هەندێ دیمەنی پروپاگەندەی هەڵبژاردن لە سلێمانی

Thursday, 25/06/2009, 12:00

2364 بینراوە


دیمەنى یەكەم
كات نیوەشەوی سێشەمەیە ، شوێن بەردەم بارەگای مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆمەڵێ ئۆتۆمبیل ئەو وێنانەی سەرۆكی لیستی گۆڕانیان بەرز كردۆتەوە كە كاك نەوشیروان "بێئاگایە چۆن دابەشدەكرێن" رێگا دەگرن، هاتوچۆ پەك دەخەن، دەنگی بەرزو حەماسی فەرهاد سەنگاوی لە پەنجەرەكانەوە دێنە دەرێ، ناو بە ناویش ئۆتۆمبێلێكی بار هەڵگری گەورە بە هۆڕنی بەرز، هۆڕنە بچوكەكانی تری كپ دەكرد، گەنجێك پێكی هەڵدەدا، وەك ئەوەی ریكلام بۆ بیرەی (هایت) بكات سەری لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلێكی پاترۆڵی علوج دەرهێنا، هوتافی بۆ گۆڕان دەوت، پۆلیسەكانی بەر دەرگای مەڵبەندیش دەیانوت "نۆش".
وەستانی ئەو حەشامەتەی لیستی گۆڕان لەبەردەم بارەگایەك كە بە ركابەری خۆیانی دەزانن ئیستفزازێكە، تەنها لە لەخەڵكێكی بەدمەست ئەوەشێتەوە، ناكرێت لیژنەی سەرپەرشتی هەڵبژاردن لە لیستی گۆڕان بە جدی تەماشای ئەو دیمەنە نەكەن.
دیمەنى دووهەم
كات ئێوارەیە شوێن گەڕەكی شۆرش ، بەرامبەر بارەگای حزبی شیوعی كوردستان ، بنكەیەكی لیستی كوردستانی لە مەكەبەرەیەكی دەنگ گەورە، تەنها هاوڕێیانی بارەگاكەو دراوسَێكەیان گوێیان لە دروشمەكانێتی، وەك ئەوەی بۆ ئەندامانی حزبی شیوعی دانرابێت، پەیتا پەیتا دەنگێكی نەشاز هاوار ئەكات دەنگ بدەن بە لیستی كوردستانی، ئەندمانی ئەو حزبەش بە سەرسوڕمانەوە تەماشای یەكتر دەكەن.

ئاخر بەڕێوەبەرانی ئەم بنكەیە بۆ هێندە خۆیان ماندوو دەكەن ئەرێ شوێنتان نەدۆزییەوە بەرامبەر لیستێكی ركابەر نەبێت؟ دراوسَیكەیان دەڵێت " باشە ئەگەر ئەوانیش مەكبەرەیەكی دیجیتاڵی گەورە بەرامبەر ئەوان دابنێن، ئەبێتە چ فەوزایەك؟ چۆن لە یەكتر تێدەگەن؟ خەڵك چۆن گوێبگرێت؟ چۆنچۆنی ئیسراحەتێك بكەن؟ .
دیمەنى سێهەم
لە بنكەی شۆرش كە رێكخستنی یەكێتی سەرپەرشتی ئەكات، ئەسپی لۆگۆكەی لیستی كوردستانی زۆر بە هێمنی ڕادەكاتو سێ قاچی لە ناو رەنگە سەوزەكەیە، لە بنكەكەی هەمان گەڕەك لە تەنیشت رۆژنامەی هاوڵاتی كە بنكەیەكی پارتییە، هەمان ئەسپ هەر چوار قاچی لەناو ڕەنگە سەوزەكەیە، ئەرێ ئەسپی لۆگۆكەی كوردستانی لە شاری سلێمانی غاردەدا؟.

دیمەنی چوارەم
كات بەیانی سێشەمە، شوێن قەزای قەرەداغە، بەرپرسی یەكەمی ئیدارەی قەزاكە داوا لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی حكومەت دەكات بفەرمون بۆ كۆمیتەی ریكخستنی قەرەداغی یەكێتی بۆ كۆبونەوەیەكی تایبەت، ئاكامی كۆبونەوەكە بانگهێشتكردنی فەرمانبەرو كارمەندانی فەرمانگەكانی ئەو قەزایە بوو بۆ قوتابخانەی شارەكەو بابەتی كۆبونەوەكەیش بانگەشەی هەڵبژاردن بوو بۆ لیستی كوردستانی .
دیارە قائیمقامو لیستی كوردستانی قوتابخانەی ناوەندیو سەرەتایی بە فەرمانگەی حكومەت نازانن بۆیە بانگەشەی هەڵبژاردنی تیا دەكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە