پارتی چەند پیاوێکی خۆی ناردبووە نێو پەرلەمانی بەریتانی تا ئاژاوە بنێنەوە

Tuesday, 13/12/2011, 12:00

3272 بینراوە


شۆخان فەرج/ پەیامنێری کوردستانپۆست- لەندەن
ڕێکەوتی ١٢/١٢ لە ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤدا چەتری ئازادی کۆبونەوەیەکی فراوانی ڕێکخست لە پارلەمانی بەریتانیا بەپشتیوانی بەڕێز جۆن ماکدۆنالد.لەم کۆبونەوەیەدا چەند بەرێزێک ووتەیان پێشکەشکرد کە بریتی بوون لە (جۆن ماکدۆنالد ئەندامی پارلەمانی بەریتانیا، ئاسۆس هەردی و بەشدار عەلی، کە لە کوردستانەوە هاتبوون و جۆن ماکدۆنالد لەسەر پێشنیاری چەتری ئازادی بانگهێشتی کردبوون. گۆنا سەعیدیش کۆبوونەوەکەی بەڕێوە برد، مفید عەبدوڵا، هۆزان مەحمود) کە لە میانی کۆبونەوەکەدا باسی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانیان کرد.
ئەوەی جێگای سەرنج راکێشانبوو، چەند کەسێکی بە تەمەن، کە هەندێکیان زەرد دەچوونەوە هاتبوونە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە، وەکو ئامادەبووان پێانوابوو لەلایەن پارتیی و پاراستنەوە نێرداربن، تەنانەت یەکێک لە دانیشتوان بە گوێمانیاندا دا، کە بۆیە ئەم پیرە بە تەمەنانەیان ناردووە، تاکو گەنجەکان رێز لە تەمەنەکانیان بگرن و دەمەقاڵی و توند و تیژی لێنەکەوێتەوە، چونکە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی شێواندنی ڕەوشی کۆبونەوەکەیاندا، ئەویش بەوەی هەستان بەدابەش کردنی نامەیەک کە پر بوو لە قسەی هەڵبەستراو و ناڕاست بۆ بەڕێز ماکدۆنالد. پاشان کۆمەڵێک قسەیان کرد، کە دوور بوو لە ڕاستیەوە، هەوڵی جوانکردنی دەستەڵاتی کوردییان دەدا. بەڕێز ماکدۆنالد هەموویانی بەدرۆ خستەوە، بۆیە ئامادەبوان زۆر بەتوندی وەڵامی قسە ناڕاستەکانیان دایەوە.لە دوای ئەوەی کە زانییان کەس گوێیان لێ ناگرێت و کەس باوەڕییان پێ ناکات بە ناچاری بێ دەنگ بوون و متقیان لە خۆیان بڕی.

سەرەتا ڕووی پرسیارمان کردە بەڕێز جۆن ماکدۆنالد ئەندامی پارلەمانی بەریتانی و پرسیمان،کۆبونەوەکەت چۆن هەڵسەنگاند؟
لە وەڵامدا مەکدۆناڵد ووتی: ئەم کۆبونەوەیە دوا بەدوای کۆبونەوەیەکی کە دێت کە لە پارلەمانی بەریتانیا ئەنجامماندا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مافی مرۆڤ لە کوردستانی عێراق. ئەوەی کە گرنگە بەلامەوە ئازادی ڕۆژنامەگەرییە، هەروەها گرنگیدان بەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن هیومان ڕایتس ۆچەوە دەرکرا، دەربارەی ئازادی تاکەکان، ئازادی ڕادەبڕین هەروەها کپکردنی ئازادییەکان. من لە لایەن خۆمەوە کەیسی کوشتنی سەردەشت عوسمانم لەلا گرنگە، بۆ ئەوەی کە بزانین چ هەنگاوێکی بۆ نراوە و چی لەسەر کەیسەکە ڕوویداوە؟ ئایا هیچ کەسێک لە بکەرانی ئەو کردارە براونەتە بەردەم دادگا؟ و چاوم کەوتووە بەئەندامانی خێزانەکەی سەردەشت سەبارەت بەم کەیسە.بەرهەمی کۆبونەوەکە ئەوە بوو کە دانانی هەندێک بنەمای سەرەکی دیموکراسی دەرەبارەی ئەو داخوازییانەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیانە،وە باسی ئەوە کرا چۆن بەیەکەوە کەمپەین بکەین. لێرەدا ئێمە نامانەوێت کودەتا دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بەڵکو دایەلۆکێک بکەینەوە بۆ ئەوەی بنەماکانی دیموکراسی لەو ووڵاتە جێ بچەسپێنرێت کە خەڵک زۆر لەلایان گرنگە. زۆر بەڕوونی ئەم کۆبونەوەیەی ئێمە ئەجیندای پارتێکی سیاسی دیاریکراوی لە پشتەوە نەبووە، بەهیچ جۆرێک ئەجیندایەکی سیاسی تری لە پشتەوە نەبووە.تەنیا ئەمانە خەڵکی ڕاستەقینەی کوردستانن وە ئایندەی خەڵکی کوردستانییان لەلا مەبەستە.

پاشان پرسیارمان لە کاک ئاسۆس هەردی کرد و لێمان پرسی، کە ئایا گرنگی ئەم جۆرە کۆبونەوانە چییە؟ ئایا هیچ کاریگەرییەک جێدەهێڵێت لەسەر ڕەوشی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان؟
کاک ئاسۆس هەردی لە وەڵامدا ووتی: پێموایە گرنگی ئەم کۆبونەوەیە لەوەدا بوو کە لە بینای پارلەمانی بەریتانیا بوو، وە بە سپۆنسەری ئەندام پارلەمانێک بوو، بۆیە ئەمە بە نەوعێک لە نەوەعەکان هەوڵێکە بۆ گەیاندنی وێنەی بارودۆخی ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستان بە پارلەمانی بەریتانی، لە ڕێگەی ئەو ئەندام پارلەمانە و ئەو حزبەی کە تەمسیلی دەکات. وە ئەمە یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی سەرشانی هەریەکەمان چونکە بەڕاستی ئێستا مافی مرۆڤ شتێک نییە بە کێشەی ناوخۆی ووڵاتان دابنرێت، بەهایەکی جیهانییە هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ پەیوەندیدارن پێوەی لە هەرشوێنیکی دنیا بن، وە هەرهەمووشیان دەتوانن هاوکاری یەک بن، پشتیوانی یەکتر بن، بۆ ئەوەی لەهەر شوێنیک کە پێشێلکاری بەرامبەر بە مافی مرۆڤ بکرێت ببنە گروپی فشار، چی لەسەر ئاستی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تەنانەت چی لە ئاستی پارلەمان ، حزبەکان و حکومەتەکانیش.

هەروەها دەربارەی ئەو کەسانەی کە وەکو ئامادەبوان پێیانوابوو لەلایەن لایەنێکی دیاری کراوەوە نێردرابوون بۆ کۆبونەوەکەو شێواندنی کۆبونەوەکە؟
 بەڕێز ئاسۆس هەردی وەڵامی دایەوە ووتی:  بێگومان ئەمە شتێکی باش نییە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من لەگەڵ ئەوە بووم ڕێگەیان پێبدرێت بە ئازادی خۆیان هەر قسەیەکییان هەیە بیکەن. بەڵام سەردەمی ئەوە نەماوە بتوانیت خۆت بشاریتەوە، بتوانیت خەڵک هەڵبخەڵەتێننیت، بەچەند چرکەیەک ئەوەی لەوپەڕی دنیا ڕوودەدات بەکلیکێک ئەگاتە هەموو دوونیا. چەند بتەوێت بەزۆر شتێک ناشرین بکەیت خۆی جوان بێت ناتوانیت، وە بەپێچەوانەوە خۆی شتێک ناشرین بێت بە زۆر ناتوانیت جوانی بکەیت. بە باوەری من لە بری ئەوەی ئەم جۆرە شتانە بکەن ئەو بەڕێزانە باشتر وایە بیر لەوە بکەنەوە هاوکاری دەستەڵات یاخود حزبەکەی خۆیان بکەن، کە لەم جۆرە شتانە بە دووربێت، لەو پێشیلکارییانە بەدوور بێت، ڕێزی مافی مرۆڤ بگرێت، ڕێزی خەڵکی ووڵاتەکەی خۆی بگرێت ئەمە خزمەتی ئەوان دەکات. ئێمەین خزمەتی ووڵاتەکەمان ئەکەین چونکە ئێمەین ئەمانەوێت ئەو ناشرینیانە لەو ووڵاتە نەمێنێت لە ڕێگەی ئاشکرا کردنییەوە،لە ڕێگەی گەیاندنی بەهەموو خەڵک، لە ڕێگەی ووشیار کردنەوەی خەڵکی خۆمان لە دوای ئەویش خەڵکی جیهان. ئەوان بەهەوڵدان بۆ شاردنەوەی ئەیانەوێت بەردەوام بن لەسەر ناشرینییەکان،دەیانەوێت ووڵاتەکەمان بە بەردەوامی ئەو ناشرینییانەی تێدا بێت، لەبەر ئەوە هیوادارم واز لەم هەڵسوکەوتانە بهێنن. بۆ نمونە هیومان ڕایتس ۆچ ڕاپۆرتێکی داوە لەسەر پێشێلکارییەکان، کە یەکێکە لە متمانەترین ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا ،ڕیکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەهەمان شێوە کەچی دەستەڵاتدارانی ئێمە وەڵامی دەدەنەوە، تۆمەتباری دەکەن، ڕێک وەکو ئەوەی جمهوری ئیسلامی و بەشار ئەسەدو ئەوانە وەڵامی ڕاپۆرتەکانی ئەو ڕیکخراوانە دەدەنەوە. کاردانەوەی ڕاست بەرامبەر بەم ڕاپۆرتانە ئەوەیە کە دەستەڵاتدارانی ئێمە بەخۆیاندا بچنەوە، وە ئەمانە دووبارە نەبنەوە ڕێگەیان لێبگرێت، ئەوەی کە کراوە محاسەبەی بکرێت نەک سور بێت لەسەری هەوڵبدا بیشارێتەوە، بڵێ درۆیە چونکە وەک ووتم لە زەمانە کەس ناتوانێت ناشرینییەکانی خۆی بشارێتەوە وە کەسیش ناتوانێت بەدرۆ هەموو عالەم هەڵبخەڵەتێنێت.


یەکێکی تر لە ووتاربیژان بەڕێز هۆزان مەحمود بوو، هۆزان ووتارەکەی لەسەر کێشەکانی ژنان بوو. لێمان پرسی هۆکار چی بوو ئەو پرسەت هەڵبژارد؟
لە وەڵامدا ووتی: زۆربەی کات لە کوردستان کاتێک باسی مافی مرۆڤ دەکرێت بیری مافی ژنانیان نییە،خەریکە چەوساندنەوە، کوشتنی ژنان ، بێ ماف کردنیان دەبێتە شتێکی باو لەو کۆمەڵگایە. هەزاران ژن لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا کوژراون. ڕاپۆرتێک دەرچووە ئەلێت هەفتەی بیست ژن خۆیان دەسوتێنن ئەم خۆسوتاندنە تەنیا ووشەیەک نییە تیپەڕ بێت بەسەرماندا، ئەمە پرۆسەیەکی کەرامەت شکاندن، بەسوک تەماشا کردن، کۆنەپارێزییەکی کۆمەڵایەتی زۆر خێڵەکی ووجودی هەیە کە ژن وەها لێدەکات پەنا بۆ خۆ لەناوبردن بەرێت. ئەمە ناکرێت بێدەنگی لەسەر هەڵبژێریت وە موساوەمەی لەسەر بکرێت بەدەرەچەی یەک ئەم دەستەڵاتە خێڵەکییە لێی بەرپرسیارە. هەمیشە ئێمە دەبێت لەهەموو شوێنێک مەسەلەی ژنان بخەینە نێو ئەجینداکانەوە سیاسەتە، کۆمەڵایەتییە ،ئابورییە هەر بوارێکی ژیان هەیە ناکرێت بەبێ ڕەچاو کردنی ماف و یەکسانییەکانی ژنان قسەی لەسەر بکەیت. مەسەلەی ژنان هیچی بۆ من کەمتر نییە لەسەربەخۆیی کوردستان، وە لە قەزییەی زۆر گرنگ، هێندەی ئەو شۆڕشانە بۆ من گرنگە کە دەستەڵاتێکی پێ لە ناوت دەبەیت. هەمیشە مەسەلەی ژن ئەوەلییەتی کارمان بێت، چی وەکو ژن چ وەکو پیاو، پیاوی ئازادی خوازیش چونکە ئەوەی بەسەر ژن دێت، خەریکە دەچێتە خانەی دەگمەنەوە من وەهام لێهاتووە بێ تاقەت بووم لەوەی بڵێم توندوتیژییەکان کامانەن، هێندە گەیشتۆتە لوتکە بۆیە پێم گرنگە مەسەلەی ژنان ئەولییەت بێت.

بەرێز بەشدار عەلی برای شەهید سەردەشت یەکێکی تر بوو لە وتاربێژەکان. ئەو پێی وابوو ئەم جۆرە کۆبونەوانە کاریگەرییەکی زۆر جێدەهێڵیت و زۆر باشن.بەپێویستی دەزانی کە ئەو گروپ و ڕیکخراوانەی لەدەرەوەی ووڵات کاردەکەن هێزو تواناکانییان زیاتر بکەن لەسەر دەستەڵاتی کوردی،بۆ ئەوەی لانی کەم ئازادی رۆژنامەگەری فەراهەم بکرێت و وە ئەو جۆرە پێشێلکارییانە نەمێنێت.هەروەها جێگەی ئاماژەپێدانە بەرێز بەژدار لە کۆبونەوەکەدا وەکو وەڵامیک بۆ ئەو کەسانەی کە هەوڵی ئاژاوە نانەوەیان دا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوانیش پێیان خۆش نەبوو کە براکەی لەسەر ڕەخنە گرتن بکوژرێت،وە هەتا ئێستا بەڕێز بەژدار و خێزانەکەی لە ژێر هەڕشەدان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە