با وتوێژ و گفتوگۆ لە بری بارگرژى و لێكترازان بێت

Sunday, 30/01/2011, 12:00

1431 بینراوە


چه‌ند رێکخراوێک ئێمە، رێكخراوەكانى كۆمەڵى مەدەنى وەك بونیادێكى سەربەخۆى نێو هەرێمى كوردستان لە سۆنگەى باوەڕبونمان بە خەباتى مەدەنیانە، دیالۆگ و گفتوگۆى ئاشتیانە، دەسەڵاتى یاسا و سەروەربونى، پەراوێزنەخستنى هیچ لایەن و بیروباوەرێك، داواكارین لە هەموو هێزە سیاسیەكانى كوردستان كە گفتوگۆ و دانوستان لە جێى لێكترازان و دابڕان بكەنە بنەماى كاركردن.

ئێمە وەك كۆمەڵێك رێكخراوى ناحكومى كوردستان كە لە خوارەوە ناومان هاتوە، داوا لە هێزە سیاسیەكانى كوردستان دەكەین چ ئەوانەى لە نێو دەسەڵاتن و چ ئەوانەى ئۆپۆزسیۆنن كە ڕێگەى گفتوگۆ و دانوستانى ئاشتیانە بگرنەبەر بۆ چارەسەرى هەموو ئەو كێشانەى ناكۆكیان لەسەرە، كاتى ئەوە هاتوە كە گفتوگۆ جدی لە نێوان هەموو هێزە سیاسیەكاندا بكرێت لەسەر بنەماى رێزگرتن لە رای یەكتر نەك پەراوێزخستن یاخود رەتكردنەوەى هەموو ئەو دەزگا یاسایی و شەرعیانەى كە ئەمرۆ لە هەرێمدا بونیان هەیە.

ئێمە لە كاتێكدا رەخنەمان لە ئەداى پەرلەمان و حكومەت هەیە و داواى چالاككردنى پەرلەمان و چاكسازى لە بەرێوەبردنى كارەكانى حكومەتى هەرێم و نەهێشتنى گەندەڵى دەكەین بە پێویستی دەزانین كە چاكسازى راستەقینە لە سیستمى سیاسیدا بكرێتە ئەولەویاتى دەسەڵاتى سیاسی هەرێمى كوردستان.

داوكارین پەرلەمانى كوردستان وەك دەزگایەكى باڵا و شەرعی لە كوردستاندا ببێتە نمونەی زەمینەسازكەر بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان هێزە سیاسیەكان و داكۆكیكردن لە بەرژەوەندى گشتى. پێویستە لەسەر لایەنە سیاسیەكان پشوى گفتوگۆیان درێژ بێت ، كێشەكان بەرەو چارەسەر ببەن نەك بەرەو ئاڵۆزى و قەیران، گفتوگۆ چارەسەر بێت نەك شێوازى دیكە، هێزى جەماوەر بەگەڕبخرێت بۆ پێكەوەژیان نەك لێكترازان و دووبەرەكى، ئەداى پەرلەمان چالاكبكرێت نەك هەڵبوەشێندرێتەوە، بۆ ئەمەش دەبێت دەستێوەردانى حزبی لە كاروبارى پەرلەمانى و حكومی نەهێڵرێت.

رێكخراوە ناحكومیەكان لە سلێمانى دەستپێشخەرى دروستكردنى گروپێك دەكەن بۆ هێنانەدى كەشێكى ئارام و دور لە توندوتیژى، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانى هەموو پارتە سیاسیەكان دەكەین بەمەبەستى ئەو خاڵە سەرەكیانەى لە سەرەوە باسكراون بە ئاراستەى چارەسەركردنیان.





ناوى رێكخراوەكان :
1. ڕێكخراوى گەشەپێدانى مەدەنیەت CDO
2. رێكخراوى دەستپێشخەرى كۆمەڵى مەدەنى CSI
3. پەیمانگاى كوردى بۆ هەڵبژاردن KIE
4. رێكخراوى چاودێرى مافى مرۆڤى كورد KHRW
5. رێكخراوى دەنگى پیران VOP
6. فیدراسیۆنى رێكخراوەكان
7. رێكخراوى چالاكى لاوان YAO
8. سەنتەرى گەشەپێدانى چالاكی لاوان YADC
9. رێكخراوى لانەى مناڵانى كوردستان KCN
10. رێكخراوى وادى ئەڵمانى WADI
11. ڕێكخراوى كەمپ
12. رێكخراوى هەتاو
13. سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان









نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە