بەحر ئەبو قردە و ئەزمونێك بۆ تۆمەتبارە كوردەكان

Sunday, 24/05/2009, 12:00

1954 بینراوە


لە ڕۆژی دووشەممە 18-5-2009 بەحر ئیدریس ئەبوقردە , سەرۆكی بەرەی بەرگری یەكگرتووی دارفۆر ئامادەی بەردەم دادگا بوو لە شاری لاهای هۆڵەندا , پاش گەیشتنی بە فرۆكەیەكی ئاسایی لە ئافریكاوە. ناوبراو لەگەڵ دوو سەركردەی دارفۆری دیكە كە تا ئێستا ناوەكانیان ئاشكرا نەكراوە لە لایەن دادگای تاوانبارانی نێودەوڵەتییەوە " ئای سی سی " تۆمەتبار كراون بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بە پەلاماردانی هێزەكانی ئاشتیپارێزی سەر بە یەكێتی ئافریكا لە دارفۆر لە ساڵی 2007, كە لەو پەلامارەدا 12 كەس لە هێزەكانی ئاشتی پارێز گیانیان بەختكرد , لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوەوە 2008 , داواكاری گشتی لوریس مۆرینۆ ئۆكامبۆ بڕیاری دەستگیر كردنی سیان لە سەركردە سەربازییەكانی دارفۆری دەركرد بە تاوانی هێرشی ناوبراو , كە هێرش بۆ سەر هێزەكانی ئاشتی پارێزیان بە تاوانی گەورە ناوزەد كرد , ئەوەی شایانی ئاماژەیە هەمان دادگا بڕیاری دەستگیركردنی عومەر بەشیر و سیان لە نەیارانی كە ئەبو قردە یەكێكە لەوان داوە.
ئەبو قردە ڕۆژی 18-5 لە دادگا داكۆكی لە خۆی كرد , وە دادگا ستایشی كرد بەوەی خۆی ئارەزوومەندانە ئامادەی دادگا بووە , دوای وەرگرتنی قسەكانی دادگا ڕەزامەند بوو بگەڕێتەوە بۆ سودان بە مەرجێك لە كاتی بانگكردنی لە لایەن دادگاوە بگەڕێتەوە .
ئەوەی گرنگە لەم پرۆسەیە ئامادە بوونی ئارەزومەندانەی خودی ئەبو قردەیە بۆ دادگا و بەرەو ڕوبوونەوەی تۆمەتەكان و هەڵنەهاتن لێیان , بەمەش لە ڕێگەی ئامادە بوونییەوە ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ خۆی و بزووتنەوەكەی دەڕەوێنێتەوە , ئەگەر دادگا نەتوانێت تۆمەتباری بكات ئەوە بە سەركەوتن بۆ نەتەوەكەی و خۆی دێتە ژماردن و بە سەربەرزی لێی دەرەچێت , هاوكات ڕیكلامێكی باش و سەركەوتنێكی مەزنی سیاسی و یاسایی و ڕاگەیاندن دەبێت بۆ خۆی و پارت و گەلەكەی.
لێرەدا من پێشنیارێك دەخەمە بەردەست ئەو تۆمەتبارە كوردانەی كە ناویان لە لیستی تاوانباراندا هاتۆتەوە , یان نەشهاتووە وەلێ تاوانیان ئەنجامداوە و ڕۆژانە بەرەو ڕوی تاوانباركردن دەبنەوە لە لایەن خەڵكەوە , بە تایبەت ئەوانەی لە هاندەران دەژێن , بۆ پاككردنەوەی خۆیان هەمان ڕێچكە بگرنە بەر.
ڕاستە ینك و پدك لەوان بوراون , وەلێ ئەو لێبوردنە تەنها بە بارمتەكردنی ئەوانە لە ڕیزەكانیاندا , لە بەرامبەردا گەل و قوربانیان قسەیان ماوە كە خاوەند مافی ڕاستەقینەن , لە كاتێكدا ئەو پارتانە پاشەكشە دەكەن یەكەم قوربانی بیدەن خودی ئەو تۆمەتبارانەیە , مساوەمەی یەكەم بەوانەوە دەكرێت. بۆیە باشترە پەندێك لە ئەزمونی ئەبو قردە وەربگرن و خۆیان پێشكەش بە دادگا بكەن بە تایبەت ئەوانەی لە هاندەران دەژێن .
لە كاتی بێتاوانیان بۆ هەتا هەتایە تۆمەتباركردن لە كۆڵیان دەبێتەوە , ئەگەر تاوانباریش بن ,ئامادە بوونی خۆیان و داننان بە تاوانەكانیان بە تایبەت لەبەردەم دادگای ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژێن ئەنجامگیری باشی لێ دەدورێتەوە,دوای جێبەجێكردنی سزای سەپاو بەسەریاندا دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبكەنەوە.ئەگەر واش نەكەن ئەوا پشكداری لە جینۆساید لە بیرچونەوەو كۆن بوون و سنووری نییە , سزادان هەر بەڕێوەیە .

ئەم بابەتە لە دوا ژمارەی هەواڵ بڵاو كراوەتەوە
http://www.hewalnews.net/PDF/hewal/329/1.pdf




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە