سه‌رنجێک له‌ دادگایی کردن له‌ به‌ریتانیا

Friday, 30/09/2011, 12:00

1634 بینراوە




وه‌ک له‌هه‌موو ووڵاته‌کانی ئه‌وروپادا یاسایه‌ هه‌موو هاو وڵاتیه‌ک وه‌ک پێویستی سه‌رشانی نیشتمانی له‌سه‌ریان پێویسته‌ که‌ له‌ ژایانیاندا چه‌ند جارێک به‌شداری بکه‌ن له‌ کاری جوری (چاودێریکردنی دادگایی کردن و فه‌رمانی سزادان یا ئازادکردنی گومان لێکراو به‌ تاوان) پاش ڕوونکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ یاسایی یه‌کان له‌ لایه‌ن دوولایه‌نی پارێزه‌رانی به‌رگری و تاوانبارکردن و حاکمه‌وه‌
12 ئه‌ندامی جوری کاری چاودێریکردنی دادگایی و ئه‌نجامی بڕیاردانی دادگایی کردنه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌رشانیان. منیش له‌مانگی ته‌موزی ساڵی 2011 دا به‌شدارێک بووم له‌گه‌ل یانزه‌ که‌سی تر له‌ دادگای ولیج (ولیج کراون کۆرت) له‌ خواروی رۆژ هه‌ڵاتی له‌نده‌ن بۆ ماوه‌ی بیست و چوار رۆژ له‌11/7 وه‌ هه‌تا 4/8/2011.
ئه‌وخه‌لکانه‌ی بانگ ده‌کرێن بۆ کاری جوری ده‌بێت له‌ ژیانیانا به‌ هیچ تاوانێک دژ به‌یاسا تاوانبار نه‌کرابن و ده‌بێ واز له‌کار بهێنن له‌وماوه‌دا و داموده‌زگای دادگا مه‌سره‌ف و موچه‌ی کارکردنه‌که‌یان ده‌دا له‌ گه‌ڵ مه‌سره‌فی هاتوچۆو نان خواردن، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی جوری ئافره‌تی خاوه‌ن منداڵی بچوک و ساوا بێ دادگا مه‌سره‌فی کرێی گرتنی دایانی بۆ ده‌ده‌ن ...
شاری له‌نده‌ن وه‌ک شارێکی گه‌وره‌ و خاوه‌ن مێژووی زیاتر له‌ هه‌رزارساڵ و خاوه‌ن داموده‌زگای دیموکراسی زیاتر له‌ سێ سه‌د سال و ده‌وری ئیمپراتۆری به‌ریتانیا له‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌کی ڕابووردودا له‌ داگیرکردنی چه‌ندین له‌ وولاتانی جیهان و به‌هۆی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌وه‌ دروست بوونی چه‌ندین په‌یوه‌ندی بارزرگانی و ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ میلله‌تانی جیهان دا، خه‌ڵکێکی زۆر له‌و وولاتانه‌وه‌ دێن بۆ کاری بازرگانی و خوێندن، زۆربه‌ی خه‌ڵکی گه‌نج دێن بۆ له‌نده‌ن و شاره‌کانی به‌ریتانیا. هندستان یه‌کێکه‌ له‌و ووڵاتانه‌ی که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندیانه‌یان بووه‌ له‌ گه‌ڵ به‌ریتانیا دا و هه‌تا زمانی دوهه‌میان زمانی ئینگلیزیه‌، خه‌لکی له‌ زۆر وولاتانی جیهانه‌وه‌ دێن وهه‌ندێکیان له‌ له‌نده‌ن جێگیر ده‌بن، ئێستا له‌وانه‌یه‌ زیاتر له‌ سه‌دا په‌نجای له‌نده‌ن خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ ی به‌ریتانیابن، میلله‌تانی هندوستان ژماره‌یان له‌ به‌ریتانیا له‌زۆر له‌ خه‌لکانی تری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا زیاترن.
له‌م کاره‌دا که‌ کاری جوری دادگایی بوو له‌سه‌ر چه‌ند گه‌نجێکی هندی که‌ یه‌کێکیان کوژرابوو له‌ ڕووداوێکدا له‌ناو ژماره‌یه‌ک گه‌نجی قوتابی و کارمه‌ندا، تاوانبار مۆڵین په‌تێل که‌ گه‌نجێکی 28 ساڵه‌ براده‌رێکی خۆی ده‌کوژێ به‌ناوی کارتیک په‌تێل 23 ساڵه و هه‌ردوکیان خه‌ڵکی ئه‌حمه‌دی ئابادن له‌ هندستان..
مۆڵین په‌تێل ده‌رچووی دانیشگای ئه‌حمه‌دئاباد به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ زانیاری پاتۆلۆجی (زانیاری لێکۆڵینه‌وه‌ی هۆی مردنی نه‌خۆش وکوژران) وه‌ باوکی پرۆفیسۆری دانیشگا و دایکی خاوه‌ن کۆمپانیای بازرگانی. کارتیک په‌تێل کوڕێکی گه‌نجی خوێنده‌وار له‌ خێزانێکی هه‌ژار و دێت به‌ناوی خوێندنی ژمێرکاری ده‌یه‌وێت کاربکاو یارمه‌تی ماڵه‌وه‌و که‌سوکاری بدات.
ئه‌م دووگه‌نجه‌ هه‌ردوکیان به‌ناوی خوێندنه‌وه‌ دێن و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ کارده‌که‌ن، که‌ به‌ یاسا هه‌فته‌ی 15 سه‌عات بۆیان هه‌یه‌ کاربکه‌ن، به‌ڵام زۆرجار ڕووده‌دا که‌ له‌وه‌زیاتر کارده‌که‌ن، زۆربه‌شیان ده‌خوێنن و کاریش ده‌که‌ن.
مۆڵین په‌تێل ده‌وری سێ ساڵ پێش براده‌ره‌که‌ی هاتبوو بۆ له‌نده‌ن و ئینگلیزیه‌کی باشی ده‌زانی، هه‌رچه‌ند ناویان له‌ خوێندگا تۆمارکرابوو به‌ڵام وه‌ک له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی دادگا دا ده‌رکه‌وت نه‌یان ده‌خوێند و به‌س کاریان ده‌کرد، مۆڵین په‌تێل ڤیزه‌ی دووساڵ بوو ته‌واو بووبوو له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یده‌خوێند بۆی نه‌ده‌کرا ڤیزه‌که‌ی تازه‌ بکه‌نه‌وه‌ به‌ قاچاخ مابووه‌وه‌ و به‌رده‌ام کاریشی ده‌کرد. له‌گه‌ڵ دووبراده‌ری تری هندی دووخانویان گرتبوو به‌کرێ و دابوویانه‌وه‌ به‌کرێی زیاتر به‌ گه‌نجی تری هندی که‌ هاتبوون بۆ خێندن و کارکردن و به‌هۆی ئه‌وه‌ وه‌ بێجگه‌ له‌ موچه‌ی مانگانه‌ی خۆی نزیکه‌ی هه‌زارو سێ سه‌د پاوه‌ند نزیکه‌ی پێنج سه‌د پاوه‌ندی تری مانگانه‌ ده‌ست ده‌که‌وت .
بۆ نه‌گبه‌تی مۆڵین په‌تێل فێری قومارکردن ده‌بێیت له‌سه‌ر ئینته‌رنێت و ده‌ست ده‌کا به‌ قوماری گره‌وکردن وورده‌ ورده‌ هه‌رچی یه‌ک په‌یدا ده‌کا به‌ قومار ده‌ی دۆڕێنی و له‌ گه‌ڵ نزیکه‌ی ده‌ دوانزه‌ گه‌نجی تر له‌ خانوویه‌کدا ده‌ژی و گه‌نجه‌کان باوه‌ڕیان به‌یه‌کتر ده‌بێ و که‌س له‌ که‌س دزی ناکا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ که‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌رچی شناس نامه‌و په‌ساپۆرت و کارتی بانقیان ناشارنه‌وه‌ و له‌ناوماڵدا به‌جیی دێڵن. له‌به‌رئه‌وه‌ی مۆڵین په‌تێل پاره‌کانی خۆی هه‌موو ده‌دۆڕێنی ده‌ست ده‌کا به‌ به‌کارهێنانی کارتی بانقی براده‌ره‌کانی و به‌دزیه‌وه‌ پاره‌یان ده‌رده‌کا له‌سه‌ر ئینه‌رنێت و پاره‌ی هه‌ندێک له‌وانیش ده‌دۆڕێنێ. هه‌تا له‌ کاتی کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ی کرێی مانگانه‌دا چه‌ند جارێک ئه‌و پاره‌ش ده‌دزێ و پاره‌ی کرێی غازی ماڵه‌که‌ش نادا و ئه‌ویش ده‌دۆڕێنێ، براده‌ره‌کانی پێی ده‌زانن و له‌ وماڵه‌ ده‌ری ده‌که‌ن و ده‌چێته‌ لای هه‌ندێ براده‌ری هندی تری له‌ کۆڵانێک به‌ناونیشانی 71 بانۆکبارن ڕۆود، له‌وێش هه‌شت که‌سی تری لێ ده‌بێ و به‌مه‌وه‌ ده‌بن به‌ نۆ. له‌ گه‌ڵ کارتیک په‌تێل له‌وێ یه‌کترده‌ناسن و له‌ ژوورێکدا ده‌خه‌ون بۆ ماوه‌ی یه‌ک مانگ هه‌تا کاتی ئه‌م ڕووداوه‌، له‌م شوێنه‌ تازه‌یدا به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌ست ده‌کا به‌ قومارکردن و لاپ تۆپێکی ده‌بێ ده‌ست ده‌کا به‌ده‌ست خستنه‌ پاره‌ و دزینی پاره‌ی براده‌ره‌ تازه‌که‌ی ، به‌ ئاشکرا قومارده‌کاو هه‌موو براده‌رانی ده‌زانن و هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دا که‌ براده‌ره‌کانیشی فێرکا و هه‌ندیکیان که‌مێک قومارده‌که‌ن هه‌تا کارتیکی براده‌ری ژووره‌که‌ی چه‌ند جارێک قومار ده‌کا له‌ سه‌ر ئینته‌رنێت.
مۆڵین په‌تێل خووده‌گرێ به‌قومارکردنه‌وه‌و تووشی ئیدمان ده‌بێ و ناتوانێ ته‌رکی دا،به‌رده‌وام پاره‌ له‌ حسابی کارتیک په‌تێل ده‌رده‌ هێنێ و کارتیک ئاگای لێ نی یه‌، له‌ دوادوایی مانگی دوانزه‌ی 2010دا کارتیک په‌تێل ده‌زانێ که‌وا خه‌ریکه‌ ڤیزه‌ی مانه‌وه‌ ته‌واوده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دا پاره‌ کۆبکاته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ڤیزه‌ی مانه‌وه‌ بۆ یه‌ک دوساڵی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌ی ته‌واوی ئاماده‌نه‌بوو 1300 پاوه‌ند له‌ خێزانێکی ناسیاوی قه‌رزده‌کا ده‌یخاته‌ سه‌رحسابه‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بێ که‌ کاتێک حکومه‌ت داوای لێ کرد نیشانیاندا که‌ پاره‌ی له‌ بانقدا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڤیزه‌ی بۆ تازه‌که‌نه‌وه‌.
له‌پێش سه‌ری ساڵی 2010 دا ڕۆژێک ده‌چێت بۆ پاره‌ ده‌رهێنان له‌ بانق که‌ کارته‌که‌ی به‌کار ده‌هێنێ مه‌کینه‌ی کاشی بانق
'ئه‌ی تی ئێم' کارته‌که‌ی قوت ده‌دا و کارتی له‌ده‌ست ده‌چێت، ده‌چێت بۆ بانق بۆ ئه‌وه‌ی کارته‌که‌ی وه‌رگرێته‌وه‌، بانق داوای شناسنامه‌و پاس پۆرتی لێ ده‌کا، ده‌چێته‌ ماڵه‌وه‌ سه‌یر ده‌کا پاسپۆرته‌که‌ی نه‌ماوه‌، هه‌رچه‌ند ده‌گه‌ڕێ نایدۆزێته‌وه‌، پرسیار ده‌کا له‌براده‌ره‌کانی ئه‌وانیش بێ ئاگان، ناچارده‌بێ بچێ بۆ سه‌فاره‌تی هندستان بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی پاسپۆرته‌که‌ی و بۆ ئه‌وه‌ش پاره‌ی ده‌وێ و هیج پاره‌ی نه‌ماوه‌، بۆ ئه‌م هاتووچوی بانق وسه‌فاره‌تی هندستان مۆڵین په‌تێل له‌گه‌ڵی دا ده‌ڕواو بۆ یارمه‌رتی دانی. له‌به‌رئه‌وه‌ مۆلین دووڕۆژ ناچێت بۆکارو خاوه‌نکار ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌که‌ن و ده‌بی بچێ بۆ کار، له‌وڕۆژه‌دا که‌ ڕۆژی هه‌ینی ده‌بێ به‌یانی زوو7/1 /2011 ده‌بێ له‌وڕۆژه‌دا له‌به‌رکارکردنی خۆی ناتوانێ یارمه‌تی کارتیکی براده‌ری بدا.
کات ژمێر 5:20 به‌یانی زوو له‌گه‌ڵ براده‌رێکی تری به‌ناوی سه‌نجای لاشکاری ده‌که‌ونه‌ ڕێ بۆ جێی وه‌ستانی پاس بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆن بۆ کار، له‌وێدا ده‌ست ده‌کا به‌گیرفانی دا سه‌یرده‌کا کارتی پاسه‌که‌ی پێ نی یه‌ و به‌ براده‌ره‌که‌ی ده‌ڵێت ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ بۆ کارته‌که‌ی و براده‌ره‌که‌ی ده‌ڵێت مه‌ڕۆ من پاره‌م پێ یه‌ تکته‌که‌ت بۆ ده‌کڕم، به‌ڵام ڕازی نابێ وده‌گڕێته‌وه‌ ماڵه‌و له‌ 5:26 دا هه‌تا کات ژمێر هه‌شت و نیو له‌ ماڵ ده‌رناچێت، وه‌ک له‌ لێکۆڵینه‌وه‌کانی دادگادا ده‌رده‌که‌وێت.
له‌وماوه‌ی مانه‌وه‌ی نێوان 5:30 ی به‌یانی هه‌تا 8:30 هه‌ڵه‌یه‌کی وا گه‌وره‌ ده‌کا که‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌ندکردنی بۆ 26 ساڵ
له‌ده‌وری کات ژمێر نۆی به‌یانی ده‌گاته‌ شوێنی کار و براده‌ره‌که‌ی به‌کارتی کارکردنی ناوی تۆمارکردووه‌ که‌ شه‌شی به‌یانی هاتووه‌ بۆ کارو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌ کرێی کارکردنی له‌ده‌ست نه‌چێت، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ دژی یاسی کارکردنه‌که‌یه‌تی.
وه‌ک له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی دادگادا ده‌رده‌که‌وێت زۆربه‌ ئه‌و هندیانه‌ی له‌ شه‌ریکه‌ی مه‌خزه‌نی سوپه‌رمارکێته‌ که‌ کاریان ده‌کرد به‌و شێوه‌ ساخته‌یان ده‌کرد له‌ تۆمارکردنی کاتی ده‌ست پێکردنی کاریاندا..
مۆڵین په‌تێل که‌ ده‌وری کات ژمێری 8:30 ماڵه‌وه‌ به‌جێ ده‌هێڵێ، له‌ماڵه‌وه‌ به‌س کارتیک په‌تێلی لێ ده‌بێ و براده‌رێکی تری به‌ناوی ڤیپۆل په‌تێل که‌ خه‌وتووه‌ له‌ ژوورێکی تردا وشیفتی پاش نیوه‌ڕۆ ده‌بێ بچێ بۆ کار
له‌کاتێکدا که‌ مۆلین په‌تێل له‌ کات ژمیڕ 5:26 وه‌ هه‌تا دوای 8:30 له‌ماڵه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌و ماوه‌دا گوێی لێ ده‌بێ کارتیک له‌گه‌ڵ دایکی له‌ هندستان به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی ده‌کاو باسی کێشه‌ی نه‌مانی پاره‌ی له‌ بانق و وون بوونی پاسپۆرته‌که‌ی ده‌کا.
له‌ سه‌عات ده‌وری نۆدا مۆلین په‌تێل ده‌گاته‌ شوێنی کارو هه‌تا ده‌ونیو کار ده‌کاو له‌ ده‌و نیودا ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌کرێ که له‌ماڵه‌وه‌ ڕووداوێک بووه‌ و کارتێکی براده‌ری لێی دراوه‌و وه‌زعی خراپه‌ و بردویانه‌ بۆ خه‌سته‌خانه‌، خۆی و براده‌ره‌که‌ی ناچار ده‌بن بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، هه‌ر له‌ شوێنی کاره‌وه‌ مۆڵین په‌تێل ته‌له‌فۆن ده‌کا بۆ خه‌سته‌خانه‌ که‌ کارتیکی لێ یه‌ و سه‌رپه‌رشتی تیمارکردنی ده‌کرێ قسه‌ له‌گه‌ڵ دکتۆره‌که‌ی ده‌کا. هه‌ردوکیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ سه‌یرده‌که‌ن له‌ژووره‌که‌یاندا خوێنێکی زۆر ڕژاوه‌و ئامبولانس و پۆلیس هاتوون پۆلیس له‌وێن خه‌ریکی پشکنینی ماڵه‌که‌و لێکۆڵینه‌وه‌و پرسیار کردنن.
له‌ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌یاندا بۆیان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئاخرکه‌س له‌ماڵ ده‌رچوو له‌و به‌یانی یه‌دا مۆڵین په‌تێل بووه، له‌و ڕۆژه‌دا له‌ کات ژمێر 1:30 ی پاش نیوه‌ڕۆدا مۆلین په‌تێل و براده‌ره‌که‌ی ده‌گرن پاش هه‌ندێ لێ کۆڵینه‌وه‌، ئیتر هه‌موو براده‌رانی تریشی که‌ له‌کاردێنه‌وه‌ هه‌موو ده‌گرن و بۆ ماوه‌یه‌ک به‌ فه‌رمانی پۆلیس نابێ که‌س له‌وماڵه‌دا بژی بۆ مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ و دۆزینه‌وه‌ی تاوانبار، چه‌ند جارێک لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و لێکۆڵینه‌وه‌ و پرسیارو وه‌ڵام هه‌موو تۆمارده‌که‌ن بۆ به‌راووردی جیاوازی وه‌ڵامی پرسیاره‌کان، پاش چه‌ند ڕۆژێک هه‌موو گه‌نجه‌کان بێجگه‌ له‌ل مۆڵین په‌تێل به‌رده‌ده‌ن و چونکه‌ ته‌نها که‌سێک که‌ جێی گومانه‌ مۆڵین په‌تێله‌.
کارتیک په‌تێل وه‌ک له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی دادگادا ده‌رکه‌وت، کارمه‌ندانی ئه‌مبولانس دوای دووسه‌عات به‌ لێدانی ده‌گه‌نه‌ سه‌ری وسه‌یرده‌که‌ن به‌ده‌ما که‌وتووه‌و له‌جێگای نوستنی دا وهۆشی له‌ خۆی نی یه‌و خوێنێکی زۆر ی له‌ ده‌موو لوتی ده‌رچووه‌و هه‌تا خوێن له‌ قوڕگیا بۆته‌ هۆی ناڕه‌حه‌ت کردنی هه‌ناسه‌دانی ده‌نگی غه‌رغه‌ره‌ی ته‌ڕایی خوێن دێ له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌دانی دا و به‌هیچ جۆرێک ئاگای له‌خۆی نی یه‌ و هه‌رچه‌ند بانگی ده‌که‌ن وهه‌وڵ ده‌ده‌ن بیهێننه‌وه‌ هۆش خۆی، که‌ڵکی نی یه‌و به‌په‌له‌ په‌یوه‌ندی ده‌که‌ن به‌خه‌سته‌خانه‌وه‌ خه‌سته‌خانه‌ نیازیانه‌ ئه‌مبولانسی هه‌لیکۆپته‌ر بنێر بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین کات بیگه‌ێننه‌ خه‌سته‌ خانه‌و به‌ڵام بێ چاوه ڕوانکردنی هه‌لیکۆپته‌ر تیپی ئه‌مبولانس به‌په‌له‌ ده‌یگه‌یه‌ننه‌ خه‌سته‌خانه‌ی خانمی ئه‌لیزاپز و له‌وێشه‌وه‌ به‌په‌له‌ ده‌یگه‌یننه‌ خه‌سته‌خانه‌یه‌کی تر که‌ پسپۆری تیمارکردنی سه‌ری باشتری لێ یه‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌ی کینگز کۆلێژ و هه‌رچه‌ند هه‌ول ده‌ده‌ن، وه‌زعی کارتیک هه‌ر به‌ره‌و خراپی ده‌ڕواو پاش دووڕۆژ به‌ جه‌ڵته‌ گیانی له‌ده‌ست ده‌دا.
ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ 7/1/ 2011 ڕووده‌دا و له‌و ڕۆژه‌وه‌ مۆڵین په‌تێل له‌ به‌ندیخانه‌دایه‌، هه‌ر له‌و دووڕۆژه‌دا پێش مردنی کارتیک په‌تێل مۆلین په‌تێل دووسێ جار لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ، ئیتر دادگاو پۆلیس سی ئای دی (که‌ ده‌زگای لێ کۆڵینه‌وه‌ی تاوان و جه‌ریمه‌یه‌) به‌رده‌وام لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه‌، هه‌موو ناسیاوو براده‌رو خاوه‌ن کارو هه‌موو هاوه‌ڵانی کارکردنیان لێکۆڵینه‌وه‌ یان له‌ گه‌ڵدا ده‌کرێ، براده‌ره‌ نێزیکه‌کان بۆ چه‌ند جارێک لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ل ده‌کرێ، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌ل کارمه‌ندانی بانق پێش ده‌ست پێکردنی دادگایی و له‌ کاتی دادگایی کردندا، لێکۆلڵینه‌وه‌ له‌ گه‌ل خاوه‌ن کاری و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی هه‌موو ئه‌و گه‌نجانه‌و هه‌تا په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ هندستانا و له‌گه‌ل که‌سوکاریانا.
لیستی نامه‌و ته‌له‌فۆنه‌کانیان ده‌رده‌هێنن له‌ تۆڕی ته‌له‌فۆناتی به‌ریتانیا له‌ دادگادا به‌کارده‌هێنرێ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌دا
لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ داموده‌زگای کۆلیژ و خوێندنگا و ده‌زگای ئاسانکاری ڤیزه‌ وه‌رگرتن ده که‌ن، هه‌تا له‌گه‌ل شه‌ریکه‌ی قومارکردنی سه‌ر ئینته‌رنێت، کارمه‌ندێکیان له‌ شه‌ریکه‌ی پادی پاوه‌ر که‌ شه‌ریکه‌ی قومارکردنه‌که‌یه‌ هات له‌ دادگادا لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کرا، و باسی یاساکانی کارکردنیان و دۆزینه‌وه‌ی لیستی قومارکردنی ئه‌و گه‌نجانه‌ و به‌تایبه‌ت مۆڵین په‌تێل که‌ گومان لێکراوی سه‌ره‌کی بوو.
له‌ لێکۆڵینه‌وه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت که‌ تاوانبار کێشه‌ی قه‌رزی دوو هه‌زار پاوه‌ندی تری هه‌یه‌و په‌یوه‌ندی به‌ شه‌ریکه‌یه‌که‌وه‌یه‌ که‌ یارمه‌تی بدا، له‌هه‌مان کاتدا 2700 پاوه‌ندی گه‌نجه‌ کوژراوه‌که‌ش قه‌رزاره‌، سه‌یری بالانسی پاره‌ی بانقی تاوانبار ده‌که‌ن له‌لیستی حسابی بانقی دا ته‌نها 66 پنسی تیایه‌، که‌ له‌ یه‌ک پاوه‌ندیش که‌متره‌. لێپرسراوی شوێنی کارکردنی تاوانبار بانگکراو لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کرا.
دایکی کوڕه‌ کوژراوه‌که‌و برایه‌کی به‌ ڤیدیۆ لینک په‌یوه‌ندی پێوه‌کراو لێ کۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا کرا، له‌گه‌ڵ دایکی دا پرسیاری باسی ئه‌و قسانه‌کرا که‌ له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌ی کردوویه‌تی به‌ چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک پێش لێدان و کوشتنی کوڕه‌که‌ی، له‌ باسی ئه‌و ته‌له‌فۆنکردنه‌دا دایکی کوڕه‌ کوژراوه‌که‌ ووتی :' کوڕه‌که‌م باسی وون بوونی پاسپۆرته‌که‌ی و نه‌مانی کارتی بانقی کرد و ووتی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌مکردن که‌ ئه‌و زه‌لامه‌م برد له‌گه‌ڵ خۆما بۆ بانق، (مه‌به‌ستی مۆڵین په‌تێل بوو)
هه‌ر به‌ڤیدیۆلینک لێکۆڵینه‌وه‌کرا له‌گه‌ڵ براده‌رانی هه‌ردووکیان که‌ گه‌ڕابوونه‌وه‌ بۆ هندستان له‌ پاش ته‌واوبوونی ماوه‌ی ڤیره‌یان و کارکردن و خوێندنیان.، ئه‌م لێکۆڵینه‌وانه‌ی ڤیدیۆ لینک له‌ گه‌ڵ هندستانا ڕاسته‌وخۆ نیشانی دادگا ده‌درا، هه‌ر دوو باریسته‌ر/پارێزه‌ری تاوانبارکردن و به‌رگری پرسیاریان له‌ و شایه‌تانه‌ ده‌کرد له‌سه‌ر ڤیدیۆلینک به‌ به‌رچاوی حاکم و لیژنه‌ی جوریه‌وه‌. زانیاری پاتۆلۆجی هاته‌ دادگا بۆ باسی شێوه‌ی لێدانی کوژراوه‌که‌و که‌ پاش لێکۆڵینه‌وه‌ی خه‌سته‌خانه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌شی کوژراو دوای مردنی کرابوو به‌ وێنه‌و خه‌ریته‌ی له‌ش و مێشکی کوژراوه‌که‌وه‌ ده‌یووت: "ڵێدانه‌که‌ به‌ شتێکی قورس بووه‌ وا به‌ڕقه‌وه‌ لێی داوه‌ که‌ کوڕه‌ گه‌نجه‌ کوژراوه‌که‌ به‌ هیچ جۆری توانای به‌رگریکردنی نه‌بووه‌، ئه‌وشته‌ی به‌کارهێنراوه‌ بۆ لێدانی شتێکی قورس و تیژ نه‌بووه‌. له‌وه‌ ده‌کا کوڕه‌که‌ به‌ده‌ما پاڵ که‌وتووه‌ له‌ سه‌رجێگای خه‌وتن و تاوانبار له‌ پڕدا لێی داوه‌ که‌ ئه‌و بێ ئاگا بووه‌. هه‌تا پاش ئه‌و لێدانه‌ کوشنده‌یه‌ جه‌ندین جاری تر له‌ سه‌ری کوژراوه‌که‌ی داوه‌ جێگای برینداری لێدانه‌کان هه‌موو ئاشکرابوو، وه‌ک زانیاری پاتۆلۆجی زیاتر باسی ده‌کرد و ده‌یووت: یه‌که‌م لێدان وای لێدا بوو له‌ پشتی سه‌ری نزیک پشتی ملی که‌ مۆخی سه‌ری هه‌موو هه‌ڵته‌کانووه‌ و نه‌زیفی ناوه‌وه‌ی به‌ربووه‌ وبه‌رده‌وام له‌ ئاوسانا بووه‌ هه‌تا وای لێ هاتووه‌ که‌ بواری ئاوسانه‌که‌ له‌ سندوقی که‌ل له‌سه‌ری کوژراوه‌که‌دا زۆر هه‌ڵ ئاوساوه‌و ڕێگه‌ی هاتووچۆی خوێنی نێوان دڵ و مێشکی گرتووه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌به‌یانی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا له‌ 9/1 دا به‌جه‌ڵته‌ کارتێک په‌تێل ده‌مرێ. هه‌رچه‌ند له‌خه‌سته‌خانه‌ سندوقی که‌ل له‌سه‌ری کارتیک ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بواری ئاوسانه‌که‌ی بده‌ن و ڕێگای هاتوچۆی خوین به ره‌و سه‌ری نه‌گیرێ، به‌ڵام هه‌ر که‌ڵکی نابی له‌به‌ر نه‌گه‌شتنی خوێن و سوته‌مه‌نی و ئۆکسجین بۆ سه‌ری جه‌لته‌ لێی ده‌داو ده‌مرێ.
خانوه‌که‌ی ئه‌م جه‌ریمه‌ تیا ڕوویدا بوو بۆ چه‌ندین مانگ چۆڵ بوو له‌ژێر چاودێری پۆلیس دا ده‌بێت بۆ ته‌واوکردنی گه‌ڕان به‌شوێن زانیاری زیاتر و هاتنی چه‌ندین زانیار ی پۆلیس و پاتۆلۆجی و زانیاری لیکۆڵینه‌وه‌ی خوێن و زانیاری لێکۆڵینه‌وه‌ی نه‌خشی ژێر پێی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ له‌و ماوه‌دا هاتووچۆیان کردووه‌ له‌و ماڵه‌دا، وه‌ک زانیاری لێکۆڵینه‌وه‌ی نه‌خشی ژێرپێ و پێڵاو باسی ده‌کرد و ده‌یووت: ' ده‌توانین نه‌خشی ژێر پێ و پێڵاوی ماوه‌ی ده‌ساڵ له‌ و ماڵه‌دا بدۆزینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین'
هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌ی ته‌ڕایی پاش شۆردنی خوێن و گه‌ر پێویست بێ' دی ئێن ئه‌ی' به‌لام تاوانبار خۆی زانیاری پاتۆلۆجی و شه‌هاده‌ی دانیشگای هه‌بوو له‌و بواره‌دا و له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێکی دابوو که‌ هیج ئاسارێ به‌جی نه‌هێڵی که‌ به‌ جه‌ریمه‌که‌ی بزانن.
له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس دا ده‌رکه‌وت هه‌رچه‌ند ده‌رگای ماڵه‌که‌ ئه‌و به‌یانی یه‌ به‌ کراوه‌یی به‌جێ هێڵراوه‌ دوای ڕوودانی ئه‌و جه‌ریمه‌، به‌ڵام هیچ له‌ ماڵه‌که‌ نه‌دزراوه‌و هیچ ده‌رگا وپه‌نجه‌ره‌ نه‌شکاوه‌، لاپ تۆپبی مۆلین په‌تێل نه‌بێ که‌ دیارنه‌ماوه‌ ده‌ستکاری شتی که‌سی تر نه‌کراوه‌ و ده‌رگای دواوه‌ی ماڵه‌که‌ نه‌شکاوه‌ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستکاری نه‌کراوه‌، له‌ به‌رئه‌وه‌ گومانی ماڵ بڕن و خه‌ڵکێکی تر که‌ هاتبێت و ئه‌و جه‌ریمه‌ی کردبی جێی ىڕوا نه‌بوو.، هه‌ر وه‌ها له‌ لیستی تۆمارکردنی ماڵ بڕینی ئه‌و ناوچه‌دا له‌ شه‌ش مانگدا ده‌رکه‌وت که‌ زیاتر له‌ 40 ماڵ بڕاوه‌و هه‌ندێ دزی یان لێ کراوه‌ به‌ڵام له‌م ڕووداوانه‌دا ماڵ بڕاو دزه‌کان له‌ که‌سیان نه‌داوه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی که‌سیان نه‌کردووه‌.
مۆلین په‌تێل له‌وه‌ی ده‌کرد که‌ ماوه‌یه‌ک پێش کوشتنی براده‌ره‌که‌ی پلانی بوو که‌ به‌م کاره‌ هه‌ستێ، بۆ نموونه‌ چه‌ند ڕۆژێک پێش ئه‌م ڕووداوه‌ ئاگاداری هه‌موو براده‌رانی ماڵه‌که‌ی کردبوو که‌ ده‌بێ به‌ شه‌و ده‌رگای ده‌ره‌وه‌و پشته‌وه‌ به‌کلیل داخه‌ن و وه‌ ئه‌و به‌یانی یه‌ که‌ خۆی ئه‌م جه‌ریمه‌ی کردبوو و ماڵه‌که‌ی به‌جێ هێشتبوو ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی دانه‌خستبوو.
خانوویه‌کی په‌نا ئه‌و خانووه‌ تێمپلی (په‌رستگای) هه‌ندیه‌کانه به‌ ڕاسه‌ر ئه‌و خانووه‌وه‌ کامێره‌ی چاودێری پێوه‌ بووه‌ مۆلین په‌تێل له‌م کامێرانه‌ بێ ئاگا بووه‌، که‌ له‌گه‌ڵ براده‌ره‌کی سه‌نجای لاشکاری له‌ کارده‌گه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌و به‌یانی یه‌ ڕووداوه‌که‌ بووه‌، له‌ شریتی کامێره‌که‌دا به‌ڕوونی دیاره‌ که‌ براده‌ره‌که‌ی په‌نجه‌ ڕاده‌کێشێ بۆ کامێره‌که‌وه‌ نیشانی ده‌دا، وه‌ک من له‌ تێبینی خۆم دا به‌ براده‌رانی جوریم ووت ئه‌وه‌ دیاره‌ به‌ مۆلین ده‌ڵێت: 'ئه‌ی تۆ کوێر بووی ئه‌و کامێره‌ نابینی که‌ تۆماری هاتووچۆی کردووی"
له‌ شریتی هه‌مان کامێره‌دا به‌یانی زوو له‌ کات ژمێر ده‌وری پێنج دا له‌ تاریکایی دا به‌حاڵ سێبه‌ریان دیاره‌ که‌ له‌ماڵ ده‌رده‌چن به‌ره‌و شوێنی وه‌ستانی پاس، مۆلین له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دا به‌ته‌نیا که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵ به‌ڕوونی دیاره‌ چونکه‌ هه‌ندێ ڕۆشنایی گڵۆپه‌کانی کۆڵانه‌که‌ ده‌ری ده‌خا. له‌ پا ش کوشتنی براده‌ره‌که‌ی که‌ له‌ماڵ ده‌رده‌چێت لاپتۆپه‌که‌ی به‌ شانی یه‌وه‌و کیسه‌یه‌کی نایلۆنی سپی به‌ده‌ستی یه‌وه‌ ، که‌ سواری پاس ده‌بێت کامێره‌ ناو پاسه‌که‌ فلیمی گرتووه‌ و ڕێک دیاره‌ به‌ نوسراوی سه‌ر فانیله‌که‌یه‌وه‌ که‌ چی نوسراوه‌ و ڕێک وێنه‌ی ده‌مووچاوی ئاشکرایه‌، له‌ کاتێکدا که‌ ده‌گاته‌ سه‌رکار فلیمی کامێره‌ی چاودێری به‌رده‌رگای شه‌ریکه‌که‌ کاری لێ ده‌کا، هه‌ردوو کیسه‌و لاپ تۆپه‌که‌ی پێ نی یه‌، هه‌ر چه‌ند لێکۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس و پارێزه‌رانی دادگا هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵیا که‌ پێ یان بڵێ ئه‌وانه‌ی له‌ کوی فڕێ دا، هه‌ر گیز ڕاستی نا ڵێت، هه‌تا له‌ پاش ته‌واو بوونی دادگایی کردنی هه‌رچه‌ند پارێزه‌ری به‌رگری هه‌وڵ ده‌دا له‌گه‌ڵی دا هه‌ر ڕاستی ناڵێت، وه‌ک خۆم له‌ موته‌رجیمه‌که‌ی تاوانباره‌وه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌م زانی له‌ پاش ته‌واوبوونی دادگایی کردنه‌که‌.
هه‌موو ئه‌ندامانی جوری ده‌فته‌ری تێبینی نوسینی خۆیان هه‌یه‌
بۆ به‌جێ هێنانی ئه‌م دادگایی کردنه‌، 47 که‌س لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کرا 12 یان له‌ هندستانه‌وه‌ به‌ ڤیدیۆلینک
226 لاپه‌ڕه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ تاوانباردا کرابووله‌لایه‌ن پۆلیسی لێکۆڵینه‌وه‌وه‌ ‌ نوسخه‌مان له‌به‌رده‌ستدا بوو له‌ کاتی دادگایی کردندا.
چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی چاپکراوی ته‌له‌فۆنه‌کان له‌نێوان تاوانبارو براده‌رانی و هه‌تا ته‌له‌فۆن کردن بۆ هندستان
چه‌ند وێنه‌یه‌کی ناوماڵه‌که‌ له‌ دوای ڕووداوه‌که‌و نوسخه‌ی هه‌موو سی سی تی ڤی، کامێره‌کانی چاودێری
28 وێنه‌ی ده‌وروپشتی شوێنی کاری مۆلین په‌تێل، که‌ پارێزه‌ری به‌رگری گریفز هێنابووی
ژماره‌یه‌ک له‌ لاپه‌ڕه‌کانی حسابی بانقی و چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ تۆمارکراوی قومارکردنه‌کاکنی له‌ سه‌ر ئینته‌رنێت به‌تایبه‌ت له‌ گه‌ڵ پادی پاوه‌ر که‌ دوو شه‌و پیش ڕوودانی ئه‌و جه‌ریمه‌ تاوانبار له‌سه‌ر ئینته‌رنێت 700 جار قومارکردنی تۆمارکرابوو که‌ پاره‌کانی کوڕه‌کوژراوه‌که‌ی هه‌موو دۆڕاندبوو. پۆلیسی پلامستێد، خوارووی ڕۆژ هه‌ڵاتی له‌نده‌ن بۆ گه‌ڕان به‌شوێن لاپتۆپه‌که‌دا هه‌وڵیاندا بوو حه‌وت مه‌تر بچنه‌ ژێر زه‌وی یه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌لام ئاسان نه‌بوو، چونکه‌ له‌ م ماوه‌دا چه‌ند کارمه‌ندێک خه‌ریکی کاری چاکردنی زێرابه‌که‌ بوون، هه‌وڵ درابوو که‌ سه‌یری ئاوه‌ڕۆی چه‌می ته‌یمز که‌ له‌و نزیکانه‌وه‌ تی ده‌په‌ڕێ بۆ دۆزینه‌وه‌ لاپتۆپه‌که‌ به‌لام له‌به‌ر کێشه‌ کشانو چوونه‌ یه‌کی (مه‌د و جه‌زر) ڕووباری ته‌یمس قوڕو لیته‌ وماوه‌ی فراوانی هاتوچۆی پانتایی ڕووباره‌که‌ کاره‌که‌ ئاسان نه‌بوو.
له‌ زۆربه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کاندا و به‌رده‌وام دووباره‌کردنه‌وه‌ی پرسیاره‌کان، ده‌رکه‌وت مۆلین په‌تێل چه‌ندین جار درۆی ده‌کرد
بۆنموونه‌ له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ 5:30 ی به‌یانی دا که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵ که‌ ده‌ڵێن له‌و ماوه‌دا چیت کرد، ده‌ڵێت نان و چام خوارد به‌ڵام هه‌ر ئه‌و به‌یانی یه‌ پێش تر نان و چای خواردبوو، له‌ پاش ئه‌وه‌ ده‌ڵێن ئه‌ی پاش ئه‌وه‌ چیت کرد، ده‌ڵێت چوومه‌ سه‌ر لاپ تۆپه‌که‌م بۆ سه‌ر ئینته‌رنێت و خه‌وم لێ که‌وت، که‌ ده‌ڵێن خۆ تۆ چوویت بۆ کارتی پاسه‌که‌ ئه‌ی بۆ ئه‌وه‌نده‌ مایته‌وه‌، له‌ وه‌ڵام دا ده‌ڵێیت په‌له‌م نه‌بوو چوونکه‌ براده‌ره‌که‌م به‌ ته‌له‌فۆن ئاگاداری کردم که‌ ناوی تۆمارکردووم.
که‌ پرسیار ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر کارته‌که‌ت نه‌دۆزیه‌وه‌ ئه‌ی چۆن چوویت بۆ کار، ده‌ڵێت: به‌ پێ چووم و سه‌عات و نیوم پێ چوو، ئینجا ده‌ڵێن ئه‌ی ئه‌وه‌ تۆ نیت له‌ ناو پاسه‌که‌دا له‌ هه‌مان کات و ده‌قه‌دا، ئه‌گه‌ر کارته‌که‌ت نه‌دۆزیه‌وه‌ ئه‌ی چۆن به‌ پاس چوویت؟
لێی ده‌پرسن ئه‌ی ئه‌و کیسه‌ سپی یه‌و لاپ تۆپه‌که‌ت چی لێکرد، ده‌ڵێت لێم وون بوو، له‌ شوێنێک دامنا و له‌بیرم چوو، ده‌ڵێن ئه‌ی ئه‌وه‌ نی یه‌ به‌شانته‌وه‌ هه‌تا شوینی کارکردن، له‌ واڵاما ده‌ڵێت، له‌ ڕێگا له‌ گه‌ل هه‌ندێ براده‌روه‌ستام و قسه‌مکرد و له‌ بیرم چوو و به‌جێم هێشت. له‌ دوو ڕۆژی پێش مردنی کارتیک په‌تێل به‌رده‌وام پۆلیس پرسیاری لێ ده‌که‌ن، ئه‌ویش ئه‌ڵێت: خۆ کارتیک ماوه‌، هێشتا هه‌ناسه‌ ده‌دا، ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌و وه‌لامانه‌یه‌ که‌ دیاربوو خۆی کوشتویه‌تی.
له‌کاتی بانگکردنی براده‌ره‌ هندیه‌کانی بۆ دادگا بۆ لێکۆڵینه‌وه‌، زۆربه‌یان باسی ئه‌و پاره‌ دزین و قومارکردن وپاره‌ی کرێ و غاز دزینه‌ ده‌که‌ن،،ده‌رده‌که‌وێ ڕاسته‌و مۆلین پاره‌ی له‌ زۆریان دزیوه‌، له‌وه‌ڵام دا ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ ئێستا ده‌زانن من له‌ به‌ندیخانه‌دام ئه‌گینا ناوێرن شتی وا بڵێن، ئه‌م وه‌لامه‌شی لایه‌نێکی خراپی تری کاره‌کته‌ری نیشان ده‌دا.
هه‌روه‌ها پێش ده‌ست پێکردنی لێکۆڵینه‌وه‌ی جوری، حاکم خۆی لایه‌نه‌ یاسایی یه‌کان ڕوون ده‌کاته‌وه‌، بۆ نموونه‌ده‌یووت:
له‌جه‌ریمه‌کردنا زۆر که‌م موجریم هه‌یه‌ بیه‌ڵن که‌ که‌س بزانێ جه‌ریمه‌ ده‌که‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ عه‌قڵ به‌کاربێنن، هه‌روه‌ها ده‌یووت: هیچ جۆره‌ به‌زه‌یی و عاتیفه‌ نابێ کاربکاته‌ سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌و ئه‌نجامی قه‌راردانتان.
له‌ کاتی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ندامانی 12 جوری، من و براده‌رێکی تری له‌خۆم به‌ته‌مه‌ن تر یه‌کسه‌ر پێش ته‌واوبوونی لێکۆڵینه‌وه‌ی دادگا تا ڕاده‌یه‌ک بێگومان بووین ووتمان خۆیه‌تی و مۆڵین کوشتویه‌تی، به‌لام به‌ پێی یاسا ده‌بوو هه‌موو لایه‌نێکی لێکۆڵینه‌وه‌ بپشکنین و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ربکه‌ین، هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانی جۆری به‌رده‌وام داوای ده‌لیل و نوسراوی تریان ده‌کرد، هه‌تا داوای کراسی خوێناوی کوڕه‌کوژراوه‌که‌شمان کرد، ده‌بوو هه‌موو ئه‌ندامانی جوری له‌ ژوورێکدا پێکه‌وه‌ به‌ بێ په‌یوه‌ندی کردن به‌که‌سی تره‌وه‌ و هه‌تا بۆنان خواردنی نیوه‌ڕۆ ده‌بوو هه‌ر له‌ ژووره‌که‌ی خۆمانا بمێنینه‌وه‌ خواردنیان بۆ ده‌هیناین و له‌و ڕۆژانه‌دا ده‌بوو هه‌موو ته‌له‌فۆنه‌کانمان بکوژێنینه‌وه‌ بیخه‌ینه‌ ناو سه‌به‌ته‌یه‌ک و په‌یوه‌ندیمان به‌که‌سه‌وه‌ نه‌بێت. لێکۆڵینه‌وه‌که‌مان چوار ڕۆژی پێ چوو، له‌ چواره‌م ڕۆژدا ئیتر یانزه‌مان قه‌ناعه‌تمان کرد که‌ مۆلین په‌تێل تاوانباره‌، یه‌ک ئافره‌تی 41 ساڵ مایه‌وه‌ به‌زه‌یی به‌ تاوانباردا ده‌هاته‌وه‌، به‌لام من پێم ووت: به‌ پێی ڕوونکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ یاسایی یه‌کان وه‌ک حاکم بۆی ڕوونکردینه‌وه‌، نابێ به‌هیج جۆری لایه‌نی به‌زه‌یی و عاتیفی کارمان تێ بکا، هه‌ر جۆره لایه‌نگیری ولادانێک له‌ یاسا ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌مان یاسایی نابێ خۆمان به‌ره‌رووی یاساده‌که‌ینه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی تری جوری پشتگیریان کردنم و قه‌راری هه‌ر دوانزه‌مان مۆلین په‌تێل تاوانبارکرا و حوکمی ئه‌به‌دی درا به‌ 30 ساڵ و چوارسالی بۆ که‌م کرایه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وه‌پێش هیچ تاوانی تری نه‌کردبوو.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ له‌ ته‌مه‌نی 54 ساڵی دا له‌ به‌ندیخانه‌ بێته‌ده‌ره‌وه.
له‌ خوێندنه‌وه‌ی فه‌رمانی حوکم دانیا حاکم ووتی:
'تۆ خیانه‌تت له‌ زه‌لامێک کرد که‌ له‌ ژورێکدا پێکه‌وه‌ ده‌خه‌وتن و به‌ براده‌ری دا ده‌نایت و باوه‌ڕی پێت بوو که‌ ژیانی پارێزراوده‌بێ و خیانه‌تی لێ ناکه‌ی، ئه‌وزه‌لامه‌ت کوشت بۆ داپۆشینی پاشه‌ڵی گه‌نده‌ڵی و خیانه‌تی خۆت ده‌بێ بڕۆیته‌ ژووره‌وه‌ به‌ حوکمی ئه‌به‌دی بۆ پارێزگاری خه‌ڵکی یاسایی و بێ تاوان له‌ده‌ست موجریمی وه‌ک تۆ'
دوو باریسته‌ر که‌ دوولایه‌نی دادگایی یان ده‌کرد: لایه‌نی تاوانبارکردن نیکۆلاس هیلیارد که‌ باریسته‌ر/پارێزه‌رێکی ناسراو له‌ ئینگلته‌را که‌ که‌یسی وه‌ک کاره‌ساتی وه‌رگه‌ڕانی قیتاری ناوچه‌ی پوته‌رس باری به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌، که‌یسێکی تر ڕووداوی مه‌حتته‌ی قیتاری ژێرزه‌مینی ستۆکوێڵ له‌ له‌نده‌ن که‌ پۆلیس به‌ هه‌ڵه‌ کوڕێکی گه‌نجی به‌رزیلی به‌ناوی چارلس دیمێنێزز ده‌کوژن به‌ گوومانی تێرۆریست - باریسته‌ر/پارێزه‌ری به‌رگری گریفیز ئه‌ویش زه‌لامێکی ناسراو له‌ داموده‌زگای یاسایی دا‌
ته‌جروبه‌یه‌کی سه‌یر بوو ‌به‌ڵام که‌یسێکی ناخۆش بوو، هه‌رچه‌ند حاکم زۆر خۆش حال بوو به‌شێوه‌ی چاودێری لێکۆڵینه‌وه‌مان زۆر سوپاسی کردین و په‌یمانی دا که‌ له‌ خزمه‌تی جوری بۆ ماوه‌ ی ده‌ سالی داهاتوو نه‌که‌ین و به‌نامه‌یه‌ک ئه‌وه‌مان پێ ڕاگه‌ینرا.
وه‌ک پاش ته‌واوبوونی دادگایی کردنه‌که‌ پرسیارم کرد هه‌ر ڕۆژێکی دانیشتنی دادگا ده‌هه‌زار پاوه‌ند مه‌سره‌فی بوو
به‌هه‌موو ی شه‌ش مانگ لێکۆڵینه‌وه‌ زیاتر له‌ دووملیۆن پاوه‌ن مه‌سره‌فی بوو، ئه‌م که‌یسه‌ که‌ له‌سه‌ر دوو گه‌نجی هندی بوو هه‌ر به‌ریتانیش نه‌بوون. مۆلین په‌تێل ئه‌وه‌نده‌ ساویلکه‌و نه‌زان بوو که‌ قوڕی کرد به‌سه‌رخۆی و دووخێزان دا، وایده‌زانی که‌ ده‌توانێ فێڵ له‌ پۆلیسی به‌ریتانیا وداموو ده‌زگای یاسایی به‌ریتانیا بکا.
زۆر زه‌حمه‌ته‌ تاوانبار بێ سزدان له‌دستیان ده‌رچی، که‌یسی وا هه‌یه‌ سی و پێنج ساڵ له‌مه‌وپێش ڕوویداوه‌ هێشتا تاوانبار نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، وا ئێستا ته‌کنۆلۆجی لێکۆڵینه‌وه‌و 'دی ئێن ئه‌ی' له‌ پێش که‌وتندا یه‌ و به‌کارده‌هێنرێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران.
ئه‌مه‌ش ده‌ردی قومارکردن که‌ به‌بۆچوونی من له‌ نه‌خۆشی سه‌ره‌تان خراپتره‌ و براوه‌ ته‌نها خاوه‌ن شه‌ریکه‌کانی قوماره‌.
له‌م ووڵاتانه‌دا به‌ یاسا ڕێگای کوشتنی چۆله‌که‌یه‌ک، کۆترێک، سه‌گێک یا پشیله‌یه‌کیش نی یه‌ ئینجا مرۆڤ، ئازاردانی هه‌ر گیان له‌به‌رێک دوور نی یه‌ سزای به‌ندکردنی له‌سه‌ر نه‌بێ، زل له‌یه‌ک له‌ ئافره‌ت / هاوسه‌ر یا منداڵ سێ تا شه‌ش مانگ سزای به‌ندکردنی له‌سه‌ره، ئافره‌ت به‌ پاسه‌وانه‌وه‌ ناگه‌ڕێن، هه‌ر وه‌ک پیاو ئافره‌ت ده‌توانێ پاش نیوه‌شه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ به‌بێ پاسه‌وان وکه‌س ناتوانێ په‌نجه‌یه‌کی ده‌ستدرێژی ئاراسته‌کا، تۆڵه‌ی خراپ کردنی ئافره‌ت حه‌وت ساڵ به‌ندکردنه، له‌ ووڵاتی خۆماندا به‌فه‌رمانی خه‌لكانی وه‌ک مه‌لا خه‌تێ لوت بڕین وخه‌ته‌نه‌ کردن و ئه‌تک کردنی ئافره‌ت ڕه‌وایه‌، که‌ ئه‌مه‌ ئاشکرایه‌ دژی هه‌موو پرنسیپی مرۆڤایه‌تی وفه‌لسه‌فه‌کانی ژیان و پرنسیپی سورشتی و هه‌موو ئاینه‌کان و فه‌رمانه‌کانی خودایه‌.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە