عه‌بدولمسه‌ور بارزانی‌: په‌رله‌مانی‌ ئاینده‌ی‌ كوردستان په‌رله‌مانێكی‌ چالاك ده‌بێت

Monday, 11/05/2009, 12:00

1876 بینراوە


سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ كوردستان پێوایه‌ كه‌ په‌رله‌مانی‌ ئاینده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جیاواز بێت له‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه،‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ره‌نگی‌ جیاوازو ده‌نگی‌ جیاوازی‌ زیاتری‌ تێده‌كه‌وێت‌و به‌مه‌ش په‌رله‌مانێكی‌ چالاك ده‌بێت.

عه‌بدولمسه‌ور بارزانی‌، یه‌كشه‌ممه‌، به‌ ئاژانسی‌ (ئه‌سوات ئه‌لعیراق)ی‌ راگه‌یاند له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ جیاواز له‌ساڵانی‌ رابردوو چه‌ند لیستێكی‌ ئۆپۆزسیون چوونه‌ته‌ نێو ململانێی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌، پێشبینی‌ ده‌كه‌م به‌شێك له‌كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان ده‌نگی‌ ئۆپوزسێۆن‌و ره‌نگی‌ جیاواز پڕیبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات په‌رله‌مانی‌ كوردستان چالاك بێت‌و جیاواز بێت له‌رابردوو.

عه‌بدولمسه‌ور بارزانی‌ مامۆستایه‌ له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌‌و بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو به‌ لیستی‌ (چاكسازی‌) به‌شداری ده‌كات، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌ دروشمی‌ لیسته‌كه‌مان (ئازادی‌‌و یه‌كسانی‌‌و یاسایه‌)، له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ مۆڵه‌تی‌ به‌شداریكردنمان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌رگرتووه‌، وتیشی‌ ئێمه‌ خۆمان به‌یه‌كێك له‌و لیستانه‌ ده‌زانین كه‌ ناڕازین له‌م سیسته‌مه‌ حوكمه‌ی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

ناوبراو ده‌رباره‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كه‌ی‌ وتی‌ به‌رنامه‌كه‌مان ساده‌یه‌و كورته‌و هه‌ندێك خاڵی‌ تیادایه‌ كه‌ رێگای‌ دیموكراسیه‌ت فراوانتر ده‌كات‌و رێگره‌ له‌ چه‌سپاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ره‌ها.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ لیسته‌كه‌ی‌ بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كات‌و وتیشی‌كارمان كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌رسێ‌ پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لایه‌نگرمان هه‌بێت.

بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ 25ی‌ ته‌موزی‌ داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت كه‌ 42 قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ تێیدا به‌شدار ده‌بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە