ئەبراهام ماسلۆڤ دەرونناسی بەناوبانگی ئەمەریکی لەو باوەڕەدایە کە دانپیانان یەکێکە لە پێویستیە سەرەتاییەکانی ژیان کە مرۆڤ لەگەڵیدا دێتە دونیاوە. تەنانەت ڕاستەوخۆ دەیخاتە دوای پێویستیە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ کە خواردن و خواردنەوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانن. دیارە ئەم پێویستی و چاوەڕوانی لێ کردنە ئەگەر سەرەڕۆیی تیا نەکرێت و لە سنور و قەوارەی خۆیدا بمێنێتەوە، پەسەندکراوە و نابێتە جێگای ڕەخنە و سەرزەنشت. کەسانێك کە لە نێوان دوو تیرە و بنەماڵەی ناکۆکدا ئاشتی بەرقەرار دەکەن یان لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕێکی ناوچەییدا کورتە چێرۆك و هۆنراوە دەنوسن زیادەڕۆییە و جێگەی زەردەخەنەیە کە چاوەڕوانی پاداشتی نۆبڵ بکەن بۆ ئاشتی یان بۆ وێژە. دیارە ئەمە تەنها تاکەکانی کۆمەڵگا ناگرێتەوە بەڵکو کەسانی بەرپرس و خاوەن پلەو پایەی سیاسی و فەرمانبەریش هەمان مافیان هەیە وەکو مرۆڤێك چاوەڕێی ستایش لە کردارێکی باش و بە سوودی خۆیان بکەن.
لە سیستەم و وڵاتانێك دا کە بە هۆی سیاسەت و ئیمتیازاتی بنەماڵەیی یان پەیوەندیە تایبەتیەکان و گوێڕایەڵی کوێرانە و پاشکۆیی، کەسانێك دەخزێنە ئاستە جیاوازەکانی دەسەڵات بە بێ هیچ ڕابوردو تاقیکردنەوەیەکی خەبات و تێکۆشان، یان بە بێ ئەوەی لە بوارەکەی خۆیان دا پسپۆڕ و خاوەن تاقیکردنەوەی دەوڵەمەند و بەسوود بن بۆ کۆمەڵگا و تەنانەت حیزب و بنەماڵەکەی خۆشیان، یان بێ ئەوەی خاوەندی بەرزبونەوەیەکی پلەیی بن لە و بوارەدا کە تیایدا لە کاردان . ئەمەش وادەکات کە نەتوانن خاوەندی ئەو بەها مەعنەوی و دەرونیانە بن کە نرخ و پایەی لای خۆی و دەوروبەر پێ بدات. بۆیە لە قۆناغێکی دیاریکراودا ڕوبەڕوی بەربەست و شەقامێکی داخراو دەبنەوە کە نەزانن دەبێت چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە ستایش و دانپیانانێکی ڕای گشتی یان هیچ نەبێت ستایشی دەوروبەرەکە بۆ خۆی بهێننە دی. لە کۆمەڵگا و سیستەمە نا دیموکراتیەکان یان بە ڕواڵەت دیموکراتیەکان دا کەسانێک کە بە شێوازی دەسکرد خزێنراونەتە پلەیەکی بەرزی لێپرسراوەیی هەندێك جار ناچارن بۆ سەرپۆش کردنی کەم و کورتیەکانیان لە بواری پیشەییان و کەساییەتیان دا کە بۆتە بۆشاییەکی لەبەرچاو، بە جۆرێك خۆیان لە پێش دەوروبەرەوە هەستی پێ دەکەن بە ڕێگا و وەسیلەیەکی پێچەوانە بە خزمەت بە کۆمەڵگا پڕ بکەنەوە. بون و کاریگەری خۆیان بە پێچەوانەی ئاراستەی دروست و پەسەندکراو بەرجەستە بکەن. ئەو هەست بە کەم و کورت هێنانە بەرەو ئەوەیان دەبات کە بە کارێکی نەشیاو تەنانەت قێزەون بەرژەوەندیەکانی ئەو لایەنەی کاری بۆ دەکات و نوێنەرایەتی دەکات بخاتە مەترسیەوە و بە ئاراستە و بە مۆرکێکی سلبیانەوە بکەوێتە ناوەند میدیاکان و یەکەمین لاپەڕەی ڕۆژنامەکان و بەردەم ڕای گشتی.
کاتێك ووشەی کەس و کەسانێك بەکاردەهێنم بەو مەبەستە نیە کە بەرگری لە سیستەمێکی دیاریکراو و تاوان و کەم و کوڕتیەكانی بکەم و تەنها تاکەکان بخەمە ژێر پرسیارەوە.، بەڵکو دوان لە تاکەکانی ناو سیستەمێك خۆی لە خۆی دا دوانە لە بەشێكی ناو گشت و پێکهاتەی ئەو سیستەمە.
کەسێکی بێ ڕابورد و کە تەنها مشتێك مرۆڤی هاوشێوازی دەوروبەری و بە مەبەستی دەسکەوت و بەرژەوەندیەکانیان بە ناڕەوا دانی پیا دا بنێن و ستایشی بکەن و هەرگیز نەیتوانیبێت جێ پەنجەی لە هیچ بوارێکدا دیاری بکات تەنها ڕێگایەکی بۆ بمبێتەوە ئەوە یە کە لە ڕێگای تاوان و ڕەشەکوژی و دەستدرێژی بۆ سەر کەسانێکی ئاسان لەدەست بونی خۆی دەسەلمێنێت. بە تایبەتی تیرۆرکردن و دەستدرێژی بۆ سەر گیان و ماڵ و کەرامەتی کەسانێك کە هاوڵاتیەکی ئاسایین و خاوەندی چەك و عەشیرەتی دڕندە و بنەماڵەی بە هێز و خێڵەکیانە و هاوئاست نیین، تاکو جێگای مەترسی ئەوە بن ئەمڕۆ یان سبەینێ بە شێوەیەك لە شێوەکان سەنگەریان لێ بگرن. لە یەکەم تێڕوانین و لێکدانەوەی سەرپێی و ناکامڵانەدا دەکرێت لەو کەسە بە ڕواڵەت لاوازانە وەکو وەسیلە و ئامانجێکی لەبار بڕواندرێت. بەڵام ئەم جۆرە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە یەکلایەنیانە هەندێك جار دەبنە هەڵەی کوشندە و ئەنجامەکەی وەك ئەو سیحرەی لە ساحیر هەڵدەگەڕێتەوە کاردانەوەی دەبێت. ئەمرۆ بۆ هەموان ڕوون و ئاشکرا بۆتەوە کە کەسانێك گەرچی تەنها خاوەندی قەڵەمەکانیان بوون، هێز و پشتیوانەکانیان سەدان ئەوەندەی ئەو خاوەن سامان و هێز و سەرۆك عەشیرەت و سەرۆك جاش و ئەنفالچیانە و کەسە حیزبیانە گەورە تر وکاریگەر ترە کە جێگای لێی سڵەمینەوەن. ئەوەی چاوەڕوان نەکراوە ئەوەیە کە ئەوانەی کە بە کورتبینیانە و هەڵسەنگاندنێکی هەرزەکارانە بە کەم دەزانرێن دەبنە زەنگی سەرەتای کۆتایی سستەمە تۆتاڵیتێرەکان و دەسەڵاتدارانی.
هەروەك چۆن لە قوتابخانەی ڕیالیزمی ماکیافیلیدا و لە بواری سیاسەتدا ئامانج وەسیلە پیرۆز دەکات، لە بواری هەوڵ بۆ دانپیانان دا دەکرێت هەمان هاوکێشە پیادە بکرێت. ئەندامێکی مافیای هەر وڵاتێك یان چەتە و ڕێگرێك ناتوانێت دانپیانان و ستایشی هاوڕێ و هاوکارەکانی لە ڕێگای کارێکی باشەوە بەدەست بێنێت. بۆیە بۆ ئەوەی دەوروبەریان ستایشیان بکەن و دانی پیابنێن تەنها ڕێگا و وەسیلەیان ئەوەیە لەوانی تر زیاتر تاوانکاری بکەن و کاری قێزەون تر بە ئەنجام بگەیەنن. ئالێرەدایە کە ئاڵۆزی بچوکی هەندێ مرۆڤ خۆی بەرجەستەدەکات، ئا لێرەدایە هەولی گەیشتن بە گەورەیی وەهمی مرۆڤە بچوکەکان بەرەو زەلکاوی نەك بچوکی تەنانەت ڕسوابون دادەخزێنێت و بەرە و دورەپەرێزی و گۆشەگیریان دەبات لە خەڵکان و ناوەندە تەندروست و مۆرالیەکانی ناوخۆ و دەرەوە.
کارڵ شمیت فەیلەسوف و یاساناسی ئەڵمانی کاتێك لە جیاوازیەکان دەدوێت، جیاوازی نێوان جوانی و ناشرینی دەکاتە بنەڕەتی جیاوازی لە ئێستێتیکدا، جیاوازی نێوان سوود و قازانج لە بواری ئابوریدا، جیاوازی نێوان دۆست و دوژمن لە دونیای سیاسەتدا.
لێرەدا جێگای ئەو باسە نابێتەوە کە شمیت تا چەند و بۆچی ڕووبەڕوی گەلێك ڕەخنە بۆتەوە و چۆن لێکدانەوەی جیاواز و تەنانەت دژ بەیەك بۆ بۆچونەکانی کراوە.
ئەوەی جێگای باسەکەی منە ئەو کەس و دەزگایانەن کە سەرباری ئەوەی لە لایەن کەسانێکی دەرچوی زانکۆ کەم تا زۆر ناسراوە جیهانیەکانن بە ڕێوەدەچن یان ڕاوێژکاری دەکرێن نەیانتوانیوە ئەو زانست و تیۆریانەی وەریانگرتووە بە شێوازێکی تەندروست و گونجاو لەگەڵ پێوانەکانی سەردەم دا پیادە بکەن. یان کاریگەری بیر و لێکدانەوەکانی زانکۆ ئەنجلۆزاکسیەکانی وڵاتانتێك کە لە سیاسەت دا ناوەندی جیهان و قوتابخانەی ڕیالیزمی ماکیافیلین ، زۆر بە حەرفی وەربگرن و پیادەی بکەن. ئەوەش بە تێکەڵەیەکی شێواوی ئەو دەوروبەرە کۆنەپەرستە کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیە تەسك خوازیە سیاسیەی بنەماڵە و حیزبیەی کە تیایدا پەروەردە بوون . تەواوی ئەو فاکتۆرانە دەزگا و کەسایەتیەکی لێ دروست دەبێت کە نەتوانێت دووربینانە باش و خراپ دۆست و دوژمنی ستراتیژی و لە سەر بنەماکانی بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی ئەتەوەیی لەیەکتری جیابکاتەوە و کار و مامەڵەی لەگەڵ بکات.
ئەو لێکدانەوە و پێکهاتە شێواوەی کەس و دەزگایانە بە تایبەتی دەزگا ئاساییشی و هەواڵگیریەکانی هەرێمەکەمان لەسەر ئەو بنەمایانە بنیات نراوە کە مەترسی دوژمن لە داگیرکەران و دەزگا سیخوریەکانی وڵاتانی دەوروبەردا نەبینێت کە ژوری عەمەلیات بەرامبەر ڕزگاریخوازانی پارچەکانی تری نەتەوەکەمان لە پایتەخت و شار و شارۆچکەکانی دا دەسوڕێنن. دوژمن لە مەترسی حکومەتی مەرکەز و تایفەگەرەیکانی و کردار و یاریە کانی دا لە مەسەلە چارەنوسیەکانی هەرێمەکەمان دا نەبینێت. ناکۆکیە ستراتیژیەکان وەکو ئامرازێك بۆ یەکلایی کردنەوەی ناتەباییە کاتیەکان و بەیەکدادانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان بەکار بهێنێت. دوژمن لەو کەس و لایەنانەدا نەبینێت کە دەیانەوێت هەرێمەکەمان لاواز و بێتوانا بهێڵنەوە و بە هۆی کەڵەکە بونی ناڕەوایی و گەندەڵی و لە دوائەنجام دا ئاژاوە و بەیەکدادانی ناوخۆ بە هەموو شێوازێك دەست بخەنە کاروباریەوە و ئەزمونی گەلەکەمان لەبار بەرن.
بە پێچەوانەوە دوژمن لە ئۆپۆززسیۆن و میدیای ئازاد و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانیدا دەبینێتەوە کە نەکێشراونەتە ژێر نفوز و ڕکێفی حیزب و دەسەڵاتەوە. دوژمن لەوانەدا دەبینن کە لەخەوی بەدیهێنانی جیهانێکی تردا دەژین. لە کەس و لایەنێك بە دوژمن دەڕوانن کە ناتوانن سەرشۆڕ و گوێڕایەڵی ئەو سیستەمە بن کە ناڕەوایی و توندوتیژ ی و گەندەڵی دەسڵاتدارانی حیزبی و بنەماڵەیی بەسەر خەڵکی کوردستان دا سەپاندووە.
کەسانێک بە دوژمن دەزانن کە ناوهێنانی مێیینەکان بە گوناحی کەبیرە نازانن و ناموس لایان ناوهێنانی مێینەکان نیە بەڵکو ناموس و کەرامەت لایان ئازادی مرۆڤ و خاك و پاراستنی بنەما نەتەوەیی و مرۆڤایەتیەکانە.
تێڕوانینی کەس و دەزگا حیزبی و بنەماڵەییەکان بۆ دۆست و دوژمن و لەیەکتری جیاکردنەوەیان شتێك نیە جگە لە تێڕوانینێکی تاریکی دواکەوتوانەی ڕۆژهەڵاتی کە بە ماکیافیلیزمێکی دڕی ڕۆژئاوایی موتوربەیە و زیاتر ژەهراوی کراوە.
بۆیە شتێکی چاوەڕوانکراوە کە کەسێکی وەکو زەردەشت و خاوەندی دەنگە ئازادەکان و گۆڕانخوازان [ بە مانای فراوانی ووشەکە] بخرێنە پۆلی دوژمنانەوە و کۆنەپەرستان و سەرۆك جاش و ئەنفال چیەکان و دەسەڵاتدارانی تورك و فارس و عەرەب لە ڕیزی دۆستەکاندا دابنرێن.
ئەو دەزگایانەی کە بە بیری کۆنەپەرستیانە و هیوا و خەیاڵی ئەوەی کە دەتوانن بە کارێكی قێزەون هەمان تیۆری زیندانی فوکو پیادە بکەن، لەو باوەڕەدان کە بە تیرۆر کردن یان ئازاردان و هەڕەشە دەتوانن سەدان و هەزاران چاوترسێن بکەن و کۆنترۆڵیان بکەن و بنکەیەکی پاسەوانی و ترسێنەری هەمیشەیی لە بەرامبەر ئەوانەدا بنیات بنێن، کە دەنگی ئازادیان بەرزدەکەنەوە و پیرۆزیە ناپیرۆزەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە. دەیانەوێت بەو بەرنامە و سیستەمی تۆقاندنە ستروکتورێکی لەو جۆرە بنیات بنێن. بەڵام ئایا ئەمە تا چەند بۆیان هاتە دی. با لێگەڕیین لەو خۆ تاوانبارکردن و دەست خوێناوی کردنە و خۆ زیاتر ناشرین کردن و خۆ زیاتر بچوککردنەوانەی بەسەرخۆیان دا هێناوە. ئایا ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی و ١٧ ی شوباتی کوردی تەنها هێندەی سوود لێبینرا کە بەو ئاراستەیەیان دا بەرێت کە تیۆری زیندان چڕتر و بەبەرنامەتر بکەنەوە و دڕندانەتر پیادەی بکەن؟ ئەو ڕوداوانە هێندەی فێرنەکردون کە بەو ڕاستیە بگەن ئەو پەلە قاژە و دەستی بێهیوایی گرتن بە پوشەوە لە سەردەمی لافاوی توڕەیی جەماوەردا دادیان نادات.
ئەگەر ئەوان وا دەزانن بە توندوتیژی و دڕندەیی زیندانیەکان کۆنترۆڵ دەکەن و چاوترسێنیان دەکەن، بە پێچەوانەوە پەنجەرەی هیواکان ئاواڵەتر بوون و دەنگەکان بەرز تر و کاریگەر تر بونەتەوە. ئەگەر وا بزانن بە تیرۆر و تۆقاندن ناموسی خێڵەکی و بنەماڵەیی دەشۆنەوە، بە پێچەوانەوە خۆ و بنەماڵە و سیستەمی سیاسی و ئەزمونەکە نەك هەر بچوکتر دەکەنەوە بەڵکو لە سەرجەم ناموس و کەرامەت و ویژدانێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی دایدەماڵن.