه‌بدللا، عەلی عەسكەری ، نوری ئەحمەد تەها، ژنیان هەبوو، ئەوانی تریش هێشتا ژنیان نەهێنابوو.

لە كۆتایدا هیوادارم نەبەز گۆران و هاوشێوەكانی واز لەو كارە چەواشە كارانەیە بهێنین. كاری نووسەر ئاشكرا كردنی ڕاستیەكانە بۆ خەڵك، نەك داپۆشین و میكاج كردنی خراپەكاریەكانی سەرانی بە ناو سەركردەی كورد.

بەڕێزان برادەرێكی ادینی ئه‌یگوت: (ئەزبەنی) ئەز واتا (من) (بەن)یش واتا((به‌نده‌ و خوڵام)) كەواتا (ئەز بەنی) واتا (من خڵامم). ماوەیەك پێش ئێستاش نەبەز گۆران لە نامەیەك دا. بۆ مەسعود بارزانی، نووسی بووی (ئەزبەنی)!. واته‌ من وه‌کو نه‌به‌ز گۆران به‌نده‌ و خوڵامی مه‌لا مسته‌فای بارزانییم‌.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە