ڕونكردنەوەیەكى سكرتێرى رۆژنامەگەرى هەڤاڵ مەلا بەختیار لەسەر وتارێكى كوردستانپۆست

Tuesday, 20/12/2011, 12:00

1694 بینراوە


ئەم روونکردنەوەیەمان لەلایەن نووسینگەی رۆژنامەگەریی مەلا بەختیارەوە بۆ هاتووە، وەکو خۆی بڵاوی دەکەینەوە.

(17)12/2011 سایتى كوردستانپۆست، وتارێكى كاك (رزگار ساڵح)ى لەسەر (چاوپێكەوتنەكەى ئەمدواییەى هەڤاڵ مەلا بەختیار لە تەلەفزیۆنى گەلى كوردستان) بڵاوكردۆتەوە، تیایدا، باسى شەڕى ناوخۆ، دێگەڵە، سەیارە لێسەندنو شەڕەكان دەكات. گەرچى كاتەكە كاتى قەتماغە هەڵدانەوەى شەڕى ناوخۆ نییە، بەڵام ئەم چەند خاڵەش روندەكەینەوە:
یەكەم: بەڕێز مەلا بەختیار، كە شەڕى (1993-1994) هەڵگیرسا، دژى شەڕەكە بوو. بەرپرسیارى تەشەنەنەسەندنى شەڕەكەش بوو بۆ ناو هەولێر. خۆى خستبووە ناو چەندین شەڕیش، بۆ راوەستانى شەڕەكە، هەتا كەمترین كورد بكوژرێ. بەڵام كە شەڕەكە قوڵ بوو، مەترسى لەسەر یەكێتى پەیدابوو. مەلا بەختیار نێردرا بۆ دێگەڵە. بۆ (5) مانگیش لەوێ بوو، پاشان تەسلیمى فەرماندەیى هێزى پێشمەرگەى كرد. سەرەتا كاك نەوشیروانو شەهید شەوكەتى حاجى موشیر، پاشان، شەهید جەبار فەرمان سەرپەرشتیان كردو تەرازوى شەڕەكەو شەڕگەكە، هەروەكو خۆى مایەوە و نەیانگۆڕى.
لەو ماوەیەدا، بە بڕیارى مەكتەبى سیاسى، رێگە نەدەدرا، ئەوانەى بەناهەق ناودەنرا (دەستكەوت) لە هەولێرەوە ببرێ بۆ سلێمانى. دێگەڵەش باشترین شوێن بو بۆ رێبەستن. دەیان سەیارەو بلدۆزەر و موڵكى حكومەت، لەوێ گیران و تەسلیمكرانەوە حكومەت. ئەو سەیارەیەى (رزگار)یش باسى دەكات، لەو سەیارانە بوو.
دووەم: سەبارەت بە نامەى شەهید جەبار فەرمانیش، ئەوەیان راستە، نامەى نوسیبوو، بەڵام من رێكو رەوان وتم: سەیارەى دزراو نادرێتەوە. سەیارەش هى كەس نەبووە، هەتا قەرەبوو بكرێتەوە. باقى قسەكان راست نین.
سێهەم: ئەوساو ئێستاش، بەسەدان كەس سەردانى بەڕێز مەلا بەختیار دەكەن. بەدیعە دارتاشیش، هونەرمەندێكى سەنگینە و كێیشى هێنابێ بۆ چاوپێكەوتن، بێگومان كارى هونەرییان هەبووەو خزمەت كراوون. ئێستاش هەروایە.
چوارەم: ئەگەر مەلا بەختیار، لەساڵى (2003) دەستى لەگیرفاندا بوایە، ئێستا تەعریبەكانى خانەقین، لە كەركوك خراپتریان دەكرد. بەتایبەتى سنورى خانەقین لەسەر سنوریشە.
پێنجەم: كاكە رزگار بیرى چووە، كە دواى ئەوەش پارێزگارى دیالە لەساڵى (2004) بە هێزێكى ئەمریكاوە، ویستى تەعریبەكان بێنێتەوە، دیسان بەڕێز مەلا بەختیار دەستى لە گیرفانى نەبوو.
شەشەم: ساڵى (2007) یش، كە ویسترا خانەقین بخرێتەوە ژێر ركێفى بەعقوبەو بەغداد، هەموو كورد دەزانێ كە بەڕێز مەلا بەختیار قەت دەستى لەگیرفان نەشاردبوەوەو لە سەنگەرى پێشەوەدا بوو.
لەكۆتاییشدا.. با كاك رزگارو هەموو كاكەكانى تریش بزانن، هەركاتێك لە هەر ناوچەیەكى جێ ناكۆكەكاندا، پێویست بێ، هەڤاڵ مەلا بەختیار و زۆربەى سەركردەكانى یەكێتى، بەجلى پێشمەرگانەى بێ گیرفانەوە، لەوێ دەبن. نەخوازەڵڵا بۆ قەزاى خانەقین.. كە زایگاى هەڤاڵ مەلا بەختیارە.

خۆشیتان

سكرتێرى رۆژنامەگەرى
هەڤاڵ مەلا بەختیار
20/12/2011

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە