ئێمه‌ له‌ به‌رده‌می شۆڕشێکدا وه‌ستاوین خۆتانی لێ مه‌دزنه‌وه‌!

Monday, 22/09/2014, 12:00

3427 بینراوە


پێش ئه‌وه‌ی چه‌قۆ بگاته‌ سه‌ر ملت
پێش ئه‌وه‌ی ژن، کچ و خوشکه‌کانتان بفرۆشن
پێش ئه‌وه‌ی سامان و ماڵت له‌ ده‌ست بچێت
پێش ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موو قوربانییه‌ک هیچت ده‌ست نه‌که‌وێته‌وه‌
به‌ ئه‌رکێکی بچوک به‌ر له‌ هه‌موو کاره‌ساته‌کان بگره‌:
شۆڕشێک له‌ خۆتدا بکه‌ با دنیاکەمان بگۆڕدرێت!
-----------------------------------------------------------------------
گه‌لێک له‌ سه‌ر بناغه‌ی دوو ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ده‌سته‌ڵاتێکی سیاسیی له‌ خۆی دروست ده‌کات. یه‌که‌م، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوژمنی ده‌ره‌وه‌ بیپارێزێت. دووه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ بیبات به‌ڕێووه‌. هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک ئه‌م دوو کاره‌کته‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌ی تیا نه‌بوو به‌ ده‌سته‌ڵاتێکی سیاسیی له‌قه‌ڵه‌م نادرێت و ره‌وایی حوکمکردنی نابێت. دەستەڵاتێکیش رەوایی سیاسیی نەما ئەرکێکی نیشتیمانیی هاوڵاتیانە لەسەر حوکم لایببەن.
ده‌سته‌ڵاتی کوردیی له‌ باشوردا گه‌لی کوردی له‌ دوژمنی ده‌ره‌وه‌ نه‌پاراستووه‌و کۆمه‌ڵگای کوردستانیشی نه‌بردووه‌ به‌ڕێووه‌، ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌. که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌م راستییانه‌شدا مرۆڤی کورد و کۆمه‌ڵگای کوردیی هه‌ڵوێستی لێ نه‌گرتووه‌. هۆی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ مرۆڤی کورد له‌ ئه‌نجامی ژێرکه‌وتنه‌کانیدا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌ ده‌ست داوه‌ سروشتییانه‌ بیر بکاته‌وه‌، بێ مه‌رج خۆی داوه‌ته‌ ده‌ست چه‌ند ده‌سته‌ڵاتدارێک که‌ نه‌ک کورد له‌ دوژمنی ده‌ره‌وه‌ ناپارێزن به‌ڵکو خۆیان بوون به‌ مه‌ترسیی له‌سه‌ر میلله‌ت و مرۆڤی کوردیش شێوه‌ی مه‌ڕی دووپێی وه‌رگرتووه‌. ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کی سروشتیی نییه‌.
پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا چۆن سروشتییانه‌ بیر بکه‌ینه‌وه؟ ئه‌و ئه‌قڵه‌ی که‌ شکسته‌کان پێیان داناوین چۆن په‌یدای بکه‌ینه‌وه‌؟
‌ئێمه‌ ناتوانین مێشکمان سروشتییانه‌ به‌کاربهێنین ئه‌گه‌ر شۆڕشێک نه‌که‌ین. که‌واته‌ کێشه‌که‌ شۆڕشه‌و هیچی تر.

شۆڕش
ئه‌رکی ئه‌مڕۆمان ئازادکردنی مێشکه‌ له‌و هه‌موو کۆدو له‌مپه‌رانه‌ی که‌ دوو فاکته‌ری سه‌ره‌کیی دروستی کردوون. یه‌که‌م، مێژوویه‌ک له‌ شکست که‌ ئێمه‌ی خستۆته‌ سه‌ر هێڵی بیرکردنه‌وه‌یه‌ک که‌ له‌ سروشتی کورده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌.
دووه‌م، باری ناهه‌مواری ئابوریی و سیاسیی ئه‌مڕۆمان که‌ مرۆڤ ناچار ده‌که‌ن له‌ پێناوی ژیان یان ده‌ستکه‌وتدا دژی سروشتی خۆی کار بکات و ببێت به‌ کۆیله‌ی ماڵی خۆی. ئه‌م ئازادکردنه‌ش به‌ شۆڕش نه‌بێت ناکرێت. بۆ ئه‌م شۆڕشه‌ش پێویسته‌ بپرسین:
١.مەیدانی شۆڕش کوێیە؟ ٢.به‌ چ شتێک شۆڕش بکه‌ین؟ ٣.کێ ئه‌م شۆڕشه‌ بکات؟ ٤.چۆن ئەم شۆڕشە دەکرێت؟

١. مه‌یدانی شۆڕش خۆتی
ئه‌م شۆڕشه‌ هه‌ر یه‌که‌ ئه‌بێت له‌ خودی خۆیدا بیکات. به‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ هه‌ر که‌س نییه‌تی ئه‌وه‌ بهێنێت مه‌یل و ئاماده‌یی له‌ خۆیدا دروست بکات بۆ ئه‌وه‌ی که‌ موراڵ غەریزەو نه‌ریت رێکبخات نەک ئه‌وان بەسەر موراڵدا زاڵ ببن. (موراڵ چییه‌، لە خوارەوە رونی دەکەینەوە.)
ده‌ستپێکی دنیا گۆڕیین ئاماده‌بوونه‌ بۆ خۆگۆڕیین. مرۆڤ وای ببینێت کە خۆگۆڕین پێشکەوتن و تواناسازییە نەک روخان و خۆلەکیسچوون. بە ئاگا بێت لەوەی کە گۆڕینی ئەو دنیایەی ئەو تێی کەوتووە بە گۆڕینی خودی خۆی دەکرێت. ئەو گەلەی کە توانای گۆڕینی نییە ئەو گەلەیە کە مرۆڤەکانی ناتوانن خۆیان بگۆڕن. چونکە توانای گۆڕین لە گەلێکدا ئەنجامی ویستی ئەندامەکانێتی بۆ ئەوەی خۆیان بگۆڕن. ورد ببەرەوە مرۆڤی کورد بەگشتیی چۆن لە ئاستی گرفتەکاندا رێگاکانی ملکەچیی دەدۆزێتەوە. بۆ نموونە، کاتێک رۆژی سەعاتێک کارەبا هەبوو مرۆڤی کورد پەنای دەبرد بۆ موەلیدە. کە ماڵەکان بێ ئاو بوون کەوتنە هەڵکەندنی بیر. لە کەمیی بەنزیندا سایەق بە سەدان تا بەیانی سەرەیان بۆ بەنزین دەگرت. لە نەبوونی بینادا دوو تا سێ قوتابخانە لە یەک بینادا دەوام دەکەن. کاتێک بێ ئاویی و بێ کارەبایی بازاڕ بۆ شوقە پەیدا دەکەن، مرۆڤی کورد واز لە خانوەکانیان دەهێنن بەرەو ئەو شوقانەی کە کۆمپانیای دەستەڵاتدارەکان دروستیان دەکەن. لە کۆمەڵگایەکی بێ کۆنتراکتدا کە هاوڵاتی تیایدا بەندە بە بڕیاری دەستەڵاتەوە مرۆڤ مافی چاوەڕوانییەکی تری نییە لە دەستەڵات. بەو جۆرە بیر ناکاته‌وه‌ کە ئەرکی حکومەتە پێویستییە گشتییەکان جێبەجێ بکات. کاتێک دەستەڵاتداران موڵکی گشتییان بردووه‌ بۆ خۆیان، کۆمپانیاو دەستەڵاتیان تێکەڵاو کردووه‌، پارەی بانکەکانیان بەکار بردووە، مرۆڤی کورد بە هیوایە هەر ئه‌وه‌ی سیستێمی پیسخۆریی دامه‌زراندووه‌ به‌رنامه‌ی چاکسازیی دژی خۆی جێبه‌جێ بکات. مرۆڤی کورد بەتاڵە لەو موراڵەی کە دیاری دەکات دەستەڵاتی سیاسیی و حکومەت نابێت ئاوابن. ئیتر دەستەڵات چ هۆیەک هەیە کە بەردەوام نەبێت لەسەر رەفتاری خۆی؟ ئیتر کۆمەڵگا بە چ شتێک هەڵوێست بگرێت؟
خەڵک چ ئەرکێکی دانابێت بۆ دەستەڵات دەستەڵاتیش بە گوێرەی ئەوە لەگەڵ خەڵکدا دەجوڵێتەوە. کۆمەڵگا لە حاڵەتی ئاساییدا لەسەر بناغەی کۆنتراکتێک دادەمەزرێت. گەلێک هیچ مەرجێکی لەسەر دەستەڵات دانەنابێت مانای وایە هەموو مافێکی لە خۆی سەندۆتەوەو خستویەتە دەستی دەستەڵاتی باڵاوە. دەستەڵاتی باڵا بڕیار ئەدات کامە راستە یان هەڵە، چی خراپە یان باش. سەرچاوەی موراڵ دەستەڵاتی باڵایە. کەواتە، دەستەڵاتی باڵا پرەنسیپە موراڵییەکان نایگرێتەوە. ئەو خۆی پێوەرە. راست و چاک ئەو کردەوانەن کە دەستەڵاتی رەها بڕیاریان لەسەر ئەدات. بۆیە مرۆڤی کۆیلە پێویستی بە زانیاریی نییە بۆ ئەوەی بزانێت چی بکات یان چۆن لە دنیا تێ بگات. ئەو سەری خۆی بۆ دەستەڵاتی باڵا هەڵگرتووە پڕی بکاتەوە. چونکە پەیوەندیی کۆیلەدار و کۆیلە پەیوەندیی رێکەوتن و بەڕێوەبردن نییە. بەڵکو پەیوەندیی ملکەچیی و گوێڕایەڵییە. ئەگینا سزایە لە جیاتی. کاتێک پارتی رۆژی ٣١ی ئاب سوپای عێراقی هێنایەوە بۆ کوردستان، مەسعود بارزانی بڕیاری دا کە: "ئه‌و شه‌ڕه‌ شه‌ڕی ئیمان و بێ ئیمانیی بوو، شه‌ڕی ئه‌خلاق و بێ ئه‌خلاقیی بوو. شه‌ڕی کوردایه‌تیی و جاشایه‌تیی بوو." پارتی بە ٣١ی ئاب بەهێزتر بوو. چونکە لە ملکەچکردنی خەڵکدا هەنگاوێکی تر زیاتر چووە پێشەوە. ئێستا سەرۆکی پارتی سەرۆکی هەرێمە کە پایەکانی هەموو ئەو پارتانەن کە بەشدارن لە پەڕلەمان و حکومەتی هەرێمدا.
کێشەکە لەوە دەچێت سەرت شۆڕ بکەیتەوە بۆ ئاوێک و خۆتی تیا ببینیت. ئەوەی دەستەڵاتێک لەگەڵ گەلێکیدا دەکات، راستیی ئەو گەلەیە کە لە دەستەڵاتەکەیدا دەریدەخات. بۆیه‌ کاتێک کە تۆ خۆت ئەگۆڕیت واتە ئەوە خەریکی ئەو دنیایە ئەگۆڕیت کە لە پەیوەندیی نێوانی تۆی کۆیلەو دەستەڵاتی رەهادا دروست بووە.
نیووەی ئەوەی روو ئەدات لایەنی دووەم لێی بەرپرسیارە
ساڵی ١٩٩٨ گۆڤاری "کۆنتراکت" بە گەورەیی نوسی: "ده‌سته‌ڵاتێک رێزی نه‌بێت بۆ تۆ بێ رێزیی خۆته‌ وه‌ڵامت نه‌بێت بۆی." جەماوەر چ نرخێکی دابێت به‌ خۆی لای دەستەڵات، دەستەڵاتیش بایی ئه‌وه‌ ده‌یخوێنێته‌وه‌. کاتێک بە بەرچاومانەوە پیسخۆریی سیستێمی ئابوریی تێکدەدات، فەرمانبەر بێ موچە دەبێت، پێشمەرگە بە بێ موچەیی و پیتاک سوک دەکرێت، بازرگانیی نەوت کارەساتی شەنگال دروست دەکات، ئەمانە هەر ئەوە نین کە ژمارەیەک دەستەڵاتدار و بازرگان هەن لەسەر خوێن و چارەنوسی تۆ ئەژین، بەڵکو ئەوەشە کە تۆش مێژوویەکت لە بێڕێزیی و کۆیلەیەتیی قبوڵ کردووە، بێ مەرج خۆت خستۆتە دەستی دەستەڵاتەوە، هەموو جارێک ملکەچانە پەنجەتیان بۆ مۆر دەکەیتەوە و بە دەنگدان ده‌سته‌ڵاتداران رەواییت پێ ئەدەنەوە بە خۆیان. که‌واته‌ گۆڕینی سیستێمی حوکمداریی له‌ گۆڕینی تاکه‌ مرۆڤه‌کانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. کە ساڵی 1994 دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفال و رەو، شەڕی ناوخۆ دەستی پێ کردەوە، ژمارەیەک دەستەڵاتدار ترسیان لێ نیشت کە جەماوەر لێیان راپەڕێت. بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوت کە توانای ملکەچیی جەماوەر بەشی ئەم کارەساتەش دەکات ئیتر بێ باکانە بەردەوامییان دایەوە بە کورد کوشتن و بێڕێزیی.
ئەم تیورییه‌ی کە "گۆڕینی دنیا لە گۆڕینی خۆتەوە دەست پێ دەکات" لۆجیکییە سەیر بێتە بەرچاو. هۆی ئەمەش ئەوەیە کە مرۆڤی زەلیلکراو ئەو پرەنسیپەی تیا دروست بووە کە مافی لە خۆی سەندۆتەوەو داویەتە دەست ئەو دەستەڵاتەی ملکەچی کردووە. بۆیە بۆ گۆڕینیش هەمان کارەکتەر، کە لە ناو خۆیدا هەڵی گرتووە، بەکاردەهێنێت. بەم کارەکتەرەی مافی گۆڕانکاریی ئەنێت بە شاخی بەرانێکی ترەوە بۆ ئەوەی بەرانە کۆنەکەی بۆ بگۆڕێت. بەرانێک بە بەرانێکی تر ئەگۆڕێتەوەو لە ئەڵقەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە. ئەو گەلەش کە ئەم جۆرە مرۆڤانە دروستی دەکەن داگیرکەریک دەگۆڕنەوە بە داگیرکەرێکی تر.
مرۆڤی بەند هەمیشە گۆڕیین لە شوێنێکی ترەوە چاوەڕوان دەکات نەک لە خۆیەوە. لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش کولتوری ژێردەستیی گەلێکی دروست کردووە کە سیاسەتێکی بۆ خۆی نییە تا لەسەر قاچی خۆی پێی بووەستێت. شێخ سەعید حەفید وتەنی: "ئەوان بۆ خۆیان دەژین و ئێمەش بۆ ئەوان." ساڵی ١٩٢٢ ئینگلیز و عێراق مەلیک مەحمودیان لە هندستانەوە هێنایەوە بۆ ئەوەی تورکی لە رەواندز پێ دەربکەن. مەلیک داوای لە ئینگلیزو عێراق کرد کە رێکەوتنی مافی کورد مۆر بکەن ئنجا ئەویش شەڕی تورک دەکات. بەڵام ئەوان بە هیچ جۆرێک دانیان نەنا بە مافەکانی کورددا. مەلیک ئەو پرەنسیپە سیاسییەی داڕشت کە "خەڵک بەکوشتدان تەنها لە پێناوی بەرژەوەندیی گەلدا رەوایە." کەچی روناکبیرانی جاهیل بە ئەقڵی ژێردەستییەوە کە ئیرادەیان پێ نییە بۆ خۆیان، رەخنە لەوە دەگرن بۆچی مەلیک گوێڕایەڵی ئینگلیزەکان نەبووە. تا بە حسابی ئەوان ئینگلیز لە پاداشتدا دەوڵەتی بۆ دروست بکردایە. مرۆڤی کۆیلە چاوەڕێی بەزەیی و بەخشندەییە. لەسەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمیشدا کاتێک کۆماری مهاباد ساڵی ١٩٤٦ بەهۆی کشانەوەی سوپای یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ئێراندا روخا، روناکبیران رەخنە لە سۆڤییەت دەگرن بۆچی پشتی کردە کۆماری مهاباد. مرۆڤی بێ ئیرادە بە تەمایە هێزێک بێت بیپارێزێ و چاودێریی بکات. ساڵی ١٩٧٥ کە جوڵانەوەی کورد ئاشبەتاڵی پێ کرا ئێستاش کورد دەڵێن ئەمەریکا دەستی بڕین. بە بێ ئەوەی هیچ رێکەوتنێک لە نێوانی ئەمەریکاو دەستەڵاتی کورددا هەبووبێت. نەها دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم بێ مەرج خۆی خستۆتە دەستی تورکیاوەو سبەینێ کە تورکیا لەگەڵ عێراق رێکەوت دەڵێن تورکیا پشتی تێ کردین. خۆیان بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا هەڵدەواسن و بەتەمای پاداشتن. مرۆڤی کورد بە ئەقڵی ژێردەستییەوە چاوەڕێیە وڵاتێک بێت سیاسەت بۆ ئەم بکات و رزگاری بکات. بەڵام ئەو هێزە رزگارکەرە هەرگیز نایەت. ئەمە وەکو ئەوە وایە بەردێک بۆ بەردێکی تر بجوڵێتەوە. مرۆڤ و کۆمەڵگای تەسلیمبوو خۆیان ئەدەنە دەست هیواو ئاسان توشی هەڵەتێگەشتن ئەبن. نرخی ئەم بەتاڵییەش بە قەیران و کارەساتی گەورە وەردەگرنەوە. مرۆڤی بێ ماف، بەندو ملکەچ چ شتێکی وەرگرتۆتەوە لە پاداشتی ئەوەدا کە بێ مەرج خۆی خستۆتە دەستی دەستەڵاتەکەیەوە، ئەو گەلەش کە ئەو مرۆڤانە پێکی دەهێنن هەر هەمان نرخ و رێز لەو دەوڵەتانە وەردەگرنەوە کە بەبێ مەرج ئەبێت بە داردەستیان.
بێ مافیی مرۆڤ بێ بەش دەکات لەو هوشیارییەی کە مرۆڤ بە کۆڵدان و لەدەستدانی ئیرادە هەموو شتێکی لەدەست دەچێت. گەلێک بە کڕوزانەوەو پاداشت ئازاد نابێت. گەلێک ئەبێت ئیرادەی ئەوەی هەبێت خۆی فەرز بکات. لە ستۆکهۆڵم وڵاتانی جیهان ساڵێک یادی لەناوبردنی جولەکەکانیان کردووە. نوێنەری جولەکەکان دایەوە بە رووی وڵاتاندا کە بۆ ئەو کاتەی لەناو دەبران ئەو وڵاتانە دەنگیان لێوە نەهات، ئێستا کە ئەمان خۆیان سەرکەوتوون وا یادی کارەساتەکەی ئەمان لای ئەوانیش گەورە بوون؟
گەلێک چاوەڕێی بەزەیی و پاداشت بێت لە تەنەکەی خۆڵدا خۆی ئەبینێتەوە.
مرۆڤی کۆمەڵگای ئێمە دەیەوێت بە ملکەچیی و بە کۆیلەیەتیی سواڵی ئازادیی بکات. بەڵام سەندنەوەی ماف لە خودی خۆت و داماڵینی خۆت لە بەرپرسیاریی بەرامبەر بە کێشەی سیاسیی جەوهەری نەهامەتیی و هۆکاریی سەرەکیی ژێرکەوتنە. کۆیلە ئەتوانێت راپەڕێت، بەڵام کۆیلە هەرگیز ناتوانێت ئازاد بێت. ئه‌وه‌ی مرۆڤ ملی له‌ پێناودا که‌چ ئه‌کات له‌ کیسی نه‌چێت له‌وێدا له‌ کیسی ئه‌چێت که‌ ملی خۆی لە پێناودا کەچ دەکات. ئەو دەستەڵاتدارەی کە هەموو مافی خەڵکی لە دەستدا کۆ بووبێتەوەو بەرپرسیاریی هەموو گەلی لەسەر شان بێت هیچ هۆیەکی بە دەستەوە نییە کە چارەنوسی گەل و نیشتیمان لە دەرەوەی مەزاج و بەرژەوەندیی خۆی ببینێت. ئەو کاتە کێشەی گەل مساوی دەبێت بە ئەو. گەلێکیش بەم شێوەیە خۆی رێک بخات مەحاڵە بە هیچ بگات لە دەرەوەی ئەو. 
لە پرۆسەی دروستبوونی دیکتاتۆردا گەلیش دەچێتە ئاستی رانە مەڕەوە. ئەو سەرکردانەی کە خەباتیان کردووە بۆ رزگاریی و بۆ سەرکەوتن هەمیشە پێویستیان بە گەلێکی وشیار بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەو دەستەڵاتدارانەش کە بازرگانیان بە گەلەوە کردووە هەمیشە برەویان داوە بە جەهل و مرۆڤی لاوازو پیسخۆر.
ساڵی ١٩٧٥ جوڵانەوەیەکی ١٤ ساڵیی بە بڕیارێکی مەلا مستەفا لە یەک حەفتەدا توایەوە. جەماوەر لەو سەرەوە هاتەوەو وتیان مەلا مستەفا ئاشبەتاڵی کرد. جوڵانەوەکە هیچی خۆی پێ نەبوو بەردەوام بێت لەسەری. دەرکەوت کە هەموو بەرپرسیارییەکە لەسەر شانی سەرۆک بوو. لە راستییدا هۆکاری ئاشبەتاڵ ئەوەیە کە گەلێک ئەندامەکانی هەموو مافێکی بڕیاری خستبێتە دەستی یەک تاکە کەسەوە. جوڵانەوەیەک بتوانرێت ئاشبەتاڵی پێ بکرێت هەر بۆ ئاشبەتاڵ باشە، بۆ سەرکەوتن نابێت. کاتێک کە جەماوەر هەموو چاوەڕوانییەک لە دەستەڵات دەکات مانای وایە هەموو مافێکیشی لە خۆی سەندۆتەوە کە هەنگاوی سیاسیی پێ بنێت بۆ چارەسەری کێشەکانی. مرۆڤی بێ مافیش مرۆڤێکی ملکەچەو بەندە بە بڕیاری دەستەڵاتەوە. بۆیە ئەوانەی بەردەوام رەخنە لە پارتەکان دەگرن که‌ بۆچی سامانی وڵات ئەدزن، بۆچی لە جیاتی ئەوە سیاسەتێک داناڕێژن لە خزمەتی کۆمەڵدا بێت، لە راستییدا ئەوانە بێ توانایی و ملکەچیی خۆیان دەردەبڕن. چونکە دەستەڵات ناتوانێت شتێک بێت جیاواز لەوەی کە لە کرداردا پیشانی داوە. دەستەڵاتێک دز بێت ناتوانێت دەستپاک بێت. دەستەڵاتێک خراپی کردبێت ناتوانێت چاکی بکات. بەردێک بۆیە نوقوم ئەبێت چونکە ناکەوێتە سەر ئاو. کۆنتراکت زیاد لە ١٤ ساڵ لەمەوبەر نوسی: "پارتەکان ئەو قۆناغەیان بەجێ هێشتووە رەخنەیان لێ بگیرێت." ئەوەی کە جێگای رەخنەیە ئەو کەسانەن کە رەخنە دەگرن بۆچی مەڕ نافڕێت. هەتا بەم شێوەیە مێشکمان بەکاربهێنین مانای وایە لە دەرەوەی پارتەکان هیچ توانایەکی تر نییە بۆ دروستکردنی دنیایەکی تر. ئەو دنیایەی کە تۆ ئەتەوێت لە کەسێکی تر چاوەڕوان ناکرێت کە خەریکی دنیایەکی تربێت. ئەوەی تۆ دەتەوێت ئەوەیە کە دەبێت خۆت بیکەیت. کۆمەڵێک بیەوێت بە دەستەڵاتێکی پیسخۆر گۆڕانکاریی بکات مانای وایە نایەوێت هیچ بگۆڕێت، ئەگینا خۆی ئەیگۆڕی. سپاردنی ئەو گۆڕانکارییەی کە تۆ پێت باشە بە یەکێکی تر نیشانەیە بۆ ئەوەی کە تۆ خۆت بەشێکی لەو دنیایەی کە باسە بگۆڕدرێت. چونکه‌ ئه‌و دنیایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌م جۆره‌یه‌ چونکه‌ مرۆڤه‌کانی به‌رپرسیارییان له‌ خۆیان سه‌ندۆته‌وه‌. کەواتە هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە تۆ خۆت چۆن بگۆڕدرێیت. چۆن ببیت بەوەی کە هەق و بەرپرسیاریی بدەیت بە خۆت بۆ بنیاتنانی ئەو کۆمه‌ڵگایه‌ی کە سروشتییە. کە ئەم گۆڕانکارییەت بەسەر خۆتدا هێنا مانای وایە ئەم دنیایەی ئێستات ئەو دنیایە نییە کە تۆ هەق و بەرپرسیارییت تیایدا نەبوو.
رەوشی سیاسیی ئەمڕۆی باشوری کوردستان قۆناغی رەخنەلێگرتنی لە مێژە بەجێ هێشتووە. رەخنە لەو چوارچێوەیەدا مانای هەیە کە ئەو بارە سیاسییەی بەرقەرارە جێگای رەزامەندییە و ئەتوانرێت زیاتر بۆ پێشەوە ببرێت. بەڵام رەخنەگرتن لە دەستەڵاتێک کە ئەو شتانەی دەیانکات نەیانکات و ئەو دنیایەی کە خۆی دروستی کردووە بیگۆڕێت، یەکەم تێنەگەشتنەو دووەم بەیانی بێ توانایی. لە راستییدا بەمە ناوترێت رەخنە، ئەمە شێوەیەکە لە بەندێتیی.
ژمارەیەک کارەکەیان بەوە بۆ خۆیان ئاسان کردووە کە هێرش بکەنە سەر پارتەکان و دەستەڵات. بەڵام ئەرکی نیشتیمانیی وشیارییەکی لەوە زیاتری دەوێت. ئەمە بیرکردنەوەیەکی سروشتیی نییە وا بیر بکرێتەوە ئەوەی ناپاکیی نیشتیمانیی دەکات با ئیتر کوردایەتی بکات، ئەوەی سامانی گەل ئەبات بۆ خۆی با لەمەودوا دەستی پاک بێت. بیرکردنەوەی "کۆنتراکت' لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە هەر دەستەڵاتێک ئەرکی خۆی نەبردە سەر پێویستە لاببرێت. ئەوانەی کە رەخنەو هێرشەکانیان بۆ سەر پارت و دەستەڵاتدارەکان لە سنوری ئەقڵ دەرچووە، بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ لە خزمەتی ئەوانەدان کە رەخنەیان لێ دەگرن. چونکە ئەو کاتە رەخنە ئەوە پیشان ئەدات کە هەموو ماف و بەرپرسیارییەک ئەوەتا لە دەستی چەند زۆردارێکدا. ئەو مەیلە لە ناو خەڵکدا دروست دەکەن کە بۆ باش یان خراپ، بۆ ئازادیی یان ژێردەستیی هەر ئەبێت پەنا بەرینەوە بەردەمی زۆردار. لە راستییدا هەتا چارەسەر بۆ خراپکەر بەجێ بهێڵرێت مانای وایە ویستێکی سیاسیی بوونی نییە بۆ گۆڕان. چارەسەر لە دەرەوەی پارتەکانە. ئەوانەی چارەسەر دەبەنەوە ساحەی ئەوان، سەرمان ئەخنەوە ژێر پێ. ئیتر بە هەر هۆیەکەوە بێت، بە مەبەست و فێڵ یان بە هۆی ملکەچیی و بێ تواناییەوە، لە ئەنجامدا یەک دەگرنەوە.
جەبەروتەکان ئەتوانن تۆ بشێوێنن بەڵام هەرگیز ناتوانن تۆ بگۆڕن، ئەمەیان هەر خۆت دەستت دەیگاتێ. دەستەڵات له‌به‌ر ئه‌وه‌ زەبرو ناچاریی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی مرۆڤەکە بشێوێنێت بە شێوەیەک کە بەکار بێت بۆ ئەرکێکی ناجۆر. مرۆڤ خۆی ناگۆڕێت بۆ ئەوەی بگونجێت بۆ جەلادیی. مرۆڤ دەستەڵاتێک دەیشێوێنێت بۆ کاری جەلادیی. ئافرەتێک خۆی ناگۆڕێت بۆ ئەوەی لەشی بفرۆشێت. ناچاریی دەیشێوێنێت بۆ ئەوەی بە لەشفرۆشیی پارە پەیدا بکات. هێزێکی دەرەکیی ئەتوانێت مرۆڤ بشێوێنێت، بەڵام ناتوانێت بیگۆڕێت. گۆڕان هەر بە مرۆڤەکە خۆی دەکرێت. ئایا چۆن بە گۆڕینی خۆمان دنیا دەگۆڕین؟

چۆن بیابان ئەبێت بە دەریا؟
بیابان بریتییە لە دەنکە لم. بیهێنەرە بەرچاوی خۆت هەر دەنکە لە ئاستی خۆی دەبێت بە تنۆکێک ئاو. ئەوسا بیابان دەبێت بە دەریا. دەنک نەبێت بە تنۆک، بیابان نابێت بە دەریا. کە دەنک بوو بە تنۆک مەحاڵە بیابان نەبێت بە دەریا. "گاندی" بە زەبری چەک و هێزی لەشکر ئینگلیزی لە هندستان دەرنەکرد. گاندی بە "هێزی رۆح" هندستانی رزگار کرد. هەر کەسە لای خۆیەوە بڕیاری دا کە داگیرکەری قبوڵ نییە. کۆبوونەوەی ئەم کەسانە وەکو کۆبوونەوەی تنۆکە ئاو گەلێکی قبوڵنەکەری پێک هێنا. ئێستا نموونەیەکتان بۆ دەهێنمەوە:
رۆژێک لای مزگەوتی گەورەوە کوێرێک بەسەر شۆستەکەدا دەڕۆشت. لە پڕ کەوت بەسەر عەرەبانەیەکی حەماڵییدا. کوێرەکە عەرەبانەکەی دایە بەر شەق و هاواری کرد: "سەگباب ئەمە رێگای خەڵکە!" من بۆم دەرکەوت کە ئەو پیاوە چاوی کوێرە بەڵام ئێمە رۆحمان کوێرە. گەشتمە ئەو بڕوایەی کە ئێمەی چاوساخی رۆح کوێر، رۆحی ساخی ئەو کوێرەمان پێویستە. ئەگەر هەر یەکە لای ئێمەوە رۆحی ئەو کوێرە قەرز بکات ئەبێت رۆژانە لە هەموو شتێکی خوار هاوار بکات. بەڵام ئێمە کە هەڵەیەک یان لادانێک دەبینین هەڵوێستیان لێ ناگرین. وردە وردە لەگەڵیان رادێین و ئەبن بە بەشێک لە دنیاکەمان. تا کار ئەگاتە ئەوەی کە ئیتر ئەوان ئێمە دەکەن بە بەشێک لە خۆیان و خوارمان دەکەن. پێوەرەکان هەڵدەگەڕێنەوەو دەبن بە کولتور. بۆیە گرنگە ئێمە بە ئاگابین لەوەی کە ئایا رەخنەکان رامان دەهێنن بە دنیای پیسخۆریی یان رێگامان پیشان ئەدەن بۆ چارەسەر؟ کوا ئه‌و ره‌خنانه‌ی که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یگرتن چییان لێ هات؟ چییان پێ دروست کرا؟ ئه‌و راستییانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خستنییه‌ روو زۆریان زیاد بوو له‌وه‌ی که‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی بازرگان ئه‌بێت به‌ندی به‌ندیخانه‌ بن. که‌چی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌و چالاکییانه‌ خزمەتی دەستەڵاتی پیسخۆری کرد. خۆشی لە بەرگی موعارەزەدا هاوپشک بوو له‌و ده‌سته‌ڵاته‌دا که‌ تاوانباری ده‌کرد. بە ئەقڵێکی ئاساییەوە زەحمەتە مرۆڤ تێگەشتنی هەبێت بۆ دەستەڵاتدارێک موڵکی گشتیی زەق لەبەر چاوی خەڵک ببات بۆ خۆی و پەیامی سیاسیشمان بۆ دەربکات. بەڵام ئەوەی گرانە تێی بگەیت ئاسان ئەتوانیت لەگەڵی رابێیت. رۆژانە هەر یەکێک لە ئێمە لەگەڵ نموونەی لەم جۆرەدا رادەهێنرێت و سەرئەنجام زەلیل دەکرێت.

ئەوەی گرانە تێی بگەیت ئاسان ئەتوانیت لەگەڵی رابێیت. جەوهەری ئەم راهاتنەش کۆڵدانە. ئێمە کۆڵمان داوە لەوەی کە قبوڵی نەکەین زۆردار حوکمان بکات. ئەو پەیامەش کە زۆردار بۆ ئێمەی دەردەکات وەکو بانگی کەڵەشێر وایە، وشەکانی هیچ ناڵێن، هەر چۆنێک بنوسرێت هەر دەخوات. مرۆڤی بەند بۆ ئەوە گوێ ناگرێت بزانێت قسەکان راستن یان هەڵە، باشن یان خراپ. ئەو مافی ئەوەی نییە. بەندە ئەرکی گوێڕایەڵیی بۆ بەندەدار لەسەرە. پەیامی زۆردار لەناو وشەو تێکستەکاندا نییە. لەوەدایە کە رایدەگەیەنێت ئەو خاوەنی بڕیارەو بۆ کوێی بوێت ئەمان بات. بۆیە دیکتاتۆر لە قسەدا دیموکرات، ئازادیخوازو شۆڕشگێڕە. بەندەش لە فیکەی خۆی تێ دەگات. چاوەڕێی دیموکراتیی لە "دیموکراتییەکەی" زۆردارەکەی ناکات. دەزانێت دیکتاتۆر رازی نابێت پێی نەوترێت دیموکرات و شۆڕشگێڕ. لەو ئازادییەی زۆردار باسی دەکات بەندە هیچ بە خۆی نادات، زیاتر ملی کەچ دەکات. پەیامی زۆردارێک بۆ هاوڵاتیان هەر ئەوە نییە کە رایدەگەیەنێت زۆردارێک حوکمیان دەکات. بەڵکو ئەوەشە کە مرۆڤەکانیش دەریدەخەن کە زۆردارییان قبوڵە. کەسەکان هەتا زۆردارییان قبوڵ بێت زۆرداریی هیچ هۆیەکی نابێت بگۆڕدرێت. چونکە زۆرداریی زۆردار لە ناو قبوڵکردنی زۆردارییدا چەسپیووە. بۆیە گۆڕینی زۆرداریی لە گۆڕانی مرۆڤەکانەوە دەست پێ دەکات کە قبوڵی زۆرداریی نەکەن. پیشانی بدەن نا ئەوان ئەو کەسانە نین کە ئاوا بە سوک تەماشا بکرێن. خاڵی قبوڵکردنی زۆرداریی خاڵی تەسلیمبوونە، ئەو کاتەی کە مرۆڤ ئیتر کۆڵ ئەدات.
کێشەکە لای "بزووتنەوەی کۆنتراکت" هەرگیز ئەوە نییە دەستەڵات چی بکات. ئەوان لەوە دەکەن کە کردویانە. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە تۆ خۆت چی دەکەیت. ئازاد و شۆڕشگێڕ یان بێ ماف و زەلیل، کامیان هەڵدەبژێریت؟ بوونی خۆت لە کامیاندا دەدۆزیتەوە؟ ئەتوانیت پەتلەمل بە هەلومەرجی یەکێکی تر بژیت یان ئەو مافە سروشتییە ئەدەیتەوە بە خۆت کە سەربەست و ئازاد بیت؟ 
ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە بۆ رۆژێک رۆحی ئەو کوێرە رۆح ساخە بخاتە خۆیەوە، بەیانی هەر کەسێک لە ئێمە کە لە ماڵەکەی دێتە دەرەوە لە دەنکە خۆڵێکەوە بووە بە دڵۆپە ئاو و لافاوێک هەڵدەستێت.
ئایا ئەم رۆحی قبوڵنەکردنە لە کوێوە بهێنین؟ چۆنی پەیدا بکەین؟ بە رەستەیەکی تر، شۆڕش بەچی بکەین؟
چاوه‌ڕێی وه‌ڵام به‌!

ناسر حەفید







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە