ڕۆڵی کورد و گەمەی نێونەتەوایەتی

Tuesday, 11.26.2013, 12:00

954 بینراوە






داکشان یان هەڵکسان لە نێو گەمە سیاسەکان و گەمە بەرژەوەندیەکان، بیرۆکەی چەندین ڕۆژو ساڵ بوە، کەهەر ووڵاتێکی سوپرپاوەر بە پێی توانای مەزنی سەربازی خۆییان دەتوانن، بەڕەی هاوکێشەکە زیاتر بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و تەنها ئەم بەڕە ڕاكیشانەش بەهێز و توانای سەربازی دەبێتە یەکڵاکەرەوەی هەموو هەنگاوەکان، تواناو ووتەی سەربازیش لە گیرفانی پڕ لە گەڵایی لوتکەی ئابوریەوە دەئاخافێ و سەروەری مەزنایەتیش تەنها ووڵاتانی پان ئابوریزم دەتوانن هاوکێشەکە بەپێی سەرجەم گەڵاڵەی بەرژەوەندیەکانیان سەقامگیربکەن، ئەم سەقامگیریەش لە هزرو دبلۆماسی مرۆڤی ژیر و دانا بەرهەم دەهێندرێت، کە ئەم بیرۆکەیەش گۆڕەپانەکەیانی بۆ تەختکردوە و داشیان سواربوە و هەمیشە ئەسپی توندڕەویان بمانەوێت و نەمانەوێت لە پێشە، بۆیە دەبێت خوێندنەوەیەکی ژیرانە بۆ تێگەیشین لەو ئەجندە تاریکە داڕێژڕاوەی لە نێوان لەپی دەستی کۆمەڵە کەسانێک کە دەتوانن قوڕمیشی چارەنوس سازی میللەتان دابڕیژن، بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
ئێمەش دەبێت ئەو پێوەرە بە هەدەر وەربگرین و خۆمان لەو کاروانی چارونوسسازە بەکەمتەرخەم نەزانین و گەمەو سیاسەتی ئەوان یان مۆنۆپۆڵی ئەجندەی ئەوان باش پێناسە بکەین و لە هەمان ڕوانگەشەوە دەبێت بەرنامەو پلانی ئێمەش تەواوکەری داخوازیەکانمان بێت، یان هیچ نەبێت بۆ بەرژەوەندیەکانی هەر دوولایەن بێت و ژیرانە بچیتە ناو قوڵایی پلانەکانی ئەوانەوە.
ئەگەر گەلێکی خەوتووبین و نەزانین چ دەگووزەرێت لە دنیایی خاوەرمیانەدا، وەک هەندێک لە ووڵاتی تارکستان، دەبێت کوێرانە ئێمەش باشترین گوێگر یان کڕیاری شەمکی ڕۆژانەی ئەوانبین، کەواتە سیاسەت مارکێتە، ساخکردنەوەی پێداویستیەکانی سەربازیی و کاڵای پیشەسازیە. گرنگ نیە کێ لەو تەندورەدا دەسوتێ و کێش بەرژەوەندیدار دەبێت، گرنگ ئەوەیە ئاشی ئەوان بچەرخێت.
بۆ ئەم تێگەیشتنە میکافیزمیە ئەبێت سەرمێز و ژێرمێزی کات و گۆڕەپانەکەی بۆ بکەیت، یان دەبێت بزانیت لە کوێوە زەمین و ئاسمان کاتەکانی گونجاون یان لە بارن بۆ تاودانی ئەسپی جارەنوس سازی خۆت، ئەگەر بێت و لە کاتی خۆیی کۆتری ئاشتیت یان هەڵۆی بەرزەفڕت هەڵنەشاخێ، بمانەوێت و نەمانەوێت لە خەونی ئاواتەکانت بە نەزۆکی پا دەگری، واتە جارێ ساوایت و لە دنیایی گەمە نێونەتەوایەتیەکان تێنەگەیشتویت و پێی نامۆیت.
گەلۆ گەلێ محاڵە گەر یەکێ لە بلیمەتترین مامۆستاکانی دنیای ماتماتیک یان پۆڵیکراتیک* بێنیت، یان دێوانە پیری شالیاری لای خۆمانی بۆ بێنیت و لەو جەنجەڵە بەرژەوەندیە ئاڵۆزە تێبگات، یان دەبێت بیرمەندی ڕۆشنبیر و سیاسی بیت لە زمان و گفتی ئەوان لە هزر و پەیڤ و پلانی ئەوان تێبگەیت، چوونکە ئەوان بۆ هەر پلانێک کە دایدەڕێژن، بیر لە دەیان ساڵی دووای بەرنامە داڕێژراوەکەی خۆیانی بۆ دەکەنەوە و گرنگیەتی هەموو خاڵەکان بەهەدەر وەردەگرن.
چوونکە ئەوان کەسانی هۆشمەند دەکڕن، تەنها بۆ کەمترین سوود کە بەرژەوەندی باڵای ئەوان لەخۆبگرێت و لە هەمان کاتیشدا؛ ئامادەن گەردەلولی مەرگستان دەستەبەرکەن بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان و هیچ کاتێکیش ئامادەنین زانستی سیاسی و سەربازی خۆیانت پێنافرۆشن، یان بە واتایەکی تربڵێم چەکت پێدەفرۆشن، کە کاتێک چەکی باشتر لە چەکی سواوی دەستی خۆیان کە لە کار کەوتوبێت و بازاڕی تۆیی پێگەرم بکەن و پێتبدەن، لەم بێئاگایەیی تۆش دەبێت، دە بەرامبەر بەیەک بییخەمڵێنن و گەر باری ئابوری ووڵاتی خاوەرمیانەی تۆش سەرخان و ژێرخانی لە بار نەبێت، هەرگیزا و هەرگیز ئەوان ئەگەر مێش بە میوانی خۆیان بازانن، دەردو بەڵایی تۆش بە بۆنی تسی خۆیان نازانن، واتە ئەوەیی بەلای ئەوانەوە گرنگە کە بازاڕ بازاڕیان بۆ بخرۆشێنێت، کڕیاڕ ماركێتیان بۆ بچووڵێنێت.
یان ئەبێت وەک ووڵاتی ئەفخانستان و سۆماڵیا لە تاریکستان بژیت و لانەی بنکەی لایەنێکی داکەوتوی وەک ڕێکخراوەی ئەلقائیدە بیت و ببیتە سەنگەری تێکدانی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی سوپەرپاوەرەکان، تا خوێندنەوەت بۆ بکەن.

کورد و ووڵاتانی دراوسێی ناوچەکانمان
ئیمڕۆ هیچ هەنگاوێک ناهاویشرێت بێپرس و ڕێگا پێدانی ووڵاتانی زلهێز، ئەوەیی خوێندنەوەیی بۆ گەورە گەردەلوولەکان نەبێت، داری بەری بێ بەرهەمە یان بەرەکەی ووشک و کرمخواردوە، بۆیە دەبێت سەرکردایەتی کورد لە هەر شوێنێک بێت دەبێت هەڵسوکەوتیان، هەنگاوەکانیان، ووتەکانیان، پەیمانەکانیان بە فلتەری سووپەر پاوەرەکاندا بڕوات، بە تایبەت ئیسرائیل، ئەمریکا، بریتانیا و ڕووسیا، دەنا هەموو کردارەکانت بڵقی سەرئاو دەردەچن، بۆیە دەبێت لە ڕێگایی ئەوانەوە خۆت گیڤبکەیتەوە و قورسایی کێشی خۆتبزانی و لە کوێوە با دێت تا شەنی خۆتی لێبکەیت، ئەگەر زرنگ نەبیت، پاروی بچووکیت و دوژمن و نەیارەکانت ئوڵمیشتدەکەن (ئوڵمیش واتە فتکردن).
ئێستا سیاسەتبازەکان واپێناسەی هەرێمی کوردستانی باشوور دەکەن، کە کوردی باشوور ناتوانێت پێناسەی ڕووی دیموکراسی بکات، ناتوانن خاوەنی یەک ووتاری سیاسی خۆیانبن، ناتوانن نێوماڵی خۆیان ڕێکبخەن و ئابوری کوردستان بەڕێگەیی سەرمایەگوزاری گەشە پێبدەن و خۆیان ڕزگارکەن لە دێوەزمەیە و سیستەمێکی تەکنۆکرات بەرجەستەبکەن.
بیرکردنەوەیی سەرانی کورد ئیمڕۆ نێپۆتیزمیانەیە** و هیچ دووربینیەکیان نیە کە لەو تەنگژیانەی تێدەکەون فریادەرسبن، خوێندنەوەیان زەعیفە بۆ پێشهاتەکان، ڕاستە هەندێک ڕاوێژکاری ئەمدیو و ئەودیویان هەیە، بەس ئەوەندەنیە کە بەربەستی کێشە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بکات لەبەر بەرژەندی گیرفانیان یان بێئاگاییان لە دنیای سیاسەتی ڕەش و سپی.
بۆیە بۆ هەر هەنگاوێک ئەگەر دەتانەوێت پیرۆزی بکەن، بیر لە هەموو پێشهاتەکان و ئەگەرەکانی بکەنەوە، دانوساندن و گفتوگۆ کلیلی هەموو کێشەکانە، بەڵام تەبایی و دڵسۆزی، یەکخستنی نێوماڵی کورد لە گەڵ خوێندنەوە و پەسەندکردنی یەکتری ماستەر کلیلی هەموو کێشەکان و چارەسەریەکانە. بۆیە دەبێت کورد فێری سیاسەتی بەرژەوەندیداری بێت نەک سیاسەتی چاواشەکاری و هەڵخەڵەتاندن، بۆ کورد نە شەرمە و نە سووکی ئەگەر ووڵاتانی زلهێز بهێنێتە ناو کێشەکانیەوە، چوونکە ووڵاتانی دەوروبەر خۆیان پاپتی ووڵاتانی سووپەر پاوەرەکانن، ئیتر بۆکورد بۆ شەرمبێت ئەگەر ڕاستگۆیانە هەڵس و کەوتبکەین. ئێمەش چ بژین و چ بسوتێین با بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆمان، فێری گەمەی سیاسیبین.
ئەمە کورتەیەکە لە بەرژەوەندیەکانی سیاسەتی دەرەوەیی هەموو ووڵاتە ناوەنجیەکان و سوپەرپاوەرەکان، ئەی ئێمەی کورد چی لە هەنگڵماندایە، قسەی سەر تەندور یان دنیای خەیاڵاوی کە چەندین ساڵە پێی مەستین، یان پارە بۆ هەندێک کەس کە هزرو هۆشی خەساندون و ڕاستیەکانی لێیان وونکردوون. ئەوەی پارە بیخەسێنێ ئینتمایی ووڵات و شەرەفیشی لێوندەکات. بۆیە بۆ هەموو تاکێکی کورد پێویست و گرنگە لە کەسایەتی خۆیی، لە بەرزی خۆیی و دەوروبەرەکەی تێبگات، ئینجا بتوانێت خوێندنەوەیەکی شکۆمەندانە بۆ کۆمەڵگا و دەوروبەرەکەی بکات، بۆیە ڕاستە کەدەڵێن تێگەیشتنی پرسیار نیوەی وەڵامە. واتە ئەوەی خۆی بخوێنێتەوە دەتوانێ کۆمەڵگاکەشی بخوێنێتەوە تا بتوانێت خەزمەتیان بکات، ئێمەی کورد هەتا ئێستا وونین بە دوایی ڕاستیەکاندا، وونین کە تا ئێستاش جیاوازی نێوان دۆست و دووژمن نازانین، هەموو کەسێک و هەموو پەیڤێک بە یەک چاو دەخوێنینەوە، هەرچی دوو ووشەی باش و خراپمان بۆ بکات بە خدری زیندەیی دەزانین، کە ووشەی خێریش نەماوە لەبەر بەرژەوەند و دەست بڕین.
ئیمڕۆ بە هۆیی داڕمانی ژێرخانی ئابوری زۆربەی ووڵاتانەوە، سیاسەتمەدارەکان، گەڕۆکەکان،هەوڵدەدەن بە کەمترین قوربانی بازاڕی کڕین پەیداکەن و بە زۆرترین نرخیش مارکێتی فرۆشتنی بۆ بدۆزنەوە.
بۆ ئەو تەوەرەیی کە لە پێشەکی باسەکەدا کردم و چۆن ووڵاتان بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاردەکەن، با کوردستانی خۆمان بە نموونە بۆ ئەم کڕین و فرۆشتنە بە کورتەیەک لە بێژەنگی بدەین، کە نەوتی خاوی یەک بەدە کەمتر دەکڕدرێک لە نەوتی خاوی ئۆپک، یان پێچەوانەکەی بازاڕی ساخکردنەوەی خواردن و دەرمانی ئێکسفایەر و هەرزانترین و خراپترین شەمک و کاڵای جیهانە، کە گەمە بە پاشەڕۆژی نەوەیەکی کەم ئەندامەوە دەکرێت، تەنها چەند کەسانێکی بازرگانی خوێنمژ و نەفەس نزم لێی سوودمەند دەبن و زۆربەی حیزبەکان و حکومەتیش لەبەر بەرژەوەندی گیرفانی قوڵیی هەندێکیان بێباکن وئینتمایی نیشتمانیان لەبارچووە بۆیی.
کورد هەزار جار دەستی بڕاوە، گۆڵی لێکراوە، پەندی بێکراوە، پەیمانی درۆیی پێدراوە، مارانگازبوە ئێنجا وانەیەک، پەندێک فێرنەبوە، چوونکە کەسی شێواوی بۆ جێگایی شێواو نیە کە بەرپرسیاربێت بەرامبەر ئەم دۆزەی کە کوردی تێکەوتوە، بۆشایەکان لەناو ئیدارەی کوردیا هێندە گەورەن، مرۆڤ ئەستەمە بتوانێت ئەو هەموو هەڵانە بە نوسینک دەستنیشان بکات، لە کوردستانی باشوردا هەر کێشەکەمان بەتەنها گەندەڵی نیە و بەس ، بەپلەی یەکەم کوتلەو کوتلەبازیە کە شەقی بردۆتە ناو بناخەی کوردایەتیەوە و چرای ئازادی بەرەو کزبوون و پیسبوون دەبات، چوونکە ماهێتی هەندێک کەس هێندە نزمن لە پێناوی بەرژەوەندی تاکە کەسایەتی خۆیدا کە کاریان تەنها بۆتە کاری بێزنس و بەس، ئامادەیە چاو پۆشی لە هەموو جوانیەکی مرۆڤ بوون و کورد بوون بکات و بەرەو ترۆپکی گەندەڵی، دز و خۆفرۆشتنیان ببات.
ئێستا گەندەڵی لە ناو جەستەی تەوای کۆمەڵگادا بۆتە توومەر(توومەر پلەیەک پێش سەرەتانە، ژێربەنجە) بۆیە دەبێت گشت تاکەکانی کۆمەڵگا بەر پرسیاربن لەو درمە کوشندەیە کە بۆتە توومەر و کرم داوێیتە ناو جەستەی کۆماڵگاوە، کە ماسی بۆگەن دەکات لە پێشدا لە سەرەوە بۆگەندەکات ، ئێمەی کوردیش لە سەرەوە بۆگەنمان کردوە، هەتا هەندێک لەو سەرە بۆگەنانە پاننەکرێتەوە یان فڕێنەدرێنە ناو زبڵدانی مێژووەوە، مخاڵە نەوەیەکی پاک، نەوەیەکی پڕ لە تەندروست بەرهەم بهێنرێت.
هەر لەبەر ئەو هۆیانەیە کە سەرکردایەتی کوردی باشوور، ناتوانێت خاوەن ووتاری سیاسی خۆیبێت، ناتوانێت لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا خاوەن بەرنامە و هەڵوێست بێت، ناتوانێت لەگەڵ ڕووداوەکاندا خاوەن پێگەیەکی کاریزماوی بێت، ناتوانێت لەو قوڕە دەرچێت کە تا بیناقاقایی تێیکەوتوە، ڕۆژێک پایەکی لە ئێرانە یان لە تورکیاو هتد، چوونکە وێنەی هەڵەکانیان بە کاپی کراوەیی دێتەوە بەردەستیان، بۆیە دەبێت هەتا دەمرن کۆیلەبن، کەواتە ئێمە تا خاوەنی ئەو جۆرە کەسانەبین دەبێت لایی لایە بۆ چەند نەوەیەکیتریش بکەین. یان ئەوەتا جارێکیتر خوێندنەوەی لۆژیلی بۆ ڕابوردوەکانی خۆمان بکەینەوە و چەوتی و ڕاستیەکان لە بێژنگ بدەینەوە و بوێرانە هەڵوێست وەرگرین، ئیمڕۆ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهۆیی زانستی هایی تێکەوە*** دنیا بەرەو بچووک بوونەوە دەڕوات و بچووکترین ڕوداو، هەواڵ، گۆبەند، داماڵین، گۆڕانکاری، دانووساندن، خۆفرۆشتن، کودەتا، پێکدادان، شەڕ، چەنگ و هتد، دەتوانرێت ببێتە سەرگەرمی هەواڵەکانی ناوخۆ و جیهانی، چ وەک کاری میدیاگەری یان کاری دەوڵەت. هیچ هەنگاوێکی چەوت و ڕاست ناتوانرێت وەک جاران دیزە بە دەرخونە بکرێت، چوونکە لە کەمترین کاتدا دەبێتە سەرگەرمی هەواڵ.(هەر چەندە ئەویش کەم تا زۆر بۆتە بێزنس)

دەوڵەت و پێگاکانی یان پایەکانی
دەوڵەتیش لە ڕێگایی تیمەکانیان، سیخوڕ یان مانگە دەسکردەکانیانەوە زانیاری بەدەست دەهێنن وەک، واکی تاکی، سێڵ فۆن مۆبایل یان تەلەفۆنی دەستی، کۆمپیوتەر، کۆمپیوتەر بە هەموو شیوەکانی وەک بەکارهێنانی ئینترنێت ، ئیمێڵ، توویتەر، فەیس بووك، تەلەفیزۆن (مەبەستم لە هەواڵی تەلەفیزۆنی نیە، مەبەستم لە تەلەفیزۆنی نوێی دروستکراویی دووایی ساڵی ٢٠٠٠ بە دوواوەیە ، کە کامێرەی تیایە و وێنەی بەڕێزیشت ئەگەر بیانەوێت گیراوە، بە تایبەت ئەو کەسانەی کەیبڵ یان سینی ئاسمانیان هەیە) و هتد.
داموودەزگاکانیش، وەک دائیرەی بەرید، گەشت و گوزار، هێڵی فڕۆکەوانی، تەکسی یان گەیاندن، بانکەکان (بانکەکان بە پلەی یەکەم دێت لەبەر دانانی پارەی زۆردا کە پێدەوترێت مەنی لاندێرینگ***، پارەی دەستگیرۆیی، پیس، قاچاخ یان پارەی نایاسایی بۆ سپی بوونەوە، کە ئەمەیان زۆربەی کەسانی کاربەدەستی دەوڵەت و بازرگانە نایاسایەکان دەیکەن و دەچنە ژێر فەرمانی دەوڵەتانی بیانیەوە، کە دەوڵەتەتانی سوپەرپاوەرەکان دەتوانن دەستبگرن بەسەر پارەیی ئەو کەسانەی کە بیانەوێت و دووایی مەبەستی ئەوان نەکەوێت و هتد، جاڕێ بۆ ئەم کورتە نووسینە ئەمەیان بەسە).

میدیا و میدیاگەری
ئیمڕۆ بە هۆیی ژیری مرۆڤەوە کە دنیای زانستی بەرەو پێش چوونی گوورج بردووە و پێیناوەتە گۆڕانکاری بچووکبونەوەی جیهانەوە، جیهانی کردۆتە گوندێکی بچووک، نابێت دنیای میدیاش پشتگوێ بخرێت، بە چاک و خراپ، بە پازەتیڤ و نێگەتیڤ ڕۆڵی میدیاش دەبێت فەرامۆش نەکرێت، چوونکە میدیایی پاک یان ڕاست و بێگەرد (مەبەستم لە میدیایی سێبەر نیە) هەمیشەو هەمیشە تەواو کەری هەموو گۆڕانکاریەکانن، ئەوەی ڕویی ڕەش و ناشرینی دەسەڵات داماڵاێت میدیای ڕاستەقینەیە، گەورە کاربەدەستەکانی ئەمریکا، هێندە لە دەسەڵاتی میدیا دەترسن نیو هێندە لە ژنەکانیشیان ناترسن، کە ژن لە ئەمریکادا لە یاسا و خوا گەورەترە، بۆیە دەبێت میدیا، خاوەن پێگە و کارەکتەری فەلسەفەو جوامێری خۆیی بێت، ڕووی هزرو ڕاستیەکان بە پارە پەردەپۆش نەکات، چوونکە میدیا بە کورتەیەک، لەم خاڵانەی خوارەوەدا هەواڵەکان زوتر بەرجەستەدەکات؛

١- ڕادیۆ،
بە هۆیی زۆری دەزگایی رادیۆە کە لە هەموو کون و کەلەرەبەرێکی دنیادا هەیە، دەتوانرێت هەواڵەکان بە زوودی بگوێزرێنەوە.
٢- تەلەفیزۆن،
بە هۆیی پێشکەوتن و کەسانێکی زۆری بینەری تەلەفیزۆنەوە دەتوانرێت، چ وەک هەواڵ یان بەرنامە ڕوداوەکان پەخشبکات.
٣- ڕۆژنامە و گۆڤارەکان،
کە ئەمانیش هەر وەک ڕادیۆ و تەلەفیزۆن وان بەڵام درەنگتر.
٤- ئینتەرنێت،
ئینتەرنێت، ئێستا بە باوکی ڕاستەقینەی میدیای ئازاد دەژمێردرێت، دەتوانێت لە کەمترین کاتدا هەواڵەکان، ڕوداوەکان پەخشبکات، ئینتەرنێت ئێستا لە جیهانی ئیمڕۆدا بە کلیلی شۆڕشی ڕاستەقینە دەژمێردرت و ڕاستیەکان لە ڕووی هەموو درۆ و تاوان و چەوساندنەوەیەک ڕادەماڵێت، ئێستا ئەوەی زانستی هایتێکی ئینتەرنێت دەیکات، چۆکی داوە بە گەورە حکومەتەکان و کەسانی ناودار، کە نەتوانن هەنگاوێک چەوتبڕۆن، ئینتەرنێت خۆیی بۆتە قوتبخانە، زانکۆ، دەوڵەت، کە مرۆڤ بتوانێ ڕوودا و ڕاسگۆیی تیادا بەرجەستە بکات.
بۆیە لەم کورتە باسەدا دەبێت سەرانی کورد خوێندنەوەی شەفاف و پڕ لە هەڵوێستیان هەبێت، هەموو هەنگاوێکیان لە سەر ماڵە بە چاک و خراپ، ئەوەی دڵسۆزیانبێت تەنها میللەتی خۆیان و چیاکانیانن، بۆیە دەبێت بزانن چ ڕۆڵێکی سیاسیی و دبلۆماسی بگێڕن بۆ ئێستاو پاشەڕۆژی کوردستان، ئایە کورد دەتوانێت بەم شێوەیە بژی کە بە سکێک تێر و بە دەش برسی، ئایە تا کەی کورد دەبێت لەم دڵە ڕاوکێیەدا بژی، ئایە سەرکردایەتی کورد دەتوانن یەکتری پەسەند بکەن و ڕێز لە ووتە وهەڵوێستی یەکتر بگرن، ئایە سەرانی کورد دەتونن کوردایەتی پاک بکەن لەسەر حسابی بەشەکەی تری کوردستان نەبێت، ئایە سەرکردایەتی کورد دەتوانێت ژیانێکی سەربەرزانە هەڵبژێرێت و واز لە نۆکەری بێگانە بهێنێت (مەبەستم لەوەیە ئەوەیی بۆ بێگانەکە دەیکەن بۆ خۆتانی بکەن چاکترە، چوونکە خۆمان گۆشتی یەکتریش بخۆین ئێسکی یەکتر ناشکێنین) یاخود چارەنووسی کورد دەدرێتە دەستی قەدەر یان سەرانی کورد خوێندنەوەیان بۆ هەموو ئەگەرەکان دەبێت و منیش هەڵەم و جاڕێ نامۆم بە سیاسەتی حەکیمانە و ژیرانەی ئەوان.

تیشکۆ زەند
کالیفۆڕنیا

*Polycratic
When one person or a leader has multiple responsibilities with one system of government.
پۆڵیکراتیک*
کەی ئەو کەسەی یان ڕابەرەی، کە چەندین پۆست وبەرپرسیارەتی هەبێت لە گەڵ سستەمێکدا یان دەوڵەتدا، (وەک ئەو دەیەها مەسولانەی لای خۆمان)

**Nepotism نێپۆتیزم، واتا دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ یان کەس و کار
***High-tech or high-technology گەشەسەندنی زانست
****Money Laundering پارەی دەستگیرۆیی یان پارەی زۆری نایاسایی