خواستی تورکیا لە ناو قەیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

Friday, 03/10/2014, 12:00

2796 بینراوە


ئەنقەرە ئەیەوێت کەرکوک لە ژێر دەستی یەکێتی دەربێنێت.
تورکیا بە پارتی نەیتوانی، داعشی خستە کار
ناتۆ بەربەست دەبێت بۆ نفوزی ئێران و خەونی عوسمانیی
--------------------------------------------

بە گرتنی موسڵ و پاشان شەنگال، هێزەکانی "داعش" توانیان رەوشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگوڕن. ئەوەی گرنگە لەم باسەدا ئەوەیە کە ئایا ڕۆڵی تورکییە لە ناو ئەم هەلومەرجەی ئێستا چییە؟
ئامانجی ئەنقەرە ئەوەیە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد بشکێنێت یان بەتەواویی بیخاتە ژێرکۆنترۆڵی خۆیەوە. تورکیا توانی لە ڕێگای بە هێزکردنى "داعش"ەوە گرفتی گەورە بۆ کوردی روژئاوا دروست بکات، بە شێوەیەک ڕێگر بێت لە پێکهاتنی حکومەتێکی کوردیی لە سەر خاکی کوردستانی روژئاوا. دیسان ئاستەنگیی دابنێت لە تەعاتوف و پشتگیریی نێودەوڵەتییدا بۆ گەلى کورد لە رۆژئاواو باکوردا.

بۆ هەمان مەبەست تورکیا هەوڵی دا کە سەرۆکی حیزبی دیموکرانی کوردستان (پدک) رۆڵی داعش ببینێت دژ بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی روژئاوا. بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. هوشیاریی گەلى کورد لە هەمو پارچەکانی کوردستان بوو بە هۆی ئەوە کە سەرۆکی (پدک) نەتوانێت زیاد بڕوات لە بەجێهێنانی پیلانی تورکیا دژ بە رۆژئاوا.
خواستی ئەنقەرە لە فراوانبوون و داگیرکردنى خاکی کوردستاندا کٶنە و ئێستاش هەر کارایە. ئەو بۆچونە بە راشکاویی دیارە لە مامەڵەکردن لەگەڵ (کلیپتوکراتی) دەسەڵاتداردا لە باشووری کوردستان. بازاڕی بازرگانیی باشوری کوردستان لە دەست سەرمایەداری تورکیادایە. سەرۆکی (پدک) لغاوی بەتەواویی دایە دەست حکومەتی ئەنقەرە. هاتنی (داعش) ئەوەی ئاشکرا کرد تا چ رادەیەک گۆێڕایەڵ و (بەلێ ئەزبەنی)ن بۆ فەرمانەکانی ئەنقەرە. کلیپتوکراتی سێکوچەیی (حدک) ئاگاداربوون بە پیلانەکەی تورکیا داعش کۆنە بەعسیەکان. بەڵام لە لایان وابوو ئەم پیلانە دژی حکومەتی مالکییە و دژی شیعەیە و ئیران. بەڵام کە داعش شەنگالی داگیرکرد، هاوسەنگیی سیاسیی و لەشکریی کلیپتوکراتی باشور تێکچو، بێڕومەت بوون بەرامبەر گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان.

ستراتیجی تورکیی ئەوەیە داعش بەکاربێنێت بۆ مەرامەکانی داگیرکردنی خاکی کوردستانی روژئاوا و باشور بە تێکڕای ئەمە کەرکوکیش دەگرێتەوە. خواستی ئەنقەرە ئەوەیە لە ڕێگای بە کارهێنانی کلیپتوکراتی (پدک) کەرکوک لە دەست (ینک) دەربێنێت.
کلیپتوکراتی (پدک) دەیەوێت چۆن هەولێری بە هۆی تانکەکانی سەددام حوسەینەوە خستە ژێر کۆنتروڵی خۆیەوە، بەو شێوەیەش کەرکوک بە یارمەتی راستەوخو یا ناراستەوخو لە (ینک) بستێنێت.

لە لایەکی تریشەوە، ستراتیجی هاوپەیمانیی (ناتو) لە گەڕانەوەی لەشکرییان بۆ ناوچەکە، ئەوە دەگەێنێت کە نایانەوێت سەرچاوەکانی وزە، لەبەر گرنگیی شۆینی ستراتیجی ناوچەکە، لە دەستی دەسەڵاتی لاوازی وەک حکومەتی بەغداد، دمشق و هەولێردا بێت. گەڕانەوەی هێزەکانی (ناتو) بۆشایی ناهێڵێتەوە بۆ فراوانبوونی نفوزی ئیران، چین و روسیای فیدرال. تا رادەیەک ناهێڵێت تورکیا بەرەو بە جێهێنانی خەونە کۆنە عوسمانییەکان بڕوات.
لێرەدا پێویستە گەلی کورد ڕۆڵی خۆی لە دەرەوی بازنەی دەسەڵاتی کلیپتوکراتی نەشیاو ببینێت.

https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts

سەنتەری لێکٶڵینەوەی کۆنتراکت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە