سەڕۆکی هەرێم لە ئێرلەندای باکور چی راگەیاند؟

Wednesday, 06/02/2013, 12:00

1575 بینراوە






سەڕۆکی هەرێمی کوردستان له ئێرلەندا زۆر بە راشکاوانە دانی بەوەدا هێنا، کە هەرێمێکی ده وڵەمەندمان هەیه بە تایبەتی له روی وزەوە.
کاتێ سەردانی هەر وڵاتێک دەکەی وەکو گەشتیارێک، پێش ئەوەی هێچ شتێ بزانێ لەسەر جۆرو ئاستی ژیانی میللەتەکە، یەکەم شت کە سەرنجت رادەکێشێ سیمای گشتی خەڵکەکەو سیمای جوانی وڵاتەکەیە کە دەبێ بە هاورێتو لە دونیای ناوەوەت لەگەڵت دەکەوێتە گفتوگٶ ودوان، پێت دەڵی ئەو وڵاتە لە هەمو رویەکەوە لە چ ئاستێکە، لە روی سسیستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی، روشەنبیری و ئابوری، بەتایبەتیش ئیماکاناتی ئابوری ئەو وڵاتە چۆن بەکارهێنبراوە بە شێوەیەک کە لە خزمەتی گشتی دابێ.
لە میدیای دەسەسەڵاتدارنی هەرێم بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی هەیە، بەناونیشانی "رۆژێک لە گوند"، دوا بەرنامەی لەسەر گوندی "روستێ" پەخشکرا لەهەمان هەفتەی کە بارزانی لە ئێرلەندا بو و دانی بەو راستیە هێنا کە هه رێم زۆر دەوڵەمەندە بە تایبەتی لە روی وزەوە، بەرنامەکە بریتی بو لە خستنە روی ژیانی رۆژانەی کابرایەکی جوتیاری ئەو گوندە، ئەوەی جێگەی سەرنج بو ئەوەبو کە کابرای جوتیار هێشتا بە مانگایەکی لەڕولاواز جوتی دەکرد، کامیرای بەرنامەکە دیاربو ببو بە میوانی کابرای جوتیار، ئەوەی جێگەی حەپەسان بو لە ماڵەوەش بۆ سوتەمەنی و خۆ گەرم کردنەوە کورەی داریان بەکاردەهێنا، مەلای گوندەکە موکەبیرەکی لە دەست بو لە سەربانی مزگەوتەکە بە هەمو هێزی بانگی دەدا، خانوەکانیش زۆربەی لە قور دروستکرابون. باشە سەڕۆک ئەگەر هەرێم لە بواری ئابوری وا دەوڵەمەندە و بە تایبەتیش لە بواری وزە، ئەی بۆچی ژیانی جوتیارانی روستێ و هەزاران گوندی وڵاتەکەم لەو ئاستەدایە؟
لە پایەتەختی هەرێم بەبێ پرسیار کردن لە دۆخی منداڵانی ئەوشارە، سیما و وێنەی منداڵەکانی هەولێرخۆیان لەگەڵت دەکەونە قسەکردن، لە ناو بازاری قەیسەری منداڵیکی تەمەن دوازدە ساڵان، دەستەوانەیەکی سێ بەقەدەردەستەکانی لە دەستی هەڵکێشابو و ناو زێرابی بازارەکەی پاک دەکردەوە. ئه وەی شایەنی باسکردن بێ ئەویە کە قەسابخانەی پایەتەخت پرە لەو منداڵانەی کە لە بەر کەم دەرامەتی بژێوی ژیان بۆکارکردن رویان لەو شوێنە کردوە، فێرکراون چۆن ئاژەڵ سەرببڕن! ترافیکەکانی شارەکانی باشوری وڵات تا درەنگە شەوانێ پرە لە منداڵ کلینێکس دەفرۆشن یان سواڵ دەکەن! ئەی باشە سەرۆک بە سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندات وت کە ماوەیه کی زۆر کورت پێش سەفرەکەت دیواری قوتابخانەیێ روخاو بوە هۆی مردنی قوتابیەک، دەبوایە باشتر دۆخەکە رون بکەیتەوە بۆیان و بڵێێ بە کورتی، سەرەڕای ئەوەی کە هه رێم زۆر دەوڵەمەندە لە بواری ئابوری بە تایبەتیش لە روی وزەوە بەڵام داخەکەم دۆخی منداڵەکانی وڵاتەکەم بەو جۆرەیە!
خۆزگە باسی ئەوەشت بۆیان دەکرد، کە نەخۆشی کولێرا زوو زوو سەرهه ڵدەدا لە نێو میللەت لە ئەنجامی دابین نەکردنی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە ،هەروها پەنجەت بۆ ئەوەش درێژ بکردبایا کە نەخۆشی شەکرەو جەڵتەی دڵ و دەماخ و نەخۆشیە دەرونیەکان رو لە زیاد بونە لە ناو میللەتەکە و بە هەزاران نەخۆش گیان لە دەست دەدەن بە هۆی نەبونی چاودێری پزیشکی و بەکارهێنانی داو دەرمانی ماوه بە سەرچو!
ئەی نەتوت، میللەتانی هەرێم بە تایبەتی گەنجەکان بە دەست قەیرانی بێکاریەوە دەناڵینن و زۆربەیان هەوڵدەدەن رو لە هەندەران بکەن بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی ئارامو ئاسودە! سەرەرای هەمو ئەوانەش باسی ئەوەت نەکرد کە میللەت لە بیستو چوار سەعاتدا تەنیا چەند کاتژمێریک کارەبایان هەیە لە بەر نەبونی وزە ! لەو دوایەش لافاو زەرەرێکی مادی و گیانی زۆری لە میللەت داوە لە بەر ئەوەی پێش وەخت ئامادە باشی نەتوانراوە بکرێ بۆ پاراستنی گیانو ماڵی خاڵک لە کاتی هاتنی کارەساتە سروشتیەکان!





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە