مەسعود بارزانی بۆچی لەم کاتەدا دەچێت بۆ ئەوروپا؟

Tuesday, 15/02/2011, 12:00

1576 بینراوە


چاودێر


ئەم گەشتەی بارزانی لەم کاتەدا بە هیچ جۆرێک لە جێی خۆیدا نیە و، تەنیا لۆژیکێک کە هەڵیگرێت لۆژیکی دەسەڵاتەکەیەتی. ئەم گەشتە چەند ئاماژەیەکمان دەداتێ و لە هەمان کاتدا گەشتەکانی تاڵەبانیمان بیردێنێتەوە.
تاڵەبانی هەرکاتێک کە ویستبێتی شەڕێک دەست پێبکات یان ئاژاوەیەک بنێتەوە بۆ خۆ دزینەوە سەفەری ئەوروپای کردووە.
بارزانی ئامادەباشی نمرە ج دەدات بە هێزەکانی و کوردستان جێ دەهێڵێت. گەر سەیری هاتنەبەرچاوەکانی ئەو چەند رۆژەی پێشووی بکەین شڵەژاوی و ترسێکی زۆر بە رویەوە دیاربووە، بە شێوازی جارانی هەروەک چۆن هەموو جارێک کە خۆی توڕە کردووەو دواتر پەشیمان بۆتەوەو چۆکی داوە ئەم جارەش پێش سەفەرەکەی هەمان هەڵسوکەوتی کرد، بە جیاوازیەکەوە، ئەم جارەیان دوای ئەوەی هەڕەشەی لە خەڵک کرد بەوەی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و حکومەت مەحاڵە کەچی دوایی لە ژێر کاریگەریی نارەزایەتی خەڵک و هەل ومەرجەکەدا چۆکی داداو رازی بوو بە هەڵبژاردنی نوێ هەرچەند بەڕاستیشی نیە.

بارزانی بە گەشتەکەی چەند هێمایەکمان دەداتێ:
بەنیازی شەڕە لە دژی خەڵک و بە چەکدارەکانی وتووە دەست نەپارێزن.
دڵنیایە کە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ئەمجارە دەکەوێتە سەر شەقامەکان بەشێوەی ڕاپەرین. زۆر بە گوژم و بە رقەوە.
ژیانی خۆی لە مەترسی و سزای خەڵک دوردەخاتەوە.
گەر شەڕەکە خوێنی زۆری تیا رژا وەک جاران سوێند بەخوا بخوات کە خەتای ئەو نەبووەو ئەو لە دەرەوەی وڵات بووە.
وەک سەرۆک جێگری نیە کەواتە ئەندامە حیزبیەکانی سەرپەرشتی شەڕەکە دەکەن، ئەو خۆی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانەو لە غیابی ئەو فەرماندەیەک نیە بێجگە لە دارودەستەکەی. بۆ ئەوەی دوبارە بڵێت ئەوە پارتی بوە شەڕەکەی کردوە نەک سەرۆک.
دەنگوو باس و ئاماژەکان روو لەوەن کە ئەم رۆژانەی دێن خۆپیشاندان یان راپەڕین روودەدات. ئامادەباشی نمرە (ج) یش دەلالەتی ئەوەیە.
بارزانی دەزانێت گەر خۆی لە کوردستان بێت و راپەڕینەکە دەست پێبکات ئەوا پێی کۆنترۆڵناکرێت. دەیەوێت دۆڕانێکی تری وەکو هەڵاتنەکەی بۆ ناو کەرکوک لە نەوەد و شەش دا تۆمارنەکات. ئەمجارە شوێنێکی واشی نیە بۆی دەرباز بێت. زۆر گرانتر لەسەری دەکەوێت.
دەستوری عێراق ڕێگەی نادات هێزی دەرەکی بانگبکات بێت بەهانایەوە، دەبێت بە داگیرکردنی خاکی عێراق. خۆی لە حاڵەتێکی لەو جۆرە دەدزێتەوە.
گەرانەوەیەک بۆ دواوە و چاوخشاندنەوە بە و ماوەیەی دوای ڕوخانی سەدامە لە کوردستان و بەتایبەتیش لەنێوان یەکێتی و پارتی زۆر گرنگە:
پارتی و یەکێتی رێککەوتنە ستراتیژیەکەیان بۆ دزی و کۆنترۆلکردنی کوردستان ئیمزا(!) دەکەن. کە لەراستیدا ڕێککەوتنی دوو بنەماڵەکەیە.
لەرووی دەرونیەوە هیچ بیانویەک بە دەست مەسعودەوە نامێنێت دوژمنێکی ناوخۆیی وەکو گورگ نیشانی حیزبەکەی و ئەندامەکانی بدات. ساردبونەوەیەک لە هەڵوێستی لایەنگرانی دا روودەدات. لە هەمان کاتدا ئەو بەرنامەو پلانەی هەیبوو بۆ ئیحتیوا کردنی یەکێتی بە هاتنی گۆڕان شکستی هێنا. هەوڵیدا گۆڕان بچوک بکاتەوە و لە گرنگی مەترسیەکانی کەم بکاتەوە کەچی سەرکەوتو نەبوو بە هۆی پێشهاتەکانی ناوچەکەو ئەو گوژمە تازەیەی دایان بە روحیەتی بەرەنگاربونەوەی ئەوانەی دژی مەسعودن.
ئێستا هەموو هەوڵەکانی خستۆتە گەڕ بۆ بە جەلالی کردنی گۆران و خەڵکەکە و گورجوگۆڵکردنەوەی حیزبەکەی بەو ئاراستەیەدا و نوێکردنەوەی رابردووە پڕ لە میم و جیمەکەی. دەیەوێت لە غیابی خۆیدا پارتی ئەو شەڕە بکات، پەلاماری خەڵک و گٶران بدات و میدیاکانی دروشمە کۆنەکان بخەنەوە گەڕ.
لەمەشدا شکست دێنێت چونکە هەل و مەرج گٶڕاوەو ئاراستەکان و گوژمەکە زۆر لەوە بەهێزترن بتوانێت بەو ڕێڕەوەدا بیانبات.
ئەویش بەتەمایە هەمان هەڵەی موبارەک دوبارەبکاتەوە. بەڵام ئازایەتیەکەی موبارەکیشی نیە بمێنێتەوە.
کەواتە چی بکات باشە؟
بە خشکەیی و بە پەلە خۆی دەدزێتەوە و بەرنامەکۆنەکەی جارانی کە ئاگرەسورە لە خۆم دورەیە دەخاتەوە بواری پراکتیزەکردن و دارودەستەکەی هەڵدەسن بە ئەنجامدانی شەرەکە.
کەواتە بۆچی سەفەرەکەی دەکات؟
لەبەرئەوەی هەلومەرجەکە زۆر لە توانای ئەو زیاتر هەڵدەگرێت، ئەمە گەشتی پەشۆکاویە.
ئەو پیاوی المهمات الێعبە نیە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە