کۆبوونەوەی بەرهەم لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ :له‌ حزوری قەیرانی ویژدان و ئەخلاق ده‌یه‌وێ بیچمی ده‌سه‌ڵات جوان بکات

Tuesday, 23/06/2009, 12:00

3091 بینراوە


مامۆستایەکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە :
ئێوارەی ئەمڕۆ رۆژی هەینی دکتۆر بەرهەم لەهۆڵی شازاد سائیب لە بینای کۆنی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ کۆبویەوە، ئەم کۆبوونەوەیە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی یەکێتیدایە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ لیستی کوردستانی، هەوڵێکی درەنگ وەختە بۆ سپیکردنەوەی رووی دەسەڵاتی گەندەڵی کوردستان، ئەم کۆبوونەوەیە چەند سەرنجێکی گرنگ هەڵدەگرێت و لێرەدا ئەیخەینە روو بۆ خوێنەرانی ئازیز
یەکەم: کۆبوونەوەی پیاوێکی حزبی وەک دکتۆر بەرهەم لەگەڵ کارمەندان و مامۆستایانی زانکۆدا پێچەوانەی یاسایە و بەکارهێنانی دەزگای حکومییە بۆ پڕوپاگەندەی حزبی و سیاسی بۆ لیستێکی دیاریکراو، ئەمەش شەق هەڵدانێکی توندە لەو بەناو پڕۆژەیەی تاڵەبانی بۆ جیاکردنەوەی حزب و حکومەت خستییە ڕوو ، کە گوایە ئیتر حزب دەست لە زانکۆ وەرنەدات ، هەر لە کاتی خۆشیدا ئەوە روون و ئاشکرا بوو ئەو بەناو پڕۆژەیەی تاڵەبانی جگە لە گەمەیەکی سیاسی بۆ راکێشانی رای ناوخۆ و بۆ لێدانی پڕۆژەی باڵی ریفۆرم شتێکی تر نەبوو، ئەگینا تاڵەبانی هەگیز نەیوسیتوە پڕۆژەیەکی راستەقینە بۆ جیاکردنەوەی حزب لە حکومەت بخاتە روو
دووەم: ئەم کۆبوونەوە نیشانیدا ئەو مامۆستا و دکتۆرانەی زانکۆ کە لەگەڵ یەکێتیداجگە لە ژماریەک خەڵکی مامستاوچی و نەفس نزم و تەماعباز شتێکی تر نین و هیمایەکی دیاری گاڵتەجاڕین ، دوای تەواو بوونی قسەکانی دکتۆر بەرهەم کە ئەبو موناقەشەی توندی سیاسی لەگەڵ بکرایە، ئەبوایە پێی بوترایە لە سایەی حوکمی جەنابتانا پەرلەمانی کوردستان جگە لە دەزگایەکی کارتۆنی و پاشکۆی مەکتەبی سیاسی حزب هیچی تر نەبوە و نەیتوانیوە لێپرسینەوە لە یەک وەزیری گەندەڵ بکات، نەیتوانیوە کەمترین چاودێری بەسەر دەسەڵاتەوە بکات، ئەبوایە پێی بوترایە لەسایەی حوکمی یەکێتیدا کوڕە مەسئولێک لەسەروو یاسا و قانوون و هەمووشتەوەیەو یاسا بەس بەسەر هەژارەکانا جێبەجێ ئەبێ واتە هەمووان یەکسان نین و نەبوین بەرانبەر بە یاسا، ئەبوایە پێ بوترایە چیتان بۆ مادەی سەد و چل کردوەو کەی ئیشاللە جێبەجێ ئەبێ ، کەچی مامۆستا نەفس نزمەکانی یەکێتی ئەوەی بەلایدا نەچوون ئەو شتانە بوو ، بەڵکو دکتۆر بەکر نوێنەری مامۆستایان هەستا و داوای زیادکردنی موچە و زەوی کرد، داوای پارە و سەیارەی کرد، دواتریش دکتۆر شێرزاد مەجار موداخەلەی کرد جگە هەڵدان بەشان و باڵ دکتۆر بەرهەم و دەوری خۆی لە زانکۆدا هیچی تری نەوت، لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو عەمیدی کولیجی پزیشکی هەستا و وتی من پزیشکم ئەزانم خوێنی مرۆڤ سوورە بەڵام من خوێنم سەوزە
مرۆڤ لە ئاست ئەم دکتۆرە نەفس نزم و ماستاوچی و بودەڵانە کە یەکێتی کۆیکردنەتەوە و پارە ئەکات بە قوڕگیانا سەری سووڕ ئەمێنێ، ئەم دکتۆرانە تەنها یەک کەسیان یەک حەرفی جددی لە دەمیان نەهات دەرەوە،ئەوە وتیان داوای شەخسی و پیاهەڵدانی دکتۆر بەرهەم بوو،قوڕ بەسەر ئەو جیلەی ئەم دکتۆرە نەفس نزم و نەخوێنەوار و ماستاوچیییانەی یەکێتی پەروەردەی ئەکەن، قوڕ بەسەر میلەتێک دکتۆرێک رێبەر و چاوساغی بێ داوای زەوی و سەیارە و خانوو بکات

سێیەم: دکتۆر بەرهەمی یاسا پەروەر پێش دەرچونی یاسای کۆمیسیۆن دەستی کردوە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەمەش پێشێلکردنێکی تری یاسایە لە کوردستاندا، سەیر لەوەدایە دکتۆر بەشێکی زۆری پڕۆگرامی یەکێتی خوێندەوە ئەمەش خروقاتێکی تەواوە
چوارەم:دکتۆر بەرهەم هێرشێکی توندی کردە سەر عومەر فەتاح و ئەوی بە بەرپرسی هەموو گەندەڵییەکانی حکومەت زانی و ووتی ئێستا عیماد ئەحمەدمان داناوە و زۆر باشە و ئیش ئەکات
هیوادارم هەموو مامۆستا بە ویژدان و خاوەن زانست و هەموو مرۆڤێکی دڵسۆز ئەم نوسینەی من بخوێنێتەوە بزانێت کێ شایانی ئەوەیە دەنگی پێبدرێ،ئایا یەکێتی کە هەموو گیانی مەسئولی گەندەڵە و لەگەڵ پارتیدا دابەزیوە کە زەڕِِِِەیەک باوەڕیی بە دیموکراسی و حوکمی یاسا نییە یان لیستێک کە خەونی راستەقینەی گۆڕانی هەیە، چەندین جار یەکێتی و پارتیمان تاقیکردەوە با یەکجاریش لیستی ریگایەکی دیکە تاقیبکەینەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە