ئەمان لە دەسەڵاتی خۆیی دەدوێن بەڵام لە سەرشۆڕیاندا بۆ داگیرکەرانی کوردستان بێشەرم ترین جاشی وەکو مەلای خەتێ و موشیری حەمەی سولەیمان و تەحسین شاوەیس و قاسم ئاغای کۆیە و و قالە فەرەجیان ڕوو سپی کردۆتەوە.
ئەمان لە خۆشگوزەرانی گەل دەدوێن بەڵام تەنها و تەنها خۆیان و دارودەستەکانیان و نۆکەرە سەرشۆرەکانیان خستۆتە خۆش گوزەرانیەوە و هەژارانیان هەژار تر و دەوڵەمەندانیان دەوڵەتمەند تر کردووە .
ئەمان لە دەستور و دادگا و یاسا و پرۆژە یاسا دەدوێن، بەڵام بە ڕۆژی روناك فێڵ لە یاسا دەکەن و بە ناوی پرۆژە یاسا سەیر وسەمەرەکانیانەوە خەڵکی چەواشە دەکەن و حوکمی ناڕەوایان بێشەرمانە درێژدەکەنەوە .
ئەمان لە هەڵبژاردنی ئازاد و نەهێنی دەدوێن ، بەڵام پیلانی سەرشۆڕانە و ئاشکرا لە هەڵبژاردن دەکەن و هەرڕۆژەی هەنگاوێك یان چەندین هەنگاو لە سیستەمی دیکتاتۆری و تۆیتالیتاری وەحشیانە نزیك دەبنەوە.
خۆشبەختانە ئەم خۆسەپێن و کۆلکە دکتاتۆرانە هێشتا زۆریان لە پێشە و زۆریان ماوە بە ئامانجەکانیان بگەن و جەماوەری کوردستان بکەنە کۆیلەی خۆیان و بنەماڵە کانیان. ئەمڕۆ لە کۆتایی خۆ پێشاندانەکەدا ئەم دروشمەی (بژی گەل هێزی گەل دیموکراسی بۆگەل) دوبارە دەبەمەوە ماڵەوە و لە ژێرزەمینەکەمان دا باش هەڵیدەگرم ، لەبەر ئەوەی دەزانم دەیان جار و سەدان جاری تر دەبێت دوبارە و سێبارە و سەد بارە دەری بهێنمەوە و بەکاری بهێنمەوە و بەرزی بکەمەوە و بیڵێمەوە. خەڵکی تێکۆشەری کوردستان هەرگیز کۆڵ نادەن .هەرگیز بێ هیوا نابن، وەک چۆن لە ساڵی ٨٢ دا ئامادەبوین خوێنی خۆمانی لە پێناو ئەم دروشمەدا بڕێژین و لە دڵ و ویژدانمان دا هەڵمان گرتبوو ئێستاش پاش تێپەرینی ٣١ ساڵ پاش گۆڕانکاری گەورە بەسەر ناوچەکە و دونیادا هێشتا ئەو دروشمە پیرۆزە لە گوێمان دا دەزرنگێتەوە و لە دڵمان دا هەڵمانگرتووە تاکو بەدیهێنانی نە واز لەو دروشمە دێنین نە ئەو واز لە ویژدانمان دینێت.