میوانه‌که‌ی سه‌رۆک

Monday, 10.31.2011, 12:00

1094 بینراوە







ڕۆژێکی خۆشی به‌هار ، دکتۆر که‌ریم گه‌یشته‌ سلێمانی و هاوڕیێ یه‌کی خۆشه‌ویستم یاوه‌ری بوو . هه‌ر هه‌مان ڕۆژ یه‌کترمان ناسیی و به‌ ڕوویه‌کی گه‌ش و زمانێکی زۆر شیرینه‌وه‌ ووتی : (ناوم که‌ریمه‌ ، کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانم و زیاتر له‌ چل ساڵه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکادا ئه‌ژیم و بڕوانامه‌ی دکتۆرام له‌ بواری ئابوریدا هه‌یه‌ و ده‌مێکه‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی ئابوری گرنگم بۆ ئه‌م کوردستانه ‌ ئازیزه‌ی خۆمان ئاماده‌کردووه‌ ، ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ ئێستا و له‌ ئه‌مه‌ریکادا به‌ دیداری جه‌نابی سه‌رۆک شادبووم و باسی ئه‌و پڕۆژانه‌م بۆ کردووه‌ ، جه‌نابیان به‌و پڕۆژانه‌ سه‌رسامبوون و حه‌زیانکرد بێم بۆ سلێمانی ، جا ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بانگێشتی به‌ڕێزیان لێره‌م و خوا یاربێت سبه‌ینێ ئه‌چمه‌ خزمه‌تی و به‌ درێژیی باسی هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی بۆ ئه‌که‌م ، که‌ دڵنیام کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری ئه‌م نیشتمانه‌ جوانه‌مان ئه‌بێت) ... ئێمه‌ش به‌ دڵ هیوا و ئاواتی سه‌رکه‌وتنمان بۆ خواست . پاشان حه‌زیکرد پیاسه‌یه‌ک به‌ ناو شاردا بکه‌ین . یه‌که‌م جێگا که‌ سه‌رنجی دکتۆر که‌ریمی ڕاکێشا کارگه‌ی جگه‌ره‌ بوو ، بۆیه‌ ووتی : (ئه‌رێ ئه‌م کارگه‌یه‌ به‌ تووتنی خۆماڵی کارده‌کات ؟) . هاوڕیێ که‌م له‌ وه‌ڵامدا ووتی : (ده‌مێکه‌ تووتنی خۆماڵیمان نه‌ماوه‌ و ئه‌م کارگه‌یه‌ش بیست ساڵی ته‌واوه‌ کارناکات و فه‌رامۆشکراوه‌) .. دکتۆر ئه‌م وه‌ڵامه‌ی به‌لاوه‌ سه‌یر بوو بۆیه‌ ووتی : (ده‌ی باشه‌ خۆ تووتنی کوردستان باشترین تووتنی دنیایه‌ ، ئیتر هۆکاری ئیشنه‌کردنی ئه‌بێ چیی بێت ؟) ... ئێمه‌ش ووتمان هۆکاره‌که‌ی لای حکومه‌ته‌ و تۆش سبه‌ینێ سه‌رۆک ئه‌بینی ، که‌ هه‌ر هه‌‌موو حکومه‌ت به‌ ته‌نها له‌ خۆیدا کۆبۆته‌وه‌‌ و ئه‌توانی ئه‌و پرسیاره‌ی لیێ بکه‌یت .. ئه‌ویش ووتی : (دڵنیابن باسی گرنگی ئه‌م کارگه‌یه‌ی بۆ ئه‌که‌م ، چونکه‌ژیانی هه‌زاران هه‌زار ماڵه‌ جوتیار و کرێکاری کورد به‌م کارگه‌یه‌وه‌ به‌ستراوه‌ ، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی جموجۆڵێکی گه‌وره‌ش ئه‌خاته ‌ ناو بازاڕه‌وه‌) ... دوای ئه‌م قسانه‌ ڕوومانکرده‌ سه‌رچنار و به‌کره‌جۆ . له‌سه‌ر جاده‌که‌ی به‌کره‌جۆ و له‌ دووره‌وه‌ کارگه‌ی شه‌کری بینی و داوایکرد دابه‌زین تا ته‌ماشایه‌کی بکات . هه‌ر که‌ ڕاوه‌ستاین ووتی : (ئه‌ی ئه‌م کارگه‌ گه‌وره‌یه‌ کارگه‌ی چییه‌ ؟) .. منیش ووتم : ئه‌مه‌ کارگه‌ی شه‌کره‌ .. ئنجا پرسیاریکرد : (ڕۆژانه‌ چه‌ند ته‌ن شه‌کر ده‌رئه‌کات ؟) .. له‌ وه‌ڵامدا ووتم : له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵه‌کانی هه‌شتاوه‌ یه‌ک کیلۆ شه‌کری ده‌رنه‌کردووه‌ ‌ و ئه‌مڕۆش کراوه‌ به‌ گۆڕه‌پانی یاریی و هۆڵی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ‌) .. ئه‌م قسانه‌ وا دکتۆریان نیگه‌رانکرد ماوه‌یه‌ک حه‌په‌سا ، ئنجا ووتی : (ئه‌ی له‌ کاتی خۆیدا به‌چیی کاریده‌کرد ؟) .. هاوڕیێ که‌م وه‌ڵامی دایه‌وه‌ : (ئه‌م کارگه‌یه‌ وا دروستکرابوو له‌ ساڵیکدا دوو مانگ له‌سه‌ر چه‌وه‌نده‌ر کاربکات و ڕۆژانه‌ دوو هه‌زار ته‌ن چه‌وه‌نده‌ر بکات به‌ دوو سه‌د و نه‌وه‌د ته‌ن شه‌کریی سپی ، واته‌ له‌و دوومانگه‌دا ‌ پێویستی به‌ سه‌دوبیست هه‌زار ته‌ن چه‌وه‌نده‌ر بوو . کاتێک وه‌رزی چه‌وه‌نده‌ریش ته‌واو ئه‌بوو حکومه‌تی به‌عس شه‌کری خاوی له‌ وڵاتی کۆبا و به‌رازیله‌وه‌ بۆ ئه‌هینا و سپی ئه‌کرده‌وه‌ ، ڕۆژی وا هه‌بووه‌ ئه‌م کارگه‌یه‌ له‌ شه‌کری خاو پێنج سه‌د ته‌ن شکری سپی ده‌رکردووه‌ و نزیکه‌ی هه‌زار کرێکار و فه‌رمانبه‌ر کاریان تێدا کردووه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و جوتیارانه‌ی سه‌رقاڵی چاندنی چه‌وه‌نده‌ر بوون) ... ئه‌م قسانه‌ وا دکتۆر که‌ریمی په‌ستکرد ئه‌تووت ته‌ورێکی تیژ به‌ر ڕۆحی که‌وتووه‌ .. بۆیه‌ ووتی : (سبه‌ینێ که‌ له‌گه‌ل جه‌نابی سه‌رۆکدا کۆبوومه‌وه‌ باسی گرنگی ئه‌م کارگه‌یه‌ی بۆ ئه‌که‌م و پێشی ئه‌ڵیم ناکرێت کارگه‌یه‌کی وا بکرێت به‌ گۆڕه‌پانی یاری و هۆڵی گۆرانی ، به‌ڵام ئه‌کرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت و بکرێت به‌ کارگه‌ی تر) . پاشان به‌ره‌و سلێمانی گه‌ڕاینه‌وه‌ و له‌ به‌رده‌می سایلۆکه‌دا گردێکی زۆر گه‌وره‌ گه‌وره‌ی گه‌نمی بینی که‌ له‌سه‌ر ئه‌رزه‌که‌ی ڕۆکرابوو .. گورج پرسیاریکرد : (ئه‌رێ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌نمه‌ بۆ ئاوا ڕۆکراوه‌ ؟) . ئێمه‌ش ووتمان : ئه‌و سایلۆیه‌ش سیی ساڵه‌ ته‌واو نه‌کراوه‌ و له‌به‌ر نه‌بوونی جێگا ، ساڵانه‌ گه‌نمه‌که‌ی ئاوا له‌سه‌ر زه‌وی ڕۆ ئه‌کرێت .. ئه‌ویش ووتی : (ئاخر چۆن ئه‌و هه‌موو گه‌نمه جوانه‌‌ له‌ ناو قور و لیته‌ و باران و سه‌گ و پشیله‌ و ته‌یر و توردا ڕۆئه‌کرێت) ... ئێمه‌ش ووتمان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش لای حکومه‌ته‌ و جه‌نابیشتان سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ حکومه‌تدا کۆئه‌بنه‌وه‌ و ئه‌توانن باسی ئه‌مه‌شیان بۆ بکه‌ن .. دکتۆر که‌ریمیش ووتی : (دڵنیابن هه‌ر وا ئه‌که‌م) ... که‌ سایلۆکه‌مان به‌جێهێشت کاک که‌ریم هیچ ‌ شه‌وق و ڕووناکییه‌ک له‌ ڕوویدا نه‌مابوو .
به‌یانی دکتۆر که‌ریم به ‌ په‌رۆشه‌وه‌ ته‌له‌فوونی بۆ نووسینگه‌ی سه‌رۆک کرد و پیی ووتن : (من دکتۆر که‌ریمم ، میوانی سه‌رۆکم و له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌ هاتووم ، جا تکایه ئه‌مڕۆ‌ چ کاتێک بێم بۆ دیده‌نی ؟) . له‌ وه‌ڵامدا پییان ووت : (ئه‌مڕۆ سه‌رۆک کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ عه‌ره‌به‌کانی عیراقدا هه‌یه‌ و ناتوانێت که‌س ببینێت) .. ڕۆژی دوایی دکتۆر که‌ریم هه‌مان داوای له‌و نووسینگه‌یه‌ کرده‌وه‌ ، ئه‌وانیش ووتیان : (ئه‌مڕۆش ناتوانێت که‌س ببینێت ، چونکه‌ سه‌رقاڵی ڕیکه‌وتنه‌‌ ستراتیژییه‌که‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتییه‌‌) .. به‌ کورتی پێنج ڕۆژ له‌سه‌ر یه‌ک ته‌له‌فوونی ئه‌کرد و هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌ بیانوویه‌ک ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ دروست نه‌ئه‌بوو . ڕۆژی شه‌شه‌م له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌له‌فون بۆ ئه‌و نووسینگه‌یه‌ بکات ، ته‌له‌فوونی بۆ ئێمه‌ کرد و به‌ دڵ ووتی : (تکایه‌ حه‌زئه‌که‌م بتان بینم) . کاتێک گه‌یشتینه‌ لای ئاگر له‌ چاوه‌کانی ئه‌باری و به‌ ته‌واوی بێ هیوا بوو بوو ، ئنجا‌ داوایکرد سه‌ردانێکی بازاڕ بکه‌ین به‌ نیازی ئه‌وه‌ی قاتێک جلی کوردی بکڕێت و ووتی : (زۆر ده‌مێکه‌ حه‌زم له‌ به‌رگێکی کوردییه‌ و ئه‌مه‌وێت له‌ ئاهه‌نگه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مه‌ریکادا له‌به‌ریان بکه‌م) .. چووین بۆ بازار و کاتێک ئه‌و هه‌موو قاتانه‌ی بینی به‌ به‌رده‌می دوکانه‌کاندا هه‌ڵواسراوبوون ، ده‌مووچاوی تۆزێک گه‌شایه‌وه‌ و ووتی : (به‌رگدروی سلێمانی ده‌ستوپه‌نجه‌ ڕه‌نگینن و کاتی خۆی باوکم زۆر حه‌زی له‌و به‌رگانه‌ ئه‌کرد ، که‌ به‌ده‌ستی وه‌ستا شاره‌زاکانی سلێمانی ئه‌کران) .. ئێمه‌ش ووتمان : ئه‌و به‌رگانه به‌ ده‌ستوپه‌نجه‌ی ‌ به‌رگدروی سلێمانی نه‌کراون‌ ، به‌ڵکو قوماشه‌که‌ی و کون و قۆپچه‌کانیشی به‌ دروستکراوی له‌ وڵاتی چینه‌وه‌ هاتوون‌ .. به‌م قسه‌یه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نه‌بوو دکتۆر که‌ریم شێت نه‌بێت ، ئنجا ووتی : (ئه‌ی به‌رگدرووه ده‌ستڕه‌نگینه‌کانی‌ ئه‌م شاره‌ چییان لێبه‌سه‌رهاتووه ؟) ‌ . ئێمه‌ش وتمان له‌ بێ کاری زیاتر ئه‌بێ چییان لێبه‌سه‌رهاتبێت . دکتۆریش سه‌رێکی له‌قاند و ووتی : (له‌م شاره‌دا دیمه‌نی وا ئه‌بینم تا سه‌ر ئێسقان ئازارم ئه‌دات ، باشه‌ که‌س هه‌یه‌ وڵاتی خۆی ئاوا وێران بکات ؟) . پاشان ووتمان ئه‌توانی سبه‌ینێ که‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ت کۆبوویته‌وه‌ باسی کێشه‌ی به‌رگدرووه‌کانیشیان بۆ بکه‌یت ، دکتۆر که‌ریم وا ئاسمانی له‌به‌رچاو تاریکبوو بوو ئه‌تووت ئه‌هریمه‌ن به‌ کوته‌کێکی قورس له‌ کاژه‌ڵاکی سه‌ریداوه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ک بکات ، یان قاتێک بکڕێت ، به‌ دڵێکی شکاوه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئوتێل . بۆ به‌یانییه‌که‌ی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌له‌فون بۆ نووسینگه‌ی سه‌رۆک بکاته‌وه‌ ، ڕووی له‌ فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی کرد ، له‌ فرۆکه‌خانه‌ش تووشی خه‌مێکی تر بوو ، کاتێک له‌ ڕیزدا وه‌ستابوو و چاوه‌ڕوانی کێشانی جانتاکه‌ی ئه‌کرد ، فه‌رمانبه‌رێکی به‌رده‌می ترازووه‌که‌ به‌ به‌هانه‌ی قورسیی جانتاکه‌ی‌ داوای سێسه‌د دۆلاری له‌ دکتۆر کرد .. ئه‌ویش وه‌ک بروسکه‌ له‌ سه‌ری دابێ ڕاچڵه‌کی ، بۆیه‌ و ووتی : (له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌ تا ئێره‌ هاتووم ، نه‌ جانتاکه‌م قورس بووه‌ و نه‌ دۆلارێکیان لیی وه‌رگرتووم و نه‌ له‌ سلێمانیش کراسه‌ شڕێکم کڕیوه‌) . فه‌رمانبه‌ره‌که‌ گوێی لیی نه‌گرت و سوور بوو له‌سه‌ر داواکه‌ی ، پاشان دکتۆر ووتی : (من میوانی سه‌رۆکم) . فه‌رمانبه‌ره‌که‌ بزه‌یه‌کی گه‌وره‌ گرتی و ووتی : کاکی خۆم‌ جانتاکه‌ت قورسه‌ و ئه‌مه ‌ فه‌رمانی حکومه‌ته‌ و ئێمه ‌ جێبه‌جێی ئه‌که‌ین ... لیره‌دا ئێمه‌ش گورج چووین به‌ هانای دکتۆره‌وه‌ ، ئنجا سێسه‌د دۆلاره‌که‌ی بۆکرا به‌ سه‌د دۆلار . دکتۆر که‌ریم به‌م داشکاندنه‌ وه‌ک شێتی لێهات و هه‌موو تووکی له‌شی هه‌ستا و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ره‌که‌ی ووت : (جا ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی جانتاکه‌م بای سێسه‌د دۆلار قورسه‌ ئاخر چۆن چۆنی ئه‌یکه‌ی به‌ سه‌د دۆلار ؟!!) . ئێمه‌ش تۆزێک دکتۆرمان هێورکرده‌وه‌ و هێنامانه‌وه‌ سه‌رخۆی ، به‌ڵام تا سه‌ر مۆخ نیگه‌رانبوو . پاشان به‌ر له‌ ڕۆیشتنی به‌ دڵێکی شکاوه‌وه‌ ووتی : (نیازم وابوو خزمه‌تێکی که‌می میلله‌ته‌که‌ی خۆم بکه‌م ، به‌ڵام کاتێک ناوه‌رۆک گه‌نده‌ڵ ئه‌بێت ، ئه‌وا که‌لله‌ی پڕ له‌ پڕۆژه‌ی خۆڕایی که‌ریم و هه‌زاره‌های وه‌ک که‌ریم به‌های که‌لله‌یه‌کی پووت ناهێنێت و نه‌شم ئه‌زانی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌نده‌ کاول و وێرانه‌) ... ئای له‌و کاته‌دا چه‌ند جه‌رگم ژانی ئه‌کرد بۆ ئه‌و میوانه‌ی سه‌رۆک ، که‌ نه‌ یئه‌زانی چۆن چۆنی له‌ ته‌ریقیدا شکستی خۆی داپۆشێت ،‌ به‌ درێژایی ئه‌و شه‌وه‌ درێژه‌ش له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانیدا تلم ئه‌دا و نه‌مئه‌زانی خه‌مه‌کانی دکتۆر که‌ریم قورستره ،‌ یان خه‌مه‌ گه‌وره‌کانی ناخی ئێمه‌ .