داخستنى سنور بە ڕوى ڕۆژ ئاوادا خیانەتە

Friday, 07/06/2013, 12:00

1743 بینراوە







ساڵى نەوەت و یەك كاتێ كوردى باشور ئاوارەو سەرگەردانى دەشت و دەرو سنورەكان بوو، سەرەڕاى ئەوەى كە ڕژێمەكان ڕێگربوون لە هاوڵاتیانى كوردى پارچەكانى دیكە، بەڵام ئەوان هەرچى توانیان كردیان و دەرگالا ماڵ و حەوشى خۆیان بۆ كوردى باشور كردەوەو لە تەنگانەدا دەركەوتن، كەس لەوان بۆ پاداشت ئەوەى نەكرد، كوردبوون لەسەرو هەموو شتێكەوە بوو بۆ ئەوان، دواى چەندین ساڵ لەمێژوە ئێستا كوردانى رۆژئاوا هەمان پێویستى ئەو رۆژگارەیان بە ئێمەیە، لەماوەى رابردودا گەل بەگشتى قسەى خۆى كرد، بەڵام ئەوەى جێگەى ئازارە ئەوەتا بێ هیچ هۆیەك سنور بەڕووى ڕۆژئاوادا دائەخرێت لەمەشدا حكومەتى كوردى خیانەت بەو وەفاو دڵسۆزیە دەكات كە لەرابردودا پارچەكانى تر دەرهەق بەم بەشە نواندویانە،لە رۆژانى رابردودا لە ئاهەنگى هاوسەرگیرى خاتونێكى كوردى رۆژئاواو مێرخاسێكى باشوردا لە بازیان داوەت بووم، بەخۆم گوت ئاخر ئەگەر حكومەتى كوردى دەرگا بەڕوى كورداندا دانەخات و ڕێگا بدات هات و چۆو كارو كەسابەت و بازرگانى هەبێت، داخوا چەند هاوسەرگیرى وخزمایەتى لەم جۆرە رووئەدات، ئاخۆ ئەو دەم هەموو نەیارانى ئەم گەلە لەت و پەت كراوە دەتوانن، ئەو پەیوەندى و خزمایەتیە هەڵوەشێننەوە، من سەیرم بەكەسانە دێت لەم بارو دۆخەدا سنور دادەخەن و لەولاشەوە لەبرى ئەوەى ئۆردوگا یان پەناگە لەناو خاكى رۆژئاوادا بكەنەوەدێن لەم دیو دەیكەنەوە، ئەمەش وەك دابڕانێك لە خاك وشوێن.
ئێستا لە هەركات زیاتر كوردانى رۆژئاواى كوردستان پێویستیان بەوەیە سنوربەڕویاندا بكرێتەوەو رێگا بدرێت خواردن و كەل وپەلى پێویست بگاتە ئەوێ ، بەو كارەش حزب و حكومەتى باشور قەرزێكى كەمى سەرشانیان ئەدەنەوەوهیچى تر.
ئازایەتى ئەوەنیە تۆ خەڵكى تر ناچاربكەیت وەك تۆ بیر بكاتەوە، ئازایەتى ئەوەیە سەرەڕاى جیاوازى بیرو ڕاش تۆ قوربانى لە پێناوى ئەوى دیدا بدەیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە