چەند دێڕێك لە عەدالەت عەبدوڵڵا-ەوە ...

Thursday, 26/02/2009, 12:00

1797 بینراوە


لەسایتی كوردستانپۆستدا، برادەرێك كە بێگومان هەر بەشێوازی نوسینەكەیدا دیارە پیاوێكی داخ لەدڵە، بەناوی (كاكە لاوە) جنێونامەیەكی پان و پۆڕی بەناونیشانی (عەدالەت لاسایی كۆسرەت دەكاتەوە) !!! لەبارەی منەوە نوسیوە.. بێگومان دەبێ سەرەتا ئەوە بڵێم هەرگیز وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە درۆ و دەلەسەو تۆمەتانەم بەلاوە گرنگ نییە. هەر كاكێك لە كاكە لاوەكان! ئەگەر خودا بڕێك بوێری و عەقڵ و رۆشنبیریی پێ بەخشیبێت ئەوە با بفەرمێ بێت و بەناوی راستەقینەی خۆیەوەو لە رۆژنامەیەك یان هەر سەكۆیەكی تردا بێتە پیشەوەو لەبری ئەم گەمە دۆڕاوە كە هی كەسانی لاوازە، قسەی خۆی بكات و ئێمەش بەشێوەیەكی بابەتی و بە سەلماندن و بەڵگەوە وەڵامی بدەینەوە.
هەر كاكە لاوێك یان ئاغاكانی، ئەگەر ململانێی و گرێی دەروونی لەگەڵ تاڵەبانی، یان نەوشیروان، یان كۆسرەت، یان مەلابەختیار و هەر برادەرێكی تردا هەیە، ئەوە با ئەم گرێ دەرونییەی خۆی بەسەر كەسی تردا ساغ نەكاتەوە، چونكە ئێمەومانانێك كە پیاوی بەعس نەبووین و لێی یاخیبووین و چووینەشاخ و براو خێزانیشمان لەپێناودا كردە قوربانی، لەم ئازادییەی ئەمڕۆی كوردستاندا نابینە پیاوی كەس تا لەو سەرەوە سوكایەتی بە هەڤاڵ و هاوڕێكانی خۆمان بكەین. زۆر خەڵك دەزانێ من بابایەكی نوسەرم و هیچتر، هەرچیشم هەیەو باوەڕم پێیەتی ئازادانە دەینوسم و بە ناوی راستەقینەی خۆمەوە. ئەوە نە پیشەی منە لە پشتەوە قسەی ناشیرین بە هیچ كەسێك بڵێم، نە بەم پیشەسازییە ترسنۆكانەیەی تۆش جنێو بەخەڵك بدەم، هەرچییەكیشم نوسیبێ و باوەڕم پێی بووبێت لێی پەشیمان نیم، ئەوەشی بەدڵی نییە، كەیفی خۆیەتی و با وەك ئینسان لە سەكۆیەكەوە خۆی دەربخاو گفتوگۆ بكەین. من نە قسەی ناشیرینم بە كاك نەوشیروان و نە بە بەهەشتی مەلا مستەفا وتووە، نە بڕواشم پێیەتی، ئەوەی باوەڕم پێ بووبێ لە رەخنەو سەرنج لەماڵەكەی كاك نەوشیروان خۆی و بە ئامادەبوونی بەڕێزیان وتومەو خەڵكیش شایتمە، هەمان شتم بەرامبەر سەركردەكانی تریش كردووە، ئینجا من خۆشبەختانە ئەوەی هەمەو نیمە تەنها قەڵەمەكەمە، نە سوپاسالار و نەسەرلەشكرم و نە فاتیحی مەكە تا بتی كەس بشكێنم، تۆمەتەكانی تریشت هەر هەموویان فلسێكی قەڵب ناهێنن، چونكە یەكێك پیاوی ئەو هەموو مەسئولە بەرزانە بێت، یەكێك ئەوەندە لەبلەبان بێ و ئەو هەموو كاربەدەستە گەورانەی هەبێت، چۆن وەك من، بێ پشت و پەنا، لەماڵی خۆیدا لێ ئەكەوێت؟!!، تەنیایی من، كاكی برا، كە تۆ باسی ئەكەی، باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی پیاوی كەس نیم. هەر ئەمەش نهێنییەكی تری رەخنەگرتن و چاونەترسیمە. بێگومان سەرمایەو بن مایەی من ئەو نوسەرو رۆژنامەنووس و كەناڵە میدیایی و هاوڕێ و كەسە نزیكە خۆشەویستانەیە كە لەپێریەوە پەیوەندییم پێوە دەكەن و دڵگرانن بە وازهێنانم و بەشی هەرە زۆریشیان یەكێتی نین، بەڵكو تەنها رێز لەقەڵەم و توانامان دەگرن، سەرمایەو پشتو پەنای من تەنها و تەنها ئەو دەیان ئیمەیل و تەلەفۆن و سەردانەی هاورێیانم و رۆژنامەنووسان و خوێنەرەكانمە بۆ ماڵەكەم، نەك هیچ بەرپرسێكی باڵاو ئەوانەی كە ناوت بردون.. جا لەدواییدا بۆ ئەوەی لەداخیشا دڵت بتەقێ، با ئەم خەبەرەشت بدەمێ : من هەر یەكێتیم، ئەوانەی رۆژێكیش یەكێتی بووبن بە هەڤاڵ و هاورێی خۆمیان دەزانم، تا ئەو رۆژەی ئەم هێزەش لە گۆڕەپانەكەدابێ و بە دەنگ و متمانەی خەڵك بمێنێتەوە ئەوە پشتگیری لێ دەكەم و لە كوێشدا هەڵە بكات بێ حساب كردن بۆ ئەو سەركردانەی هەڵەكان دەكەن رەخنەی توندی خۆم دەگرم، جا ئەگەر هێشتا هەر پێت خۆش نییە، ئەوە ئەتوانی تا دڵ حەز ئەكا سەری خۆت بكێشی بە بەردەكانی شاخی زەردەو قەڵای شێروانەی گەرمیاندا!!!!!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە