تورکیا و ئێران دەست هەڵگرن لە بۆمباکردنی کوردستان

Saturday, 03/09/2011, 12:00

1621 بینراوە


قەندیل داگیر بکرێت و نەکرێت هیچ لە مەسەلە بنەڕەتیەکەی چارەسەری کورد کەم نابێتەوە و ناکرێتەوە. دەبێت هەر سێ ڕژێمی نامرۆڤی سوریا و ئیران و تورکیا دان بەمافی کورد بنێن ، ئەمڕۆکە بیت یان سبەی . زمانی هەڕەشە و چەک و کوشتن وەل بووە ، زمانی پێکەوە ژیان و ریزگرتن لە یەکتر و پەیوەندی دۆستانە هاتۆتە ئاڕاوە . سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی پێویست ناکات ، داوای چەک دانانی گروپەکانی کورد بکەن . بە خۆیان لە خاکی ئیران و تورکیا و سوریا چەکیان لەدژی بەعسی وەل بوو هەڵگرتبوو . ئێستاکەش مافی ڕەوای خۆیانە کوردەکان شێوەی تێکۆشان هەڵبژێرن . کورد دەبیت هاودەنگ بێت بۆ ئەوەی مافەکانی بێتە دیت . ئەمڕۆکە ئەو هەرێمەی کوردستانی عێراق ئارامە ، مانای ئەوە نی یە ئیتر پشت لە مافەکانی کوردەکانی کوردستانی ئیران و تورکیا و سوریا بکرێت . لە سوریا کوردەکان بووینە چەند گروپ و دەست تیوەردانی پارتی و یەکێتی بە ئاشکرا دیارە و وای لێکردوون لەوێش بەسەر بارزانی و تاڵەبانی دابەش ببن . کە ئەوەش زیانێکی زۆر لە کوردەکانی سوریا دەدات و دەبیت پارتی و یەکێتی بە نەفەسی یەکریزی یارمەتی و هانی کوردەکان بدەن . نەک بە کەرت کردنی ریزەکانی حزبەکان لەو بەشەی کوردستان . کاتی خۆی لە کورستانی ئیران هەمان شت کرا، لە زەمانی روخانی شای خوێری دەوری خراپیان بینی لە کەرت کردنی کوردەکانی ئیران و هاندانیان بۆ دروستبوونی گروپی تر لە دژی حزبی دیموکرات. هەتا ئەمڕۆکە یەکڕیزی کوردەکان لەو بەشەی کوردستان ئەنجام نەدراوە . ئەو سیناریۆیە جارەکی تر وا لە قامشلۆ و حەسەکە و ناوچەکانی تر دووبارە دەکریتەوە . ئەو دۆلارانەی بارزانی/تاڵەبانی چاوی کوردەکانی پڕ خۆڵ کردووە. کە دەبیت دووربکەونەوە لە و بازرگانی کردنە و هەوڵ بدەن دەنگیان بکەنە یەک لە بەرەیەکی کوردستانی هەموو پێکەوە داوای مافی خۆیان بکەن . تورکیا و ئێران بە یارمەتی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی بەشدارن بۆ ئەوەی چەک لە کوردستانی ئیران و تورکیا لە دەست گروپە کوردیەکان بستێنەوە و چەکیان بکەن . ئەمەش لە بەڕژەوەندی مەسەلەی رەوای کورد دا نی یە . کورد نابیت جارەکی تر دەستی بە خوێنی یەکتر سوور بکات . ئەو رژێمانە دەبیت بێنە سەرچۆک و مافی کورد بدەن . جا ئەو مافە چی یە و چۆن جێبەجێ دەبیت، ئەوە کوردەکانی [ئیران و تورکیاو سوریا]ن بڕیاری خۆیان دەدەن نەک سەری رەش و قەڵاچۆلان . ئەحمەدی نەژاد بۆ رژیمی سوریا و حزبی حەسەن نەسروڵڵا و بۆ فەلەستینیەکان لە سینگی خۆی دەدا، کەچی بە ڕەوانابینیت کورد ببیتە خاوەن مافی خۆی . رەجەب تەیب بۆ منداڵی سۆماڵ دەگریت ودەچیتە سەردانیان ، کەچی ژن و منداڵ لە کوردستان دەکوژیت . ئەمانە لە جیهاندا خوێندنەوەی تەواویان بۆ دەکریت و بەو گریانانە خەڵکی سۆزی بۆ ئیران و تورکیا نابزوێت . سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی نەبنە ماشەی ئەو ئاگرە دەبیت ئازاتر و بوێرتر بێنە قسەکردن و پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ مافەکانی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان دەرببڕن .
ئەمڕۆ یان سبەی ئەو ڕژێمانە دێنە سەرچۆک بۆ جێبەجێ کردنی مافەکانی کورد .

فەهد گردەوانی 3/9/2011ستۆکهۆڵم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە