قورخکردنی دەسەڵات .. گەورەترین گەندەڵییە

Friday, 26/12/2014, 12:00

1706 بینراوە



قورخکردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و، دانانی کەسانی نابەڵەد و بێ توانا و نەشیاو، لە پۆست و پلە و پایەی باڵاو و شوێنی شیاوی دەسەڵات و حکوومەتدا، گەورەترین گەندەڵی و، پیسترین پەتا و، زەقترین زۆرداری و خۆسەپاندە لە دەسەڵاتدا، لەمانەش قێزەوەنتر، بەکارهێنانی هێز و زەبرە، بۆ درێژەدان بە مانەوە لە دەسەڵاتدا، ئەمەش پيشێلکردن و سۆکایەتی کردنە، بە پرنسیپەکانی ئازادی و دیموکراتی و، بە دادوەری و بە سەروەریی یاسا و، بە مافەکانی مرۆڤ .
لە ئەمڕۆدا، لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتدا ، بە کوردستانی ئێمەشەوە، لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقادا، نەک هەر پاشایەتی و میرایەتی میراتین، بەڵکو حوکمی کۆماریش بۆتە میراتی و، لە بنەماڵە و عەشیرەتدا قورخکراوە .. کوڕ جیگای باوک دەگرێتەوە، برا لە جێی برا دادەنرێ، برازا لە شوێنی مام، خزم لە شوێنی خزم، تیتک زا لە شوێنی پورزا، پیا بڕۆن تا دەگاتە دواکەسی بنەماڵە و عەشیرەت .. پوست و پلە و پایە باڵاکان، بە پێی نزیکی و دووری لە بنەماڵەوە، دابەش دەکرێن، دەستیش بەسەر سەرچاوەی گرنگی ئابووری و بەرهەمهێنادا دەگرن و، تەخشان و پەخشان بە پارەی گەلەکەمانەوە دەکەن .. کۆمپانییە گەورەکانیش لە ژێر دەسەڵات و چەتری ئەماندایە .. خزم خزمێنە و، مەحسووبەت و مەنسووبییەتە، بەرژەوەندی و گۆڕینەوەیە، لادان و شاردنەوەیە، بێ ئەوەی شەرم بکەن، بێ ئەوەی گوێ بە برسێتی و بێزاری و کوێڕەوەری و ژیانی کوللـەمەرگی رۆڵەکانی گەلەکەیان بدەن .. ئەوان ئەم پۆستە باڵایانە بە موڵکی تایبەتی خۆیانی دەزانن و قورخکردنیشیان هەر بە مافی خۆیانی دەزانن، لە خۆشیان زیاتر بڕوا و متمانەیان بە کەسانی دڵسۆز و لێهاتوو و پسپۆر و، بە خاوەن بڕوانامەی بەرز نییە، لە خۆشیان زیاتر کەس بە شیاوی ئەم پۆستانە نازانن .
ئەم پەتایە، نەک تەنها دووچاری دەسەڵات و فەرمانڕەوایی بووە، بەڵکو ئەم گەندەڵییە بۆتە درمێکی کوشندە و، زۆربەی حیزبە دەسەكاتدار و بێ دەسەڵاتەکانی باشووری کوردستان پێوەی مەفتەلابوونە .. پۆست و پایە و، ئەندامانی سەرکردایەتی باڵا و ، کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی و پەرپرسانی لیژنە و، لقەکانی شارەکان و قەزا و ناحییەکان و شارەدێیەکانیشی گرتۆتەوە .. پۆستە باڵاکان لە نێوان بنەماڵە و عەشیرەتدا، دابەش کراون، بێ ئەوەی حیساب بۆ توانا و پسپۆری و لێهاتوویی ئەو کەسانە بکەن .. ئیتر خزمێنە و باڵ باڵێنەوە و، بەخشین و وەرگرتنە .. کوڕەکەی تۆ با ئاغا بێ و، کوڕەکەی منیش کوێخا بێ .. ئەم گەندەڵییە شۆڕوبۆتەوە بۆ پۆستەکانی قوتابخانەکانیش، ئەگەر بەڕێوەبەری قوتابخانە پارتی بێ، دەبێ جێگرەکەی یەکێتی بێ، یا بە پێچەوانەوە، گوێش بە توانا و شارەزایی و ئەزموون و کەسایەتی ئەو مامۆستایانە نادەن، مادام سەر بە ئەوانن بێ کەموکوڕین و، هێچ مەرجێکیا ناوێ .. مامۆستایانی سەربەخۆی بێلایەنی حیزبیش، گەر خاوەنی بەرزترین بڕوانامە و، ئەوپەڕی شارەزایی و توانا و پسپوری و ئەزموونیان هەبێت، ئەوپەڕی دڵسۆزی پیشە و کارەکانیان ببن و، تا سەر ئێسقانیش کورد و کوردستان پەروەربن، لای ئەوان بێ توانانن و، بە شایانی پۆست و پایەی بەڕێوەبەر و جێگر و سەرپەرشتیاریان نازانن .. پلەیان لە لای ئەوان سفرە .. ئەم مەنسووبییەت و مەحسووبییەت و، باڵ باڵێنە و، بە بنەماڵەکردن و بی عەشیرەت کردن و، بە حیزبکردنی پوستەکانی فەرمانگاکان و قوتابخانەکان، زیانێکی زۆری بە خودی حیزبەکان خۆیان و بە بەرژەوەندی گەلەکەمان گەیاندوون و، هۆکارێکیشن بۆ ململانی و لاوازبوونی ئەو حیزبانە و، لە دەستانی بڕوا و متمانەی خەڵکیش پێیان . لە ئەمڕۆدا، کۆمەڵێک کەسانی هەلپەرست و خۆپەرست و بەرژەوەندی پەرست و کورسی پەرست هەن، بۆ دەسکەوت و بەرژەوەندی تایبەتیی خۆیان، خۆیان دەبەنە پێشەوە و، خۆیان بەم حیزبانەوە هەڵواسیون، مامە حەمەیی و، ماستاو بۆ ئەم ئەو دەکەن، دووروون و، کێ لە سەرەوەبێت بە شانا و باڵی ئەودا هەڵدەدەن .. ـ بە بێ ناوهێنان ـ مامۆستایەکی کورد لە کەرکوکدا، لە کاتی دەسەڵاتی بەعەسی شۆڤێنیدا، ببوو بە بەعسی، سیخوڕی و خراپەشی کردووە، بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە، ئەم زەلامە هەلپەرستە بوو بە ئەندامی حیزبێکی دەسەڵاتداری کوردی، ئيستا لە کەرکووکدا، کراوە بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی .. سووریش دەزانن کە پرۆفایلی پاک نییە .. بە پێچەوانەی ئەمیشەوە، ژمارەیەکی زۆری مامۆستای کوردی بێ لایەنمان هەن، خۆیان راگرت و، ئامادەبوون کە واز لە پیشەکەیان بهێنن و، ملکەچی بەعس نەبوون، بە داخەوە وەکو ئاگادارم، بەشێکی زۆری ئەم مامۆستا دڵسۆزانە، تەنها لەبەر ئەوەی کە نەچوونەتە نێو حیزبە کوردییەکانەوە، پشت گوێ خراون، کە لە ناویاندا مامۆستایی زۆر دڵسۆز و کورد و کوردستان پەروەر و، شارەزان و خاوەن ئەزموونی پەروەردەیی و بەڕێوەبردنن .. پێوەری دڵسۆزی و نا دڵسۆزی لای ئەم حیزبانە، نزیکی و دووری ئەو کەسانەیە، لە حیزبەکانیانەوە .. ئەگەر لایەنگریان بیت کەواتە دڵسۆزێ ..! بەڵام ئەگەر بێ لایەن بیت و لەگەڵیاندا نەبيت، یا لە حیزبێکی تر بيت ، بە دڵسۆزت نازانن .. ؟!
پەتای گەندەڵی و بە حیزبی کردن، کۆمەڵە کولتوورییە کوردییەکان و، رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی کوردستانیشیان گرتۆتەوە، حیزبە کوردییەکان لە زۆربەی شارەکانی ئەوروپادا، لە ململانێدان، بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئەو کۆمەڵە کولتووری و کۆمەڵایەتییانەدا بگرن و، بۆ بانگەشە و بەرژەوەندی حیزبەکانیان و، بۆ خۆهەڵکێشان و پۆزلێدان دەیان قۆزنەوە .. تەنانەت لە نێو ئەو حیزبانەشدا، ململانێ ناوچەگەریش هەیە لە دەنگدان وخۆکاندیدکردندا .. بۆیە لە زۆر لە شارەکانی ئەورەپادا، کەسانی وا بوونە بە بەرپرس و، بە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ئەم کۆمەڵانە، کە نە رۆشنبیرن و نە سیاسەتمەدارن، نە هیچیان پێیە و، هیچیان لەباردایە، لەو لای هیچەوە لۆقە دەکەن .. ئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کەسانێکی رۆشنبیر و نووسەری بە توانای بێ لایەن، لەم رێکخراوانە دوور بکەونەوە .. بە حیزبی کردنی ئەم کۆمەڵانە هۆکارێکیشە بۆ لاوازبون و بێ بەرهەمی ئەم کۆمەڵە و رێکخراوانە .. پێویستە بە ویژدانیشەوە قسەبکەین، لە ریزی ئەم حیزبانەدا، کەسانی ناسراو و دڵسۆز و رۆشنبیر و پسپۆر و بە توانا و تێکۆشەر و خاوەن رابردوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدان هەن .. بەڵی هەن .. بەڵام لە دەسەڵاتدا سنووردارن و، ناتوانن هێڵی " بڤەیە " یە ببەزێنن، ناتووانن بە راشکاوی رەخنە لە هەڵەکان و، لە گەندەڵییەکانی حیزبەکانیان بگرن و، قبووڵی نەکەن، ئەگینا جێیان لەو حیزبەدا نابێتەوە، یا دەبنە دەسەڵاتدارانی بێ دەسەڵات و سڕدەکرێن .
لە راستیدا، هەڵبژدانی حیزبەکانیش بۆ ئەندامێتی پەڕلەمانی کوردستان و، ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش و، هەڵبژاردنەکانی ناو خودی حیزبەکانیش بوونەتە، سیناریۆ، کارێکی رووکەشی و رووتینن، خەڵەتاندن و، بە فیڕۆدانی کات و سامانی گەلەکەمانە .. کارێکی پەردەپۆشییە و، دەیانەوێت وا خۆیان پێشان بدەن، کە نوێنەری شەرعین گەلن و، بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی بۆ ئەو پۆست و دەسەڵات و کورسییانەی وەریان گرتوون سەرکەوتوون .. بەڵام لە راستیدا وانییە .. چەند لاوێکی بێ ئەزموون، کە بە پلە و پەیژەی حیزبایەتیدا، پایە بە پایە سەرنەکەوتوون، ئەی چۆنئەمانە ـ لە پڕێک بوون بە کوڕێک .. ؟! چۆن یەکسەر لە خوارەوە گەیاندیاننە سەرکردایەتی و، بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و، کران بە وەزیر و، بە بەرپرسێکی باڵای گرنگ و هەستیار لە حکوومەتدا .. ؟! ئایە بە توانا وپسپۆری و شیاوی و مافی خۆیان ئەم پۆست و پایە و بەرپرسێتییەیان لە حیزب و لە دەسەڵاتادا وەرگرتن .. ؟! یان لەبەر ئەوەی کە کوڕی فڵان کەسن، کە ئەندامی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای فڵانە حیزبن، ئەگەر چی فڵان و فڵانەش شیاوی ئەو پۆست و شوێنانەی حیزبەکانیان نین کە وەریان گرتوون .. چونکە لەوان دڵسۆزتر و لەوان سیاسەتمەدارتر و لەوان بە تواناتر و، لەوانیش تێکۆشەرتر و پسپۆرتر و شیاوتر لە ناو ئەو حیزبانەدا هەن ؟ بۆ ئەم ئەندامە لێهاتووتر و شیاوترانە، بەرزنەکرانەوە و، ئەو پۆستە گرنگ و هەستیارانەیان پێیان نەدران ..؟! ێمە لە سەرکردایەتییەکانی حیزبەکان دەپرسین .. چ وەڵامێکتان هەیە .. بۆ جیاوازیکردن و نادادپەروەری و نا دیموکراتی و نایەکسانی لە نێو حیزبەکانتان ..؟! .. ئایا بە ئازادی و بە زۆربەی دەنگ ، ئەم پۆست و پایانەیان وەرگرتوون .. ؟! ئەی ئەم گەندەڵییانە بە گەندەڵی نازانن .. ؟! .. گەندەڵیکارەکان کێن ..؟! لە پەڕلەمانی کوردستانيش دەپرسین ، ئەی ئێوە چۆن دەنگ و متمانەدانی خۆتان بە ئەم کەسە نابەڵەد بێ ئەزموونانە دا، کە ئەم پۆستە باڵایانەی دەسەڵات وەرگرت .. نەمان بینی کە چەند ئەندامێکی پەڕلەمان دەست بەرزەوەبکەنەوە و، بوێرن و، بڵی فڵان و فڵان، شایانی و شیاوی ئەو پۆستە و ئەو شوێنانە دەسەڵات نین ..؟! ئەی بۆ لێیان ناپرسن (ئەمەت لە کوێ بوو .. ؟!) ئەم ترس و نەوێرییەی ئێوەیە، گەندەڵی دروست کردووە و، کەڵەکەی کردووە ..
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، دیکتاتۆری لەخۆبایی گۆڕبەگۆڕ سەدام حوسێن، راپرسییەکی گشتی لە عێراقدا ئەنجامدا، بۆ ئەوەی بزانێت بە رێژەی چەند لە سەدا خەڵکی عێراق سەدامیان دەوێ و، بە (بەڵێ) دەنگی بۆ دەدەن .. لەم راپرسییەدا، کە سیناریۆیەکی دروستکراوبوو، گۆایە ئەنجامەکەی (٩٩، ٩٩ %) ی دەنگەکان .. بە وەڵامی (بەڵێ) وەڵام درابوونەوە .. بەڵام هەموومان ئەوە دەزانین کە ئەم راپرسییە کاڵتەجاڕی بوو، چوونکە ئەو رێژەیەی پێش ئەنجامدانی راپرسییەکە دانرابوو، پێش ئەوەی دەنگدەران دەنگ بدەن، لە بەرانبەر ناوەکانیان (بەڵێ) نووسرابوو .
سەدامی گۆڕبەگۆڕیش دەسەڵات پۆستە باڵاو و گرنگەکانی سەرکردایەتی بەعس و حکوومەتی عێراقی لە بنەماڵەکەی و عەشیرەتەکەیدا قورخکردبوون، دابەشی کردبوون بەسەر کوڕەکانی و براکانی و ئامۆزاکانی و زاوکانی و خەزوورانی و .. عەشیرەتی تکریتی .. هەر ئەم گەندەڵی و زۆرداری، سەری سەدام و کوڕەکانی و زاواکانی و براکانی و ئامۆزاکانی خوارد .
هیوادارم دەسەڵاتداران و کاربەدەستان و بەرپرسەکانمان، وانە و پەند، لە بەسەرهاتی ئەو دەسەڵاتدارە ملهوڕانە وەربگرن، کە چارەنووسیان بەچی گەیشت .. هیچ زۆردار و دیکتاتۆرێک چەند بەهێزیشبن .. ناتوانن لە بەردەم رەشەبایی تووڕەیی و شەپۆلەکانی راپەڕینی گەلدا خۆیان بگرن .. پێویستە گەندەڵی لە دەسەڵات و حکوەمەتدا بنبڕبکەن .
هیواداری ئەوەشم (نان بە نانەوا و گۆشت بە قەساب) بدرێت .. کەسان شیاو بخرێنە شوێنی شیاوەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و، هەموو دەمودەزگاکانی حکوومەت بکرین بە موئەسەساتی، نەک بە حیزبی .. رێ بە هیچ حیزبێکیش نەدرێ، دەست لە کاروباری حکوومەت و لە بڕیارەکانی دادگا وەردات .. بەرژەوەندی باڵاو و چارەنووس و داهاتووی گەلەکەمان بخەنە سەرووی هەموو دەسکەوت و بەرژەوەندییەکی تایبەتی حیزبەکانتانەوە .. یاسا سەروەربێت و، بە هیچ کلۆجێکیش چاو لە هەڵە و لە بەرتیل و لە مەحسووبیەت و مەنسووبیەت و گەندەڵییەکانی وەزارەتەکان و نەپۆشرێت .. پەرلەمانی کوردستانیش ببێتە مەرجەعی راستیی گەل و، نەبێتە پاشکۆی دەسەڵات و حیزبەکان ، پەڕلەمان نەبێتە گۆۆڕەپپانی ململانی حیزبەکان و شوێنی کیتلەبازی ، پەڕلەمانی کوردستان، ئەو ئازایەتییەی هەبێت کە بانگهێشتی گەورەترین دەسەڵاتدار و بەرپرس و وەزیر بۆ پەڕلەمان بکات و لێیان بپێچنەوە ، ئەگەر بە گەندەڵییەوە گلابن، سەر بە هەچ حیزبێک بن، چاوپۆشیان لێ نەکەن و، بۆ خەڵکی ئاشکرایان بکەن و ، بیان دەنە دادگا و و بەپێی یاسا سزا بدرێن .. تا ببن بە پەند بۆ کەسانی تر .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە