لە دوا ئەنجام دا نزیکی و وابەستە بوون بە کەسی یەکەم و سەرنج و هەڵسەنگاندنی ئەو و ڕادەی دڵسۆزی بۆ ئەو گەرەنتی مانەوە و بەرەو پێشەوە چون یان کوشتنی سیاسی و پەڕاوێز کردنە و چارەنوسی لەسەر ئیشارەتێکی جدی کەسی یەکەم وەستێت.
ئەو کەسانە بە ڕادەیەك لاواز و وابەستە دەبن کە وەکو هەوا هەڵمژین بۆ ژیان پێویستیەکی مانەوەیانە کە لە هەر سەردەم و ماوەیەک دا گوێڕایەڵ و پاشکۆیی خۆیان نوێبکەنەوە (تجدید الولاو). هەندێك لەوانە بە ڕادەیەك کەسی یەکەمیان گەورە کردووە و خۆیان بچوککردۆتەوە یان بچوککراونەتەوە لە ترسی لەدەستدانی دەسکەوتە مادیەکان و پلەو پایە بۆشەکانیان دا پەنا دەبەنە بەر سەرجەم میتۆدێك ، لەم ڕۆژانەی نەخۆشیەکەی تاڵەبانیدا میدیاکان بە تایبەتی کوردستانی نوێ چەندین لاپەڕەکانی یەکەمی بۆ دۆعا و نزا تەرخان کردووە و گەلێك نمونەی ئەو قزمانەی باشتر پێناساندوین هەر لە بەرهەم ساڵح و سەعدی ئەحمەد پیرە و ئەرسەلان بایز و سۆزان شەهابەوە تاکو شێرکۆ بێکەس و عیزەدین مستەفا ڕەسول و مومتاز حەیدەری و حەمەی حاجی مەحمود و قادر عەزیز دەیان نمونەی تری ناسراو و نەناسراو. تەواوی ئەمانە کەم تا زۆر نەیانتوانیوە سەرنجی خوێنەران لە ڕێگای پێشنیاری ئەقڵانی و ڕایالیستانەی سیاسیەوە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و بە سەرە قەڵەمێکیش لێکدانەوەیەك بۆ هاوکێشەکان و یەکێتی و هەرێم و ئێراقی دوای تاڵەبانی بکەن تەنها و تەنها پەنایان بردۆتە بەر دۆعا و نزا و مامەگیان جێمان مەهێڵە و گەڕاونەتەوە سەر بەیت و بالۆرەی باوك و برا و کەسمانی. لەوەش ناشرین تر دەربڕینەکانی بەعسیەکانیان بۆ سەدام حسێن زیند و کردۆتەوە وەك ئەوەی لە [سەمام ئەمانی]عێراق و سیاسەتی حەکیمانە دەدوێن.