دەسەلاتی كوردی سەركەوتو نەبوو، که‌ ئەنفال (جینۆساید) بكاتە چەكێكی سیاسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی

Tuesday, 27/04/2010, 12:00

2313 بینراوە


(د.سالار باسیرە)
(پسپۆر لەبواری زانستە سیاسیەكاندا)

ئەنفال كارەساتێكی سروشتی نەبوو
ئەنفال كارەساتێكی سروشتی نەبوو.بوومە لەرزەو بوركان ونەخۆشی تاعون ولافاو وئاگر نەبوو،بەلكو بەری سیاسەتی قركردنی دەیان هەزار مرۆڤی كورد بوو لەسەر خاكی خۆی لە لایەن كۆمەلێك درندەی بەناو مرۆڤەوە بەئەنجام گەیەندرا.لەكاتی وتووێژكردنم لەگەلیاندا قوربانیەكانی ئەنفال زۆربەی كات چاویان دەبریە دەرگای دەرەوەی مالەوەو هەر لە چاوەروانی ئەوەدابوون بێسەروشوینەكانیان بگەرێنەوە.گلەیی وتورەیی ئەنفالەكان زۆرن.كوژراوەكان چیتر ناتوانن بەرگری لەخۆیان بكەن هەربۆیە دەبێت ئەوە ئەركی زیندوەكان بێت،ئەركی كەس وهێزو لایەنە مرۆڤ دۆست وپارپَزەری مافەكانی مرۆڤ بێت،ئەركی خاوەن ویژدان بێت،بەر لەهەمووی ئەركی دەسەلاتە.هەر یەكێك لەم خیزانانە مێژویەكی خۆی هەیە،هەموشی مێژوی كوێرەوەری و تراژیدیاو خەمە.هەموو رۆژێكیان مردنێكە،هەموو رۆژێكیان ئەنفال كردنێكە،ئەنفالی جەستەو رۆح.پشتگوێ خستنیشیان هەر ئەنفال كردنە.پەیمانی هەرچیەكیشیان پێبدرێ پێشتر نەكرێتە پرۆپاگاندەی هەلبژاردن ومیدیاكانی لێپڕبكرێنەوە یان دواتر تەنیا لەسەر كاغەز بمێننەوە،ئەو پەیمانانەی كەباجیان لەسەر نیە.ئەو شتە كەمەی كە بۆ قوربانیانی ئەنفال ئەنجام دران زۆر درەنگ كران وفشاری رای گشتیش زۆربوو.ئەنجامە خراپەكانی ئەنفال جگە لەتێكچوونی باری رۆحی بەشێكی بەرچاوی كۆمەلگای كوردی،تێكچوونی سەقامگیری كۆمەلایەتی وهەروەها تێكچوونی بەها كۆمەلایەتیەكان وكەسایەتی مرۆڤەكانیشی لێدەكەوێتەوە.كامانەن بەرنامەكانی دەسەلات بەپراكتیك بۆ چارەسەری هەموو ئەم دیاردانە؟

دلگرانیشم بەئەندامانێكی ناوچەكانی ئەنفال لەپەرلەمانی هەرێم
دلگرانیشم بە بەئەندامانێكی پێشووی پەرلەمانی هەرێم لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستان وخەلكی گەرمیان،خەلكی ناوچەكانی ئەنفالن كەچی كەمترخەمی وبێهەلوێستی وبێدەنگیان هەلبژاردبوو،تەواو جیاواز وەك لەوەی پێشتر ناسیبوومن.لێرەدا ئەو كاتەی بەرژەوەندی نەتەوە دەبێتە قوربانی بۆ بەرژەوەندی تاك،خۆشەویستی مرۆڤ بۆ پۆست وپارە.بابزانین ئەم بەرێزانەی تر لەخولی ئایندەی پەرلەمانی هەرێم وبەغدا چییان پێدەكرێت؟



(بەپێی دەستوری عێراق هەرێمی كوردستان بۆی هەیە لەبالیۆزحانەكانی عێراق نوسینگە بكاتەوە بەلام نایكاتەوە)
بەپێی دەستوری عێراق هەرێمی كوردستان بۆی هەیە لەكۆنوسولگەریەكان وبالیۆزخانەكانی عێراق لەدەرەوە نوسینگە بكاتەوە بەلام نایكاتەوە.بوونی ئەم نوسینگانە كاریگەریەكی گەورەتری دەبێت بۆ كورد.لەبری ئەمە هەردوو حیزبە گەورەكە نوێنەری خۆیان داناوە كە لەراستیدا نوێنەرایەتی تەنیا حیزب دەكەن.كۆمەلە كارێك بۆ بەرپرسەكان وحیزب دەكەن كە ناتوانن لەناو بالیۆزخانەكاندا بیكەن، كەواتە ئەمەش دوورە لەكاری موئەسەساتیەوە.دەولەتەكان بەشێوازێكی تر مامەلە لەگەل ئەم دەزگا دبلۆماسیانە دەكەن وەك لەگەل نوێنەرێكی حیزبی نەناسراو.كورد دەتوانێت بەم رێگایەوە لەبواری جینۆسایدناساندن وكەلتورو فەرهەنگ و خویندنی بالاو پەوەندیەكانیدا بەپیی دەستور چالاك بێت.بەلام بەبوونی ئەم نوێنرایەتیەی هەریم (هەرێمەكان) لەم دەزگا عێراقیە رەسمیانەدا كورد دەبێت دەست لەنوێنەرەكانی خۆی هەلبگرێت.

ئەنفال دۆسیەیەكی سیاسی ویاسایی گرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی
ئەنفال دۆسیەیەكی سیاسی ویاسایی گەورەو گرنگە بەدەست كوردەوە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.هەروەها پێویستە بچێتە ناو كتێب وبەرنامەی خوێندنی قوتابخانەو زانكۆكانەوەو چەندین سەنتەری لیكۆلینەوە بۆ بواری جینۆساید دامەزرێنرێن.تەنیا دلۆپێك لەو سەدان ملیۆن دۆلارانەی كە مولكی نەتەوەیەو لای چەند كەسانێكی كەمی دەسەلات كۆبونەتەوە خەرج بكرێ بۆی.دەبوایە چەندین سەنتەری چارەسەری دەرونی ورۆحی لەناوچەكانی ئەنفالدا دروستبكرانایە.بەپێی توانای سەردەم مۆزەخانەی تایبەت بۆ كارەساتی ئەنفالیش بكرێتەوە كەنەوەكانی داهاتووش هەمیشە ئەم كارەسات وتراژیدیا مێژوییەیان لەبەرچاو بێت ونیشانی میوانانی بیانی وراگەیاندنە نیودەولەتیەكانیش بدرێت،نەك بەتەنیا لەكوردستان بەلكو لەشوێنێكی وەك بەغداش دروست بكرین.هەروەك ئەوەی كەیەهودیەكان بۆ مێژووی خۆیان دەیكەن سەبارەت بەو چەند ملیۆن مرۆڤەی كە بەو شێوە درندانەیە روبەرووی جینۆسایدكردن بوونەوە لەلایەن نازیەكانەوە.دەسەلاتی سیاسی هەرێم نەیتوانی كار بۆ بەدامودەزگاكردنی تراژیدیای ئەنفال وكیمیاباران،بەواتا جینۆساید بكات. بفەرموون ئەی دەسەلات بە هەردوو وەزارەتە حیزبیەكانی پێشو وە ئێستای ئەنفال وشەهیدان چیتان كردوە بۆ ئەم بوارەو هەلسەنگاندنێكی ئەو چەند سالەی تەمەنی ئەنجام بدەن.لەكاتی ئەنجامدانی لێكۆلینەوەیەكی مەیدانی خۆم لەگەرمیان شوێنێكمان لەقۆرەتوو لەتەنیشت سەربازگەیەك دۆزیەوە كە بەسەدان مرۆڤی كورد لەژن و مندال وپیرو گەنج تێیدا ئەنفال كرابوون،جل وبەرگ وئێسك ونەعل وپێلاوەكانیان هەمویمان بەفەردە كۆكردەوە كەچی وەزیری ئەنفال ومافی مرۆڤ وئاوارەو كوردە فەیلیەكان و...تاد ناوی وەزارەتەكە ئەوە بوو ئەو كاتەی حكومەتەكەی سلێمانی نەك هەر سەردانی ئێرەی نەكردو بەدۆكومێنت نەكرا بەلكو تاقەتی ئەوەشی نەبوە سەردانی ناوچەی گەرمیانیش بكات.پارەیەكی زۆر خەرج كرا بۆ ئەنجامدانی ئامارێك لەسەر ژمارەی قوربانیانی ئەنفال.كوا ئەنجامی ئامارەكە بۆ ئەوەی بتوانرێت كاری پێبكرێت.لێرەدا جگە لەتۆماركردنی لاپەرەیەكی رەش ئەنجامی تری باشی نەبوە.لەحكومەتە گوایە یەكگرتوەكەی هەرێم دەبوایە وەزارەتەكەی ئێستە بەناوی (وەزارەتی كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوەكان) نەبوایە بەلكو ووشەی جینۆسایدی بدرایەتێ چونكە راستە ئەنفال جینۆسایدە،بەلام جینۆسایدیش بەتەنیا ئەنفال ناگرێتەوە. دوبارەكردنەوەی هەمان ئەو هەلەیەی لەدەستوری عێراقدا كراوە.زۆرانێك لەسەر حیسابی لاشەی جینۆساید دەولەمەند بوون و بوونە خاوەن پۆست.هەربۆیە لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەمانە نابێت بازی بەسەردا بدرێت.


تەحسین شاوەیس و ئەنفال
ئاوارەیەكی كوردی دانیشتوی لەندەن لەمانگی 10/1993 گەرایەوە كوردستانی عیراق و لەگەشتیكی ڤیدیۆدا كە لەلایەن وێنەگری فەرەنسی لیۆنێل دوژاردان وكاك عەدنان كەركوكی تۆمار كراوە،چاوپێكەوتنی لەگەل چەند ئاوارەیەكی شاری كەركوك و دەوروبەری كردبوو لە ئوردوگای بنەسلاوە لای هەولێر.ئەم ئاوارانە لەسالی 1988 لەدەست رژێمی بەغدای علی حسن مجید هەلاتبون بۆ ئەوەی ئەنفال نەكرێن و بەناچاری پەنایان بردبوە بەر تەحسین شاوەیس كە ئەم موستەشارە كوردە بەلكو لەئەنفال كردن رزگاریان بكات.تەحسین شاوەیس قەناعەتی بەكوردەكانی ئەو ناوچەیە كردبوو كە رانەكەن و بەلێنی دابونێ كە رزگاریان دەكات ویارمەتیان ئەدات وبەر ئەنفال ناكەون.لەسەر ئەم بەلێنە دوایی خۆیان تەسلیم بە تەحسین شاوەیس كردبو.بروانە ئەمەش كورتەی ووشەو هەست و بەسەرهاتی یەكێك لەم دایكە ئاوارانەی كە لە شالاوی ئەنفال رزگاری بوو:
"...ئێمە لەوێ (لە ناوچەی ژێر دەسەلاتی رژێمی بەغدا نوسەر) مالمان تالان كرا،مەڕو ولاخمان براو هیچمان نەما.ئاوا سەلتەخت رامان كردو كەوتینە ڕێ و چوین خۆمان تەسلیمی تەحسین شاوە كرد.كورەكانیشمان برد لەگەل خۆمان.لەوێ تەحسین شاوە كەوتە بەخێربێن،بەخێربێن وگشتمان كوردین وگشتمان وەك یەكین وئەم قسانە.ئێمەی مال ومندال نایە ناو زیلێك وتوند توند لەهەر چوار لاوە بەستی كە كونێكیشی تیا نەبوو. ووتی هەر لێرە هەتا دەچنە ناو چەمچەمال ئێوە وەناو جەیشا ئەرۆن وسەیر مەكەن.ئێمەی نایە ناو زیل وناردینی بەرەو ئەو دێهاتانەو كورەكانی ئێمەشی لەوێ گل دابوەوە كە (40 50) دەبون.نەك هەر هی من،هی ئەو ئەترافانە گشتی.ئێمەشی لەچەمچەمال لەو ناوە بەردا بێ نان وبێ ئاو وبێ جل وبەرگ.كردمانیانە ناو كونە مەغارەیەك (ئەشكەوتێك نوسەر) وتیان قسە مەكەن...ئەگیرێن.خەلكیی جلی لەمندالی خۆی گل ئەدایەوەو كەل وپەلی ئەداینێ ونان وماستیان بۆ ئەهێناین.لەدوای هەشت یان نۆ رۆژ چومە لای هاوسێ مالەكەو وتم ئەی كوا كورەكانمان.وتی ئەی قور وەبان سەرتان كورەكانتان نەمان،فرۆشران وحكومەت بردنی.بەم جۆرە كورەكانمان رۆی وچاومان پێیان نەكەوتەوە...".بەم شێوەیە تەحسین شاوەیس فێلی لەكۆمەلێك ئاوارەی كورد كرد،تەنانەت لە ژن ومندال وپیرو نەشارەزاو بێ ئاگا كە پەنایان هێنابوە بەر تەحسین شاوەیسی موستەشار كەكورەكانیشی فرۆشتن بەفاشیستەكان وئەنفال كران.تاوانی ئاوا گەورەو دواتریش بووە خۆشەویستەكەی پارتێكی سیاسی كوردی دەسەلاتدار.


(بەچاوی خۆم بینیم قوربانیانی ئەنفال ئەوەی لەدوای ئەنفالەوە هەیانە كەمە بۆ ژیان بەلام زۆرە بۆ مردن)
ئایا جگە لەزیندوەكانی دوای شالاوی ئەنفال كێ دەتوانێت لەناخەوە لەم ئازارەیان بە تەواوی بگات،لەئازاری ئەوەی كە بەشێك لەرۆح و لەجەستەت لێبكەنەوە.ئەنفال هەر قوربانیانی كەسوكاری ئەنفال ناگرێتەوە،بەلكو تەحەدایە بۆ سەر كەرامەتی سەرجەم نەتەوەیەك.هەربۆیە كێشەی هەموو كوردە،هەروەك كارەساتی كیمیاوی.مرۆڤ نابێت بەس هەست بە ئازارێك بكات كەتەنیا خۆی بگرێتەوە.دەكرێ هەموو یەكێك لەئێمە لەشوێنیان بوینایە،چونكە كوردین.مرۆڤ دەست بەچاوی خۆیەوە نەگرێت وبلێت ئەم شتە پەیوەندی بە منەوە نیەو من ئەنفال نەكراوم،یان گوێی خۆی كپ بكات وبلێت من لەكیمیاباران دوور بووم وسەری خۆی كز بگرێت وبلێت هیچ پەیوەندیەكی بەمنەوە نیە.ئەنفال وشەیەكە كە سالانیكی زۆر بوو بەكارم دەهێنا،هەروەك هەلەبجەو كیمیاباران،بەلام هەتا بەقولیی نەچومە ناویان هەستم بە ئازاریان نەكرد،هەرچەندە ئەم ئازارەی من ریژەییەو تەنیا خۆیان دەتوانن هەستی تەواو بە ئازاری ناخ بكەن.زۆرجاریش تەنیا لەمردندا پشووی ناخیان دەدۆزنەوە.

یەهودیەكان بە كۆماندۆی تایبەت لەولاتەكانی جیهاندا بە شوێن نازیەكاندا دەگەران
سەبارەت بەكوشتنی بەكۆمەلی یەهودیەكان لەلایەن نازیەكانی ئەلمانەوە بە سەدان فیلم و راپۆرت وبەلگەنامەو شانۆو رۆمان وكۆنفەرەنسی بە خۆوە گرتوە.یەهودیەكان مندالەكانیان ونەوەی نوێ بەشێوەیەك پەروەردە دەكەن هەروەك ئەم كارەساتە ئەمرۆكە رووی دابێت.بەكۆماندۆی تایبەت لەولاتەكانی جیهاندا بەشوێن نازیەكاندا دەگەران و زۆریان لێ دۆزینەوەو هێنرانەوە بۆ ئیسرائیل وكردیانن بەعیبرەت بۆمێژووی مرۆڤایەتی.پاشماوەی ئەنفال كراوەكان بێدەسەلات و بێدەرامەت وزۆربەی نەخوێندەوارو بێهێزن وچاوەریی رۆژانی گەردەلولی تۆلەسەندنەوەن.كەچی لەم ولاتەی ئێمەدا موستەشارە كۆمەلكوژەكان وئەنفالچیەكان وجاشەناسراوەكان وخاوەن مەلەفەكان بەبەرچاوی هەموانەوە ئازادن وبگرە بونەتە خاوەن مولك ومال وپۆست وپایەو پلە.ئەو وێنەیەی كەخۆی بۆخۆی دەدوێت.




ئەگەر قوربانیەكان ئەنفالچی بونایە ئەمرۆ پاداشت ئەدرانەوە
بەپیی ئەم راستیە ئەگەر قوربانیەكان ئەنفالچی بونایە ئەمرۆ پاداشت ئەدرانەوە.ئەمەیە تراژیدیای دەسەلاتی سیاسی لەولاتی ئێمەدا.ئەمەیە تراژیدیا ئەگەر فرۆكەوانێكی بەكۆمەلكوژ لەلایەن سەرۆك كۆماری ئەم دەولەتە كەكوردە ئازاد بكرێت.ئەگەر دادوەری بێلایەن بوایە لەم ولاتەدا ئەوا دەبوایە ئەو بەپرسە لیپرسینەوەی یاسایی لەگەلدا ئەنجام بدرایە.ئەمە نەبەتەنیا تۆمەتێكە رووی كورد دەگرێتەوە بەلكو رووبەروی دەسەلاتی سیاسی دەولەتی عێراقیش دەبێتەوە.هەربۆیە دەمێكە كاتی ئەوە هاتوە كار بۆ گرتنەبەری رێگای یاسایی بگیرێتەبەر نەك بەتەنیا ئەوانەی ئەنفالچی بوون وموستەشار بوون لەعەرەب و لەكورد بەلكو ئەوانەش كە دۆسیەی ئەنفالیان ئەنفال كرد،دۆسیەی كیمیابارانیان كیمیاباران كردو تەنیا لەبۆنەكاندا قسەی بریقەداری لەسەر دەكەن.


ئەوەی بەرامبەر كورد ئەنجامدرا لەیاساكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا جینۆسایدە
زۆربەی ئەو هەنگاوانەی بۆ بواری جینۆساید ئەنجام دراوە لەریگای كەسە لەخۆبوردوەكانەوە،لەرێگای رێكخراوی چاك و كوردۆسایدو كۆمەلەكانی ئەنفال وهەلەبجەو جینۆساید بووە.وەك ئەو هەولانەی لەم دواییەدا گیرایە بەر بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال وهەلەبجە لەسەر ئاستی چەند پەرلەمانێكی ئەوروپا.لەبەر رۆشنایی ئەو راستیەی كەئەوەی بەرامبەر كورد ئەنجامدراوە لەیاساكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا دەچیتە خانەی جینۆسایدەوەو بەنەخشە كار بۆ هەولی گۆرینی ناسنامەی نەتەوەیی گەلێك كراوە،هەربۆیە دەبوایە دەسەلاتی كوردی لەسەر ئەم ئاستەبەنەخشە و بەبەرنامەو لەسەر ئاستی ئەم یاسا نێودەولەتیە كاری بۆ بەجینۆسایدناساندنی تراژیدیا نەتەوەییەكانی كورد بكردایە كە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجامدراوون ودەولەتی بەعسیش ئەندامێكی ئەم رێكخراوە بووەو سەرەتاكانی مافی مرۆڤی واژۆ كردبوو.لەسەر ئاستی عیراقیش كاری بۆ ئەوە بكردایە كە بەرەسمی بەناوی دەولەتی عێراقەوە داوای لیبوردن لەگەلی كورد بكرێت بۆ ئەو جینۆسایدەی بەناوی دەولەتی عێراقەوە بەرامبەر بەم گەلە ئەنجام دراوە.قەرەبوكردنەوەی قوربانیانی ئەنفال وكیمیاباران وئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان لەدەستوری عێراقدا بچەسپێت.ئەو دەستورەی كە بەوشەیەك وشەی جینۆسایدی تێدا تۆمار نەكراوە بەلكو وشەی شەهیدی تێدایە.ئەمەی دواییان ناكرێ وەك ئەوەی یەكەم قورسایی یاسایی نیودەولەتی هەبێت و بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەكارى بهینریت.بۆچی دەسەلاتی كوردی سەركەوتو نەبووە لەم ئاستەدا؟ گەلی كورد دەنگیدا بەنوینەرەكانی و بروای پیبەخشین بۆ نوینەرایەتی بەرژەوەندیە شەرعیەكانی ئەمان لە پەرلەماندا.
دەسەلاتی كوردی ئامادە نەبوو تەنانەت خەرجی تەنیا دوو پاریزەر بدات لەئەلمانیا
دەسەلاتی كوردی ئامادە نەبوو تەنانەت خەرجی تەنیا دوو پاریزەر بدات لەئەلمانیا بۆ سكالا تۆماركردن لەسەر ئەو كارگانەی لەئەلمانیا مەوادو تەكنەلۆژیایان بەرژێمی بەعس فرۆشت بۆ دروستكردنی چەكی كیمیاوی كەدواتر دژ بەكورد بەكار هێنرا.جێگای تورەبوونە بەرپرسێكی دیاری ی.ن.ك بەناوی كاری ئەنفال وبواری ژنان وهەلەبجەوە رۆیشتە دەولەتی سویدو مەسرەفی گەشتەكە لەلایەن حكومەت وحیزبەوە كرا بەلام لەراستیدا بۆ گەشتێكی خۆشەویستی بوو لەگەل خۆشەویستەكەیدا (...) ومیدیاكانی یەكێتیش كردیانە دەستكەوتی سیاسی وحیزبی.لەبری ئەوە كاریگەرتر بوو لەبەغدا شەری بەدەستوور كردنی ئەنفال وهەلەبجە (جینۆساید) بكرایە.لێرەدا لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری (هەندێك كراوە ئەگەر درەنگیش بوبێت بەلام بەپارەی گەل خۆی و بەبودجەی بەغدا بۆ هەرێم) بەلام گرنگتر لەوە لەسەر ئاستی یاسایی ومەعنەوی و لەسەر ئاستی هەرێم وعێراق ونێودەولەتی هەروەها بەبەرنامەو سیستەم وشێوازێكی موئەسەساتی و تێكنۆكراتی وەك پێویست كار بۆ ئەم بوارە نەكراوەو بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەكارنەهێنراوە ولێپرسینەوەی سەرەكیش دەكەوێتە ئەستۆی دەسەلات بەهەموو ئەو لایەنە سیاسیە بچوكانەشەوە كەبەشدار بوون لەدەسەلاتدا.ئەمرۆكە پێویستە ئۆپۆزیسیۆن ئەم بابەتە بكاتە ئەركێكی سیاسی ونەتەوەیی وئەخلاقی وبەو شێوازە كاری لەسەر بكات كە لەم نوسینەدا ئاماژەم پێداوەو رای گشتییشی بۆ دروست بكات .


نووسەر لەچەند دێرێكدا
نوسەر لە1956 لەسلێمانی لەدایك بوە.لەسالی 1976 رۆیشتۆتە ئەلمانیاو هەر لەوێ خوێندنی ناوەندی ودواناوەندی تەواو كردوە.لەزانكۆی ماربورگ بروانامەی بەكالۆریۆس لەبواری راگەیاندن وزانستە سیاسیەكانداو لەزانكۆی ڤوپەرتال بروانامەی دوكتۆرای وەرگرتوە دەربارەی سیستەمی سیاسی بەعس لەعێراق.مامۆستایە لەكۆلێژی یاساو زانستە رامیاریەكان لەزانكۆی سلێمانی.خاوەنی كۆمەلێك لەكتیب ونوسین وبلاوكراوەو وەرگێرانە بەهەردوو زمانی كوردی وئەڵمانی.هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوەی مەیدانی وزانستیە بۆ ئەمریكای لاتین ولەنێو ئەوانە لێكۆلینەوەیەكی مەیدانی چەند سالە لەگەرمیان سەبارەت بەتراژیدیای ئەنفال،بەدۆكومێنتكردنی لێكۆلینەوەكەی بەڤیدیۆ وكردنی بەكتێبێك (تراژیدیای ئەنفال وهەلەبجە..).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە