رەنگە دوای نەجمەدین کەریم، ئاڵا تاڵەبانی نۆرەی بێت!

Thursday, 24/07/2014, 12:00

4594 بینراوە


نەجمەدین کەریم، لە کەرکووک بووە بە جەمسەریکی بە‌هێز بە تایبەتی دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ٣٠نیسانی ئەو ساڵ، بێگومان بەهێز بوونی ئەو جەمسەرە، تەنیا لە بەرژەوەندی نەجمەدین کەریم خودی خۆی نەبوو، بەڵکو رەنگدانەوەشی هەبوو لە بەهێز بوونی یەکێتی لە کەرکوک و پێگەی سیاسی لە بەغداد، بە بردنەوەی شەش کورسی لە کۆی کورسیەکانی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عیراق.

ئەو سەرکەوتنە بۆ نەجمەدین کەریم، چەند فرسەتێک و دەرگایەکی واڵا کردوە، کە بتوانێ بچێتە پەرلەمانی عیراق، یان هەقی ئەوەی هەبێ وەکو عیراقیەک خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، جگە لەوەی خۆی بە شایانی ئەوە بزانێ کە لەناو مەکتەبی سیاسی پارتەکەی رای پێبدرێ بۆ ئەوەی بە فەرمی کاندیدی ئەو پارتە بێت بۆ گرتنەوەی کورسیەکەی تاڵەبانی لە بەغداد.

ئەو پێگەیەی نەجمەدین بووە بە کۆسپێک لە پێش بەرنامەو پلانی جەمسەرە ناکۆکەکانی تری ناو یەکێتی، بە تایبەتی بەرامبەر جەمسەری هێرۆ، کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح. ئەم ناکۆکیە پێشوەخت پێش بینی دەکرا، کە ئەو جەمسەر لە داهاتوویەکی نزیک ببێ بە هۆی سەرهەڵدانی جەمسەریکی ناکۆکی تر، بەرامبەر جەمسەرە ناکۆکەکانی تری ناو مەکتەبی سیاسی ئەو پارتە بە تایبەتی بەرامبەر وەریسی سیاسی تاڵەبانی کە هێرۆیە.

دانیشتنی نەجمەدین لەسەر کورسییەکەی تاڵەبانی لە بەغداد، دەبێتە هۆی دروست بوونی گەلێک فرسەتی تر بۆی و لە ئەنجامدا رۆژ بە رۆژ ئەو جەمسەر بەرەو بەهێزبوون تر دەڕوا، بە حوکمی ئەوەی ئیماکاناتی مادی باشتری دەکەوێتە ژێر دەست و خۆی بڕیار بەدەست دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ئیماکاناتە مادیە بکا. پەیوەندی زیاتر لەگەڵ سەرکردە و لایانە سیاسیەکانی تری پێکهاتەی عیراقی دروست دەکات، وەکو تاڵەبانی دەچیتە ناو هاوپەیمانیەتی لەگەڵ شیعە، خۆی لە ئێرانیش نزیک دەکاتەوە و دەبێ بە بەدیلی تاڵەبانی بۆ خواستەکانی مەلاکانی ئێران. لەسەر ئاستی ناوچەکەش پەیوەندی دیبلۆماسیی ئابووری لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ دەبەستێ، بێگومان لەگەڵ ئەمریکاش هیج کێشەیەکی نابێت. لەسەر ئاستی هەرێمیش هەوڵدەدا پەیوەندییەک دروست بکات، کە لە بەرژەوەندی خۆی بێت، لە دەر ئەنجامی ئەوانەش لە داهاتوویەکی نزیک خۆی بە شایەنی ئەوە ببینێ، کە کەسایەتی یەکەم بێت لە ناو یەکێتی نیشتمانیدا، ئینجا لە کوردستانیش لەسەر کورسیەکەی تاڵەبانی دابنیشێ و داوای ئەوە بکات ببێ بە سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی.

هێرۆ، بۆ رێگری کردن لەگەشە کردنی ئەو جەمسەرە، ئەو جۆرە کەسایەتیەی کە دەزانێ ناتوانی تا هەتا هەتاێی جڵەوەکە لە ژێر کۆنترۆلێ خۆی بێت، نیگەرانە، باشترین کاندیدی هێرۆ بۆ گرتنەوەی کورسیەکەی تاڵەبانی لە بەغداد کە سەدا سەد بە هی خۆشی نازانی، بەڵام ناچارە ئەویش فوئاد مەعسومە کە هەموو تەمەنی جەلالی بووە نەک هێرۆیی، جگە لەوەیش تەمەنەکەی یارمەتی ئەوەی نادات وەکو نەجمەدین کەریم، مەترسی بۆ سەر بنەماڵەکەی دروست بکات.

ئەوەی جێگای سەرنجیشە جیاوازی ئێجگار زۆر لە نێوان کەسایەتی نەجمەدین و فوئاد مەعسومیشدا هەیە. یەکەمیان کۆنترۆل کردنی نەجمەدین ئاسان نییە بۆ هێرۆ بە قەد فوئاد ، چونکە ئەزمونی چەند ساڵەی ژیانی هێرۆ لەنزیک فوئاد مەعسوم، جگە لە تەمەکەی وەکو لە سەرەوە باسمان کرد، بۆی دەرکەوتووە کە ئەو کابرایە خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز نییە، ترسنۆک و لەرزۆکە، ئەو بوێرییەی تیادا بەدی ناکرێ بەرامبەر بە هێرۆ لەل بکات، هەرچی هێرۆ و دارو دەستەکەی بیانەوێ دەتوانن بەو کابرایەی بکەن، بەڵام لەگەڵ نەجمەدین ئەوەیان بۆ ناکرێ.

هێرۆ سەرقاڵی دژایەتی کردنی نەجمەدین و بەرهەم ساڵحە، بەڵام لە پەنا ئەوان خەریکە یەکێکی تر لە گەشە کردن و پەرەسەندن دایە کە ئەویش ئاڵا تاڵەبانیە کە خوشکەزای تاڵەبانیە.

ئاڵا تاڵەبانی، دوای قۆناغی شاخ هێنرا بوار و مەیدانی سیاسەت کردن لەلایەن تاڵەبانی، پشتیوانی لێکردو کردی بە ئەندام پەرلەمانی عیراق و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، وا بۆ چەند خولێک دەچێ پشتیوانی لێدەکرێ و لە پۆستەکەی خۆی دەمینێتەوە.

ئاڵا، لە بەغداد سودی تەواوی بینیوە لە پەیوەندیەکانی جەلال تالەبانیی خاڵی، خۆی لە مالکی و کوتلەی شیعەش نزیک کردۆتەوە، ئەمەی کردۆتە پردێک بۆ دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ مەلاکانی ئێران. خۆی نزیک کردۆتەوە لە هەندێ رێکخراوی ژنان کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرێ. لە کەرکوکیش بە هەمان شێوە سوودی لە جەماوەری تاڵەبانی بینیوە. بۆیە ئەگەری ئەوە زۆرە لە خولی داهاتوودا بۆ پۆستی سەڕۆک کۆماریش ئامادە بکرێ. ئەوەی پێویستە بوترێ ئەوەیە کە ئەو جەمسەرە لەگەڵ هێرۆ و شانازدا نیە.

کوتلەی خزمی تاڵەبانی کوتلەیەکی جیاوازان لە کوتلەی هێرۆ. بریتین لە زڕ برازاکانی تاڵەبانی، چەند جومگەیەکی بەهێزی ناو دەزگاکانی یەکتیان لە ژێر دەست دایە، وەکو دەزگای دژە تیرۆر، پشکێکی زۆر لە دەرامەتی یەکێتی بە تایبەتی دەرامەتی نەوتی شیواشۆک و بازرگانی تر. چەند ئافرەتیکی تریان هێنراونەتە پێشەوەو پۆستیان پێدراوە لە پەرلەمانی کوردستان. ئەوەی پێویستە پەنجەی بۆ درێژ بکرێ ئەوەیە کە ئەو کوتلەیە، پشتیوانی تەواو لە ئاڵا دەکەن لە داهاتوودا، ئەگەر بەرامبەڕ بە هێرۆ بووەستێ و بتوانێ پۆستی باشتریش وەربگری لەناو یەکێتی نیشتمانی. جگە لەوەش پێشبینی دەکرێ هەتا کوەڕکانی هێرۆش لە داهاتوودا پشتیوانی لێبکەن بە حوکمی ئەوەی پوور زایانە.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هێرۆ هەستی بەو مەترسیە نەکردوە؟ کە ئاگرە سوورەکە خەریکە لێی نزیک دەبێتەوەو لە داهاتوودا کورسییەکەی خۆی و شانازی خوشکی دەکەوێتە لەقین؟ یان هێرۆ ژێر بە ژێر کاری بۆ ئەوە کردووە، کە ئەو جەمسەرە نەتوانی ببێ بە جەمسەرێکی بەهێز لە ناو یەکێتی، وەکو جەمسەرەکەی خۆی؟ ئاخو نۆرەی ئاڵا تاڵەبانی کەی دێ بۆ دژایەتی کردن لە لایەن هێرۆ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە