ئیسلام و داعش لەژێر مەندیلەکەی خەلیفەدا...!

Monday, 01/09/2014, 12:00

2404 بینراوە








لەوەتەی ئایینی ئیسلام لەئارادایە، ٢٣ساڵی ماوەی پەیامبەرێتیی لەژیانی محەمەد لێ لابەین هیچ لەحزەیەک لەدیرۆکی چواردە سەدەی ئەم ئایینە نامێنێتەوە کەکێشەی نێوان ئیسلامی ڕاستەقینەو ئیسلامی ساختەی تێدا نەبێت وتەنانەت وا پێدەچێت ئەگەر لەم جیهانەدا تەنیا دوو کەسی موسوسوڵمان بمێننەوە هەریەک لەم دووانە ئەوی تری پێ ساختەیەو خۆی پێ ڕاست. بەڵام ئەگەر توێژەرێک بەمەبەستی هەڵسەنگاندن لەدەرەوەڕا بۆ ئەمانە بڕوانێت بەزەحمەت جیاوازیی گەورە لەنێوانیاندا بەدی دەکات.
ئەم گرفتە لەناو سیاسەت وگشت ئایینەکانی تری سەر ئەم زەوییەشدا هەر هەیە. بەڵام لەناو ئیسلامدا بەشێوازی هەرە توندڕەوانەو بەئاستی هەرەبەرز پەیڕەودەکرێت. هۆکاری ئەم کێشەیەش بەشێوازە گشتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆسروشتی مرۆڤ کەفرەیی دیدوبۆچوون وجیاوازیی لەجیهانبینی وڕوبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییەکان ودەسەڵاتخوازیی... دەبنە سەرچاوەی ململانێ. کەلەسیاسەت وگەلێک لەئایینەکاندا بەپەیڕەوکردنی پرەنسیپی لێبووردەیی وتەحەمولی یەکتر چارەسەردەکرێت. یانیش لانیکەم لە ئاستیی خراپیی کاریگەرییەکانی کەمدەکرێتەوە. کەئەم پرەنسیپە لەئایینی ئیسلامدا هەبوونی نییەو تەنیا کاتێک هەبوونێکی شەرمێونانەی دەبێت کەتەنیا لەڕوی ناچاریی ولاوازیی خودییەوە بێت. وهەرکات ئەو لاوازییە وەربگەڕیتە سەر هێز، بیبەزییبوون ودڕندەییەک دەنوێنێت کە پێش ئەوەی پێویست بکات لەمڕووەوە ئێمە شتێک بڵێین، دیرۆکی ئەم ئایینەو تێکستە پیرۆزەکان و یاسا شەرعییەکان بۆخۆیان خۆیان دەسەلمێنن و ڕاستیی خۆیان ئاشکرادەکەن.
ئیسلام کە هەربیروباوەڕێکی جیاوازی ناوناوە کوفرو کوفریش وەک مەزنترین تاوانێک پێناسەدەکات و سزای ئەم تاوانەش ئاگری دۆزەخی بۆ بەس نییەو سەربڕین و دڕندانەترین شکەنجەی تامەرگیشی لەم جیهانەدا بۆدیارییکراوە، زۆر سادەو ئاشکرا چەمکی تەحەمول و لێبووردەی لەفەرهەنگی خۆی هێناوەتە دەرێ.
ئەوەی ئەمڕۆش ڕوودەدات هەر ئەمەیەو لەگەڵ ئەوەدا کە موسوڵمانانی جیهان خاوەنی یەک پەرتووکی پیرۆز ویەک حەدیس وشەریعەتن کەچی کاتێک تێکستەکانی قورئان وحەدیس وشەرع لەگەڵ بەرژەوەندییەکاندا یەکییان نەگرتەوە واتای تریان بۆدرووست دەکرێت. بەجۆرێک هەریەکە خۆی وەک ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو. وئەوەی تریش بەساختەو کافر لەقەڵەم دەدات.
ئەوەی ئەمڕۆ سەبارەت بەدیاردەی تێرۆریزمی ئیسلامیی بەرچاودەکەوێت ئەمەیە کە ڕێکخراوی داعش وهاوشێوەکانی دیاردەیەکی نوێی جیهانی مەزهەب وململانێ وبەرژەوەندییەکانی سیاسەت نین. بەڵکوئەوەی لەم ناوەدا نوێیە تەنیا ناوەکانەو ئەوەی تر، واتا بیروباوەڕو دیدو جیهانبینیی ومیکانیزمەکان هەمیشەو لەسەرەتای پەیدابوونی ئایینی ئیسلامەوە تائەمڕۆ بەهەندێک جیاوازیی لەنێوان قۆناغەکان وڕێبەرایەتییەکاندا بەردەوام هەبوون وهەن. چونکە بیروباوەڕیی خەلافەت لەئیسلامداو لایەنگیریی لەم بیروباوەڕو شێوازیی حوکمکردنە، هەمیشە لەئارادابووەو دیرۆکی چواردە سەدەی خەلافەتیش کە بریتییە لە ١٠١ خەلیفە هەندێک قۆناغی زۆر نائاسایی کورتی لێرولەوێ وەک بۆ نموونە سەردەمی خەلافەتی عومەر کوڕی عەبولعەیز کە تەنیا سێ ساڵی ماوەی فەرمانڕەوایی (٧١٧ز-٧٢٠ز) لێ لابەرین ئەوی تر گشتی بریتیی بووە لەدەورانی تاوان وستەم ووێرانیی و خوێنڕشتنێک کە نوسینی لەتوانای قەڵەمدا نییە. کەچی هەر لەوکاتەوەش کەخەلافەتی ئیسلام بە لێکهەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانیی ودوایین خەلیفەکەی سولتان عەبدولحەمید لە ١٩٢٤دا کۆتایی هات، موسوڵمانان وایان زانی بە لەناوچوونی دەورانی خەلافەت بەو هەموو دیرۆکە ڕەشەیەوە، بەهەشتی ئەوانیش لەناوچوە.
خەلافەت شتێکی وای لەدوای خۆی بەجێ نەهێشت کەلاپەڕەکانی دیرۆک بتوانن بەشانازییەوە شتێکی لێ بگێڕنەوە کەچی عەقڵی ئیسلام و موسوڵمانان، ئەو هەموو ستەم و تاوان و وێرانکاریی و تاریکییە نابینن و لەڕوئیاو خەون و خەیاڵی سەرخۆشانەو مەست و خوماری ئەفیونێکی سڕکەردا، هێشتا پێیانوایە، لەڕێگای شوێن پێڵاوی خەلیفەوە بەرەو باخی بەهەشت هەنگاودەنێن. لێرەدا هیچ سەرکۆنەی نەخوێندەوارێکی هەژارو بێئاگایەکی جاهیل لەدیرۆک ناکەین. بەڵام دەبێ چی بڵێین بە ئێلێتی ڕۆشنبیران و چرابەدەستانی بیرو مەعریفە. دەگوترێت شاعیران هەمیشە لەبەرەی گەلدان، کەچی ئەوەتا میری شاعیرانی عەرەب، ئەحمەد شەوقی، کە بنەچەشی دەگەڕێتەوە سەر کورد، لە قەسیدەیەکی (رپاو)ی چلوچوار بەیتیدا چ شینگێرییەک بۆ هێنانەخواری سولتان عەبدولحەمید لە عەرشی خەلافەت و کۆتاییهاتنی سەردەمی ڕەشی خەلافەت دەکات؟ و دەڵێت:
چجت علیک مێژن ومنابر وبکت علیک ممالک ونواح
الهند وێلهە مـێر حـزینە تبکی علیک بدمـع سـحاح
والشام تسأل والعراق وفارس امحا الخلافە من الأرچ ماح؟
واتا لەمنارەی مزگەوتان و لەشوێنی بانگدانەوە، لەهەرشوێن و مەملەکەتێک گریان و شینت بۆدەگێڕن. خەمباریی باڵی بەسەر هیندو خواوەندی میسردا کێشاوەو فرمێسکت بۆ دەڕێژن. و شام و عیراق و فارس دەپرسن ئایا بەڕاستی خەلافەت لەناوچوو، و سڕدرایەوە؟
خۆئەگەر چاو لەشەوقی بپۆشین و بڵێین نزیک بەسەدەیەک پێش ئێستا، بارودۆخێکی تر بووەو ناکرێ بەچاوی ئەمڕۆ بیری سەدەیەک پێش ئێستا بخوێنینەوە. بەڵام ئەدی چی بەشاعیرێکی هەست ناسکی وەک نزار قەبانی بڵێین کە لەسەردەمی درەوشانەوەی ئەستێرەی سەدام حوسێندا دێت و لاچاوی ئەو دیکتاتۆرە خوێنڕێژە ماچدەکات و بەدەنگی بڵند پێی دەڵێت: بۆنی عومەر کوڕی خەتابت لێدەکەم. (بڕوانە: شاکر النابلسی- أسئلە الحمقی فی السیاسە والأسلام السیاسیی- المٶسسە العربیە للدراسات والنشر. ێ٧٦)
ئیتر ئەگەر عومەری ناسراو بە دادپەروەر، وەک سەدام حوسێن بێت و یان سەدام وەکو ئەو بێت ئایا پێویست دەکات ئیتر، لەدیرۆکدا بۆ خەسڵەتی خەلیفەکان بگەڕێین..؟
عومەری کوڕی خەتاب کە بەلای سوننەوە دادپەروەرترین فەرمانداری دیرۆکە. بەلای شیعەکانەوە زەوتکەری خەلافەتەو ڕۆژی هەزار لەعنەتی بۆ دەنێرن و هەر بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەم حەزرەتە، لەژیانیدا نۆ ژنی هێناوە، یەک لەوانە ئوم کەلسومی کچی عەلی کوڕی ئەبوتالیب بووە. کە کاتی شووکردنی تەمەنی تەنیا ١٠ساڵ بووە.(بڕوانە:ابن قدامە-المغنی- المجلد الپامن ێ٦٨)و ئەم دادپەروەرترین خەلیفەیە کوڕەکەشی خاوەنی هەزار کۆیلەبووە (بڕوانە: المحب الگبری.الریاچ النچرە فی مناقب العشرە. ێ٤٦٧)
موسوڵمانان بەردەوام لەهەوڵی ژیاندنەوەی سەرلەنوێی حوکمی خەلافەتەدابوون و ئەوەی لەبەردەم سەرکەوتنی ئەم کارەدا ڕێگربووە، پتر نەبوونی یەکییەتیی و ڕێکخستنێک کە بیروباوەڕەکان فۆرمۆلەبکات و لە گۆڕەپانی واقیعدا هەبوونی بسەلمێنێت.
تەنانەت شێخەکانی ئەزهەر لە هەوڵدانێکی منداڵانەو کاڵفامانەدا دوای کۆتاییهاتنی خەلافەتی عوسمانی ویستییان مەلیک فوئاد بکەن بە خەلیفەی موسوڵمانان و کاتێک ئەمە سەری نەگرت، ڕێکخراوی ئیخوانوالمسلمون ساڵی ١٩٢٨ لەسەردەستی حەسەن ئەلبەنا لەمیسر هاتەکایەوەو بیروباوەڕیی ئەم ڕێکخراوە ئیسلامییە کە ئەمڕۆ لەپتر لە ٧٢ وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی و نائیسلامی خاوەن ڕێکخستنە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بیروباوەڕەکانی دعشدا نییەو یەک لەڕێبەرانی ئەوحزبە سەید قوتبە (سیدقگب)(١٩٠٦-١٩٦٦). کەدەیگوت لەبەر ئەوەی شەریعەتی ئیسلام لەجیهاندا پەیڕەو ناکرێت جیهان لەسەردەمی جاهلیەت دایە.
بەگشتیی وهەرلەسەرەتای پەیدابوونی ئیسلامەوە، جیهانی ئیسلام هێشتا سەدەیەک نابێت کەبێ حوکمی خەلافەتە. و بانگاشەو ئارەزوو، و کارکردن بۆ ژیاندنەوەی خەلافەت، تەنیا تایبەت بەگروپە تووندڕەو، وتێرۆریستەکان نییەو هەرچی جیهانی ئیسلامە بەجدی کار بۆ بەدیهێنانی ئەم ئارەزووە دەکەن. وجیاوازییەکەش لەنێوان توندڕەویی و میانەڕەویدا تەنیا میکانیزمی بەددیهێنانی خەلافەتە، نەک لەخودی حوکمی خەلافەتدا کەهەموو بەپێی یەک بنەما کە قورئان و حەدیس و شەریعەتی ئیسلامە، پەیڕەوی دەکەن. و بەواتایەکی زۆر ڕوونتر ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕێکخراوە تووندڕەوەکانی وەک تالیبان، ئەلقاعیدە، بۆکۆحەرام، شەبابولموجاهیدین، ئەنسارولشەریعە، جەیشولرەب، گروپی ئەبوسەیاف و بەداعشیشەوە هەموو کردارو گوفتارێکییان هەیە کە بەدرێژایی سەدە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسلام پەیڕەوکراوەو ئەوەی ئەمڕۆ بۆ گەلێکان بە نامۆو نامرۆڤانەو نائیسلامیانە ناودەبرێت، لەبەر ئەوە نییە کە ئەو گروپانە لە توندڕەویی و دڕەندەیی و وێرانکارییدا کارێک دەکەن کەنەکراوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئەمڕۆ سەردەم و قۆناغێکی ترە. و ئەگەر کەسێک پێی وابێت ئەم گروپانە پێچەوانەی ئیسلامی ڕاستەقینەن، هیچ شتێک لە ئیسلامی ڕاستەقینە نازانێت و ئیسلام کتومت ئەمەیەو هەمیشەش هەرئاوابووە.
ناکرێ پێمانوابێ چەتەکانی سەردەمی ئەسحابان لەگەڵ ئەمانەی داعشدا جیاوازن. نەخێر هەموو میوەی ڕزیوی یەک درەختن.
فەرموو ئەوەتا ئیمامێکی دڵنەرمی موسوڵمان، و بیرمەندی هەرەناسراوی ئەم سەردەمەی ئیخوانولمسلمین یوسف قەرەزاوی کەخۆی و گەلێکانیش بەلوتکەی دینداریی و خواپەرستی و جێنشینی پەیامبەریی دەزانن، دێت و لە پرسەی لەسێدارەدانی سەدام حوسێن ولە نوێژی هەینیدا هاواردەکات: ئەو پیاوە جوامێرو نەترس و خاوەن شکۆیە، لەکاتێکدا کەجەلادەکانی سەری خۆیان داپۆشیبوو، ئەو وەک چیایەکی بڵند ڕەتی کردەوە چاوی ببەسترێت و هاواری کرد اشهد ان لا الە الا اللە واشهد ان محمدا رسول اللە و چوە بەهەشت...! ئەمنیش دەڵێم پیرۆزتان بێت ئیمامی بەڕێزو دیندار ئەم بەهەشتە پیرۆزە لەخۆت و سەدام و گشت موریدەکانتان و هەزار نەفرەت لەبەهەشتێکی ئاواو هەزار سڵاو لەدۆزەخێک کە پاشەڵی پیسی ئێوەی قبوڵ نەبێت.
ئەم زاتە موسوڵمانە بەمەشەوە ڕانەوەستاو ماوەیەک پێش دیتمان چۆن داخی دڵی ڕەشی پڕ لەقینی بەسەر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا خاڵی کردو جارێکی تر پەرەدەی لەسەر ماهییەتی خۆی و دەیان ملیۆن مرۆڤی کەڕوکورێرو مێشک کرمۆڵی ئێستاو دیرۆکە پڕ شەرمەزارییەکەیانی هەڵدایەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات درێژکراوەی دیرۆکێکی ١٤٠٠ساڵەیەو هەوڵێکە وەک چەندان هەوڵی تر بۆ گێڕانەوەی خەلافەت. هەروەک بیرمەندێکی عەرەب دەڵێت: جیهانی عەرەب، نیوسەدەیە خۆی ئامادەدەکات تا بەم ڕۆژە بگات(شاکر النابلسی- أسئلە الحمقی فی السیاسە والأسلام السیاسیی- المٶسسە العربیە للدراسات والنشر ێ٥٤).
ئەوەی بیرمەندو تاریکبینانی توندڕەو، و میانەڕەوی ئیسلامی سیاسیی لەیەکتر جیادەکاتەوە، تەنیا وێران و نەوێرانە، نەک شتێکی تر.
ڕۆژنامەوانی نەژادپەرستی فەلەستینی، عەبدولباری عەتوان، لەبیرەوەریی دیدارێکی خۆی لەگەڵ ئوسامە بن لادندا بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە دەدوێت و دەڵێت: (شێخ ئوسامە بن لادن لوتکەی ئەدەب و ئەخلاق بوو، سوبحان اللە کاتێک لەگەڵتدا دەدوا بە ئاستەم گوێت لەدەنگی دەبوو، و لەماوەی سێ ڕۆژدا کە لەتۆرابۆرا لەگەڵیدا بووم ئەو هەرتەنیا نان و پەتاتەی دەخوارد.)
ئوسامە بن لادن ئەو گەورەتاوانبارەی دیرۆک، کە فتوای بۆ چەکدارانی دڕندەی ئەلقاعیدە دەرکردبوو، کە تادەتوانن بێ جیاوازی مرۆڤ بکوژن و وێرانی بنێنەوە، و پاشان خواوەند بۆخۆی گوناهبارو بێگوناهان لەڕۆژی حەشر لێک جیادەکاتەوە، ببێتە لوتکەی ئەدەب و ئەخلاق، و سەدام حوسێنێک کە بەچاوی خۆمان تاوانەکانیمان دیتووە ئێستا میوانی هەرەبەڕێزی بەهەشت بێت، بزانە چەندە ئاسانە هەروا بەهەوای شان خەرمانەی نور لەدەوری ئەوخەلیفانەی لەڕابردووی ئێمەدا ژیاون بکێشنەوە.
دیرۆکی خەلافەتی ئیسلامی لەسەرەتاوە تاکۆتایی بریتییە لەدەستدرێژی بۆسەر خاکی وڵاتان و داگیرکردنیان بێ ئەوەی ئەو وڵاتانە دوژمنایەتیەکیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی ئەوکاتەدا هەبووبێت و بەکۆیلەکردنی ژن و کڕینوفرۆشتنی وەک هەرکاڵایک کاکڵی فەرهەنگی ئیسلامە. وبەتێکستی قورئان پشتیوانی لێوەکراوە. ئەبوبەکر بەغدادی بەستەزمانیش هەر ئەمەدەکات و ئیتر چما سەرکۆنەی بکەین..؟
هارون ئەلڕەشید ، کە یەکێک لەباشترین خەلیفەکان لەڕووی دادپەروەریی، ڕێزگرتن لەئەدەب و هونەر، و زانستپەروەریی بوو، و لەڕووی خواناسیی و دینداریشەوە دەگوترێت ڕۆژانە سەد نوێژی کردووە، کەچی پتر لە دووهەزار کەنیزی لە تەلاری خۆیدا خڕکردبۆوە.(سعید ابو العینین. حکایات الجواری فی قێور الخلافە. دار اخبار الیون. القاهرە ١٩٩٨ ێ٢٠)
ئیبن ئەسیر دەگێڕێتەوە کە موسا کوڕی نەسیر، کاتێک ساڵی(٩١ی کۆچی) سەردەمی خەلیفە وەلید کوڕی عبدولەلیک، مەغریبی داگیرکرد، و کاتێک گەڕایەوە دیمەشق ٣٠هەزار ژن و کچی بەدیلگیراوی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو.(سعید ابو العینین. حکایات الجواری فی قێور الخلافە. دار اخبار الیون. القاهرە ١٩٩٨ ێ٢٧)
حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی کاتێ لەلایەن عەبدولمەلیک کوڕی مەڕوانەوە کرا بەوالی عراق لە وتارێکی دا بۆ خەڵکی عیراق دەڵێت؛ من ئەوسەرانە دەبینم کەوەک میوەی پێگەیشتوو دەبی لێبکرێنەوە. من هێندەتان لەسەرد دەدەم تا فێری ملکەچی بن. (ویکیپیدیا)

خەلیفەکانی ئیسلام هێندە دڵڕەق و پاشڤەڕۆو دژە مرۆڤایەتی بوون کە دڵیان بەمەندە ئاوای نەدەخواردەوە پیاو بەکۆیلەبکەن بەڵکو دەشیانخەساندن. ئەوانەش کەتاوانی نێوخۆییان پێ ئەنجام دەدان بۆ ئاشکرانەکردنی تاوانکارانی ڕاستەقینە، زمانیان لەبیخەوە دەبڕدراو گوێچکەیان کەڕدەکرا. دڕندەیی خەلیفکانی ئیسلام هەربە دوژمنان و ڕکەبەرانیان سنووردار نەبوو، بەڵکو کەمیان تێدا دەبینینەوە دەستی بەخوێنی برا، کوڕ، باب، و بەگشتی ماڵبات و کەسوکاری خۆی سوور نەبێت. و سولتان محەمەدی سێیەم فەرمانی خنکاندنی ١٩ برای خۆی کە گەورەکەیان تەمەنی اا ساڵ بوو، دەرکردو لەتەنیشت ژوورەکەی خۆیدا ئەم فەرمانە جێبەجێکرا.(نویل باربر. فرمانروایان شاخ زرین. ، انتشارات قگرە. ێ٦٣)
سوڵتان سلێمانی قانوونی کە بە دادپەروەرترین ومەزنترین خەلیفەی عوسمانی دەزانرێت و نازناوی (ئەمیرالمٶمنین) ی پێ بەخشرابوو، کوڕەگەورەی خۆی بەناوی مستەفا تەنیا لەبەرخاتری زڕدایکەکەی واتا ژنێکی تری سوڵتان، بەدستی خۆی دەکوژێت. (نویل باربر. فرمانروایان شاخ زرین. ، انتشارات قگرە. ێ٤٣)
سولتان مورادی چوارەم بەناوی دەادپەروەرییەوە تەنیا لەساڵێکدا ٢٥ هەزار خەڵکی بیتاوانی لەسێدارەدان و هەندێکانیشی بەدستی خۆی سەربڕین. کاتێکیش بەغدای داگیرکرد لەتۆڵەی ئەوەی ئەنبارێکی باروت بەڕێکەوت تەقیبۆوەو چەند سەربازی تورک کوژرابوون، ٣٠هەزار خەڵکی بێتاوان و بێچەک بەژن و منداڵەوە بەدڕندانەترین شێواز لەناوبران. (فرمان رویان شاخ زرین. نویل باربر، انتشارات قگرە. ێ٧٤)
دیرۆکی ئیسلام نەک هەر خەلیفەی دڕندەو خوێنڕێژی بەخۆیەوە دیتوە، بەڵکو چەندانی تری شێت و ماخۆلیا. یەک لەمانە سوڵتان عەبدولعەزیز، کە ٩٦ەمین خەلیفەی موسوڵمانان بوو، لەبەر ئەوەی بۆخۆی ناوی عەزیز بوو بڕیایدا لەتەواوی دامەدەزگادەوڵەتییەکانیدا هەرکەس ناوی عەزیز بێت بەپەلە ناوی خۆی بگۆڕێت.
ئەمانە هەموو، دڵۆپێکن لەدەریای تاوانی خەلیفەکانی ئیسلام .
سیستەمی حوکمی خەلافەت کە لە ڕواڵەتدا نەماوە لە واقیعدا لەتەواوی وڵاتانی ئیسلامیداو لەوانەی شەریعەتی ئیسلامی تێدا وەک سەرچاوەی شەرع و یاسا پەسەندکراوە بەکۆماریی و پادشاییەوە بە هەموو خەسڵەتەکانییەوە پەیڕەودەکرێت.
سیستەمی خەلافەت بەباش و خراپییەوە سیستەمێکی ماڵباتیی، زاڵم، زۆردار، خەلیفەی موسوڵمانان لەوێدا سێبەری خواوەند بووە لەسەر زەوی و هەرچی موڵک و ماڵ و سامانی قەڵەمڕەوی خەلافەتە هی خودی خەلیفەبووەو ژیان و مەرگی خەڵک پتر لەوەی بەدەست خواوەند بووبێت بەدەستی خەلیفە بووەو، وهەرکەس خوازیاریی گەڕانەوەی حوکمی خەلافەت بێت، خوازیاری دووبارەبوونەوەی کوشتاری سەدان هەزار مرۆڤی بێتاوان و کۆمەڵکوژییەکانی کوردو ئەرمەنی و یۆنانیی... هتد بەدەستی خەلیفەکانی عوسمانیی و گێڕانەوەی دیرۆک بۆسەردەمە هەرە تاریک و ڕەشەکانییەتی.
مەترسی داعش و دەوڵەتی ئیسلامی و حوکمی خەلافەت و شتی تری لەم بابەتە لەخودی ئەم ڕێکخراوانەوە پەیدا نابن بەڵکو لەو ئامادەییەی لەناو خودی کۆمەڵگا ئیسلامیەکان بە کۆمەڵگای خۆشمانەوە بۆ قبوڵکردنی ئەم شێوازی حوکم و بیروباوەڕانەدایە.
ئایا جیاوازییەک لە نێوان بیروباوەڕەکانی ئوسامە بن لادن، یان ئەبوبەکر بەغدادی لەگەڵ بیروباوەڕی یوسف القەرەزاویدا هەیە..؟ کەچی دەبینی زانایەکی موسوڵمانی کوردزمانیش کە بەڕێز عەلی قەرەداغییە و لەکوردستان بەڕانکوچۆغەو جامانەوە خۆی نیشانماندەدات پێوایە کە لەدستی ڕاستی قەرەزاویەوە دادەنیشێت شانازییەکی گەورەی بە نسیب بووەو نازانی دوولاقی ئەویش هەر لەو زەلکاوەدایە.
لەم مامۆستا بەڕێزە دەپرسم، جیاوازیی لەنێوان سەدام حوسێن و ئەبوبەکر بەغدادیدا چییە؟ ئایا دەکرێت کەسێک لایەنگیری سەدام بێت و فرمێسکی بۆهەڵڕێژێت، بەڵام دژی داعش بێت؟
داعش تەنیا روویەکی گرژوومۆن و ڕیشێکی چڵکن نییە. داعشبوون لەبەرکردنی جلێکی ئەفغانیی و بەرزکردنەوەی ئاڵایەکی ڕەش نییە، داعش بیروباوەڕە. بیروباوەڕێک کەلە هەزاران و دەیان هەزار ماڵی ئەم کوردستانەدایە. داعشبوون تەنیا هەڵگرتنی تفەنگێک و کوشتاری بێگوناهان نییە، داعشبوون تەنیا وێرانکاریی و خاپوورکردنی شاروگوندەکان نییە. داعشبوون مێشکێکی کرمۆڵی جاهیل و خورافاتییە. کە تاڵان وبڕۆ، کوشتاری بێگوناهان، بەدیلگرتن و بەکەنیزەکگرتی دەیان هەزار ژن کەلاپەڕە ڕەشەکانی دیرۆکی ئیسلامی پێ ڕازاوەتەوە بە فەتح و غەزاو جیهادی پیرۆز ناودەبات... داعش لەتەنیشتمانە، داعش لەسەر مێزی نانخواردن و کورسی چایخانەکان و ڕیزی نوێژکارانی مزگەوت و سەرجادەو کۆڵانەکانماندایە.
دەزانم کەهەرگیز ئەو ڕۆژەنایەت کە داعش جڵەوی حوکم و کار لەکوردستاندا بگرێتە دەست. لەگەڵ ئەودەا کەسەرشۆڕو خائین گەلێکن بەڵام ئەم خاکە ئەوەندشی ڕۆڵەی بەئەمەک بەرهەمهێناوە کە نەهێڵێن وەهاڕۆژێک بچێتە ناو دیرۆکی جیهانەوە بەڵام ئەگەر دووربێت، وەها ڕۆژێکی ڕەش هاتبایە ئەوجار دەماندیت چۆن پارتە ئیسلامییەکان و زۆربەی مەندیل بەسەران و حیجابپۆشان و بانگخوازانی جاهیل... پێشبڕکێیان بۆ زیارەتی خەلیفەی سەدودووەمینی موسوڵمانانی جیهان ئەبوبەکربەغدادی دەکردو لکی دەرپێ میزاویەکەیان وەک موتفەرک لەسەر چاوان دادەنا.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە