لە شەڕی داعش دا: هەڵوێستە سەیرەکان

Wednesday, 27/08/2014, 12:00

1930 بینراوە


داعش بە حوکم و فەرمانە دینیەکانی لەو شوێنانەی دەسەڵاتی هەیە ئاگری دۆزەخێکی هەڵکردوە کە نەک هەر ژن و شیعە و مەسیحی و کاکەیی و شەبەک و ئێزدی و کورد بە گشتی پێی دەسوتێ بەڵکو تەنانەت عەرەبی سونیشی گرتۆتەوە بەڵام بە ڕادەیەکی کەمتر. دوکتۆر و کارمەندە ژنەکانی موسڵی ژێر داعش مانیانگرتوە لە ئیشکردن چونکە کۆت و پێوەندەکانی شەرعی داعش بۆ جل و بەرگ و ژیان بەگشتی، هەروەها سوکایەتی و هەڕەشە و داوای ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لێیان بۆ (مارەکردنی جیهاد) زۆری بۆ هێناون.
بەرامبەر بەهێزێک کە ژن و منداڵ بە بارمتە دەگرن و مرۆڤەکان سەردەبڕن، ئەو هێزەی جگه لە زمانی ئاگر و ئاسن لە هیچ زمانێکی تر تێناگەن چەند سەیر و ناسروشتیە، چەند نالۆجیکیە چەند چالاکوانێک کەمپینی ئیمزا کۆکردنەوە ڕێکبخەن یا خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە بکەن بۆ بەردەم پەرلەمان یا بنکەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دژی داعش!
ئەو ئیسلامیانەی زۆر ڕقیان لە دەسەڵاتی کوردیە، بەهۆی ئەم ڕقە و بە هۆی باوەڕی ئاینیانەوە لە نیهانی دڵیانەوە داعشیان خۆشدەوێ بەڵام ئاوا دەریدەبڕن (بەخوا داعش ئازان)!
ترس دەرونی مرۆڤ دادەڕزێنێ، لەترسی ئەو ئەگەرەی کە داعش کوردوستان داگیربکات یا کوشتوبڕەکەیان بگاتە کوردوستان زۆرێک لە سەرکردەکانی ئیسلامی سیاسی لە کوردوستان ڕون و ڕەوان و بە دەنگی زوڵاڵ و بوێرانە لە دژی داعش هەڵوێستی ڕەسمیان وەرنەگرت. بە هەمو ئەم کادیر و سەرکردانەی ئیسلامی سیاسی کورد دەڵێم: ئەم هەڵوێستانە دادتان نادات! ئەگەر داعش حوکمی هەرێمەکەمان بکات چارەنوسی ئێوە خراپتریش دەبێت لە هی ئەو عەرەبە سونیانەی لە ژێر شمشێری داعش لە (ڕقە) ی سوریا و (موسڵ) و (تکریت) ی عێراق ناژین بەڵکو هەر هەناسە دەدەن و دڵیان لێدەدات! خراپتر چونکە لای داعش کورد لە ئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە و (ئیسرائیلی دوهەم) دروستدەکەن حوکمی (مرتد) یش لە ئیسلامدا سەختتر و بێڕەحمانەترە لە حوکمی کافر! عەرەبە نەتەوەپەرستەکانی ناو داعشیش ئەگەر داعش سەرکەوت بەسەرمانا ئەوە ڕون و ئاشکرایە چۆن دەبن لەگەڵمان و لەگەڵ مزگەوت و قورئانەکانمان، قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانی گەلەکەمان هێشتا ماون و لە ناوماندان!
هەڵوێستی دوژمنانەی داعشیەکان بەرامبەر بە کورد (بەتایبەتی کوردی شیعە و ئێزدی و کاکەیی و شەبەک) وەک ڕۆژی ڕوناکی نیوەڕوانی هاوین ڕون و ئاشکرایە، لێپرسراوە حیزبی و سەربازیەکانی بەرەی شەنگال و مەخمور بە ئۆتومبیلە دوامۆدێلەکانینەوە بێ ئەوەی بەرگریەک بکەن کە شایەنی باس بێت دەکەونە پێشی پێشەوەی کاروانی ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە کانی ئەو دو شارە و کێبەرکێیان لەگەڵ دەکەن کامیان زوتر لە ترسی داعش دەڕەڤێ و هەڵدێ، ئەمە وەک ئەوەیە شوان بەخۆی و سەگەکانیەوە ڕابکات و ڕانەمەڕ بۆ گەلەگورگی برسی جێبهێڵێ! بەڵام سەرۆکی هەرێم لە بری دادگاییکردنی یاسایی ئەو بەرپرسە سەربازی و حیزبیانە، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان بۆ دروستدەکات کە تا ئێستا یەک لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە یەک ئەنجام نەگەیشتوە!
سەرکردەیەکی مەیدانی لە جەلەولا پاشەکشەیەکی خۆیان لە چەند سەنگەرێکی ئەوێ ئاوا پاساودا: خۆمان سەنگەرەکانمان لە دەست داعش دەرهێنا و هەر خۆیشمان بۆمان چۆڵکردن هەتا پێیان بڵێین کوێمان بوێ دەیگرین و چۆڵیشی دەکەین! وادیارە لای ئەم سەرکردە بلیمەتە شەڕی داعش شەڕی ئەلکترۆنی سەر شاشەی کۆمپیوتەری (ئەتاری)یە، یا شەڕی ناو فلیمی سینەمایە و خوێنڕشتنی تیانیە!
ئەگەر مرۆڤ ئاگر کەوتە ماڵەکەیەوە و ئاگرکوژێنەوەکان بێ ئەوەی پێیان بوترێ خۆیان هاتن بە فریای، ئایا دەپرسێ لێیان ئێوە کێن و کێ ناردنی، سوپاسیان ناکا و هەمو دەرگا و پەنجەرەی مالەکەی ناکاتەوە و ناخاتە سەرپشت بۆیان؟ وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لە بری ئەوەی سوپاسی پڕبەدڵی پێشمەرگە قارەمانەکانی (هەپەگە) و (پەیەدە) کە سەر بە (پەکەکە)ن بکات بۆ ئەو بەرگریە مەردانەیەی لە مەخمور و لە شەنگال کردیان و توانیان هەڵاتوەکانی چیای شەنگال ڕزگاربکەن لە مردن و دیلی و دەستدرێژی سێکسی بە دەستی داعشیەکان، دێت بە منجە منج خۆی لەم ڕاستیە دەدزێتەوە و دەڵێت ئێمە داوای یارمەتیمان لە کەس (مەبەستی لە هەپەگە و لە پەیەدە) نەکردوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە