ئەگەر بەقسەم بكەن زەرەر ناكەن، بانگەوازێك بۆ گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ

Saturday, 02/11/2013, 12:00

1448 بینراوە






كورد دەمێكە وتوویەتى: پیاو دەوڵەمەندبێ یان پیاو دەكوژێ یان ژن هەڵدەگرێ.

من ناچمە ناو وردەكارییەكانى لێكدانەوە جیا جیاكانى ئەم پەندە و ئەوەى مەبەستمە لەیەكەم تێگرتن نیشانى پێ بپێكم، لەسەرگوزشتەیەییەكى لەمەڕ خۆماندا وتیان: حكومەتی گۆڕ بەگۆڕی بەعسیسزم خەریك بوو گوندەكانى كوردستانی خاپور دەكرد، كابرایەكى دەوڵەمەند لەیەك لەگوندەكاندا چەكى دەستى شكابوو لەخەمى ئەوەدابوو چۆن بەو پەلە پەلەییە بارو بنەى تێكنێ و ڕابكات تا هیچی بەسەر نەیێ، كەچی بەجۆرێ نیگەران ببوو توانای ئەوەى نەبوو دەست بۆ هیچ ببات و هیچ بكات، كە ئەم لەو دڵتەنگى و خەفەتە دەتلایەوە، كاتێ كابرایەكى هەژار و نەداری بینى ئەوە هەندێ وردەواڵەى شڕ و شیتاڵی خستۆتە سەر گوێدرێژەكەی و هێدی هێدی بەدەم گۆرانى وتنەوە ئاوایی بەجێ دێڵێ، كابرای دەوڵەمەند بەو دیمەنەى بینى، خەریك بوو بتەقێ، نەختێ دانى بەخۆیا گرت و كە تووڕەیی ناوەوەى تەقیەوە، خۆی بۆ نەگیرا، لەدوورەوە بانگی ڕادێرایە بابای هەژار و پێی وت: هەى گێلەى گەمژە ئەوە دونیا بەسەر یەكدا كاول دەبێ، خێرە دڵت خۆشە و گۆرانى دەچڕی؟

كابرای هەژار و نەدار بەدەم زەردەخەنەیەوە ڕووى تێكرد و وتى: جا من چیم هەیە تا وەكو تۆ خەفەتى بۆ بخۆم؟ ئەوەى هەمە و نیمە وا دەیبینى خستوومەتە سەر پشتى ئەم كەرە و بچمە هەر شوێنێ هەر ئەوەندەم هەیە و ئیدی خەفەت لەچی بخۆم؟ بەڵام تۆ وەها ڕاهاتووى نە دەستت لە ماڵ و سامانەكەت بەردەبێ و نە دەتوانێ وا بەئاسانى لێرەى بەجێ بێڵی.

كاكڵی قسان: لەم هەرێمەى ئێمەدا چەند شتێ بوونەتە دیاردە و بەكڵۆجێ خوو و خدەمان پێوەى گرتووە وا بەئاسانى دەست بەرداری نابین:

یەكەم: فێری زۆرین و بەكەم قەناعەت ناكەین، هەمیشە چاومان لەوانەیە كە لەسەرووى خۆمانەوەن نەك ئەوانەى لە ژێرەوەدان، ئەوەتانێ دەیان و سەدان بەڵگەى حاشا هەڵنەگر لەبەر دەستە، ئەوانەی سەرەتا نانى ئلەلڵاییان لەماڵەوە نەبووە بیخۆن و كاتێك شڕە بەرپرسێتیەكیان پێ دراوە هەر لە نەبوونەوە، لەچاو تروكانێكدا(لەپڕێك بوونەتە كوڕەك) بەواتا: لەو فەرمانگە و پێگەی تێیدا بوونەتە فیرعەون و هەموو شت، هەمیشە خەیاڵیان بۆ ئەوە نەچووە بیر لەڕابردووى خۆیان بكەنەوە تا داهاتووى لەسەر بنیات بنێن، هاتوون بەسڕینەوەى مێژووى دوێنێیان، تەنها بیر لەوانە دەكەنەوە كە پێش ئەم نان نەبوو بیخۆن كەچی بە گەندەڵی و دزی و فزی لەماوەیەكى كەمدا لەسەر حیسابی من و تۆدا خۆیان دەوڵەمەند كرد و بوونە خاوەنى مەزرەعە و بەنزینخانە و خانووى مۆدێرن و سەیارەى دوا تڕاز، بۆیە ئەوا جۆرە ڕوئیا و تێڕامانە لەناخەوە جۆشیان دەدەن كە لەتەكدا دەوروبەرەكەیشی بەدەر نابن لەو هاندانە: دەى كورسی تا سەر نییە تا پێت دەكرێ لەو ماوەیە بۆ خۆت بخۆ و خۆت پێ بگەیەنە..ئەویش ئەوەندەى دێتە سەر خەت و ئەوەندەى بیر لە دەستگرتن بە كاری بازرگانى و پڕۆژەى لا بەلا دەكاتەوە، نیو هەندە لەخەمى ئەوەدا نابێ بۆ پیشەكەى دڵسۆزبێ بەتایبەت كە دەزانێ سەرووى خۆی هەموویان گەندەڵ و دزن ئیدى كە ترسی لە بانگكردن و لێپێچینەوە نەبوو، پەنا دەباتە بەر هەموو شتێك و هەموو شتێك دەكات.

دووەم: زۆر جار وا بەبیردانمان دادێ ئەگەر نەبینە جێی ڕەزامەندى سەروومان و لەڕووى تەكلیف و ڕوولێنان و تەكلیفكارییەوە بۆ ئیشێكى نایاسایی داوای شتێكمان لێ كرا ، ئەگەر بیكەین ئەوە بێ شك پەرە بە گەندەڵی دەدەین و بەنەكردنیشی وادەزانین دوای چەند ڕۆژێك ڕاپۆرتمان لەسەر دەنووسن و بڕیار لەسەر لابردن و دوورخستنەوەمان دەدرێ، ئەوەش كارێكى نەشیاوە ئەوەمان بەخەیاڵ دابێ: ئاخۆ بۆچی بۆ تەكلیفێكى نا تەكلیف نانى خۆمان ببڕین، كێ منەتى پێیە ئەگەر دەر بكرێم و لەو پۆستەم دوور بخەنەوە، بۆیە ناز و نیعەمى بەرپرسێتى وەها پەمپمان دەدات ڕاستیەكان بخەینە بن پێیان و بۆ مانەوە و دەستگرتن بەكورسیەكەوە ئامادەبین بۆ ڕەزامەندی سەرووى خۆمان هەموو كارێك ئەنجام بدەین با لەدەرەوەى یاسا و رێساكانیش بن، ئەوەش ئەو كارەساتەیە جگە لە ماڵوێرانى هیچ شتێكى تازە و خزمەت گشتى بەدوای خۆیدا ناهێنێ.

سێ یەم: پارە و ژن مرۆڤ بەلاڕێ دەبەن ئەگەر زۆر ئاگامان لەخۆ نەبێ، لەوەشدا تموحى پلە و پایە لەناخمان ڕەنگ دەداتەوە ئەگەر ئەو كەسەی كورسی بۆ هێنانەدی حەز و ئارەزووەكانى خۆشبووێ ، هەروەها مرۆڤ هەرگیز دەسخەڕۆ نابێت ئەگەر زۆریشی بۆ بێنن و ڕووى لێنێن لەئان و ساتێكداخوازیاری هیچ پلە و پۆستێك نەبێ، ئەوانەیشی بە ژنبردن بۆ مەسئولەكان و دەعوەت و دەعوەتكاری و ماستاوساردكردنەوە پۆست وەردەگرن ئەوانە جگە لەوەى هیچیان لێ چاوەڕوان ناكرێ، ئەگەر خزمەتیش بكەن لە سنوورێكى دیاریكراو دەرناچن و مایەى ئەو هیوا و ئومێدە نین كە هەموو لایەك بەپەرۆشەوە لێی دەڕوانێ لەكاتێكدا خۆشنەویستنى كورسی و هەر تەكلیفێك بۆ وەرگرتنىدا وابەستى واقعێكى ناكات ئەوەى پێی وترا و سەرپێچی بوو بۆ بەرپرسان دەستەو نەزەر بوەستێ و جێ بەجێی بكات.

لەو چەند خاڵەدا دەوەستین تا لەو دەروازەوە دوو قسە لەسەر ئۆپۆزسیۆنى پێشووى بزوتنەوەى گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بكەین بەوەى لە ساحەكەدا گۆمی چەند ساڵ بێدەنگیان شڵەقاند لەوەى خەڵك ئەگەر شارەزای زۆر شت نەبوو، ئێستا شتەكانى بەلاوە نامۆ نیە، بەڵام ئەوەى جێی تێڕامانە:

یەكەم: بۆ ئەوەى متمانەى جەماوەر لەدەست نەدەن، پێویستە ئاگاداری پێشهاتەكان ببن و ئەو وتار و سەرنج و تێبینیانەى ئاڕاستەیان دەكرێ چ لە میدیاكانى بینرا و بیستراو تا بە نووسراو لەرێی ڕۆژنامە و سایتە ئەلیكترۆنیەكان ڕادەگات كە زۆر شتى جوان و ماقول دەورووژێنن، هەقە بە جددى بەدواداچوون بۆ ئەو شتانە بكەن.

دووەم: مەسەلەى ئەو مووچەیەی كە هەر لەم سایتەدا بەدەیان وتاری و لێكۆڵینەوەى جیا جیای لەسەر بڵاو كرایەوە كەچی هەڵوێستەكانی ئۆپۆزسیۆنى پێشووى خۆ ئامادەكردوو بۆ بەشداریكردن لەحكومەتى بنكە فراوانی داهاتوو بەڕاستى لەئاست ئەو پشتگیرییە نەبوو كە خەڵكی تووڕە و ناڕەزا لێیانیان چاوەڕوان دەكرد.

سێ یەم: ئەركى یەكەمى هەر یەك لەو حزبانەیە كە لەهەندێ مەسەلەى چارەنووسساز قسەى یەكەم و دواین قسەیان بۆ هەموو ئەندامانى سەر بەلیستەكەیان هەبێت كە چاك دەزانن كارێك بە زیانى حزبەكەیان دەشكێتەوە لەهیچ وەزیر و ئەندامێكى پەرلەمانێكیان قەبوڵ نەكەن، هەر بۆنموونە ئەگەر ئەو ئەندام پەرلەمانانە لەماوەى ئەو چوار ساڵەدا بەو مووچەیەى مانگانە8500000دینار وەریان دەگرن قەناعەت نەكەن ئاخۆ بەو بڕە پاداشتەیش قەناعەت دەكەن كە لەدوا ساتەكانى كۆتای هاتنى خولی سێ یەمى پەرلەمان هاتە ئاراوە؟

چوارەم: هەڵوێستى جوان دەنگى جوان لەخۆی كۆ دەكاتەوە، ئەگەر ئەندام پەرلەمانێك كارێكى نەشیاوى كرد یاخود بۆ دوو ڕۆژی تر وەزیرێك هەڵسوكەوتێكى نەشاز و ریزپەڕی ئەنجامدا، هەڵەى گەورە لەوەدایە یەك حزبی گەورە و دەنگێكى زۆر بكەنە قوربانى یەك نەفەر ئەوەش دەبێ وەها لەبەرچاو بگیرێ كە چارەنووسی حزبێك نابێ بەتاقە كەسێك ببەسترێتەوە لەكاتێكدا دەركردن و سڕكرن و سزادانى ئەو كەسە دەبێتە هۆكارێك تا لەدەرەوە و ناوەوەى ئەو حزبە باڵانسی پشتگیریان زیاتر بەرز بێتەوە.

پێنجەم: ئەگەر بتانەوێ ببنە پێشەنگ هەمیشە لەخەمى خەڵكدابن بە چوونە ناو جەماوەر و كردنەوەى دەرگای بەرپرسان بەڕووى هاوڵاتیان و ڕووخۆشی بەرپرسان و خزمەتكردن هەموو ئەوانە هەوێنن بۆ مانەوە و بەردەوامیتان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە